مەرگەساتەکانی جەنگ و نائومید بوون لە ڕۆمانی تەقینەوەی خەونەکاندا..

6 ساڵ لەمەوپێش



ئەردەلان هەڵەبجەیی

"ئەی گۆڕی میهرەبان، ئەی خاکی پیرۆز،  ئەم گیانە گوناهبارە، ئەم ڕۆحە پیسە لە خۆت بگرە و فڕێی مەدەرە دەرەوە!..."

 نووسەر لەم ڕۆمانەدا کە تراژایدیاکانی ژیان لەگەڵ هەموو دێڕەکانیدا ڕێدەکات، پێمان دەڵێت: دواجار جەنگەکان بەم دەرەنجامەیان گەیاندین!

"جەنگ تەواو بوو، ئەوین تەواو بوو، خەونەکان تەقینەوە، مێشکی کچی ناو تابلۆکە پژا، خەڵکینە وەرنەدەرێ گوێ لە تەقینەوەی خەونەکان بگرن، من دەگریم و خەڵکی پێدەکەنن!"

تەواوبوونی جەنگ بۆ ئێوە هەر پەیامێکی پێ بووبێت، بۆ پاڵەوانی ڕۆمانەکە تەواو پێچەوانەیە، ترۆپکی نائومێد بوونە، جەنگ و ژیان دڵڕەقانە ناخ و دەروونی دەرزیئاژن دەکەن، بیمارەکەمان، هێندەی دی بیمار دەکەن، لەم بارودۆخە هستریەدا، تێکەڵ بە ئاپۆڕای خەڵک دەبێت، جلەکانی فرێدەدات، دەگری و سەما دەکات، سەمای مەرگ، ئەو دەگری و ئەوانی دی پێدەکەنن، تەنانەت وێنەیەکی سەرۆکیشیان داوەتە دەستی، بۆ بیمارەکە کۆتایی جەنگ و تەقەی خۆشییەکان کۆتایی هیوا و ئومێدە، وەستان، یان بەردەوامی هیچ جێگای بایەخ نییە، کە بێگومان، جەنگ بە جۆرێکی دیکە بەردەوام دەبێت.

هەر بۆیە دەڵێت: شتێک هەیە لە ناوەوەی مندا، لە ڕابردوی مندا، لە ئێستای مندا، کە دەبێت بۆی بگریم.

بەرجەستەکردن و وێنا کردنی بێدەنگیی لەم رۆمانەدا، واتاگەلێکی گرنگ بە خوێنەر دەگەیەنن، کە وشە یان پەیڤ هەرگیز توانای گەیاندنی نییە، لە زمانی بیمارەکەوە دەڵێت: بێدەنگی لە جۆری ئەو چەکە کۆمەڵکوژەیە کە سووک و ئاسان دەتوانێت منی پێ لەناوبەرێت.

بە هەمان شێوە، بەراوردی نێوان بێدەنگیی بیمارەکە و خۆشەویستەکەی، بە بێدەنگیی بیابان، بیابانێک کە بۆنی خوێن و خەونە پژاوەکانی لە دێت! (ئەوەندەی بێدەنگی خۆمان دەیترساندین، دەنگی تەقینەوەکان نەیدەترساندین).

ئەمە وا لە خوێنەر دەکات کە زیاتر لە بێدەنگییەکان رابمێنێت، وەک لە وشە و پەیڤەکان.

لەم رۆمانەدا، بەرکەوتەیەکی دیکە هەیە کە بریتییە لە ڕەتکردنەوەی دونیای مرۆڤەکان، کە بە حساب خاوەنی هۆشمەندین و گوزەری رووداو و کارەساتەکان لە دەستی ئەواندایە، دونیای بیمارە دەرونییەکان یاخود ئەوەی کۆمەڵگەی ئێمە پێی دەڵێیت (شێت) دونیایەکی گەلەک ڕاستگۆیانە و جوانترە لە دونیای مرۆڤە بە حساب هۆشمەندەکان.

دوبارە نووسەر پێمان دەلێت: مرۆڤ گوناهکارێکی گەورەیە و توانای پیسکردن و وێران کردنی هەموو شتێکی هەیە.

بەهای نەزیر:

دکتۆرێک کە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، نووسەر لەم رێگەوە پەلکێشمان دەکاتە نێو ڕووداوەکان، بە مەرگەسات و بێمانییەکانی جەنگ و مرۆڤ، زیاتر و زیاتر ئاشنامان دەکات، بەهای نەزیر، جیاوازە لە هەموو پزیشک و تاکەکانی کۆمەڵگەکەی، بە شێوازی تایبەتی خۆی و پاشخانی کۆمۆنیست بوونی، هەڵسوکەوت لەگەڵ بیمار و کۆمەڵگەكەی دەکات.

نووسەر لە ڕێگای (بەها)وە پەلکێشمان دەکات بۆ زیاتر ئاشنا بوون بەو بێ ماناییانەی لە کۆمەڵگەی مرۆڤدا دەگوزەرێت.

نووسەر لێزانانە یاری بە کات و شوێن و وێنەکان دەکات، وا دەکات تۆی خوێنەر بیر بکەیتەوە و وەدوی ڕووداوەکاندا بڕۆی، بۆ ئەوەی تێبگەیت، ببینیت کە مرۆڤ چ کارەساتێکی لەم ژینگەیەدا خوڵقاندوە کە بەزەوی ناوزەد کراوە.

بەرجەستەکردنی ئازار و شکستەکانی ئێمە، ئێمەی مرۆڤ، کە قێزەونترین بوونەوەری ئەم سەر زەمینەین،جەرگبڕانە لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگیداوەتەوە، ئێمە کە لەم گەشتە کورتە سنوردارەدا چ مەرگەساتێک دەخوڵقێنین... چۆن کارەساتێکی وا دەخوڵقێنین و یەکدی نائومێد دەکەین، تەنانەت بەوەشەوە ناوەستین، ژینگەکەشمان وێران و قێزەون دەکەین.

(ئاوەکە لیخن دەکەین) تەنانەت ناهێڵین (کۆترێکیش لە خوارەوە لە ئاوەکە بخواتەوە). مشکە جوانەکانی (کامەران)ی ناو ڕۆمانەکە، برسی و نائومێد دەکەین، ڕۆژانە (کراش) بۆ (شیلان)ە لەدەست چووەکەمان دەکڕین و لێدەگەڕێین تا گەرم بێت و پاشان فرێی دەدەین.

چەندە قێزەونین، چەندە دڕندەین، ئێمەی مرۆڤ... پاش خوێندنەوەی ڕۆمانی تەقینەوەی خەونەکان تۆی خوێنەر خۆزیا دەخوازیت مرۆڤ نەبایت، یان هەر بوونت نەبایە... چ کارەساتێک دەخوڵقێنین و چۆن دەجەنگین و چ جەنگێک بەرپادەکەین، جەنگێک کە هەموو بەهاکانی تێدا لەدەست دەدەین.

ئێمە، نەوەی ساڵانی تەمەنی نووسەر، لەم گەشتە کورتەدا شاهیدی چەندین جەنگی خوێناوی و بە ئاگا لە چەندین جەنگی پێشتر کە مرۆڤەکان خوڵقاندوویانن و خەونەکانی یەکدیان پێ لەبار بردوون. بۆچی؟ لەبەرچی من هاتمە نێو ئەم دونیا جەنجاڵ و پڕ لە جەنگە؟

من هاتم بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو جەنگە ببینم، من هاتم بۆ ئەوەی نائومێدبم لە ژیان، لە خۆشەویستەکەم، لە بوونی خۆم.

نووسەر لە دێڕەکان و وێنەکانی ڕۆمانەکەدا، مەرگەساتەکانی جەنگ و ژیان و نائومێدبوونەکانمانی بە جۆرێک بەرجەستە کردووە، گریانمان بۆ مرۆڤبوونی خۆمان دێت، لەتەک خوێندنەی وشەو دێڕەکاندا، بەردەوام فرمێسک لە چاوانمان دەبارێ، ئێمە چین؟ بۆچی هاتووین؟

هاتووین بەخاتری ئەوەی ئەم هەموو مەرگەساتە بخوڵقێنین و ببینین؟ تۆی خوێنەر لێرەوە لە پاش خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانەوە، نەفرەت لە ژیان، لە بوون، لە مرۆڤ دەکەیت، مەرگەساتەکانی ئێمەی پاشماوەی جەنگەکان، پاشماوەی هەموو گلان و کەوتنەکان، گیرۆدەی نائومێدبوونمان بە دەستی مرۆڤەوە لە ژیان، بە جۆرێک لە (تەقینەوەی خەونەکاندا) وێناکراوە، کە بێوێنەیە، تەنانەت لە ئاست ئەدەبی جیهانیشدا.

من (هێندە بچوک دەبمەوە جەستەم وەک تاڵە دەزویەک دەچێت بە کونی دەرزیەکدا). بۆ وا لە مرۆڤ دەکەن، من وا دەزانم مرۆڤ بۆ ئەمە نەهاتووەتە بوون، گەر ئەمەیە بوون و ژیان، تف لە بوون، تف لە ژیان.

جەنگی درێژخایەنی عێراق- ئێران، جەنگی کەنداو، تا جەنگی ناوخۆش، هەموو جەنگەکانی پێشتریش، هەزاران برینی ساڕێژ نەبوو، نەبینراو، نەبیستراوی، وەک برینەکانی نێو ئەم ڕۆمانەی تێدایە.

لە ڕۆمانەکەدا (ئازادی) و (دادگای گەل) خوێ دەکەنە برینەکە و بە سوێ تری دەکەن، ئەو تروسکەی هیوایەی لە ناخی مرۆڤی کورددا مابوو لێی دەستێننەوە و بە کەنارەکانی نائومێدی دەسپێرن.

فرمێسکەکانی چاوانی کارەکتەرەکانی نێو ڕۆمانەکە، فرمێسکی نائومێدی چاوانی تاکی کوردە، کە دەرئەنجامی جەنگەکان و ئازادییە!. لەم ڕۆمانەدا جەنگ و دەستەڵات تاکەکانی کۆمەڵگە کەم ئەندام دەکەن، کەم ئەندامی جەستەیی و دەروونی و هۆشی، برینێک لە جەستەماندا دەخولقێنێت هەرگیز ساڕێژ نابێت.

(دیسان دەنگی تەقە دێت) پاڵەوانی پاشماوەی جەنگی کوەیت و خوێن و بیابان دەنگی تەقەی خۆشی وەستانی جەنگی براکان، هەمان مێژووی وەستانی جەنگەکانی رابردووی بۆ دوبارەدەکاتەوە، ئیدی خۆشییەکانی ئێوە بە من چی کە جەنگەکانتان هەموو شتێکی لێ ستاندم، هەموو شت! دڵنیام بەیانی جەنگێکی دیکە بەرپا دەکەن و چەندانی تری وەک من لە هەموو ڕەهەندەکانەوە دەکەنە قوربانی.

(گەڕانەوە بۆ نیشتمان(،ئەی نیشتمان تۆ چیت بە من بەخشی جگە لە ئازار؟ ئازادی زۆر نامەردانە شەقێکی لە گونی پالەوانەکەمان هەڵدا و تا کۆتا ڕۆژی تەمەنی لە خۆشییەکانی ژیان و خۆشەویستەکەی و چێژی سێکس و ئومێدی بە باوک بوون، نائومێدی کرد! ئازادی تۆ چیت بە پاڵەوانەکەی ئێمە و تاکی کورد بەخشی جگە لە ئازار!

(مردن) فرە ڕەهەندە، یەک لەوانە هەر مرۆڤە بە دڕندانە ترین شێواز دەیکاتە دیاری بۆت، ئازادی مەرگێکی بەسوێ و ترسناکتر بۆ پاڵەوانەکەی ئێمە دەکاتە دیاری.

(ماڵێک لە خەیاڵ) بۆخۆمان چێ دەکەین، پڕە لە ماچ، خۆشەویستی، گوڵ، ئەستێرە، باران، بەڵام تەنانەت ئەوەشمان پێ ڕەوا نابینن، وێرانی دەکەن بە سەرماندا، بۆ خۆشمان دەبینە یادەوەری ئەو خەیاڵە.

نۆستالۆژیا دونیای جوان و بیگەردی مناڵی و پێش گەورەبوون هەموویان بیرەوەری جوانن، قوتابخانەکەی ئێمە ئەوەی تەنیشتمان یارییەکانمان، یارییەکانی ئەوان، سەرکێشی و شەڕەکانمان، خۆشەویستی و فرمێسک و توڕە بوونەکانمان، کە جەنگ و گەورەبوون هەمووی لەبار برد، زۆر دراماتیکی و جوان لە رۆمانەکەدا وێناکراون.

کامەران:

 نووسەر لە ڕێی کامەرانەوە زیاتر و زیاتر بێ ماناییەکانی مرۆڤمان پێ دەناسێنێت، برینەکانی (کامەران) فرمێسک لە چاوانمان دێنێت، ئەو برینانەی تا هەنوکە خوێنیان لەبەر دەڕوات. کامەرانی پاشماوەی ئەنفال، کارەساتەکانی پاش ئەنفال وێرانتری دەکەن و تا دواجار بۆمبێکی ناپاڵم هەپرون هەپرونی دەکات.

خاڵێکی دیکە کە ناکرێت قسەی لەسەر نەکەین، تۆ کە دەبیتە سەرباز بەکار دەهێنرێیت بۆ کوشتن تا ئەو ساتەی خۆشت دەکوژرێیت، ئیدی تۆ خۆت نیت تۆ هی خۆت نیت، تۆ دەبێت ڕابردوت لەبیر بکەیت. مێژووی تۆ لەو ساتەوە دەست پێ دەکات کە بەرگی سەربازی دەپۆشیت، تەنانەت خەیاڵیشت هەر لە سنوری ئەو بازنە داخراوەدایە و بۆت نییە بیبەزێنیت، ئیدی تۆ تەنها سەربازیت و بۆ سەرکەوتنی سەرۆکی هێژا تێدەکۆشیت و هیچی تر!.

دواجار جەنگ تەسکەرە و شوناس لە پاڵەوانی ڕۆمانەکە دەستێنێتەوە و تەنانەت ناوی خۆی و باوکی و هەموو شتەکانی چواردەوری لەبیر دەباتەوە.

هیوادارم ئێوە لە گەشتەکەتاندا بە دونیای (تەقینەوەی خەونەکان)دا هێندەی من فرمێسک نەڕێژن، بەڵام لەمن زیاتر قێزتان لە مرۆڤ بێتەوە.

 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار