هێلەک زەردەکان کێن و فەڕەنسا بەرەو کوێ دەبەن؟

6 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی، یاد قوربانی
لەلانکەی شۆڕش و خەباتی مەدەنی، شەممەی ئەم هەفتەیە ٣١ هەزار خۆپیشاندەری «هێلەک زەرد» لەسەرانسەری فەڕەنسا ڕژانە سەر شەقامەکان و لەپاریسی پایتەخت دژی حکومەتی وڵاتەکەیان و بڕیارە چاکسازیەکانی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکیان وەستانەوە. بەڵام توڕەیی گەلی فەڕەنسا گرژی و هەڵسوکەوتی تێکدەرانەی لێکەوتەوەو ئەم هەفتەیە نزیکەی هەزار خۆپیشاندەر دەستگیرکران. لێرەدا دەکرێت بپرسین، گەلی فەڕەنسا بۆ هێندە توڕەیەو ئەنجامی توڕەییەکەیان بەکوێ دەگات؟
لەشۆڕشی ٦٨ی خوێندکارانەوە توڕەیی ‹کوێر›ی ئاوام نەبینیوە
«کۆماری فەڕەنسا لەسەر توڕەیی گەل بنیاتنراوە، سیاسەت لەشەقامەکانی ئەم وڵاتەدا خێراتر لەهەر وڵاتێکی دیموکراتی تری ڕۆژئاوایی دەگاتە لوتکە. من ٢٢ ساڵە لەفەڕەنسا دەژیم، ئەوەی ئەم شەممەیە بینیم هەرگیز تێکدەریی ئاوام پێشتر نەبینیوە، لەکوێش؟ لەیەکێک لەڕۆشنبیرترین شەقامەکانی پاریس». ئەمە وتەی جۆن لیچفیڵد، ڕۆژنامەنوس و شیکەرەوەی کۆمەڵایەتی فەڕەنسایە لەوتارێکدا بۆ ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی.
ئەو دەڵێت توندوتیژی و توڕەیی خۆپیشاندانەکانی ئەم جارەی فەڕەنسا لەشۆڕشی ٦٨ی خوێندکاران دەچێت و هەردوو شۆڕش بەدوو خاڵ لێکدەچوێنێت: هەردوو شۆڕش نە خاوەنی سەرکردایەتیەکی دیار یان نە مانیفێستۆو ئامانجێکی دیار. بەوتەی لیچفیڵد: «خۆپیشاندانەکان مۆرکێکی نیمچە (ماو)ی پێوە دیارە بەشێوەیەک کەتوڕەیی لەسەرکردەکان هێندە بەرزبوەتەوە کە خۆپیشاندەران لەناو خۆشیاندا ناتوانن سەرکردەیەک دەستنیشان بکەن و ڕقیان لەسەرکردەکانی خۆشیانە».
خۆپیشاندەرانی فەڕەنسا چیان دەوێت؟
لەگەڵ بڕیاری دەستپێکردنی ڕیفۆرم لەنرخەکانی سوتەمەنیدا کەبڕیارە لە ١/١/٢٠١٩وە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوەو لەسەرانسەری فەڕەنسادا نرخەکانی بەنزین و گازوایل زیاد بکات، گەلی فەڕەنسا بێزار لەبەردەوام زیادبوونی باج و گرانبوونی گوزەران لەوڵاتەکەیان لە ١٧ی مانگی پێشوودا ڕێگا سەرەکیەکانیان گرت و زیاد لە ٢٨٠ هەزار خۆپیشاندەر بەهێلەکە زەردەکانیانەوە هاتنەسەر شەقام.
لەساڵی ڕابردووداو بەپێی زانیاریەکانی دەزگای CNN نرخی گازوایل لەساڵی ڕابردوودا بە ٢٣% زیادی کردوەو بڕیارە نوێیەکەش بۆ زیادکردنی ٦.٥ سەنت لەسەر گازوایل و ٢.٩ سەنت لەسەر بەنزین بۆ هەر لیترێک لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە گڕی بەردایە توڕەیی فەڕەنسیەکان.
لەئێستادا فەڕەنسا یەکەم وڵاتی جیهانە لەزۆریی ڕێژەی باجدا، ئەمەش دوای ئەوە دێت کەساڵی پار پێشی وڵاتی دانیمارکی دایەوەو لەئێستادا ٤٦.٢%ی کۆی دەستکەوتی دانیشتوانی فەڕەنسا دەچێت بۆ حکومەتی وڵاتەکەیان وەک باج. ئەمەش وایکردوە تێچووی ژیان لەفەڕەنسا زۆر زیاد ببێت.
بەپێی بەدواداچوونەکانی دەزگای CNN بزوێنەری خۆپیشاندانەکە چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەی فەڕەنسایە کەهەست دەکەن لەوڵاتدا پشتگوێخراون و ڕۆژبەڕۆژ باجیان لەسەر زیاد دەکرێت و گوزەرانیان خراپتر دەبێت.
بۆچی خۆپیشاندەرەکان هێلەکی زەرد دەپۆشن؟
دوابەدوای بڕیارێک لەلایەن حکومەتی فەڕەنساوە کەمەرجی دانا لەسەر هەموو شۆفێرێکی ئوتومبێل کەهێلەکێکی زەرد لەئوتومبێلەکەی یاخود ماتۆڕەکەیدا هەبێت بۆ کاتی پێویست، گەر ڕووداوێکی هاتوچۆ ڕووبدات و شەوبێت تا شۆفێرەکە لەبەری بکات و لەتاریکی شەودا دیاربێت.
بەڵام لەگەڵ دەستپێکردنی ناڕەزاییەکان بیرۆکەی لەبەرکردنی ئەم هێلەکە زەردانە وەک دژایەتیکردنی بڕیارەکانی حکومەت و زیادکردنی باج وەک سومبولێک بەکارهێندراو خاوەنی بیرۆکەکەش فیتەرێکی ئوتومبێل بوو بەناوی «غەسلەین کوتارد» کە داوای کرد هێلەکی زەرد بکەن بەسومبولی ناڕەزایی.
ئامانجی خۆپیشاندەران چیەو کێ ڕابەرایەتیان دەکات؟
هەرچەندە خۆپیشاندانەکان بەگوتەی لێکۆڵەرەوەکان لەچینی ناوەڕاستی ناڕازییەوە دەستیپێکردو داوای کەمکردنەوەی باجیان دەکرد، بەڵام لەئێستادا زۆر چین و توێژ لەخۆدەگرێت. خوێندکاران هێلەکی زەردیان لەبەرکردوەو بەشداری خۆپیشاندانیان کردوەو داوادەکەن گۆڕانکاری لەسیستەمی خوێندن و وەرگرتن لەزانکۆدا بکرێت. هەندێک لەهێلەک زەردەکان دۆستی ژینگەن و خۆپیشاندان دەکەن تا حکومەت بایەخی زیاتر بەژینگە بدات، لەهەمان کاتیشدا هەندێک لەهێلەک زەردەکان فیکری شۆڤێنی توندڕەویان لەپشتەو داوا دەکەن حکومەت پەنابەران و کۆچبەران لەفەڕەنسا وەدەربنێت.
خۆپیشاندانەکان توڕەیی هەموانی کۆکردۆتەوەو گەلی فەڕەنسا توڕەیی خۆیان لەهەرشتێک بێت بەهێلەکە زەردەکانیانەوە لەسەر شەقام هەڵیدەڕژن، بەپێی زانیاریەکانی دەزگای CNN ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکان زۆربەی لەگروپێکی فەیسبوکەوە دەکرێت بەناوی «گروپی فەرمی هێلەک زەردەکان» کەزیاد لە ١.٧ ملیۆن ئەندامی هەیە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک.
داهاتووی خۆپیشاندەران چی دەبێت؟
«هەر کاتێک ناوی چاکسازی و ڕیفۆرم بێنیت، گەلی فەڕەنسا مان دەگرن،» ئەمە وتەی (فامک کرومبمولەر) پسپۆڕی سیاسەتی فەڕەنسایە بۆ دەزگای هەواڵی NBC، ئەو دەڵێت کە چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەی فەڕەنسا هەست دەکەن پشتگوێخراون و بێزارن لەزیادبوونی بەردەوامی نرخی شتومەک و سەختی ژیان لەوڵاتەکەیان».
کرومبمولەر پێی وایە کەڕیفۆرمەکانی ماکرۆن بڕیاری سەخت بون و هەر کاتێک سەرکردەیەک بڕیارێکی سەخت و گەورە دەدات بۆ ڕیفۆرم بەردەوام فەڕەنسیەکان دژی دەوەستنەوەو ئەم خۆپیشاندانانەی ئێستا بەپەرچەکردارێکی چاوەڕوانکراو لەگەلی فەڕەنسا ناودەبات.
بەڵام زیادبوونی گرژی و بەرەو توندڕەوی چوونی خۆپیشاندانەکان دەسەڵاتدارانی فەڕەنسای نائارام کردوەو سەرۆک ماکرۆن لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر خۆپیشاندەرە توڕەکانی بەتێکدەر ناوداوەو ڕایگەیاندوە کەکاری تێکدەرانە لەفەڕەنسا جێی نابێتەوە. حکومەتی فەڕەنسا دەترسێت خۆپیشاندانەکان ڕەوتێکی توندڕەو بگرێت و حزبە فاشیستە توندڕەوەکان پشتگیری بکەن، هەربۆیە هەفتەی پێشوو هێزێکی ئەمنی زۆریان بردە ناو خۆپیشاندانەکان و زیاد لە ٤٠٠ کەس دەستگیرکراو ئەم هەفتەیەش دوو ئەوەنە خۆپیشاندەر دەستگیرکران.
وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا ڕۆژی هەینی بەڕاگەیاندنەکانی وت: «لەم سێ هەفتەیەی پێشوودا لەفەڕەنسا لەدایکبوونی وەحشێکی دڕندەمان بینی کە لەدەست دروستکەرانی دەربازی بووە.» هەربۆیە حکومەتی فەڕەنسا دەیەوێت بەهەر شێوەیەک بێت بەر لە تەشەنەکردنی توندوتیژی و کاری تێکدەری بگرێت لەفەڕەنسادا.
