هونەرمەندێک وێنەی کەسایەتی و شاعیران لەسەر کریستاڵ هەڵدەکۆڵێت
6 ساڵ لەمەوپێش
لۆڤە محەمەد
هونەرمەندێک زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە بواری شێوەکاری و دەستڕەنگینیدا کار دەکات و سێ ساڵیشە لەسەر کریستاڵ و شوشەی ناسک وێنەی کەسایەتی و شاعیران و هونەرمەندان هەڵدەکۆڵێت.کاربین عومەر، ئەو هونەرمەندەیە و لە ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە و لە تەمەنی ١٨ ساڵیەوە دەستی بە کاری هونەری کردووە و سەرەتا لە ڕێگەی قەڵەم جاف و دواتریش بە فڵچە و بۆیەی ئاویی تابلۆی سروشت و کەسایەتی و کەلوپەلەکانی چواردەوری و کاریکاتۆری دەکێشا.
ئەو هونەرمەندە سێ ساڵیشە حەزی هونەری خۆی تێکەڵ بە کریستاڵ کردووە و وێنەی کەسایەتیە دێرینەکانی کورد و خانمە شۆڕشگێرەکان و هونەرمەندان و شاعیرانی گەورەی کوردی لەسەر کریستاڵ هەڵکۆڵیوە و وەک کاربین بۆ هاوڵاتی دەڵێت:" حەزدەکەم وێنەی کەسایەتیەک یان هونەرمەندێک لەسەر کریستاڵەکان هەڵکۆڵم کە توانیبێتی جێگە دەستی لە مێژووی ژیان و هونەری کوردیدا هەبوبێت، نەک کەسێک بێت کە لە ساڵانی دواتر ڕەخنەم بێتە سەر و هیچی ئەنجامنەدابێت".کاربین دەشڵێت:"تەنها کەسم کە لەسەر کریستاڵ وێنەی کەسایەتیەکانم هەڵکۆڵیووە، چونکە هەم کارەکە قورسە و شوشە ناسکە و مامەڵە کردن لەگەڵیدا ئاسان نیە و هەڵە قبوڵ ناکات و پێویستی بە وردی و دەستڕەنگینی هەیە، وە خەڵکم بینیوە کە لەسەر تەختە و دار وێنەی هەڵکۆڵیوە بەس وەک شوشە و کریستاڵ کەس نەبووە ئەم کارە بکات".
جگە لە کاری وێنەکێشان لەسەر وەرەقە و کریستاڵ، وێنەش لەسەر دار و دەرگا و دیوار و کەلوپەلەکان دەکێشێت و لە تازەترین کاریشیدا دەستی داوە دیزاین کردنی باخچە و حەوشە و جوان کردنی بە شێوازێکی هونەرییانە و بۆ هەر کەسێکیشی دەکات کە داوای لێبکات.