ترەمپ بێ دۆست مایەوە، نەک کوردەکان

6 ساڵ لەمەوپێش



یاد قوربانی

هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا دۆناڵد ترەمپ بە «خیانەتکار» لە قەڵەمدەدەن دوای بڕیاردانی بەکشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەباکوری سوریا، بەڵام کورد ئەمجار بەتەنها دەهۆڵی خیانەت لەزلهێزە جیهانیەکە ناکوتێت، بەڵکو زۆرێک لەوڵاتانی ڕۆژئاواو سیاسەتمەدارانی ناوخۆی ئەمریکاش دژی بڕیارە تاکلایەنەکەی سەرۆکی ئەمریکا وەستاونەتەوە.

ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لەئێستادا خاوەنی نزیکەی دوو هەزار هێزی چەکدارە لەناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی سوپای سوریای ئازادا (کەزۆرینەی لەشەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستی گەل پێکهاتوون) لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا، واشتنۆن بەبڕیاری دۆناڵد ترەمپ لەماوەی ١٠٠ ڕۆژدا دەیەوێت سوریا جێبێڵێت و ئەمەش بۆشاییەکی سیاسی و سەربازی گەورە جێدێڵێت و ئەگەری بەهێزبوونەوەی داعش و لەشکرکێشی تورکیا دێنێتە ئاراوە.

دوای بڕیارەکەی ترەمپ، دەنگی ناڕەزایی لەحزبەکەی خۆیەوە (حزبی کۆماریەکان) لەدژی بەرزبووەوە و داوای ڕوونکردنەوەیان لەسەرۆکەکەیان کرد، ترەمپ لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسی «داعشمان بەزاندووە، بۆیە دەکشێینەوە.» بەڵام دوای ٢٤ کاتژمێر هۆکاری کشانەوەی هێزەکانی بۆ «پاراستنی گیانی سەربازانی ئەمریکاو بەهەدەرچوونی پارەی ئەمریکا» گێڕایەوە.

«سەگە هارەکە» لای ترەمپ هەڵناکات

بڕیارە تاکلایەنەکانی دۆناڵد ترەمپ و هەڵوێست و وتە دژیەکەکانی هەندێک لەوەزیرەکانی کابینەکەی خۆیشی نائارامکردووە، (جیم ماتیس) وەزیری بەرگری ئەمریکا لەسەر ڕێکنەکەوتنی لەگەڵ میکانیزمی کارکردنی ئیدارەکەی ترەمپ دەستی لەکارکێشایەوە. ئەو کەچەندین دەیە خزمەتی سەربازی هەیەو لەجەنگی عێراقدا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە، نازناوی «سەگە هارەکە»ی پێ بەخشراوە لەبەر چاونەترسی و شەڕئامازیی. بەڵام «سەگە هارەکە» بەرگەی کابینەکەی ترەمپی نەگرت و لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا کە لەگەڵ بڕیاری کشانەوە لەسوریادا هات، جیم دەڵێت: «هێزی ئێمە وەک نەتەوەیەک ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بەهێزی هاوپەیمانێتی و دۆستایەتیەکانمانەوە. دەبێت ئێمە بێ دوودڵی و ڕاشکاوانە دژی ئەو وڵاتانە بوەستینەوە کە بەرژەوەندیە ستراتیجیەکانیان لەدژی ئێمەو هاوپەیمانەکانمانە».

لەوتارێکی ڕۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)ی ئەمریکیداو لەشیکاری وتەی دەستلەکارکێشانەوەکەی جیمدا هاتوە «(جیم) دەیەوێت بڵێت کە من باوەڕم بەخیانەتکردن لەدۆستەکانم، وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات، نییە بەبەرژەوەندی دوژمنەکانم وەک سوریاو ئێران و دەوڵەتی ئیسلامی. جیم ئەوپەڕی هەوڵیدا تاجیهان لە دەست ترەمپ بپارێزێت بەڵام شکستی هێنا هەربۆیە دەستی لەکارکێشایەوە.»

کێی تر جگە لە «سەگە هارەکە» دژی بڕیارەکەی ترەمپە؟

یەکێک لەسیناتۆرەکانی ئەمریکا کەڕاستەوخۆ پاڵپشتی دەستلەکارکێشانەوەکەی وەزیری بەرگری کرد، (لیندزی گراهام)ی سیناتۆری کۆماریەکان بوو، ئەو لەتۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕووی دەمی کردە ترەمپ «جەنابی سەرۆک، ئێمە وەک نەتەوەیەک لەمە باشترین، تکایە بەبڕیارەکەتدا بچۆرەوە بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لەسوریا. گەر ئاوابین، لەداهاتووتا هیچ دۆستێکمان نامێنێت».

لەتویتێکی تریشیدا هۆشداری دەداتە تورکیاو دەڵێت: «ئێمە تورکیا بەبەرپرسیار دادەنێین لەبەرانبەر هەر هەڵوێستێکدا بۆ لەناوبردنی هاوپەیمانە کوردەکانمان کە بەجەرگانە دژی داعش جەنگان لەگەڵمان. گەر ئەم کارە بکەن، بە ڕای من، ئێمە وەک ئەمریکا هەمان مامەڵەی محەمەد بین سەلمانی سعودیەیان لەگەڵ دەکەین».

جگە لە جیم ماتیس، (برێت مەکگۆرک) نوێنەری تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەسوریاو عێراق ڕۆژی شەممە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لەپۆستەکەی ڕاگەیاند. ئەو لەنامەی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا بۆ (مایک پۆمپیۆ)ی وەزیری دەرەوە ڕایگەیاندوە زۆر بەتوندی دژی بڕیاری کشاندنەوەی هێزەکانیان لەسوریاو دەستبەرداربوونی هاوپەیمانانیانە لەسوریا.

ئەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەوەڵامی ڕۆژنامەنوسێکدا دەڵێت کە داعش لەسوریا لەناونەچوون و پلانە تیرۆریستیەکانی کە لەئەوروپا ڕوویاندا پلانڕێژیی لەڕەققەی پایتەختی پێشووی داعش لەسوریاوە بۆ کرابوو کشانەوەی سوپا لەسوریا زیان بەئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دەگەیەنێت.

هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاوا چیە؟

یەکێک لەو وڵاتانەی لەسەرەتاوە دژ بەبڕیارەکەی ترەمپ وەستایەوە فەڕەنسا بوو کەدەستبەجێ چەند نوێنەرێکی هێزەکانی سوریای دیموکراتیان بانگهێشتی کۆشکی ئیلیزێ کرد لەپاریس. تائێستا فەڕەنسا ڕایگەیاندوە کەهێزەکانی ناکشێنێتەوەو بەردەوامدەبێت لەجەنگ دژ بەداعش. وەزیری هێزە چەکدارەکانی فەڕەنسا (فلۆرێنس پارلی) لەتویتەر ڕایگەیاند: «داعش زیاد لە ٩٠% پێگەکانیان لەدەستداوە، بەڵام جارێ بنەبڕ نەکراون و ڕەگەکانیان دەرنەهێندراوە. کۆتا پێگەکانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکە دەبێت بە زەبری هێزی سەربازی لەناوببرێن».

بەپێی چەند دەنگۆیەک، نوێنەرانی ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا بەڵێنیان بەنوێنەرە کوردەکان داوە لەکۆشکی ئەلیزێ، کەپاریس پاڵپشتیی هێزە کوردیەکان بکات لەئەگەری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکادا، هاوکات لایەنە کوردیەکان وێڵن بەدوای لایەنێکدا هێڵی دژەفڕین ڕابگەیەنێت لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا لەئەگەری لەشکرکێشی سوپای تورکیاو هێزە میلیشیاکانی نزیک لەو وڵاتە.

هەر لە درێژەی کاردانەوەکانیدا، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا یەکشەممەی رابردوو نیگەرانی توندی خۆی ڕاگەیاند سەبارەت بە بڕیاری هاوتا ئەمەریکیەکەی دۆناڵد ترەمپ، بە کشانەوەی هێزەکانیان لە سوریا. هەروەها رایگەیاند کە هەموو کەس قەرزاری هەسەدەیە.

ماکرۆن  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە چاد وتی «هەست بە پەژارەیەکی توند دەکەم لەسەر ئەو بڕیارەی لە سوریا گیراوەتەبەر».

هەروەها وتی «ئەگەر هاوپەیمان بین، دەبێت شان بەشانی یەکتر شەڕ بکەین. ئەمە گڕنگترین شتە بۆ سەرۆکی وڵات یان فەرماندەی سوپا».

ماکرۆن جەختی لە گرنگی کارەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات کردەوە کە کورد سەرپەرشتی دەکات و ناوچەیەکی بەرفراوانیان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لەژێر چنگی داعش دەرهێناوە.

وتیشی «داوا لە هەموو کەس دەکەم... ئەوە لەبیر نەکەن کە ئێمە قەرزاری ئەوانین».

بەڕیتانیاش هاوشێوەی فەڕەنسا پێی وایە کاتی کشانەوە لەسوریا جارێ نەهاتوە، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی (گاردیان)ی بەریتانی هەردوو وڵات تەنها چەند سەد سەربازێکیان لەناوچەکە جێگیرەو پشتیان بەهێزەکانی سوپای ئەمریکا بەستوە لەڕووی لۆجستیەوە.

بەپێچەوانەوە ڕوسیا دەستخۆشی لەبڕیارەکەی ئەمریکا دەکات، پێشتریش ڤلادیمیر پوتین ڕایگەیاندبوو کە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لەسوریا نایاسایین چونکە لەگەڵ ئەسەددا ڕێکەوتنی لەسەر نەکراوە. ئەو لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە لەتەلەفزیۆنە حکومیەکانی ڕوسیا پەخشکرا دەڵێت: «دۆناڵد بڕیارێکی ڕاستی دا، من هاوڕام لەگەڵی».

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار