فێمینیزم له‌نێوان راڤه و ره‌خنه‌دا
6 ساڵ لەمەوپێش
عه‌بدولخالق یه‌عقووبی
مێژووی ئه‌ده‌بیاتی جیهان شاهیدی بۆ ئه‌وه ده‌دات که ژن له گوتاری ئه‌ده‌بیدا، چ وه‌ک داهێنه‌ری ئه‌ده‌بی و چ وه‌ک که‌سایه‌تیی نێو جیهانی ئه‌ده‌بیات، له‌چاو پیاو، هه‌مووکات پێگه‌یه‌کی پله دووی په‌راوێزنشینکراوی بووه. ئه‌و راستییه له هۆکارێکی زۆر ساده و روونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت: زۆرینه‌ی نووسه‌رانی گوتاری ئه‌ده‌بی پیاو بوون و زۆرینه‌ی ئه‌م نووسه‌ره پیاوانه‌ش له گه‌مه‌ی هێزی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئاگامه‌ندانه و نائاگامه‌ندانه، لایه‌نگرییان له‌و گوتاره کردووه که پیاو به هێزی باڵاده‌ست و بڕیارده‌ری سه‌ره‌کی له قه‌ڵه‌م ده‌دات: واته گوتاری نێرسالاری (discourse of patriarchy). گوتاری نێرسالاری له ژنی وه‌ک ئامێرێک بۆ دابینکردنی پێداویستییه‌کانی خۆی روانیوه و هه‌ر بۆیه راڤه‌ی ئه‌و گوتاره بۆ ژن راڤه‌یه‌کی ئامێرته‌وه‌ر بووه و ئاوڕدانه‌وه له به‌ها مرۆییه‌کانی ژن له به‌رنامه و باسوخواسی ئه‌و گوتاره‌دا پێگه و جێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆی نه‌بووه.
سه‌رهه‌ڵدانی ره‌خنه و روانگه‌ی فێمینیستی له ده‌یه‌ی ١٩٦٠دا جۆرێک دژکرده‌وه بوو به نیسبه‌ت ئه‌و به هه‌ند وه‌رنه‌گرتنه‌ی ژن به درێژایی مێژوویه‌کی چه‌ند سه‌ده‌یی. سه‌ره‌تا ره‌خنه‌ی فێمینیستی وه‌ڵامێکی خێرا بوو بۆ دیدی فۆرمالیسته‌کانی رووس و بیرۆکه‌ی "ره‌خنه‌کارانی نوێ"ی ئه‌مریکا که له ده‌وروبه‌ری ده‌یه‌ی ١٩٣٠ به‌ره‌و ژوور سه‌ریان هه‌ڵدا. به رای ئه‌و دوو تاقمه له تیۆری داڕێژان و ره‌خنه‌کاران، "عه‌ینییه‌ت" (objectivity) به‌ردی بناغه‌ی ره‌خنه‌ی ئه‌ده‌بییه و "ده‌ق" (text) دیارده‌یه‌کی "ناتاکه‌که‌سی"یه و تێڕوانینه شه‌خسییه‌کانی نووسه‌ر له پڕۆسه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ده‌قدا، نه‌ک هه‌ر گرینگ نین، به‌ڵکو ناشێت ئاوڕیشیان لێ بدرێته‌وه، به‌ڵام به باوه‌ڕی فێمینیسته‌کان به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی ئاوێنه‌ی باڵانومای باوه‌ڕی شه‌خسیی نووسه‌رانه، هه‌ر بۆیه ره‌خنه‌یان له شێوه‌ی نواندنی که‌سایه‌تیی ژن له ئاسه‌واری فۆرمالیست و ره‌خنه‌کارانی نوێی ده‌گرت.ورده و ورده و له‌گه‌ڵ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی بیرۆکه‌ی فێمینیزم، که ئێستا ئیتر بازنه‌ی دژکرده‌وه‌یه‌کی رووتی ره‌خنه‌گرانه‌ی له هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌بیاتی پیاوان به‌زاندبوو و ببوو به بزووتنه‌وه‌یه‌کی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی به‌رفراوانی هزری و کۆمه‌ڵایه‌تی، دوو داگه‌ڕانی سه‌ره‌کی له ره‌خنه و روانگه‌ی فێمینیستیدا هاتنه ئاراوه. داگه‌ڕانی یه‌که‌م، که پێی ده‌گوترێت "وێناکانی ژن" (Images of woman)، له‌وه ده‌کۆڵێته‌وه که ژن له به‌رهه‌مگه‌لی ئه‌ده‌بیدا، به تایبه‌تی ئه‌ده‌بیاتی ده‌ستکردی پیاو، یان هه‌ر ئه‌ده‌بیاتێک که تێڕوانینی پیاوانه به‌رهه‌می بهێنێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی ژن بێت، چ پله و پایه‌یه‌کی هه‌یه و چۆن وێنا کراوه. به باوه‌ڕی ئه‌م داگه‌ڕانه فێمینیستییه، پێش گریمانه‌ی زۆربه‌ی نووسه‌رانی پیاو ئه‌وه‌یه، که به‌رهه‌می خۆیان بۆ خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی پیاو ده‌نووسن و هه‌ر بۆیه جۆرێک له جیهانی ئه‌ده‌بی چێ ده‌که‌ن، که تێیدا ژن به پێی ویست و داخوازییه‌کانی کۆمه‌ڵگای نێرسالاری وێنا ده‌کرێت و ده‌ور ده‌گێڕێت. به کورتی، ئه‌م داگه‌ڕانه، له‌سه‌ر راڤه‌ی دۆخی ژن له جیهانی ئه‌ده‌بیاتدا پێ داده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی وێنه راسته‌قینه‌کانی ژن چیتر له قاڵبـی روانینه‌کانی پیاوانه‌دا قه‌تیس نه‌مێنێت داگه‌ڕانی دووه‌م، که به "ره‌خنه‌ی ژنانه" (gynocriticism) ناوبانگی ده‌رکردووه، پتر سه‌رنج ده‌گرێته پێگه‌ی ژن وه‌ک نووسه‌ر و به‌رهه‌مهێنی گوتارێکی نوێی ره‌خنه‌گرانه له هه‌مبه‌ر گوتاری نێرسالاری. تیۆریی داڕێژانی ئه‌م داگه‌ڕانه پێیان وایه دیدگای "وێناکانی ژن" ته‌نیا ئاوڕ له تێڕوانینی پیاو، یان تێڕوانینی پیاوانه، بۆ ژن ده‌داته‌وه و هه‌ر بۆیه پانتاییه‌کی به‌رته‌سک و ده‌ره‌تانێکی که‌می بۆ ده‌رخستنی راستییه‌کان ده‌رباره‌ی ئه‌زموونی راسته‌قینه‌ی ژن و ژنێتی هه‌یه. ئه‌م داگه‌ڕانه پتر له‌وه‌ی دژکرده‌وه‌یه‌ک بێت له هه‌مبه‌ر ئه‌ده‌بیاتی پیاوان و ئه‌ده‌بیاتی پیاوانه، هه‌وڵێکه بۆ نزیککردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر و به‌رده‌نگانی ئه‌ده‌بیات له هه‌ستی راسته‌قینه و ئه‌زموونی راسته‌خۆی ژنان. ناسنامه‌ی زاتیی ژنان له‌م تێڕوانینه‌دا چیتر نابێته قوربانیی وێناکارییه‌کانی ژن له‌سه‌ر ده‌ستی پیاو، ئه‌و پیاوه‌ی که ژن له ئه‌ده‌بیاتی خۆیدا له‌سه‌ر بنه‌مای دووانه لێکدژی (binary opposition) پیاو/ ژن وێنا ده‌کات و له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا ده‌وری کاریگه‌ر و سه‌ره‌کی به پیاو ده‌دات و ده‌وری لاوه‌کی و په‌راوێزنشینیش به ژن ده‌به‌خشێت. له‌م داگه‌ڕانه‌دا پتر له‌وه‌ی دۆخی ژن بکه‌وێته به‌ر راڤه‌کاری، ره‌خنه له‌و دۆخه ده‌گیرێت که ژن تێیدا بووه، دۆخێک که زۆر جار، له‌سه‌ر ده‌ستی گوتاری نێرسالاری، به سروشتی له قه‌ڵه‌م دراوه و رێگا نه‌دراوه گومانی بچێته سه‌ر. ئه‌گه‌ر له‌و گۆشه‌نیگایه‌وه له فێمینیزم بڕوانین که هه‌وڵێکه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سه‌روه‌ری بۆ که‌سایه‌تیی ونبووی ژن و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی (deconstruction) ئه‌و ناسنامه‌یه له ژنایه‌تی که به ده‌ستی پیاو و تێڕوانینی پیاوانه چێ کرابوو، ئه‌وه، وه‌ک جاناتان کالێر باسی ده‌کات، ئه‌م شێوازه له ره‌خنه و روانین جۆرێکه له رێبازی ره‌خنه‌کارانه‌ی پاش پێکهاته‌خوازی (post-structuralism)، که تێیدا پێکهاته‌ی په‌یوه‌ندیی دووانه لێکدژی پیاو/ ژن هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه و نه‌ریتێکی نوێ بۆ ژیانی ژن و پێگه‌ی ژن له کۆمه‌ڵگادا ده‌هێنێته ئاراوه. له‌م نه‌ریته‌دا، ژن چیتر ده‌نگی خۆی له زمانی پیاوه‌وه نابیستێت و سیمای خۆی له ئاوێنه‌ی نێرسالاریدا نابینێت. له دۆخێکی نوێی ئه‌وتۆدا، ژن هه‌وڵی کۆتاییهێنان به مێژووی په‌راوێزنشینیی خۆی ده‌دات و ناسنامه‌یه‌کی نوێ، له‌سه‌ر بنه‌مای خه‌ون و خواستی ژنانه‌ی، بۆ خۆی ده‌سته‌به‌ر ده‌کات .دیاره ئه‌م نه‌ریته له روانین بۆ نیسبه‌تی نێوان پیاو و ژن له ئه‌ده‌بیاتدا نه‌ریتێکی رۆژاواییه و له‌گه‌ڵ ره‌وتی سه‌رهه‌ڵدانی ژیانی پیشه‌سازی و ئازادیی تاکه‌که‌سی و یه‌کسانیی کۆمه‌ڵایه‌تیی جیهانی رۆژاوایی هاتووه‌ته کایه‌وه. ئه‌و خاڵه‌ی که بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ناڕۆژاوایی له چه‌شنی کۆمه‌ڵگای کوردی له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا گرینگ و شایانی باسه ئه‌نجام و ده‌ستکه‌وته‌کانی وه‌ها نه‌ریتێکه که ده‌توانێت ژنی کوردیش له پێگه‌ی پله دوویی و په‌راوێزنشینی، ئه‌گه‌ر نا به ته‌واوه‌تی و له کورت ماوه‌دا، که‌م و زۆر و هه‌نگاو به هه‌نگاو رزگار بکات و دید و دنیابینییه‌کی نوێی پێ ببه‌خشێت. ژنی کورد له‌م نه‌ریته نوێیه‌دا بۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت به شێوه‌یه‌کی رێژه‌ییش بێت، ببێته خاوه‌نی وێنه و ده‌نگی خۆی و ناسنامه‌ی مرۆڤانه‌ی خۆی له‌سه‌ر بنه‌مای دۆخ و داخوازیی خۆی چێ بکات. ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه به واتای رزگاریی هه‌مه‌لایه‌نه و ده‌ستاوبه‌جێی ژن نییه له چنگ گوتاره باو و نێرسالاره‌کانی سه‌رده‌می مۆدێرنیش، به‌ڵام لانیکه‌م ژن ده‌خاته پێگه‌یه‌که‌وه که چیتر رێگا نه‌دات به ناوی ره‌گه‌زی پله دوو بچه‌وسێندرێته‌وه و ببێته کرێکاری مادی و مانه‌وی بۆ خاوه‌ن سه‌رمایه‌کانی گوتاری نێرسالاری.