‌وێرانە دەق

6 ساڵ لەمەوپێش



 نەجات نوری

 زمان مەرگە، نوسەر تەرمی خۆی لە زماندا دەنێژێ... دنە دەدرێ‌و دەمرێ‌و دیسان زیندوو دەبێتەوە... رەزا بەراهەنی ئەو نهێنیو گوتارانە چین کە دەقێکی ئەدەبی دەیەوێت ئاشکرایان بکات؟ ئەمە رێگاو بیری گەورەی ئەو ئەدیبانەیە کە دەزانن لە کوێی دەقەکانیاندا وەڵامی ئەم پرسیارە بدەنەوە، بەبێ ئەمە ئەدیبە گەورەکان نایەن دەق بنوسن‌و چەندان لاپەڕەی روزەرد بەبێ ناوەرۆک بخەنە بەردەم خوێنەران، ئەوە خوێنەرە کە دەیەوێت لە دیدو بیری نوسەرەکانەوە لە جەنگ ‌و بیابان‌و روداو شتە شاراوەکانی ناو ژیان دوبارە تێبگاتەوە، خۆ ئەگەر ئەمەی بۆ نەهاتەدی ئەوا دەبێت لۆمەی ئەو نوسەرانە بکات کە نەک تێنەگەیاندووە‌و نهێنیەکانی بۆ نەدرکاندووە بەڵکو دەق‌و روداوەکانیشی لەبەرچاو خستووە، لەمەوە دەبێت ئەدیبان بە جۆرێک لە جۆرەکان شەرم لە خوێنەربکەن ئەگەر بۆ خوێنەران دەنوسن، خۆئەگەر وەکو سادقی هیدایەتیش وتەنی: ئەگەر بۆسێبەرەکانی خۆیان دەنوسن ئەوا ئەوەی دەینوسن نابێتە دەق، ئیتر خۆیان هەچ ناوێکی لێدەنێن ئەمە گرنگ نیە. بە دیوێکی تریشدا ئەگەر زۆری ئەدیبان بۆ خۆیان نەبنە رەخنەگری دەقەکانی خۆیان‌و نەتوانن لە خاڵێکدا ئەوە یەکلایی بکەنەوە کە ئەوەی نوسیویانە نابێتە دەق‌و باشترە فڕێبدەن‌و بگەڕێنەوە بۆ شێواز و بیرێکی نوێ تر لە دەقێکی تردا... خۆ ئەگەر ئەمەیان نەکرد ئەوا شەرم لە خوێنەرو ئەدەب ناکەن‌و هەرچیان نوسی بڵاویدەکەنەوە. 1- (ئێمە لە شارە گەورەکەوە دێین، بە درێژای شەو بەڕێوەبووین) (ئاگوتا کریستۆف) لە رۆمانی دەفتەری گەورەدا بەم جۆرە خوێنەران دەباتە ناو رۆژگاری جەنگ‌و سەرگەردانیەوە‌و لەم نیوە دێڕەوە خوێنەران ئیتر بە شوێن ماناکانی تری ناو رۆمانەکەدا وێڵ دەبن... 2- سانتیاگۆ نازار، ئەو رۆژەی رایانگەیاند دەکوژرێت... گابرێل ماکیز بەم وشە کەمانە لە رۆمانی (راپۆرتی مەرگێکی پێشوەخت راگەیەندراو)دا خوێنەران دەخاتە بەردەم سەدان پرسیارەوە لە خۆیان دەپرسن بۆچی سانتیاگۆ دەکوژن‌و ئیتر هەڵوەدایانە تا بزانن ئەم نەگبەتە بۆچی دەکوژرێت. 3- ئەم کتێبە لەو رەشنووسانە پێکهاتووە کە پیاوێک لەدوای خۆی جێی هێشتن، بەو پیاوەمان دەگوت (گورگی رووتەڵان) هێرمان هیسە لە رۆمانی گورگی رووتەڵان دا خوێنەران وەها دەخاتە بەردەم ناوی پاڵەوانەکەیەوە کە دەبێت خوێنەر ناچاربێت بزانێت ئەم گورگی روتەڵانە کێ یە‌و بۆچی ئەم ناوەیان لێناوە‌و چی کردویەتی بەم ناوە... 4- لە هەڵدێرێکی تاریکەوە دێین‌و لە هەڵدێرێکی هاو شێوەیدا کۆتاییمان دێت. نیکۆس کانتزاکیس لە دەقی (سۆفیگەرێتی)دا خوێنەران وەها رادەگرێت‌و سەرسامیان دەکات کە بەم دێڕە دەیانباتە ناو دۆزەخی ژیانی خۆیان کە ئەوان بۆیان نەدۆزراوەتەوە. 5- لەوەتی دایکم مردووە، باران دەبارێ... ئاکی شیمازاکی لە رۆمانی (تسووباکی)دا بەم وشە کورتانە خوێنەران دەباتە بەردەم جادویەکی کوشندەوە‌و لێرەوە بە خێرای پەلکێشی ناو روداوگەلێکی مەرگ هێنەریان دەکات لە ناو وڵاتی یابان‌و دەوروبەریدا. ئەم نمونانە بۆ ئەو دەقانەی لێرەدا وەکو خۆم کردومەتە ئەو پرسیارەی کە ئایا دەقی زیندوو هەر لە یەکەم دێڕیانەوە ناتخەنە بەردەم دەقێکی پڕ لە پرسیارو نهێنیو بیری نەدۆزراوە؟ ئەوانەی دەزانن بنوسن لەوە تێگەن کە چۆن چۆنی یەکەم دێڕی رۆمانەکەیان دەنوسن، ئەمە گرنگترین خاڵی نوسینی دەقە‌و دەقەی پێ دەکاتە دەقێکی گران‌و زیندوو... ئەم نوسەرانە دەزانن لە پشتی ناوی رۆمان‌و پاڵەوان‌و بیری ناو دەقەکانیانەوە کام جوانیو مانایانە بە جێدەهێڵن‌و خوێنەران دەخەنە بەردەم شێوازێکی تری بیرکردنەوە لە دەق‌و ناوەرۆکی رۆمانەکانیان. بەڵام لەلای ئێمە ئەوە چەند ساڵێکە تا بە ئێستا دەگات، هەندێک کەس دەستیان کردووە بە رۆمان نوسین، بەبێ ئەوەی بزانن رۆمان چی یەو چۆن چۆنی دەنوسرێت‌و دەبێت چیتێدا بوترێت، بۆخۆم ئەگەر هەمویانم نە خوێندبێتەوە ئەوا بەشی زۆریانم خوێندۆتەوە‌و ئامادەم لە کۆڕێکدا یەک یەک هەموو ناتەواویو سەرگەردانی ئەو وێرانە دەقانە کە لەژێر ناوی رۆماندا نوسراون بخەمە روو، ئەم دۆستانە کە دێن رۆمان دەنوسن وادەزانن رۆمان خەونە‌و دەیگێڕنەوە، تەنانەت نازانن ناوی رۆمان‌و یەکەم دێڕی رۆمانەکانیشیان بنوسن، تا کۆتایی ئەم دەقانە خوێنەر بەشوێن یەک پەرەگرافی جوان‌و تەواودا دەگەڕێت بەڵام بۆی نادۆزرێتەوە، رۆمان ئەگەر پەخشانێکی ئەدەبیش بێت ئەوا ئەمانە نەیانتوانیوە دوو دێڕ وەکو ماناو جوانی بنوسن لەم دەقانەیاندا... هەر دەگێڕنە بەبێ ئەوەی توخنی ماناکانی گێڕانەوە لە دەقدا کەوتبن، ئەم پاڵەوان نەخۆشە، ئەم یان رایکردووە، ئەمیان لەسێدارە دەدرێت، ئەمیان عاشقە، ئەمیان لە غەریبی دا دەژی، ئەمیان سواڵکەرە، ئەمیان گیراوە، ئەمیان پیربووە، ئەمیان لە ئەنفال رزگاری بووە، ئەمیان فڵانە هێز ئەشکەنجەی داوە... بەبێ ئەوەی خوێنەران بزانێت ئەم نوسەرانە بۆچی دێن ئەم پاڵەوان‌و کێشانەیان دەخەنە روو لە دەقەکانیاندا، بەبێ ئەوەی شیکاریەکی وردی ئەدەبیانە بۆ پاڵەوان‌و شوێن‌و روداوەکان بکەن دێن هەموو رێساکانی گێڕانە دەخەنە لاوەو وەکو ئەوەی چیرۆکی گوێ ئاگردان بۆ منداڵ بگێڕنەوە ئاوا گەشتێکی نا ئەدەبیانە‌و بێ فیکر بێ وێنەی مانادار بە پاڵەوانەکانیان دەکەن‌و لە کۆتایشدا یەک وشە لە مانا بۆ خوێنەران بە جێ نامێنێت، ئەم دۆستانە ئەوەندە خراپ لە رۆمان تێگەیشتون تەنانەت نازانن جوانی پشتی دەق‌و نهێنی و بیری ناو دەق لە کوێدا جێ بکرێتەوە، نازانن وێنەی ئینسان لە کوێدا دەکێشن‌و دەیانەوێت ئەم ئینسانانە چۆن چۆنی بە خوێنەران بە هەموو باشیو خراپیو مەینەتیەکانیانەوە وێنە بکشێن... دەق بۆخۆی هەڵگری ئەو چەمکەیە کە تێیدا پاڵەوانەکان پێکدادەدەن، پێکدادانێک کە خوێنەرانیش لەگەڵ خۆیاندا دەبنە قوڵایی بیرو ماناکانی ناو روداوەکانەوە، دەیان بەنە ناو جوگرافیایی شوێنە نادیارو ون بۆکانەوە، وەکو ئەوەی هێرتا میولەر لە رۆمانی (هەناسەسواری)دا خوێنەران لەگەڵ پاڵەوانەکەیدا دەباتە قوڵایی شارو گوندو ئۆردوگا زۆرەملێکانەوە، تا ئەو ئاستەی کە خوێنەران وادەزانن خۆیان برسین‌و دیلکراون‌و بەرگە دڕاوەکا لە تەلی دەوری ئۆردوگاکان گیردەبێت... ئەمە گرنگی دەقە بەو مانایەی کە دەبێت ناونیشانی پاڵەوانەکان لە دەقدا بکرێنە جادویەک تا خوێنەران بگەیەننە ئاستی وەڵام دانەوەیەکی فەلسەفیانە‌و تێڕامان لە بیری پاڵەوانەکان‌و لەگەڵیاندا بژین... بەمەش بەبێ پاڵەوانی جاودی دەق نابێتە دەقێکی گرنگ‌و شیکاری گەورە بۆ روداوەکان. لەم چەندان رۆمانەی کە بۆ روداو‌و مەرگەسات‌و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لێرە خوێندومنەتەوە سەرسام دەبم بەوەی کە ئەم کەسانە زاتیانکردووە ناوی ئەم نوسینانەیان ناوە رۆمان، سەیر لەوەدایە ئەم دۆستانە بەبێ ئەوەی بەزییان بە خۆیاندا بێتەوە ناتوانن یەک پاڵەوانی جادوی یەک روداوی سەرنجڕاکێش یەک بیرو وێنەی جوان لەو دەقانەیاندا بۆ خوێنەران بەوەڵامەوە بە جێبهێڵن، نازانن لەم پەرەگرافەوە بچن پەرەگرافێکی باشتر بنوسن، چۆن لەیەکەم دێڕەوە ملیان ناوە ئاوا تا دوا دێڕ ئاوڕێک لە پاڵەوان‌و روداوەکانی ناو دەقەکانیان نادەنەوەو نازانن لە کوێدا پرسیارە گرنگ‌و جەوهەریەکان بۆ خوێنەران دەکەنە دوا وەڵامی دەقەکانیان. ئەوەی زمانی دەق بێت نایزانن‌و سەدان روداو‌و کێشە وەها لەرێگەی ئەم زمانە خراپەی دەقەکانیانەوە ناشیرین دەکەن کە خوێنەران وادەزانن راپۆرتی کەسێکی بێ ئاگا لە روداوەکان دەخوێننەوە، جوگرافیای شوێن‌و ئیرادەی پاڵەوان‌و گرنگی روداوەکان لە دەقەکانیاندا وەها دەشێوێنن کە خۆیشان دواجار ئەگەر پرسیاریان لێبکەیت هیچ وەڵامێکی قایلکەریان پێ نیە بۆ ئەم خراپەکاریانەیان... بۆیە بەهیوام بە زووی لەم وێرانە دەقانە رزگارمان ببێت‌و ئەم دۆستانە بتوانن دەقی باشترمان لە ئایندەدا بۆ بنوسن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار