‌تێکست وه‌ک په‌یام ئه‌ڤین وه‌ک تێما  له‌ شیعرى (په‌یکه‌رى تۆم)ى که‌ژاڵ ئه‌حمه‌ دا 

6 ساڵ لەمەوپێش



شاخه‌وان سدیق
ڕه‌نگه‌ شتێکى سه‌یرو نوێ‌ نه‌بێت که‌ بڵێین ژیان چیرۆکێکى درێژه‌و ئێمه‌ پاڵه‌وانه‌ بێئاگاکانى ناو ئه‌م چیرۆکانه‌ین، که‌ ده‌شێت ڕۆژێک هه‌ریه‌کێک له‌ ئێمه‌ ڕۆڵه‌که‌مان تیایدا ته‌واو بێت‌و ده‌وره‌که‌مان مرۆڤێکى که‌ به‌رجه‌سته‌ى بکات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به‌ نه‌مرى ئه‌م چیرۆکانه‌ ده‌دات گێڕانه‌وه‌یه‌، که‌ جگه‌ له‌ چێژ‌وخۆشى، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى په‌ندو ئامۆژگارى بۆ نه‌وه‌کانى دیکه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ى (عه‌تا محه‌مه‌د) ده‌ڵێت" ئه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به‌ ژیانى مرۆڤ دا گێڕانه‌وه‌ بوو" ڕه‌نگه‌ چیرۆکه‌کانمان جیاوازبن‌و هه‌ریه‌که‌مان له‌ گۆشه‌نیگایه‌که‌وه‌ بڕوانینه‌ ژیان‌و ده‌ست‌و په‌نجه‌ى له‌گه‌ڵدا نه‌رم بکه‌ین، به‌ڵام ئه‌وه‌ى هه‌موومان له‌ چیرۆکه‌کاندا کۆده‌کاته‌وه‌، دواجار ئه‌زمونکردنى ژیان خۆیه‌تى، بۆیه‌ هه‌موومان ده‌ژین‌و هه‌مووشمان چیرۆکمان هه‌یه‌، موعجیزه‌که‌ش لێره‌دایه‌ که‌چیرۆکى که‌سمان له‌ هیکه‌سى که‌مان ناچێت، گێڕانه‌وه‌ى ئه‌م له‌یه‌ک نه‌چونانه‌شه‌ به‌رده‌وامى به‌خودى ژیان ده‌دات‌و واده‌کات به‌ نمایش کردنى ڕۆڵه‌کانى هه‌موومان هاوکێشه‌ى ژیان هاوسه‌نگ بێت‌و ژیان به‌رده‌وام بێت، به‌بڕواى منیش ئه‌وه‌ى یارمه‌تیده‌رو هاوکارى مانه‌وه‌ى ئه‌م چیرۆکانه‌یه‌ شیعرو ئه‌ده‌به‌، که‌ ده‌توانێت زیندوێتى به‌ چیرۆکه‌کانى هه‌موومان بدات، چونکه‌ وه‌ک (ئه‌دۆنیس) ده‌ڵێت "شیعر دروستکردنى په‌یوه‌ندى داهێنه‌رانه‌یه‌ له‌ نێوان ئێستاو داهاتوو، له‌ نێوان دیارو نادیاردا، له‌ نێوان زه‌مه‌ن‌و ئه‌به‌دییه‌تدا، له‌ نێوان واقیع‌و میتاواقیعدا" لێره‌وه‌ ده‌مه‌وێت که‌مێک له‌سه‌ر شیعرى (په‌یکه‌رى تۆم)ى خانمه‌ شاعیر(که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) بوه‌ستم، که‌ شاعیر له‌م ده‌قه‌یدا تێماى (ئه‌ڤین)، ده‌کاته‌ پێکهاته‌ى سه‌ره‌کى تێکسته‌که‌ى و شیعریش ده‌کاته‌ ئه‌و میمبه‌ره‌ى که‌ په‌یامى عاشقانه‌ى خۆى لێیه‌وه‌ بۆ مه‌عشوقه‌که‌ى ده‌نێرێت، شاعیر به‌م جۆره‌ شیعره‌که‌ى ده‌ست پێده‌کات"

وه‌ک یه‌کێ له‌و په‌یکه‌رانه‌ى به‌رده‌م کتێبخانه‌ى گشتى 
سه‌یرم بکه‌...
