مارکیز رۆمانی بەسۆز و جوانییەکانی شکیراى نووسیوە.

6 ساڵ لەمەوپێش



ئامادەکردنی: شێرزاد هەینی

گابریل مارکیزی رۆماننووسی گەورەی کۆلۆمبی، لە وتارێکی لە رۆژنامەی گاردیانی ساڵی ٢٠٠٦ باس لە پەرۆشی و شەیدابوونی بە شاکاری هونەری ستران و سەما شکیرای گۆرانیبێژ دەردەبڕێت و دەڵێت: ئەو کەسێکی بەتوانایە بۆ سەفەرکردن "لەیەک مانگ چل هەزار کیلۆمەتر دەبڕێت"، زۆریش بایەخ بە مەشق و راهێنانەکان و هەموو ئەندامەکانی تیپەکەی دەدات، زمانە ئینگلیزییەکەی ئەوەندە باشە، بەخەوتووییش باش قسەی پێ دەکات. هەروەها ئەو ژنە پەنجەمۆرێکی تایبەتی لەسەر شەهوانیەتی پاکدا هەیە.

مارکیز ئەو ژنەی مەبەست بووە، چونکە ئەویش وەک ئەو لە شاری بارانکویلا لەدایکبووە. باوکی بەڕەچەلەک لوبنانییە، لەبەر ئەوەی بۆنی عەرەبی لێ هاتووە، ئەویش بە خوێندنەوەی رۆمانە ناودارەکە، هەزار و یەک شەوە، کە بە منداڵی شەیدای کردووە، کەلتوور و سیحری ناوچەکەی خۆشویستووە ئەو دەڵێت:

ئەگەر سیحری ئەو کتێبە نەبوایە، نەدەبوومە نووسەر.

عەرەب لەناو خەیاڵی ئەو بوونی هەبووە، لەوانە کەسایەتی سانیتاگو نەسار، یەکێک لە پاڵەوانەکانی رۆمانی "چیرۆکی مردنێکی راگەیەندراو"، کەسێکی عەرەب بووە. هەروەها بەپێی بۆچوونی نووسەری میسری یوسف ئەلقعید، ژنەکەی مارکیز، مارسیدس بەڕەچەڵەک میسری بووە.

 مارکیز دەڵێت شکیرا لە تەمەنی حەڤدە مانگی پیتەکانی نووسینی لەبەرکردووە. لە تەمەنی حەوت ساڵیش تێکستی گۆرانی نووسیوە، گۆرانیشی گوتووە، بێجگە لە بوارەکانی گۆرانی و سەما، ئەو لە بیرکاری لە هەموو وانەکان یەکەم بووە.

لیستی ئەو نووسەرە خۆرئاوایانەی شەیدای ژنە ئەکتەری ناسک و بەتەمەن بچووک بوون درێژە، لەوانە رۆماننووسی ئەمریکی سکۆر فیترجیرالد، کە کیژە ئەکتەری گەنجی ئەمریکی لویس مورانی خۆشویستوە. ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٠ کۆچیدوایی کردووە. فیترجیرالید ئەگەرچی لە ساڵی ١٩٤٠ مردووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٣ یەکێک لە رۆمانەکانی بەناوی "گاتسبی مەزن" کراوە بە فیلم. ئەلبیر کامۆش شەیدای سترانبێژی ئۆپرا ماریا کالاس بووە. لەناو عەرەبەکانیش زۆر لە شاعیر و نووسەرەکان شەیدای ئوم کلسوم و نەجات سەغیرە بوون، شیعریان بۆیان نووسیوە، ئەوانیش بە دەنگە نازدارەکانیان کردویانە بە گۆرانی نایاب.

مارکیز، زۆر سوود و نەشئەی بۆ نووسین لە جوانییەکانی شاکیرا لە شاکارە رۆژنامەگەرییەکانی بینیووە. بەیەکەوەش هاوکار و پشتیوانی رێکخراوێکی خێرخوازی منداڵانی کۆلۆمبیایان کردووە. دووریش نییە، ئەو بابەتە لە رۆمانی "بیرەوەری سۆزانییە خەمگینەکان" و هەڵوێستی پیاوە پیرە بەتەنەمەکەی شەیدای کیژێکی هەرزەکار بووە، رەنگی داوەتەوە، ئەو پیاوەی بێ ئەوەی رامووسانی کیژەکە بکات یان پەنجەیەک لە شوێنێکی ناسکی بدات، شەیدای بووە.

ئیتر ئەوەیان، ئەو پەیوەندی و سۆزە بۆ نووسەرێکی گەورە لەگەڵ دیاردەیەکی بچووک، یان شەیدابوون بە شاکارێکی ستران و سەما، کاردانەوەی لەسەر بووە، بۆیەش ئەو رۆمانەی نووسیوە. ئەو دانیش بەوەدادەنێت، کە پەیوەندی جوانی نێوان پیرێکی تەمەن حەفتا ساڵی و کیژێکی بیست ساڵانەی نێوانی تەمەنیان پەنجا ساڵە، کاردانەوەی لەسەر نووسینەکانی هەبووە، بەتایبەتی ئەو رۆمانە.

بە مردنی مارکیز لە ١٤ی ئەپریلی ساڵی ٢٠١٤ لە شاری مکسیکۆ، شکیرا لە نامەیەک بەو جۆرە پرسە و سۆزی بۆ ئەو نووسەرە راگەیاندووە، ئەو پەیڤەی لەسەر وێنەیەکی ئەو نووسیوە:

"ئەزیزەکەم جابۆ، جارێکیان گوتت ژیان تەنیا ئەوە نییە چۆن یەکێکمان دەژیت، ژیان ئەوەیە چیمان دەرباری یەکتر لەبیرە، چۆن و کەی بیرەوەرییەکەت بەبیردێتەوە، تا بیگێڕێتەوە. ژیانی تۆ وەک دیارییەک، کە دووبارەبوونەوەی نییە یاد دەکەینەوە. ئاسان نییە و زۆر ئەستەمە بتوانین بە کۆچی تۆ بڵێن ماڵئاوا. تۆ بەردەوام لە ناو دڵی من، هەموو ئەوانەی تۆیان خۆشدەویست، نەمرە و دەژیت".

 

:


 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار