محه‌مه‌د خورشید، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی پارتی: پێویسته هه‌مووان بزانن پارتی بۆ پێکهێنانى حکومه‌ت دڵی گه‌وره‌یه
پارتی داوا ده‌کات له‌که‌رکوک «پاشقول»ی لێنه‌گیرێت
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانی سەروەر خەلیل
حه‌مه‌د خورشید، ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی و به‌رپرسی لقی سێی ئه‌و حزبه‌یه له‌که‌رکوک، حزبه‌که‌ی ئه‌و ساڵێک و دوو مانگه له‌که‌رکوک نه‌ماوه‌و له‌هه‌ولێره‌وه چاودێری دۆخی شاره‌که ده‌کات، ئه‌و له‌م دیداره‌ی هاوڵاتی تیشک ده‌خاته‌سه‌ر چه‌ند پرسێکی تایبه‌ت به‌که‌رکوک و ناوچه جێناکۆکه‌کان و هه‌وڵه‌کانی یه‌کێتیش بۆ یه‌کده‌نگی حزبه کوردستانییه‌کان به‌مه‌به‌ستی ئاسایی کردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک به«خه‌یاڵی خاو» ناوده‌بات
هاوڵاتی: هه‌ریه‌ک له‌پارتی و یه‌کێتی یه‌کتر به‌خیانه‌تی 16ی ئۆکۆتبه‌ر تۆمه‌تبار ده‌که‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا کوردانی که‌رکوک پێیانوایه که‌هه‌ردوو حزبه‌که پشتیان تێکردوون و خه‌ڵکی که‌رکوکیان جێهێشت، رای ئێوه چییه؟
محه‌مه‌د خورشید: ئه‌و گله‌ییه‌ی خه‌ڵکی که‌رکوک له‌حزبه کوردستانییه‌کانی ده‌که‌ن له‌دوای ئه‌و نههامهتییە زۆره‌ی به‌سه‌ریاندا هاتووه گله‌ییه‌کی ره‌وایه، به‌ڵام که‌رکوکییه‌کان زۆر باش ده‌زانن کێ به‌رگری کرد‌و کێ به‌ره‌کانی چۆڵکرد، ئێمه ناتوانین به‌خه‌ڵکی که‌رکوک بڵێین که هێزه‌کانی ئێمه‌ش دواتر پاشه‌کشه‌یان نه‌کرد له‌که‌رکوک، به‌ڵام کێ پاشه‌کشه‌و خیانه‌ته‌که‌ی ده‌ستپێکرد؟، کێ پێشتر له‌سه‌ر ئه‌وه رێککه‌وتبوو؟، به‌رپرسی میحوه‌ری چواری یه‌کێتی له‌خودی ته‌له‌فزیۆنه‌کانی حزبهکهیهوهو له‌به‌رنامه‌ی پانۆرامای کوردسات ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که ئه‌وان له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌کان دانیشتوون و رێککه‌وتنیان کردووه له‌گه‌ڵیان که مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک وای لێبێت، ئه‌مه شتێک نییه لای خه‌ڵکی که‌رکوک روون نه‌بێت، خه‌ڵکی که‌رکوکیش ده‌زانن که له‌پێناو پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی میلله‌تی کورد، رۆژی 20ی ئۆکتۆبه‌ر له‌پردێ و دواتریش له‌ناوچه‌کانی تری وه‌ک مهخمورو تلسقۆف و به‌تایبه‌تیش شه‌ڕه گه‌وره‌که‌ی 26ی ئۆکتۆبه‌ر له‌سحێلا، پارتی به‌ته‌نها کردی، ئێمه خوێنمان دا بۆ ئه‌و پاراستنه.
هاوڵاتی: به‌ڵام ئه‌و میحوه‌رانه‌ی کشانه‌وه هێزی هاوبه‌شی پارتی و یه‌کێتی لێ‌بوو که بهلیوا هاوبه‌شه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ناسرابوون، که‌وایه بۆ ته‌نها یه‌کێتی به‌رپرسیار بێت؟
محه‌مه‌د خورشید: ئه‌گه‌ر بچینه ناو ورده‌کاری ئه‌و هێزانه‌ی که له‌سنووره‌که بوون، ئێوه ته‌نها باسی لیوا هاوبه‌شه‌کانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌که‌ن که لیواکانی 1 و 2 و 3و 9 لیوا هاوبه‌شه‌کان بوون، به‌ڵام ئێوه نابێت ئه‌وه فه‌رامۆش بکه‌ن که هێزی پشتیوانی دوو به‌ته‌واوی یه‌کێتی بوو، هێزی به‌رگری و فریاکه‌وتن که سنوورێکی فراوانی ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ده‌سته‌وه بوو به‌ته‌واوی یه‌کێتی بوو، بۆ نموونه له‌میحوه‌ری رۆژئاوای که‌رکوک که به‌رپرسه‌که‌ی پارتی بووه ئه‌گه‌ر حیساباتی هێز له‌گه‌ڵ ئێمه بکرێت که چه‌ند هێزی هه‌بووه، له‌کۆتاییدا ده‌رده‌که‌وێت به‌هه‌ر چوار لیواکه دوو لیوای لێ دروست نه‌بووه که به‌رگری پێبکرێت، به‌ڵام ده‌بێت خه‌ڵکی کوردستانیش ئه‌وه باش بزانێت که له‌به‌ره‌یه‌ک که 10 هه‌زار هێزی لێ هه‌بووه، 6 هه‌زاری یاخود 7 هه‌زاری له‌ماوه‌ی 24 کاتژمێردا پاشه‌کشه بکات، ئایا ئه‌و هێزه که‌مه‌ی ده‌مێنێت ده‌توانێت ئه‌و به‌ره‌یه پڕ بکاته‌وه؟، ته‌نانه‌ت که‌رکوکییه به‌شه‌ره‌فه داعش بهزێنهکانیش له‌ناو شار که ئه‌و هه‌موو هێزو تۆپ و تانک و راجیمهیهیان بینی که پاشه‌کشه‌یان پێکرا، ئایا ئیراده‌ی شه‌ڕ لای خودی خه‌ڵکه‌که ما؟، ئه‌گه‌ر هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دروست بۆ ورده‌کاری هێزه‌کان بکات ده‌بینین که له‌حاڵه‌تی کشانه‌وه‌ی 500 پێشمه‌رگه‌ی لیوایه‌ک، 500 پێشمه‌رگه‌که‌ی تریش که ماوه‌ته‌وه جۆرێک له‌شڵه‌ژان و بێ ئیراده‌یی لا دروست ده‌بێت.
هاوڵاتی: له‌دوای 16ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه پارتی به‌تەنها له‌که‌رکوک کشایه‌وه‌و له‌موسڵ و ده‌وروبه‌ری مایه‌وه، بۆچی ته‌نها که‌رکوکتان جێهێشت له‌کاتێکدا ناوچه کوردستانییه‌کانی پارێزگای نه‌ینه‌واش «داگیرکراو»ن وه‌ک خۆتان باسی ده‌که‌ن؟.
محه‌مه‌د خورشید: پێموایه لهپرسیارهکهت زۆر وردبین نیت، چونکه پارتی له‌و ناوچانه‌ش هیچ باره‌گایه‌کی نییه.
هاوڵاتی: به‌ڵام پۆستتان له‌و ناوچانه به‌ده‌سته‌وه ماوه‌و پۆسته‌کانتان جێنه‌هێشتووه، پۆستی سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌نموونه، جیا له‌وه‌ی ئیداره‌ی پێشووی شه‌نگال که پارتی بوو هه‌وڵی گهڕانهوهیانداو دواتر رێگرییان لێ‌کرا.
محه‌مه‌د خورشید: سه‌باره‌ت به‌شاری موسڵ، ده‌بێت هه‌موولایه‌ک ئه‌وه بزانن که‌موسڵ له‌پڕۆسه‌یه‌کی هاوبه‌شی نێوان پێشمه‌رگه‌و سوپای عێراق و به‌ڕێککه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی ئازادکرا، ئه‌و ئازادکردنه‌ش پێش خیانه‌ته‌که‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌ر بوو، بۆیه بارودۆخی موسڵ جیاوازه له‌گه‌ڵ بارودۆخی که‌رکوک، هێزی پێشمه‌رگه هێڵی به‌رگری داعشی له‌موسڵ تێکشکاندو دواتر سوپای عێراق موسڵیان ئازادکرد، واتا موسڵ له‌ژێر سه‌رکردایه‌تی پڕۆسه هاوبه‌شه‌کانی عێراق بوو پێش ئه‌وه‌ی خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر رووبدات، ئه‌مه له‌لایه‌ک، له‌لایه‌کی تره‌وه دوای ئه‌و شڵه‌ژانه‌ی له‌هێزه‌کانی هه‌موو لایه‌ک روویدا مه‌ترسییه‌که زۆر گه‌وره‌تر بوو له‌وه‌ی ئێستا خه‌ڵک هه‌ستی پێده‌کات، مه‌ترسییه‌که سڕینه‌وه‌ی هه‌رێمی کوردستان بوو، ئێوه ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێنه‌وه بۆ مانشێته‌کانی که‌ناڵه‌کانی کوردسات، گه‌لی کوردستان، که‌ی ئێن ئێن و ئێن ئاڕ تیش، ده‌بینن که هێشتا هێز نه‌جوڵا بوو، ئه‌وان ده‌یانوت قوشته‌په کۆنتڕۆڵکرا، هێزی عێراق ده‌یویست لهسوریاو حاجی ئۆمه‌رانه‌وه بسوڕێته‌وه پشت هێزه‌کانی ئێمه، زۆر گله‌یی له‌ئێمه ئه‌که‌ن و شه‌نگال ده‌خه‌نه به‌رامبه‌ر که‌رکوک، به‌ڵام بۆ باسی خانه‌قین و جه‌له‌ولا و ئه‌و کاره‌ساته گه‌وره‌یه ناکرێت که به‌سه‌ر دوزدا هێنرا؟
هاوڵاتی: ئێوه له‌هه‌ڵبژاردنی 12ی ئایاری په‌رله‌مانی عێراق بایکۆتی هه‌ڵبژاردنتان کرد له‌که‌رکوک، پێتانوایه ئه‌و بڕیاره له‌جێی خۆی بوو؟
محه‌مه‌د خورشید: ئه‌گه‌ر برایانی تر له‌حزبه کوردستانییه‌کان به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش یه‌کێتی له‌که‌رکوک به‌قسه‌ی ئێمه‌یان بکردایه ده‌بوایه کوردستانیان به‌گشتی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنیان بکردایه له‌و ناوچانه، ئه‌گه‌ر پارتی پێی بکرایه، ئه‌گه‌ری هه‌بوو پێشنیاری ئه‌وه‌مان بکردایه که کورد له‌کوردستانی عێراق (باشووری کوردستان) به‌گشتی بایکۆتی هه‌ڵبژاردنی عێراقیمان بکردایه، چونکه غه‌درێکی ئێجگار گه‌وره له‌میلله‌تی کورد کراو هه‌وڵدرا کیانی بسڕدرێته‌وه و هێزی به‌رامبه‌ر به‌کارهێنراو له‌لایه‌ن سوپای عێراقه‌وه هێرشکرایه سه‌ر پێشمه‌رگه، ئێمه بیرمان له‌و بابه‌ته کرده‌وه‌و به‌دروستمان زانی به‌ڵام به‌داخه‌وه لایه‌نه‌کانی تر نه‌هاتنه پێش.
هاوڵاتی: چه‌ند جارێکه پارتی بایکۆتی کۆبوونه‌وه‌ی حزبه کوردستانییه‌کانی که‌رکوک ده‌کات، ئه‌و بایکۆتکردنه درزی زیاتر ناخاته نێو یه‌کڕیزی حزبه کوردستانییه‌کانه‌وه؟
محه‌مه‌د خورشید: پارتی په‌یوه‌ندییه‌کی به‌هێزی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م حزبه کوردستانییه‌کانی که‌رکوک هه‌یه‌و زۆر راشکاوانه پێکه‌وه قسه‌و گفتوگۆ ئه‌که‌ین و گرفتێکی ئه‌وتۆ له‌نێوانمان نییه، به‌ڵام رای فه‌رمی پارتی ئه‌وه‌یه که تائه‌و بارودۆخه عه‌سکه‌رتاریه‌ته له‌که‌رکوک هه‌بێت پارتی به‌شداری هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی فه‌رمی ناکات.
جارانی پێشوو براده‌رانی یه‌کێتی په‌یوه‌ندییان پێوه ده‌کردین بۆ ئه‌وه‌ی رای ئێمه وه‌ربگرن، به‌ڵام ئه‌مجاره هیچ په‌یوه‌ندییه‌کیان پێوه نه‌کردین و کۆبوونه‌وه‌که‌ش له‌بنه‌ڕه‌تدا بۆ ئه‌وه‌بوو که به‌خه‌یاڵی خاوی خۆیان جۆرێک لهیهکدهنگی له‌نێو حزبه کوردستانییه‌کان دروستبکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پۆستی پارێزگار وه‌ربگرنه‌وه، چونکه عه‌قڵی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی یه‌کێتی لای ئه‌وه نییه بارودۆخی که‌رکوک ئاسایی ببێته‌وه، ئه‌وان پێیانوایه ئه‌گه‌ر پۆستێک بۆ که‌سێکی خۆیان که له‌ناو خۆیان رێکبخه‌ن ئیتر ئه‌مه سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌یه بۆ که‌سێکی خۆیان.
هاوڵاتی: به‌ڵام ئێوه به‌هۆی رێگریکردنتان له‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رپرسه‌کانتان، بهڕێگرکردن له‌کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا‌و هه‌ڵبژاردنی ئیداره‌یه‌کی نوێ و ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک تۆمه‌تبار ده‌کرێن.
محه‌مه‌د خورشید: کاراکردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا بهپاشقول له‌یه‌کگرتن نابێت، پێرێ جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی که‌رکوکی یه‌کێتی بۆ کاروباری په‌یوه‌ندییه‌کان له‌ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه وتی که کۆبوونه‌وه‌که‌ی 24ی مانگ بۆ فشار خستنه‌سه‌ر پارتی بووه، ئێمه پێمانوایه ئه‌م کۆبوونه‌وانه بۆ پاشقول گرتنه، بڕواش ناکه‌م ئه‌و به‌ڕێزه‌و ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی تریش له‌پێگه‌یه‌کدا بن که بتوانن پاشقول له‌پارتی بگرن، ئه‌نجومه‌نی پارێزگا له‌دۆخێکدا که ده‌بێته‌وه که دۆخێکی ئاسایی بێت و ده‌سه‌ڵاتێکی مه‌ده‌نی هه‌بێت، من له‌ڕێی ئێوه‌وه پرسیارێک ئاڕاسته‌ی خوێنه‌رانی رۆژنامه‌که‌تان ده‌که‌م، پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین که‌زۆرینه‌ی دانیشتووانه‌که‌ی عه‌ره‌بی سوننه‌یه چی پێده‌کرێت به‌رامبه‌ر به‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی پارێزگاکه؟، پێش مانگێک حه‌شدی شه‌عبی پارێزگاریان گرت و دارکارییان کرد‌و پاسه‌وانه‌کانیشیان چه‌ک کرد، با ئێمه خۆمان و خه‌ڵکی کوردستان نه‌خه‌ڵه‌تێنین، گرفتی که‌رکوک گرفتی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ربازی که‌رکوکه، گرفتی ته‌عریب و ئه‌و گرفتانه‌یه که له‌سه‌رده‌می حکومه‌تی عه‌بادی به‌زۆر به‌سه‌ر پارێزگاکه‌دا سه‌پێنراون.
هاوڵاتی: ئایا دوای سه‌ردانه‌که‌ی مه‌سعود بارزانی بۆ به‌غدا زه‌مینه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ که‌رکوک ره‌خساوه؟
محه‌مه‌د خورشید: سه‌ردانی سه‌رۆک بارزانی بۆ نه‌هێشتنی به‌سته‌ڵه‌ک و دیواری بێ متمانه‌یی بووه که له‌نێون هه‌رێمی کوردستان و به‌غدا هه‌بوو، په‌یامێک بوو بۆ حکومه‌تی ئیتیحادی و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان که کورد ئه‌وه لهبهغدایه ناچاری ده‌که‌ن ئه‌م هه‌ڵوێستانه وه‌ربگرێت، ئه‌گه‌ر به‌غدا ئارام بێت له‌گه‌ڵ کورد‌و بیر له‌مافه‌کانی کورد بکاته‌وه، ئه‌وه کورد میلله‌تێکی شه‌ڕخواز نییه، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌رگا داخراوه‌کان به‌سه‌ردانه‌که‌ی جه‌نابی سه‌رۆک کراونه‌ته‌وه بۆ هه‌موو بابه‌ته‌کان، به‌ڵام مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نییه پارتی باره‌گای ده‌گه‌ڕێته‌وه یاخود نا، به‌ڵکو بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه بارودۆخ ئاسایی ده‌کرێته‌وه یاخود نا، گرنگه به‌لای پارتییه‌وه که ببینێت له‌لایه‌ن حکومه‌تی ئیتیحادییه‌وه بڕیاره‌کان به‌ئاڕاسته‌ی ئاساییکردنه‌وه‌ی دۆخی که‌رکوک ده‌درێن، هه‌ر کاتێک بارودۆخه‌که ئاسایی کرایه‌وه پارتی وه‌کو باره‌گا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌رکوک، به‌ڵام ئایا پارتی له‌که‌رکوک هه‌یه، به‌ڵێ پارتی له‌که‌رکوک هه‌یه.
هاوڵاتی: پارتی داوای پۆستی پارێزگاری که‌رکوک ده‌کات، ئایا ئه‌و داواکارییه جددییه یاخود ته‌نها بۆ فشارخستنه سه‌ر یه‌کێتییه؟ ئه‌گه‌ر جددییه کێ کاندیدتانه بۆ ئه‌و پۆسته؟
محه‌مه‌د خورشید: پارتی ئه‌م گفتوگۆیه‌ی به‌ڕاشکاوی له‌گه‌ڵ یه‌کێی کردووه، چونکه له‌مانگی نۆی ئه‌مساڵ وه‌فدێکی تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی له‌سه‌ر پرسی که‌رکوک یه‌کتریان بینیوه، به‌دڵنیاییه‌وه داوامان له‌یه‌کێتی کردووه که‌ئه‌گه‌ر پۆسته‌که بۆ ئه‌وان بێت ستون و داخوازییه‌کانیان بۆ ئه‌و پرسه چییه؟، ئه‌گه‌ر پۆسته‌که‌ش بۆ پارتی بێت یاخود بۆ که‌سێکی سه‌ربه‌خۆ داخوازییه‌کانیان چییه؟، ئه‌مه تێڕوانینی پارتییه له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته، پارتی زیاتر بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که له‌م قۆناغه باشترین حاڵه‌ت ئه‌وه‌یه که‌سێکی بێلایه‌ن له‌نه‌ته‌وه‌ی کورد بکه‌ین به‌پارێزگاری که‌رکوک و هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌کان هاوکاری بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له‌کاره‌کانی سه‌رکه‌وتوو بێت، چونکه به‌ڕاستی له‌دوای خیانه‌تی 16ی ئۆکتۆبه‌ر پارتی رای وایه ئه‌و پۆسته به‌که‌سێکی تر بدرێت له‌ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی.
هاوڵاتی: ئه‌و که‌سه سه‌ربه‌خۆیه نه‌جمه‌ددین که‌ریمه؟
محه‌مه‌د خورشید: هه‌رچه‌نده به‌داخه‌وه له‌سه‌رده‌می دکتۆر فوئاد مه‌عسومدا مه‌رسومێک ده‌رچوو که دکتۆر نه‌جمه‌ددین له‌پۆسته‌که‌ی نه‌مێنێت، به‌ڵام تائێستا راکان سه‌عید به‌وه‌کاله‌ت پارێزگاری که‌رکوکه، واتا دکتۆر نه‌جمه‌ددین که‌ریم پارێزگاری که‌رکوکه، ئه‌گه‌ر رایه‌ک هه‌بێت که دکتۆر نه‌جمه‌ددین نه‌مێنێت، ده‌بێت ئه‌و رایه لای پارتیش قبوڵکراو بێت، ئه‌م گفتوگۆیه‌ش ده‌بێت له‌ناو لیستی برایه‌تی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئه‌نجامبدرێت که ئایا ئه‌و که‌سه دکتۆر نه‌جمه‌ددینه یاخود که‌سێکی تر‌و دواتر بخرێته به‌رده‌م ئه‌نجومه‌ن بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ری.
هاوڵاتی: ئایا له‌به‌غداوه هیچ کارتان کردووه بۆ لابردنی راکان سه‌عید و رووبه‌ڕوونه‌وه‌ی ئه‌و ته‌عریبه‌ی له‌که‌رکوک ده‌کرێت؟
محه‌مه‌د خورشید: ئێمه له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی خۆمان له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران له‌په‌یوه‌ندی به‌رده‌وامداین و کاری جددی له‌سه‌ر ئه‌وه کراوه که ئه‌و فشارانه‌ی دروستکراون لاببرێن، لای ئێمه راکان سه‌عید پارێزگاری که‌رکوک نییه.
هاوڵاتی: قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێت که باره‌گاکانتان له‌که‌رکوک ورده ورده چۆڵ ده‌کرێن، ئایا گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ که‌رکوک نزیک بووه‌ته‌وه؟
محه‌مه‌د خورشید: ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه ئاگادارین باره‌گاکانمان ورده ورده تاڵان ده‌کرێن، ئه‌و هێزانه‌ی که ئاڵۆگۆڕیان پێده‌کرێت هه‌ر یه‌که‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا کۆمه‌ڵێک که‌لوپه‌ل ده‌گوازنه‌وه بۆ ماڵه‌کانیان و بۆ باره‌گای تر، ته‌نها هه‌ندێک بینای بچووک نه‌بێت ئه‌گه‌ر نا باره‌گا سه‌ره‌کییه‌کان وه‌کو باره‌گای سه‌رکردایه‌تی و لقی سێ و باره‌گاکانمان له‌قه‌زاو ناحیه‌کان چۆڵنه‌کراون، ته‌نانه‌ت چه‌ند رۆژێکی که‌م پێش ئێستا حه‌شدی شەعبی جارێکی تر چووه‌ته ناو باره‌گای لیژنه‌ی ناوچه‌ی پردێ و داگیرکراوه‌ته‌وه، سه‌باره‌ت بهگهڕانهوهشمان ئه‌وه په‌یوه‌سته به‌بڕیاری مه‌رکه‌زییه‌وه، هه‌ر کاتێک بارودۆخی که‌رکوک به‌لای ئێمه‌وه گونجاو بێت و ده‌سه‌ڵاتی مه‌ده‌نی له‌وێ بێت پارتی به‌زووترین کات ده‌گه‌ڕێته‌وه.
هاوڵاتی: قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کرێت که نه‌جمه‌ددین که‌ریم کاندیدی پارتییه بۆ پۆستێکی وه‌زاری له‌حکومه‌تی هه‌رێم، ئه‌مه تاچه‌ند راسته؟
محه‌مه‌د خورشید: ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌وه‌یه تائێستا ته‌نها کاک مه‌سرور بارزانی وه‌ک نوێنه‌ری پارتی بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت راسپێردراوه، هه‌ر کاتێک له‌ناو په‌رله‌مان رێوشوێنه‌کان ته‌واو بوون، جه‌نابیان بایه‌خ به هه‌ڵبژاردنی ئه‌و تیمه حکومییه ده‌دات که له‌گه‌ڵیدا ده‌بن، به‌ڵام پێویسته هه‌مووان ئه‌وه بزانن که پارتی دڵی گه‌وره‌یه.