له‌ شوێنى خۆمدا ڕووام.
بۆ بینینى ملپێچه‌ شینه‌که‌ى ملت له‌م ته‌مه‌دا،
داکوتراوم
هه‌ر له‌به‌ر تۆ بووک به‌کتێب
کتێبێک که‌ 
له‌ حه‌وشه‌ى کتێبخانه‌دا
ڕاوه‌ستاوه‌
ئه‌گه‌ر به‌وردى ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ له‌م شیعره‌ بخوێنینه‌وه‌ ده‌بینین نوسه‌ر وه‌ک خودێکى تواوه‌ له‌پێناو وێناى به‌رجه‌سته‌بووى ئه‌وی دیدا هێنده‌ى نامێنێت وجودى خۆى به‌ڕه‌هایى له‌ بیربکات و بۆ ئه‌وده‌بێته‌ ژیانێکى وه‌ستاو(ستلایڤ)، به‌ڵام په‌یکه‌رێکى پڕله‌ سه‌رگوزشته‌و چیرۆک، پڕ له‌ قسه‌و هاوارى نه‌بیسراو، هه‌ر بۆیه‌ شاعیر ناڕوات، به‌ڵکو (گۆدۆ) ئاسا له‌ چاوه‌ڕوانى ئه‌وى دیدا وه‌ک کتێبێکى هه‌ڵواسراو ده‌یه‌وێت ئه‌وانى دى بێن و چیرۆکه‌ نه‌بیسراو ناکۆتاکانى بخوێنه‌وه‌، تێماى ئه‌ڤین لاى ئه‌م شاعیره‌ باڵایه‌، هه‌ر بۆیه‌ ژیانیشى پڕاوپڕه‌ له‌ عیشق، بۆ منیش ئه‌و پرسیاره‌ى هه‌میشه‌لام دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا عه‌شقى ڕاسته‌قینه‌ له‌ ژیاندا بوونى هه‌یه‌؟ یان ئه‌وه‌ شیعرو ئه‌ده‌به‌ جوانییه‌کیان له‌ ڕێگاى (زمان‌و خه‌یاڵ)ه‌وه‌ به‌ناوى عه‌شقه‌وه‌ دروستکردووه‌. چونکه‌ عه‌شق به‌هه‌موو گه‌وره‌ییه‌کانیه‌وه‌ مه‌وداکانى ژیان تیایدا به‌ته‌سک ده‌بێته‌وه‌، به‌جۆرێک که‌ عاشق بوون ده‌بێته‌ قورسترین شتێک که‌ مرۆڤ بتوانێک موماره‌سه‌و ئه‌زمونى بکات، به‌داخه‌وه‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ هه‌موو ناشیرینیه‌کانى ئاره‌زووى به‌ناوى عه‌شق‌و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ ده‌کات، هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ى (عه‌تا محه‌مه‌د) ده‌ڵێت" هه‌زاران ڕێگه‌ بۆ فریودانى مرۆڤ هه‌یه‌، به‌داخه‌وه‌ خۆشه‌ویستى ئاسانترینیانه‌" بۆیه‌ من هه‌میشه‌ پێم وایه‌ ئه‌وه‌ شیعرو ئه‌ده‌به‌ دوور له‌ ژیانى واقعى، عه‌شقیان به‌ جوانى هێشتوه‌ته‌وه‌و نه‌یان هێشتوه‌ ده‌ستى ناشیرینیه‌کان پێیبگات. هه‌ر وه‌ک چۆن شاعیر له‌ به‌رده‌وامى شعره‌که‌یدا ده‌ڵێت"
نیوه‌ڕۆ چه‌ند جوانه‌
 له‌گه‌ڵ تۆ
که‌ گه‌شتن و ماڵئاوایمان له‌ یه‌کتر
هه‌ر وه‌کو چاوتروکانه‌.
له‌ دێڕێکه‌وه‌ بۆ دێڕێک
له‌وتارى (له‌ نێوان فۆتۆ و شیعردا تێڕامانێک) به‌ختیار عه‌لى، ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندى شیعرو فۆتۆ ده‌ڵێت" فۆتۆ ناتوانێت بوون له‌ پرۆسه‌ى گۆڕان و وه‌رچه‌رخانى ته‌واوه‌تیدا ببینێت، به‌ڵام شیعر سه‌روکارى له‌گه‌ڵ جۆره‌ بوونێکى جووڵاودایه‌، بوونێک که‌ له‌ چوارچێوه‌یه‌کدا ناوه‌ستێت و کۆناکرێته‌وه‌" هه‌ر وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌م شیعره‌شدا (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) وێنه‌کان وه‌ک وێنه‌ى فۆتۆى ڕاده‌گرێت، نه‌وه‌ک زه‌مه‌ن جوانیه‌ شاراوه‌کانى له‌گه‌ڵ خۆیدا ببات، هه‌ربۆیه‌ به‌ مه‌عشوقه‌که‌ى ده‌ڵێت"
تۆ وه‌ک یه‌کێ 
له‌و په‌یکه‌رانه‌ى به‌رده‌م کتێبخانه‌ى گشتى 
سه‌یرم بکه‌...
ئه‌گه‌ر کۆى ئه‌م شیعره‌ وه‌ک ده‌قێکى ئه‌ده‌بى وه‌رگرین، جگه‌ له‌ فه‌زا ئه‌ده‌بیکه‌ى به‌رجۆرێک له‌ هونه‌رى فۆتۆگرافى له‌ کۆى وێنه‌ گشتیه‌که‌یدا ده‌که‌وین، به‌و پێیه‌ى (په‌یکه‌ر) له‌ هونه‌رى شێوه‌کاریدا یه‌کێکه‌ له‌ هونه‌ره‌ وه‌ستاوه‌کان و فۆتۆش وه‌ک هونه‌رى وه‌ستاوى بینراو ئه‌ژمار ده‌کرێت، له‌ نێوان به‌رکه‌وته‌ى ئه‌م دوو هونه‌ره‌دا شاعیر وه‌ستایانه‌ وێنه‌ شیعریه‌کانى بۆ خوێنه‌ر ڕاده‌گرێت، به‌ڵام دووباره‌ له‌ڕێگه‌ى عیشق وه‌ جوڵه‌ به‌ چیرۆکى ئه‌ڤینه‌که‌ى ده‌دات و نایه‌ڵێت جوانیه‌کانى بوه‌ستن و له‌وه‌ستاندا ژیان و ئیستاتیکا به‌رهه‌م دێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ک ده‌ڵێت"
وه‌ره‌ ده‌ست بخه‌ره‌ سه‌ر شانم و 
وه‌ک کارێکى ناوازه‌ى خۆت سمارته‌مکه‌ 
ڕۆژێک په‌رده‌م له‌سه‌ر لاده‌و پێجگه‌ له‌خۆت
هیچ که‌سێ‌ بۆ ئه‌و بۆنه‌یه‌
بانگهێشت مه‌که‌!!
ئه‌م شیعره‌ یه‌کێکه‌ له‌ ده‌قه‌ جوانه‌کانى خاتوو (که‌ژاڵ ئه‌حمه‌د) و ده‌کرێت له‌ چه‌ند گۆشه‌نیگایه‌که‌وه‌ لێى بڕوانرێت به‌و پێیه‌ى شیعره‌که‌ تێکه‌ڵیه‌که‌ له‌ ژانره‌کانى (هونه‌رو ئه‌ده‌ب) له‌ بنه‌ما گێڕانه‌وه‌یه‌که‌یدا، ئه‌ویش به‌ هێنانه‌ ناوه‌وه‌ى هونه‌ره‌کانى (په‌یکه‌رسازى و فۆتۆگرافى) و دوباره‌ پیشاندانه‌وه‌یان به‌زمانێکى جوان و ئیستاتیکیانه‌ى ئه‌ده‌بى، که‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ى قودره‌ت و تواناى زمان و خه‌یاڵ فراوانى ئه‌وه‌. هه‌ر ئه‌م هۆکاره‌شه‌ واده‌کات خوێنه‌ر چێژ له‌ شیعرى ئه‌م خاتونه‌ وه‌رگرێت.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار