پەیکەری تۆم
6 ساڵ لەمەوپێش
کەژاڵ ئەحمەد
وەک یەکێ لەو پەیکەرانەی
بەردەم کتێبخانەی گشتی سەیرم بکە...
لەشوێنی خۆمدا رووام.
بۆ بینینی ملپێچە شینەکەی ملت لەم تەمەدا، داکوتراوم.
ھەر لەبەر تۆ بووم بە کتێب،
کتێبێک کە لەحەوشەی کتێبخانەدا راوەستاوە.
نیوەڕۆ چەند جوانە
لەگەڵ تۆ کە گەشتن و ماڵئاوایمان لەیەکتر
ھەروەکو چاوتروکانە،
لەدێڕێکەوە بۆ دێڕێک.
شەو چەند رووناکە لەگەڵ تۆ
کە دەپرسم کامە مانگە؟!
ئەوەی ئاسمان یان خەیاڵێک ھێند نزیکە
لە تەنیشتم راکشاوە،
وەک ئەوەی راستی بێت ؟
! بەیانی چەند زوو دێت
لەگەڵ تۆ خەم وەک پەپولە پایزە
چەند ئاسان دوور دەڕوات بە فوویەک،
لە لێوی خەمکوژت!
وا بۆ ئەو شوێنە دەچمەوە کە رۆحی شیرینمم تیا ونکردووە
خەیاڵت سێبەرمە. تۆ کە ساحیری بێوێنەی ژیانمی
ببینە خوێنم لەبەردەم،
پەیکەرە سەرەوخوارەکەی لەتیف ھەڵمەت
چۆن رژاوە!
منی پرژە وەک نابینایەک دوای دەنگی پێت ئەکەوم،
وادەزانم دەنگی دڵمە «
وردە وردە وا رێئەکەم
ھەنگاوەکانیشم وردن وەکو خاڵی ورد وسپی ملپێچەکەت.
ورد و سپین سپی و رووناک وەکو رۆحت،
وەکو ھەستت، وەکو ھەموو ئەو وشانەی بۆتدەنووسم و بۆمنوسیوویت.
سپی و وردن وەکو رەنگم،
وەکو نیگام شین وشیرین لەئاسمانی قەدەرتام،
خۆشەویستم بادەستم ھەر لەملتابێ
من رەنگی ملپێچەکەتم.»
لەبەرئەوەی پەیکەری تۆم بەو چاوە جوانانەت سەیرمبکە.
بۆ دۆزینەوەی ناڕێکیم بەودەستە تامەچەک
سپییانەت چەکوشکاریم تیادا بکە.
وەرە دەستخەرە سەر شانم و وەک کارێکی ناوازەی خۆت سمارتەمکە .
رۆژێک پەردەم لەسەرلادە و بێجگە لەخۆت
ھیچ کەسێ بۆ ئەو بۆنەیە بانگھێشت مەکە!!
وادیارە من زۆر عاشقتم ئینجا چییە !
تۆ ھەر بڕۆ و ھەرگیزاو ھەرگیزیش باوەڕم پێمەکە.!