دەربارەی مارکسیزم و ئایین، کتێبى (زیاتر لە تلیاک) بڵاوکرایهوه
6 ساڵ لەمەوپێش
ئامادەکردنی: تاڤگە محەمەد
ساڵانێکی زۆرە هزری مارکسیزم، چی وەک فەلسەفە، چی وەک سیاسەت و حزب، لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا قسەی لە بارەوە دەکرێت. ئاشکرایە کە دیوە سیاسییەکەی زووتر پێی ناوەتە ئەم کۆمەڵگەیەوە. ئەمەش یەکێکە لەو خاڵانەی کە ئەم بزووتنەوەیە نەتوانێت لە خوارەوەی کۆمەڵگە گەشە بکات و تەنها لەناو نوخبەیەکی سەرەوەی چەند حزبێکدا بمێنێتەوە. بێگومان ئەمەش بۆتە مایەی هەڵە تێگەیشتن، هەڵە لێکدانەوە، هەڵە بەکارهێنان و چەندین هەڵەی دیکە دەرهەق بە هزری مارکسیزم. بەڵام لە چەند ساڵی پێشوودا، بە دیاریکراوی لە سەرەتاکانی دەیەی دووەمی سەدەی بیستویەکدا، لەو دەمەی هزری مارکسیزم و سیاسەتی ڕاستەقینەی مارکسیستی وەک شتێکی بێزراو تەماشا دەکرا، لەو دەمەی چیتر نەوە نوێیەکان ئاشنا نەبوون بە ناوی مارکس و هزری مارکسیزم، لەو دەمەی نەوە دێرینەکانیش بەرەو بێهیوایی و داڕووخان و دوورکەوتنەوە لە مارکسیزم دەڕۆیشتن، کۆمەڵێک گەنج دەستیان برد بۆ گەشاندنەوەی ژیلەمۆی مارکسیزم لەناو کۆمەڵگەی کوردییدا، شنەبای ئەم گەشانەوەیەش بریتیبوو لە وەرگێڕان، واتە پڕۆسەی وەرگێڕانی ئەدەبیاتی مارکسیستی. لە پاڵ دەیان هۆکاری تردا، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە ئەم نەوە نوێیە لە وەرگێڕانەوە گەڕانەوە بۆ مارکسیزم، ئەو هەڵە تێگەیشتنە بوو بەرامبەر مارکسیزم، کە بە هۆی نەبوونی سەرچاوەی پێویست بە زمانی کوردی لەو بوارەدا دروست بووبوو، بەتایبەت هەڵە تێگەیشتن سەبارەت بە هەڵوێستی مارکسیستەکان دەربارەی ئایین، نەتەوە، پرسی ژن، ئەدەب و هونەر، دەوڵەت و ...هتد.
ئەم کتێبە دەچێتە چوارچێوەی پڕۆژەی پڕاکسیسەوە، ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەی پڕاکسیس بڵاوکردنەوە و ڕاڤەکردن و وەرگێڕانی ئەو چەمک و بوارانەی ناو جیهانی مارکسیزمە، کە هەتاوەکە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردییدا بە هەڵە لێی تێگەیشتوون و بە هەڵە لێکدراونەتەوە. کتێبی "زیاتر لە تلیاک" یەکەمین کتێبی ئەو پڕۆژەیەیە و تەرخانکراوە بۆ پرسێکی جێمشتومڕ، ئەویش مارکسیزم و ئایینە. ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ نیشاندانی هەڵوێستی ڕاستەقینەی مارکسیزم بەرامبەر ئایین و ڕاستکردنەوەی هەموو ئەو چەواشەکاری و بەلاڕێدابردننانەی دەرهەق بەم هەڵوێستە کراون. کتێبەکە پێکهاتووە لە هەموو ئەو تێکستە گرنگانەی لە میراتی مارکسیزمدا دەربارەی ئایین نووسراون، هەر لە ڕۆژگاری مارکس و ئەنگڵسەوە، تا دەگات بە خوێندنەوەی سەرهەڵدانی گروپە ئایینییەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی سەدەی بیست و بیستویەک.
نووسەرەکان بریتیین لە (مارکس، ئەنگڵس، لینین، ترۆتسکی، ڕۆزا لۆکسمبۆرگ، جۆرج لۆکاچ، واڵتەر بنیامین، میشێل لووی، ئالان وودس، جۆن مالینۆ، کریس هارمەن، ژیلبەر ئاشکار، پاوڵ دیکسۆن).
کتێبەکە پێکهاتووە لە ٦٠٠ لاپەڕە و لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی ئەندێشەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە. ئەم کتێبە لەلایەن هەریەکە لە (بابان ئەنوەر، پێشڕەو محەمەد، هێمن خالید) وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.