له‌یادى  34 ساڵه‌ى مامۆستا عه‌لادین سه‌جادى

6 ساڵ لەمەوپێش



له‌یادى  34 ساڵه‌ى  مێژوونووسى کورد مامۆستا عه‌لادین سه‌جادىسه‌جادى خه‌رمانێک له‌ووشە، گه‌نجینه‌یه‌ک له‌که‌له‌پوورى کورد

موته‌لیب سه‌عید عومه‌ر

له‌و وڵاته‌ى ژان و خه‌مى چه‌وسانه‌وه‌ى چینایه‌تى و سته‌مکارى چه‌پۆکى داگیرکارانى کوردستان بوونه‌ هه‌وێنى هه‌وڵ و ئامانجه‌کانى مرۆڤه‌ به‌ئاگاو سته‌مدیده‌کان له‌وێوه‌ زمانى گفتوگۆ بووه‌ زمانى نووسین، له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ى مونه‌وه‌رانى کورد خه‌م و ئازارى چه‌وسانه‌وه‌و بنده‌ستى، دیلى وایلێکردن نوکى خه‌مه‌کانیان بکه‌نه ‌چه‌کى به‌رگریکردن بۆ به‌ده‌ستهێنانى مافڕه‌وانى کورد و ناساندنى ئه‌م زمانه‌ له‌نێو لاپه‌ره‌کانى ڕۆژنامه‌ى کوردستان به‌نه‌ته‌وه‌کانى ده‌وروبه‌ورو دونیا، هه‌ر له‌م بیرو سۆنگه‌یه‌وه‌ ئه‌ده‌بى زاره‌کى و زمانى گفتوگۆ به‌هه‌وڵ و تێکۆشانى هونه‌رانى کورد وه‌ک، ئه‌حمه‌دى خانى، مه‌لاى جه‌زیرى، حاجى قادرى کۆیى گوازرایه‌وه‌ بۆ ده‌شتى شاره‌زوور بۆ لاى حه‌زره‌تى نالى  و مه‌ولانا خالید، مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمى موده‌ریس، بوونه‌ زمانى خوێندن و نووسین، هه‌وڵى ئه‌م مرۆڤه ‌مه‌زنانه‌ بووه‌ داینه‌مۆو هه‌ڵگێرسینه‌رى  ده‌یان به‌رهه‌مى ناوازه‌و هه‌زاران تێکستى به‌رز، به‌هاتنه‌کایه‌ى نالى و سالم زمانى کوردى  وه‌چه‌رخانێکى نوێ  هاته‌ناو زمانى ئه‌ده‌بى کوردى، به‌سه‌رهه‌ڵدانى کاروانى دووه‌مى قوتابخانه‌ى شیعرى کوردى وه‌ک (شێخ نورى شێخ ساڵح، عه‌بدولڕه‌حمان به‌گى میسباح، عه‌بدوڵا‌ گۆران زمان و ئه‌ده‌بى کوردى رێچکه‌و شێوازێکى نوێى هێنایه‌ کایه‌وه‌ له‌پاڵ ئه‌وانه‌شدا مامۆستایان و زانایانى کورد له‌م ڕه‌وته‌ پێشکه‌وتنخوازییه‌ى زمان و ئه‌ده‌بى کوردى بێئاگا نه‌بوون، له‌نێو حوجره‌و مزگه‌وت و خانه‌قاکانى کوردستاندا ژماره‌یه‌کى زۆر فه‌قێ بونه‌ مامۆستا، زاناو ئه‌دیب، له‌وانه‌ (مه‌لا عه‌بدولکه‌ریمى موده‌ریس، شێخ محمدى خاڵ، م عه‌لادین سه‌جادى، بێخود، مه‌وله‌وى، چروستانى، مه‌حوى، بێسارانى، وه‌فایى، مه‌لاى کۆیه‌، ئه‌م زاناو ئه‌دیبانه‌ زۆر رۆشنبیرى کورد به‌خه‌مێکى گه‌وره‌و ژیانێکى دژوار هاتنه‌ نێو کایه‌ى ئه‌ده‌ب و زانستى  ئیسلامی  وێراى خۆشه‌ویستى بۆ نه‌ته‌وه‌ى کوردو خاکى کوردستان.
له‌نێو ئه‌و منه‌وه‌رانه‌دا مامۆستا عه‌لادین سه‌جادى ناوێکى به‌رزه‌ له‌بوارى مێژوونووسى، رۆژنامه‌وانى، ئه‌ده‌ب و کولتوورى کورد، به‌تایبه‌تى کۆکردنه‌وه‌و نووسینى ڕشته‌ى مروارى، ده‌قه‌کانى ئه‌ده‌بى کورد، مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ به‌شێکه‌ له‌سه‌رمایه‌و سامانى نه‌ته‌وه‌ییمان.
زاتێک له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان به‌ره‌و شارى سلێمانى
زۆرن ئه‌و مرۆڤه‌ رۆشنبیرانه‌ى له‌پێناو فێربوونى زانست و به‌ده‌ستهێنانى زانیارى به‌نێو شارو گونده‌کانى کوردستاندا گه‌ڕان و هه‌ڵوه‌داى  فێربوون و خوێندنى زانستى ئاین و زمان و ئه‌ده‌بى کوردییان کردووه‌، که‌ڵکه‌له‌ى زانستخوازى و  زمانزانى و کورد بوون بووه‌ته‌ به‌شێک له‌خه‌ون و ئامانجه‌کانیان  .
 له‌شارى سنه‌ى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان لاوێک تینوو به‌زانست هێمن وه‌ک زرێبارى مه‌ریوان به‌ره‌و شارى سوله‌یمانى به‌مه‌به‌ستى خوێندن و بەده‌سهێنانى ته‌حسیلى ئاینى له‌سلێمانى لاى مامۆستا شێخ بابه‌ على ته‌کیه‌یى  ئیجازه‌ى مامۆستایى وه‌گرتووه‌  .
بوارى رۆژنامه‌وانى
له‌ساڵى 1939 مامۆستا ده‌ستیکردووه‌ به‌کارى رۆژنامه‌وانى له‌ 1941 بووه‌ به‌رێوه‌به‌رى گۆڤارى گه‌لاوێژ له‌گه‌ڵ مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د تاداخستنى گۆڤاره‌که‌ له‌ساڵى 1949 پێکه‌وه‌ هاوکار بوون.
بایه‌خى کارکردنى ئه‌و ده‌ ساڵه‌ى رۆژنامه‌وانى  به‌ده‌ستهێنانى ئه‌زموونێکى ده‌وڵه‌مه‌ند بوو له‌بوارى سیاسى کۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى مرۆڤێکى بیر فراوان بووه‌ له‌بوارى زماندا له‌ناو کۆمه‌ڵى کورد له‌به‌غدا و له‌کوردستان وێراى ئه‌وه‌ش ئه‌ندامى یانه‌ى سه‌رکه‌وتنى کوردان بووه‌ په‌یوه‌ندییه‌کى پته‌وى له‌گه‌ڵ روناکبیرو سیاسه‌تمه‌دارانى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى کورد و نه‌ته‌وه‌ى تریش بووه‌   .
 ده‌رکردنى گۆڤارى نزار له‌ساڵى 1948 یه‌کێکه‌ له‌هه‌وڵه‌ به‌نرخه‌کانى مامۆستا سه‌جادى به‌هه‌ردوو زمانى عه‌ره‌بى کوردى ده‌رچووه‌، گۆڤارى نزار بڵاوکراوه‌یه‌کى نیشتمانى و سیاسى بووه‌ .
گۆڤارى نزار سه‌کۆیه‌ک بوو بۆ پێشکه‌شکردنى داخوازییه‌ سیاسى و مه‌ده‌نییه‌کانى کوردو هوشیارکردنه‌وه‌ى کۆمه‌ڵى کورد له‌و سه‌رده‌مه‌دا  له‌هه‌مانکاتدا په‌یامێکى سیاسى بووه‌ بۆ حکومه‌تى  عێراق و کۆڵۆنیالیستى ئینگلیز.
وێستگه‌ى زێڕینى سه‌جادىو به‌رهه‌مه‌ ناوازه‌کانى
 خۆته‌رخان کردن بۆ نووسین و یه‌کلابوون  بۆ زمان و ئه‌ده‌بى کوردى، وشه‌ى کوردى، کۆکردنه‌وه‌ى که‌له‌پوورى کورد، وته‌ى نه‌سته‌ق، که‌ڵک  وه‌رگرتن له‌به‌سه‌رهات و سه‌رگوزشته‌ى کورده‌وارى، بنه‌مایه‌ک بوون بۆ به‌ده‌ستهێنانى  خه‌رمانێک له‌ووشه‌، وێراى ئه‌وه‌ى مامۆستا عه‌لادین پاشخانێکى هه‌بوو له‌زمان و ئه‌ده‌بى فارسى، دانیشتن و تێکه‌ڵبوون به‌ژیانى کورده‌وارى و دێهات، حه‌زو خواستى مامۆستا سه‌جادى بۆ مێژووى کوردو خۆشه‌ویستى بۆ خاکى کوردستان بیرکردنه‌وه‌ له‌خۆى وه‌ک کورد  که ‌له‌ڕاستیدا کوردێکى گۆشکراوى خانه‌واده‌یه‌کى ناودارى ئاینى، زمان پاراو بووه‌، سه‌ربارى نه‌فس به‌رزو بیر فراوانى  هه‌موو ئه‌مانه‌ وایکرد سه‌جادى گووته‌نى مادام کوردم، کوردیش وه‌ک هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کى دونیا خاوه‌نى زمان و مێژوو، ئه‌ده‌ب و که‌لتوورى خۆیه‌تى ده‌ى که‌وایه‌ با چاکى مه‌ردانه‌ى لێ هه‌لماڵین .
ساڵى 1952 نووسینى  مێژووى ئه‌ده‌بى کوردى چه‌رده‌یه‌کى گرنگه‌ له‌ژیانى مامۆستاو به‌یه‌کێک له‌به‌رهه‌مه‌ دانسقه‌کان داده‌نرێت له‌بوارى ئه‌ده‌بیاتى نووسین.
پوخته‌یه‌ک  له‌ژیان و ئه‌زموونى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى
ناوى (عه‌لائه‌دین نەجمه‌دین عیسامه‌دین)ه‌ له‌بنه‌ماڵه‌ى ناودارى سه‌جادییه‌، له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان، له‌ساڵى 1907 زاینى له‌شارى سنه‌ له‌باوه‌شى خانه‌واده‌یه‌کى ئایینى  گوشکراوه‌.
ساڵى 1927 ئیجازه‌ى مه‌لایه‌تى لاى مامۆستا (شێخ بابه‌على ته‌کیه‌یى) وه‌رگرتووه‌ دواتر چووه‌ بۆ به‌غداو له‌مزگه‌وتى نه‌عیمه‌ خاتوون له‌گه‌ڕه‌کى مه‌یدان بووه‌ به‌پێشنوێژ، هه‌رله‌وێ لاى مامۆستایان شێخ ئه‌مجه‌دى زه‌هاوى و شێخ محمدى قزڵجى، به‌هه‌ندێ له‌زانسته‌ ئیسلامیه‌کاندا چووه‌ته‌وه.
له‌ساڵى 1939 چووه‌ته‌ بوارى ڕۆژنامه‌نووسى و له‌ساڵى 1941 بوو به‌ به‌ڕێوه‌به‌رى گۆڤارى گه‌لاوێژ تا داخستنى گۆڤاره‌که‌ له‌ 1949 به‌رده‌وام بووه‌.
له‌ساڵى 1948 گۆڤارى نزارى به‌هه‌ردوو زمانى کوردى و عه‌ره‌بى ده‌رکردووه‌، نزار گۆڤارێکى سیاسى و نیشتمانى بووه‌، ماموستا سه‌جادى تاساڵى 1974 مامۆستاى وانه‌ى ئه‌ده‌ب و مێژووى ئه‌ده‌بى کودى بووه‌ له‌کۆلێجى ئادابى زانکۆى به‌غدا.
ساڵى 1974 کراوه‌ به‌ئه‌میندارى گشتى ئه‌وقاف و سێ ساڵ له‌و کاره‌یدا ماوه‌ته‌وه‌.
ئێواره‌ى رۆژى پێنجشه‌ممه ‌14/12/1984 کۆچى دوایى کردو له‌گۆڕستانى شێخ عه‌بدولقادرى گه‌یلانى ئه‌سپه‌رده‌ خاک کرا.
عه‌لائه‌دین سه‌جادى زیاتر له ‌40 ساڵ خه‌ریکى زیندوکردنه‌وه‌ى که‌له‌پوورو نووسینى مێژوو، وێژه‌ى کورد بوو، به‌تێکوشانى ئه‌م پایه‌ به‌رزه‌ گه‌نجینه‌ى که‌له‌پوورى کورد له‌فه‌وتان ڕزگارى بوو.
گفتوگۆکردن له‌باره‌ى نووسین و به‌رهه‌مه‌ به‌پێزه‌کانى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى به‌ده‌یان په‌ڕاو دوایى نایه‌ت.

سه‌رچاوه:
هه‌میشه‌ به‌هار، نووسینى مامۆستا سه‌جادى، لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنى فه‌رهاد شاکه‌لى .چ، دووه‌م 2012
ده‌قه‌کانى ئه‌ده‌بى کوردى، نووسینى مامۆستا عه‌لائه‌دین سه‌جادى.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار