سەرۆکی دەستەی دەسپاکی بۆ ‌هاوڵاتی: یەکلاییکردنەوەی بەشێک لەکەیسەکانی گەندەڵی لەدادگاکان دوادەکەون

6 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەسپاکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، بەشێک لەکەیسەکانی گەندەڵی یەکلاییکردنەوەیان لە دادگاکان دوادەکەوێت، ئەوەش هۆکارێکی زوو یەکلانەکردنەوەی کەیسەکانە، جگە لەپارێزبەندی دامودەزگاکان کە بە هۆکارێکی دیکەی خێرا یەکلایینەکردنەوەی کەیسەکانی دادەنێت.

دەستەی دەسپاکی دەستەیەکی سەربەخۆیەو ئەرکی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیە لە هەرێمی کوردستان و لەساڵی ٢٠١١ ەوە دامەزراوەو بەپێی یاسایەک کەپەرلەمان دەریکردووە کاردەکات و کارەکانی لەژێر چاودێری پەرلەماندایە.

ئەحمەد ئەنوەر لەم چاوپێکەوتنەدا لەگەڵ هاوڵاتی لەبارەی ئاستی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت «بەئاسانی ناتوانی ئەوە دیاری بکەیت کەگەندەڵی لەچی ئاستێکدایە، چونکە کۆمەڵێک سێکتەر و خزمەتگوزاریت هەیە کەدەوڵەت دەبێت پێشکەشی هاوڵاتیانی بکات، بۆیە لەکاتێکدا تۆ هیچ پڕۆژەیەکی تازەت نییە، باڵەخانەو رێگای تازە ناکەیتەوە ناتوانی ئاستەکە دیاری بکرێت».

وتیشی «لەهەموو دنیادا لەکام سێکتەرەی پارەی زیاتر خەرج بکرێت چاوی گومان لەگەندەڵی دەچێتە ئەو شوێنە، ئەوەش بەمانای ئەوە نییە گەندەڵی لەکەرتەکانی دیکەو فەرمانگەکان بوونی نییە».

بەپێی ئامارەکانی دەستەی دەسپاکی، لەشەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ژمارەی ئەو کەیسانەی ئیحالە کراون لەهەولێر (٢٣ کەیس لە دادگای تاوان و ٥  لە دادگای کەتن) بووە، لە سلێمانی  نۆ کەیس لە دادگای تاوان ٤ کەیس لەدادگای کەتن، لە دهۆک ٩ کەیس لەدادگای تاوان و ٩ کەیس لەدادگای کەتن.

ئەحمەد ئەنوەر باس لەوەدەکات، خودی تاوانەکانی گەندەڵی لەتاریکیدا ئەنجامدەدرێت، «بۆیە زۆر زەحمەتە بزانیت لەچ کەرتێک زیادی کردووەو لەچی کەرتێک کەمیکردووە، بەڵام هەمومان لەسەر ئەوە کۆکین کەگەندەڵی تائێستاش یەکێکە لەهەڕەشە مەترسیدارەکان کە لەهەرێمی کوردستان بوونی هەیە».

رونیشیکردەوە «ئەگەر گەندەڵی بەڕێژە لەکەرتێک کەمیکردبێت، یان لەشوێنێکی دیکە زیادی کردبێت ھیچ لەو واقیعە ناگۆڕێت کە تائێستاش گەندەڵی هەڕەشەیەکی گەورەیە».

یاسا چوار ئەرکی سەرەکی بۆ دەستەی دەسپاکی دیاریکردووە کە بریتین لە جێگیرکردنی میکانیزمێکی کارا بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسا، نەھێشتنی دیاردەی گەندەڵی و پشتیوانی کردن لەبنەمای شەفافیەت و تۆکمەکردنی لەنێو تێکڕای دەزگاکانی هەرێمدا، لەرێی رێکارە یاساییەکانەوە، پیادەکردنی رێکاری پێویستی یاسایی بۆ خۆپاراستن لەگەندەڵی. پشتبەستن بەپێوەری بابەتی بۆ هەڵسەنگاندنی کارو پەرەپێدانی لەڕاژەی گشتیداو لەناوبردنی رۆتین. جێگیرکردن و هەڵسەنگاندنی رەفتاری وەزیفی و لەئەستۆگرتنی بەرپرسیاریەتی لەکاتی بەجێگەیاندنی راژەی گشتی، بەگوێرەی ئەو یاساو رێکارانەی گەندەڵی حەرام دەکات.

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی ئەوەی خستەڕوو، بەشێک لەکەیسەکانی گەندەڵی یەکلاییکردنەوەیان لە دادگاکان دوادەکەوێت، ئەمساڵ لەکۆی ١٧٠ کەیس کە رەوانەی دادگاکان کراون ١١٧ کەیسیان هێشتا لەپڕۆسەی دادگاییکردن ماوەتەوە، بەشێکی دادگاکان گەڕاندویانەتەوە بۆ پڕۆسەی لێکۆڵینەوە کەمافێکی خۆیانە، ئەوانەی یەکلایی کراونەتەوە ٣٢ کەیسن لەکۆی ١٧٠ کەیس کە لەسەدا ٢٥ بۆ لەسەدا ٣٠ زیاتر نییەو ڕێژەیەکی زۆر نییە کە یەکلاییکراونەتەوە.

هۆکارێکی دیکەی یەکلانەکردنەوەی ئەو کەیسانە بەبڕوای ئەحمەد ئەنوەر، خودی کەیسەکانە «چونکە کەیسەکانی گەندەڵی کاتی زۆریان دەوێت و وەکو کەیسەکانی دیکە نییە، چونکە زۆرتر لەفەرمانگەکانی دەوڵەت روودەدات و پێویستی بەبەڵگە و کۆمەڵێک ئیجرائات هەیە».

وتیشی «یەکێک لە رێگرییەکان ئەوەیە زۆربەی کەیسەکانی پێویستی بە رەزامەندی سەروو هەیە، چونکە لەڕووی یاساییەوە پارێزبەندیان هەیە، تەنانەت جگە لەو دامودەزگا رەسمیانەی پارێزبەندیان هەیە، بەشێکی دیکە لە دامودەزگاکان مەرجی ئەوەیان هەیە کەسەروی خۆیان رەزامەندبن ئەوکات کارمەندێکیان دەتوانێت بچێتە بەردەم دادگا، تەنانەت بەشێک لەسەندیکاکانیش پارێزبەندیان بۆ ئەندامەکانی خۆیان داناوە، وەکو پزیشکان و پارێزەران و سەندیکاکانی دیکە».

جەختیشیکردەوە، لەڕووی کرداریشەوە پڕۆسەکە پێویستی بە توانایەکی زۆرە، «چونکە کەرتی گشتی کەخۆی لەسەرووی ٨٠٠ هەزار کەس دەدات پێویستی بە چاودێری زۆرە، لەکاتێکدا لەهەر سێ پارێزگاکە بەسەنتەری شارەکانیشەوە چەند کادرێکی تەحقیقی کەممان هەیە کە کاری لێکۆڵینەوە دەکەن و لە ١٣ کەس تێناپەڕێت، جگە لەوەش توانای دارایی کەمترە.

«تائێستا پرسی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی نەبووەتە پرسی یەکەم و دووەم و سێیەم و تەنانەت چوارەمیش لەکوردستاندا».

بەپێی ئامارەکانی دەستەی دەسپاکی، سەرجەم کەیسەکانی ئەمساڵ رەوانەی دادگای تایبەتمەند کراون، کە لەهەولێر ٥٦ کەیس و لەسلێمانی ٣٨ کەیس و لەدهۆک ١٨ کەیسە.

 هەر بەپێی ئامارەکان، ئەو کەیسانەی کە یەکلایی کراونەتەوە لەهەرسێ پارێزگا بریتین لە ٣٢ کەیس، کە ١٥ یان تۆمەتەکانیان بەسەردا ساغبووەتەوە و شەشیان ئازادکراون و ١١ شەیان بەر لێبوردنی گشتی کەوتوون.

سەرۆکی دەستەی دەسپاکی دەڵێت «ئەو کەیسانەی کارمان لەسەرکردووە و نێردراونەتە بەردەم دادگا وەزیریشیان تێدا بووە، بەڵام مەرج نییە تەنها لەبەرئەوەی ئەو کەسە وەزیرە گەندەڵ بێت، بۆ چونە بەردەم دادگاش وەزیر پێویستی بە رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران هەیە، تا ئێستاش ئەو حاڵەتەمان نەبینیوە کە داوامان کردبێت و ئەنجومەن رازی نەبوبێت».

وتیشی «رەنگە کەیس هەبێت لەفەرمانگەیەکی خوارەوە بوبێت و پارەی زیاتر تێدا بەهەدەر درابێت وەک لەکەیسی وەزیرێک، لەبەرئەوە گەورەیی کەیسەکە پەیوەستە بەو بڕە پارەیەی کە رەنگە بەهەدەردرابێت یاخود گومانی دەستبەسەرداگرتنی هەبێت، بەڵام ئەوەش گرنگە کە پلەی وەزیفی و کارگێڕی ئەو کەسەش گرنگە کەکارەکەی کردبێت».

بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ دەستەی دەسپاکی راپۆرتی تایبەت بە کەیسەکانی ئەمساڵ و کارو چالاکییەکانی رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکات و دواتریش بۆ رای گشتی بڵاوبکاتەوە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار