تائێستا چاره‌سه‌ی ڤایرۆسی هه‌وکردنی جگه‌ر نییه
د. محەمەد عومه‌ر: ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌وکردنه‌که بۆ ماوه‌ی 6 مانگ زیاتر تیایاندا ده‌مێنێته‌وه به‌حاڵه‌تی هه‌وکردنی ڤایرۆسی جگه‌ری
6 ساڵ لەمەوپێش
ئاماده‌کردنی: که‌یوان کاوه
که‌م تا زۆر شتێکمان بیستووه له‌سه‌ر ڤایرۆسی هه‌وکردنی جگه‌رو هه‌بوونی کوتانێک بۆ ڤایرۆسه‌که. ئه‌و زانیارییانه‌ی گوێبیستی ده‌بین سه‌ره‌تایین، هه‌ربۆیه ده‌بێت هه‌وڵی تێگه‌شتنی ته‌واوی بابه‌ته‌که بده‌ین.
هه‌وکردن به‌شێوه‌یه‌کی گشتی بریتییه لهسووربوونهوه، ئاوسان، گه‌رم بوون و هه‌ستکردن به‌ئازار له‌شوێنێکدا به‌هۆی زیان گه‌شتن به‌خانه‌کانی. هه‌وکردن کاردانه‌وه‌ی جه‌سته‌مانه و هۆکارێکه بۆ به‌رگری له‌دژی ڕووداو‌و به‌رکه‌وتن به‌شتێک، به‌کتریا، ڤایرۆس و هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌شێوه‌یه‌ک زیان به‌جه‌سته ده‌گه‌یه‌نن. هه‌ندێک کات ئه‌م هه‌وڵدانه بۆ پارێزگاری کردن خۆی له‌خۆیدا زیانی زیاتر ده‌گه‌یه‌نێت.
جگه‌ر یه‌کێکه له‌گرنگترین ئه‌ندامه‌کانی جه‌سته، کاتێک زیانی پێده‌گات کاره‌ساتی لێده‌که‌وێته‌وه به‌هۆی گرنگی کاره‌کانییه‌وه. سه‌ره‌کیترین کاره‌کانی بریتین له:
1- دروستکردن و ده‌ردانی زراو که‌ڕۆڵی دیاری هه‌یه له‌هه‌ڵمژینی چه‌ندین جۆری ڤیتامین و تێکشکانی چه‌وری.
2- کردنه‌ده‌ره‌وه‌ی کۆلیستڕۆڵ، هۆرمۆن، ده‌رمان، و بیلیرۆبین (که‌پاشماوه‌ی خڕۆکه سوورهکانهو مادده‌یه‌کی ژه‌هراوییه) له‌جه‌سته.
3- خه‌زنکردنی ڤیتامین و مادده‌ی کانزایی و گلایکۆجین تاوه‌کو کاتی پێویست به‌کاربهێنرێن.
4- دروستکردنی پرۆتینی خوێن وه‌کو مادده‌ی مه‌ینی خوێن و ئه‌لبۆمین و هتد.
هه‌وکردنی جگه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆکارێک بێت، به‌هۆی زیانه‌کانییه‌وه ده‌بێته هۆکاری تێکدانی ئه‌و کارانه‌ی بۆ جه‌سته‌مان گرنگن. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌یه تووشی زه‌ردوویی ده‌بین ئه‌گه‌ر کێشه‌یه‌ک له‌جگه‌ردا هه‌بێت به‌هۆی نهکردنهدهرهوهی مادده‌ی ژه‌هراوی بیلیرۆبین.
ڤایرۆسی هه‌وکردنی جگه‌ر (هێپاتایتس ڤایره‌س) یه‌کێکه له‌هۆکاره‌کانی هه‌وکردنی جگه‌ر. ئه‌م ڤایرۆسه جۆره‌کانی (ئه‌ی، بی، سی، دی، ئی) هه‌یه، له‌نێوانیاندا جۆری (بی، سی) زۆر جێگه‌ی مه‌ترسین. جۆری (بی) کوتانی هه‌یه بۆ خۆپاراستن به‌ڵام چاره‌سه‌رێکی بنه‌بڕی نییه، جۆری (سی) کوتانی نییه به‌ڵام چاره‌سه‌ری بنه‌بڕی هه‌یه هه‌رچه‌نده نرخێکی گرانی هه‌یه.
شێوازی گواستنه‌وه‌ی ئه‌م دوو ڤایرۆسه له‌ڕێگه‌ی خوێنه‌وه‌یه به‌شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی. جۆری (بی) له‌پاڵ خوێندا، له‌دایکه‌وه بۆ مناڵی ناوسکی و هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی به‌رجه‌سته‌بوون بۆ شله‌ی که‌سی تووشبوو له‌کاتی سێکسی نه‌پارێزراو (بێ کۆندۆم) و به‌کارهێنانی ده‌رزی به‌کارهاتووی که‌سانی تووشبوو و ئامێری پاکنهکراوهی پزیشکی ددان و چه‌ندین ڕێگه‌ی تر.
به‌پێی ڕێکخراوی (سی دی سی) له‌وڵاتی ئه‌مریکا، ژماره‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی ساڵانه تووشی ڤایرۆسی هه‌وکردنی جگه‌ر جۆری (بی) ده‌بن که‌می کردووه به‌وه‌ی که له‌ساڵانی هه‌شتاکاندا نزیکی 200،000 که‌س ساڵانه تووشبوون، به‌ڵام به‌هۆی به‌رده‌ستبوونی کوتانه‌که‌وه ژماره‌که که‌مبۆته‌وه بۆ 20،000 که‌س له‌ساڵی 2016.
بۆ ده‌ستخستنی ژماره‌ی حاڵه‌ته‌کانی ئه‌م ڤایرۆسه له‌کوردستان، ستافی هاوڵاتی په‌یوه‌ندیمان کرد به د.خاڵس قادر، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی. به‌سوپاسه‌وه ئه‌م داتایه‌ی پێشکه‌ش کردین که‌ژماره‌ی هه‌موو تووشبووانی هه‌رێمی کوردستان له‌خۆده‌گرێت:
ساڵی 2015، 690 حاڵه‌ت هه‌بووه
ساڵی 2016، 650 حاڵه‌ت هه‌بووه
ساڵی 2017، 653 حاڵه‌ت هه‌بووه
ساڵی 2018، 590 حاڵه‌ت هه‌یه.
لێره‌وه بایه‌خی کوتانمان بۆ ده‌رده‌که‌وێت دژی ڤایرۆسه‌که که‌چۆن توانراوه له‌ڕێگه‌یه‌وه حاڵه‌ته‌کان له‌وڵاتێکی وه‌ک ئه‌مریکا به‌و شێوه‌یه که‌مبکرێته‌وه. به‌خۆشحاڵییه‌وه له‌ژماره‌یه‌ک له‌نه‌خۆشخانه‌کانی هه‌رێم به‌رده‌سته. هه‌ڵبه‌ت پێش خۆکوتان پێویسته هه‌رکه‌سێک خۆی بپشکنێت بۆ ڤایرۆسه‌که پاشان ده‌توانێت ژه‌مه کوتانی یه‌که‌م وه‌ربگرێت و کاتی ژهمهکوتانی دووه‌می بۆ پاش مانگێک بۆ دیاری ده‌کرێت، پاشان ژهمهکوتانی سێیه‌م و کۆتایی بۆ دوای شه‌ش مانگ بۆ دیاری ده‌کرێت. له‌دوای وه‌رگرتنی هه‌رسێ ژهمهکوتانهکه پێویسته پشكنین بکرێت بۆ که‌سه‌که بۆ دڵنیابوونه‌وه له‌دروستبوونی به‌رگری بۆ ڤایرۆسه‌که، به‌پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت که‌سه‌که پرۆسه‌که دووباره بکاته‌وه له‌حاڵه‌تی شکستهێنانی. پێویسته هه‌موو که‌سێک پشکنین بکات چونکه ژماره‌یه‌کی زۆر له‌خه‌ڵک هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌که‌ن و نازانن کهههڵگرن.
سه‌باره‌ت به‌نیشانه‌کانی هه‌وکردنی ڤایرۆسی جگه‌ر د. محەمەد عومه‌ر، وانه‌بێژ له‌زانکۆی سلێمانی و پسپۆڕی هه‌ناوی هه‌رس و جگه‌ر ڕوونیکرده‌وه «نیشانه‌کان ده‌کرێن به‌دوو به‌شه‌وه. یه‌که‌میان، نیشانه کتوپڕه‌کان له‌حاڵه‌تی هه‌وكردنی خێرا که‌ڕه‌نگه وه‌کو هه‌موو هه‌وکردنێکی ڤایرۆسی که‌سه‌که تووشی (تاو سه‌رئێشه و دڵ تێکه‌ڵ هاتن و که‌مبوونه‌وه‌ی ئاره‌زووی خواردن و هه‌ندێ جاریش ئازاری سک و ڕشانه‌وه.) ببێت و له‌کاتی پشکنیندا له‌وانه‌یه گه‌وره‌بوونی سپڵ و لیمفهگرێکانیان هه‌ستی پێبکرێت».
وتیشی «ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌وکردنه‌که بۆ ماوه‌ی 6 مانگ زیاتر تیایاندا ده‌مێنێته‌وه به‌حاڵه‌تی هه‌وکردنی ڤایرۆسی جگه‌ری درێژخایه‌ن ده‌ناسرێن چونکه له‌که‌سێکی گه‌وره‌دا ئه‌گه‌ری پاکبوونه‌وه‌ی ته‌واوی ڤایرۆسه‌که له‌جه‌سته‌یاندا به‌ڕێژه‌ی 90% بۆ 95%هو ئه‌وه‌ی ده‌مێننه‌وه ده‌بنه هه‌ڵگری درێژخایه‌ن. ئه‌م که‌سانه ڕه‌نگه ته‌نها هه‌ڵگر بن و نیشانه‌یان نه‌بێت، به‌ڵام له‌حاڵه‌تی به‌رده‌وامبوونی هه‌وکردنه‌که تووشی به مۆمبوون (تهشهموع) و ڕیشالبوونی جگه‌ر ده‌بن که به‌درێژایی چه‌ند ساڵێک ڕووده‌دات، لهنیشانهکانیشی (تێکچوونی باری ته‌ندروستی و که‌مبوونه‌وه‌ی خواردن، کۆبوونه‌وه‌ی ئاو له‌سکدا، گه‌وره‌بوونی سپڵ، هه‌ڵهێنانه‌وه‌ی خوێن له‌ده‌م و خوێن دانان له‌کۆمه‌وه، تێکچوونی خه‌وو ده‌رکه‌وتنی هه‌ندێ نیشانه له‌سه‌ر پێست و نینۆک.)
له‌به‌ر نه‌بوونی چاره‌سه‌رێکی بنه‌بڕ تاوه‌کو ئێستا، باشترین ڕێگه خۆپاراستنه له‌ڕێگه‌ی کوتان و شێوازی ژیانکردنه‌وه. پرۆگرامی کوتانه‌که که له‌لایه‌ن ڕێکخراوی جیهانی (وهۆ) پهسهندکراوەو له‌جیهاندا جێبه‌جێ ده‌کرێت. له‌ساڵی 1996 له عێراق هاتۆته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه، له‌به‌رئه‌وه ته‌نها ئه‌وانه‌ی ئێستا ته‌مه‌نیان نزیکی 22 ساڵ و بچووکتره ده‌بێت به‌رگرییان دژی ڤایرۆسه‌که هه‌بێت. به‌م هۆیه‌وه پێویست ده‌کات هه‌موو که‌س کوتانه‌که وه‌ربگرێت به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌که‌رتی ته‌ندروستی کارده‌که‌ن.
ده‌رباره‌ی چاره‌سه‌رکردنی نه‌خۆشییه‌که له‌هه‌رێمی کوردستان د. محەمەد ئاشکرای کرد «به‌پێی ڕێنماییه‌کان، ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ته‌نها هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌که‌ن پێویستیان به‌چاره‌سه‌ر نییه. به‌پێچه‌وانه‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ی هه‌وکردنه‌که‌یان چالاکه و ئه‌نزیمه‌کانی جگه‌ریان به‌رزه ده‌بێت چاره‌سه‌ر وه‌ربگرن».
هه‌روه‌ها ڕوونیشیکرده‌وه «له‌سه‌نته‌ری کوردستان – بۆ نه‌خۆشییه‌کانی هه‌رس و جگه‌ر که‌سانی تووشبوو تۆمارکراون و مانگانه چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و که‌سانه دابین ده‌کرێت. به‌داخه‌وه هه‌ندێ جار ده‌رمانه‌کان به‌رده‌ست نابن و پێویسته نه‌خۆش خۆی په‌یدای بکات. ماوه‌ی وه‌رگرتنی ده‌رمانه‌که هێشتاکه دیاری نه‌کراوه له‌جیهاندا، به‌ڵام تێبینی کراوه تاوه‌کو زیاتر به‌کاربهێنرێت ئه‌گه‌ری تووشبوونی به‌مۆمبوونی جگه‌رو شێرپه‌نجه‌ی جگه‌ر که‌مده‌کاته‌وه‌و باشتر کۆنترۆڵی هه‌وکردن و ڤایرۆسه‌که ده‌کرێت».
له‌کۆتاییدا د. محەمەد عومه‌ر هیوای ته‌ندروستییه‌کی باشی خواست و ئامۆژگاری دا که‌که‌سانی تووشبوو ئامێر‌و پێداویستییه‌کانیان جیابکه‌نه‌وه له‌که‌سانی تر له‌فڵچه‌ی ددان و نینۆکبڕو پێداویستییه‌کانی تر، هه‌روه‌ها خێزانه‌کانیان کوتانی دژی ڤایرۆسه‌که وه‌ربگرن. جه‌ختیشی کرده‌وه که‌ئه‌م نه‌خۆشانه ژیانێکی ئاساییان هه‌یه له‌ڕووی مامه‌ڵه‌ی خێزان و منداڵه‌وه‌و کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌یان نابێت