قوتابخانە حکومییەکان خوێندنی ئینگلیزی رەتدەکەنەوە

پەروەردەی سلێمانی پەیڕەوکردنی خوێندنی ئینگلیزی لەدەیان قوتابخانە هەڵوەشاندەوە دوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان

6 ساڵ لەمەوپێش



شاناز حه‌سه‌ن

زیاتر لە ١٢٠ قوتابخانەی سنووری پەروەردەی پارێزگای سلێمانی خوێندنی وانەکانی بیرکاری و زانست بەزمانی ئینگلیزیان رەتکردەوە، بەهۆی ناڕەزایەتی کەسوکاری قوتابیان و بەشێک لەمامۆستایانی ئەو دوو بابەتە، ئەمەش لەکاتێکدایە لەقوتابخانە ئەهلیەکاندا زمان نەبۆتە کێشە.

ماوه‌ى دوو ساڵه‌ له‌زۆربه‌ى خوێندنگه‌کاندا سیسته‌مى خوێندنى ئینگلیزى په‌یڕه‌و ده‌کرێت، بۆ  پۆلەکانی یه‌که‌م و دووه‌م کە بڕیاربوو ساڵانی تر سەرجەم قۆناغەکان بگرێتەوە، بەڵام بڕیارەکە هەر لەسەرەتادا لەزۆرینەی قوتابخانەکان شکستی هێنا.

بەپێی وتەی بەرپرسانی پەروەردە ئامانج لەو بڕیارە ئەوە بووە کە منداڵی هەژارو کەمدەرامەت کە زۆرینەیان لەقوتابخانە حکومیەکان دەخوێنن و ناتوانن بڕۆنە قوتابخانەی ئەهلی، سوود لەو بڕیارە وەربگرن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پێداویستی و مامۆستاى پسپۆر بڕیارەکە هەڵپەسێردراوە.

لەکۆی ١٦٠ قوتابخانە کەسیستمەکەیان کردبوون بەئینگلیزی، سیستمەکە لە ١٣٠ قوتابخانەدا هەڵپەسێردران و لەئێستادا تەنها لە ٣٠ قوتابخانەی حکومی سنووری سلێمانی پەیڕەودەکرێت.

مه‌ریوان عومه‌ر وته‌بێژى په‌روه‌رده‌ى سلێمانى وتى «ئه‌م سیستمه‌ بۆ ئه‌و خیزانانه‌یه‌ که‌هه‌ژارن و ناتوانن منداڵه‌کانیان بنێرنه‌ خوێندنگه‌یه‌کى ئه‌هلى، چونکە زۆربەی  خێزانه‌کان خۆیان داوایان کردووه‌ کەقوتابخانه‌کان بکرێنه‌ ئینگلیزى».

قوتابخانه‌ى به‌رده‌قاره‌مانی بنه‌ڕه‌تى که‌ لەساڵى رابردوەوە بە فەرمانی په‌روه‌رده‌ى سلیمانى کراوه‌ به‌ئینگلیزى، ئەمساڵ کردیانەوە بەکوردی، ئەوەش بەهۆی نەبوونی مامۆستای پسپۆری وانەکانی بیرکاری و زانست کەزمانی ئینگلیزی بزانێت.

ناسکه‌ جه‌لال به‌ڕێوبه‌رى به‌رده‌قاره‌مان بە ‌هاوڵاتی وت «به‌داخه‌وە له‌ئه‌مساڵدا نه‌ماتوانیوه‌ به‌رده‌وام بین و کردمانەوە به‌کوردى، بەهۆی قه‌ره‌باڵغى پۆله‌کان که‌ هه‌موو پۆلێک 40 خوێندکارى تێدایه‌و ئاستى زانستى مامۆستاکانیش له‌سه‌دا سه‌د نیه‌«.

هەروەها وتی هۆکارێکی تریش ئەوەیە کە «دایکان و باوکان که‌ده‌یانوت ناتوانین سه‌عى به‌منداڵەکانمان بکه‌ین ئەگەر بەئینگلیزی بێت».

قوتابخانەی بەردەقارەمان ٨١٥ قوتابی تیدایە. له‌کاتى هه‌ڵپه‌سێردرانى ئه‌م سیسته‌مه‌ لەقوتابخەنەکەو کردنەوەی بەکوردی واژۆی دایک و باوکه‌کان وەرگیراوە لەکۆی ئەو ژمارە خوێندکارە تەنیا دایک و باوکی 15 خوێندکار رازیبوون منداڵەکانیان بەئینگلیزی بخوێنێت و ئەوانیش گوازراونه‌تەوە بۆ یەکێک لەو ٣٠ قوتابخانەیەی که‌ سیستمه‌کە هێشتا تیایدا به‌رده‌وامه‌.

ئەو قوتابخانانەی دوای خوێندنی ئینگلیزی، کاتێک دەکرێنەوە بەکوردی ناڕەزایەتی لەناو قوتابخانەکان و کەسوکاری خوێندکاراندا بەشێوەیەکی گشتی نامێنێت، بەڵام ئەمە بۆ کەسێکی وەکو نه‌سرین بابه‌کر جیاوازە.

نه‌سرین یه‌کێکه‌ له‌و دایکانه‌ى نیگەرانە لەهەڵپەساردنی بڕیارەکە، چونکە منداڵەکەی هەر لەسەرەتاوە بەئینگلیزی خوێندویەتی دوای ئەوەی کراوە بەکوردی ئێستا گرفتی بۆ دروستبووە.

نەسرین بە ‌هاوڵاتی وت «کوڕه‌که‌م پۆلى یه‌ک و دووى به‌ئینگلیزى وانەکانی بیرکاری و ئینگلیزی خوێندووە، بەڵام ئیستا بۆته‌وه‌ به‌کوردى، یه‌ک شت به‌کوردى نازانێت و هه‌ر دەڵێی وانەی بیرکارى و زانستى نه‌بیستوه‌ تائێستا».

کاتێک ساڵی رابردوو ئەو قوتابخانەیەی کە نەسرین منداڵەکەی خۆی تێدا خستەبەر خویندن، ئیتر هەر بەئینگلیزی ئەو دوو وانەیەی دەخوێند، دایکیشی کە لەماڵەوە سەعی پێدەکرد، خۆی فێری ئینگلیزی کرد.

نەسرین وتی «به‌داخه‌ه‌و چۆن سیستمێکى ئاوا جیبه‌جێده‌کرێت که‌ته‌نیا دوو ساڵ ده‌توانن به‌ڕێوه‌ی به‌رن و کۆتایى بێت».

ئەو قوتابخانانەی سیستمەکەیان هەڵنەوەشاندۆتەوە خۆشحاڵن کەقوتابیەکانیان فێری ئینگلیزی بوون لەوانەکانی زانست و بیرکاریدا، کەسوکاری منداڵەکانیش رازین لەدەرەنجامەکانی.

زارا حەسەن 46 ساڵ پیشتر خۆی سه‌ردانى ئەو قوتابخانەیەی کردبوو کە منداڵەکەی لێی دەخوێنێت، بۆ ئه‌وه‌ى بیکه‌نه‌ ئینگلیزى، ئێستا دڵخۆشە بەئاستی منداڵەکەی لەئینگلیزیدا.

زارا بە‌ هاوڵاتی وت «ئه‌وه‌ دوو ساڵه‌ کچه‌که‌م به‌ئینگلیزى ده‌خوێنێت، سودێکى زۆرى هه‌یه‌، ئێستا زۆر له‌کوڕه‌که‌م باشتر ئینگلیزى ده‌زانێت، له‌کاتێکدا کوڕه‌که‌م له‌پۆلى پێنجى سه‌ره‌تاییه‌«.

وتیشی»ئه‌م مه‌کته‌بانه‌ زۆر باشن بۆ فه‌قیرو هه‌ژاران، هیوادارم حوکمه‌ت هاوکارى ئه‌م قوتابخانانه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بن له‌سه‌ر ئه‌م سیسته‌مه‌ و منداڵە‌کانى ئێمه‌ش وه‌ک منداڵى ده‌وڵه‌مه‌ندان فێرى ئینگلیزى بن و بگه‌ن به‌ئاستێکى باش».

دوای هەڵپەساردنی خوێندنی ئینگلیزی لەقوتابخانەکان دوو رێگە دەخرێتە بەردەم کەسوکاری قوتابی، یان ئەوەیە کە لەقوتابخانەکە منداڵەکانیان بهێڵنەوەو بەکوردی بیخوێنن، یان بیبەنە قوتابخانەیەک کەسیستمی ئینگلیزی تییدا بەردەوامە.

مه‌ریوان عومه‌ر وته‌بێژى بەڕێوەبەرایەتی گشتی په‌روه‌رده‌ى سلێمانى وتی «ئه‌و سیستمه‌ به‌پێی لیژنه‌یه‌ک کرا که‌ساڵی پار ئه‌و مه‌کته‌بانه‌ خۆیان داوایان ده‌کردو لیژنه‌که‌ سه‌ردانى ده‌کردن، که‌مه‌رجه‌کانیان تیابوایه‌ قبوڵ ده‌کرا، به‌ڵام هه‌ندێک مه‌کته‌ب ئه‌مساڵ نه‌یانتوانى به‌رده‌وام بن، بۆیه‌ تاکاتێکى له‌بار هه‌ڵپه‌سێردراون».

عومەر محەمەد به‌ڕێوەبه‌رى په‌روه‌رده‌ى رۆژهه‌ڵاتی سلێمانی هۆکاری هەڵپەساردنی سیستەمەکەی لەزۆرێک لەقوتابخانەکان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە «ساڵى پار نزیکه‌ى 100 رۆژ ده‌وام کراوە، بۆیه‌ نه‌توانراوه‌ سیستمه‌که‌ وه‌ک خۆى بگه‌یه‌نرێت».

لەگەڵ ئەوەی بەشێک لەقوتابخانەکان ئەم کێشانەیان هەبوو، بەڵام هەندێک لەقوتابخانەکان سەریان سوکەو کێشەیان نیە، چونکە لەسەر سیستمە کۆنەکە دەڕۆن، یەکێک لەوانە له‌قوتابخانه‌ى سروشتى بنه‌ڕه‌تییە.

نه‌وزاد حەمه‌تاهیر یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوەبه‌ری قوتابخانەکە بە‌ هاوڵاتی وت «نه ‌پارو نه‌ ئه‌مساڵ له‌خوێندنگه‌که‌یاندا ئه‌و سیستمه‌مان په‌یڕه‌و نه‌کردووه‌، ئێمه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى مه‌کته‌بێکى کۆنین ده‌مێکه‌ کراوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ زۆربه‌ى مامۆستاکانمان ته‌مه‌نیان هه‌یه‌و قورس بووه‌ بۆیان بچنه‌ ده‌وره‌وه‌و فێرى سیسته‌مه‌که‌ بن».

بەڵام قوتابخانەی بێکەسی بنه‌ڕه‌تى که‌یه‌کێکه‌ له‌وانەی که‌خوێندنەکەیان کردۆته‌ ئینگلیزى، تائیستا به‌رده‌وامن و کێشه‌و گیروگرفتیان لەگەڵیدا نیە.

عه‌لى فه‌قێ شه‌ریف به‌ڕێوەبه‌رى قوتابخانەی بێکەس بە ‌هاوڵاتی وت «ناکرێت بوترێت هیچ کێشه‌یه‌ک نیه‌، چونکه‌ هه‌ر کارێک له‌سه‌ره‌تادا که‌ده‌کرێت کۆسپ و‌ کێشه‌ى ده‌بێت و پێویستى به‌خۆگونجاندن هه‌یه‌، تابه‌رده‌وام بێت».

وتیشى»ماده‌م ئه‌مه‌ پرۆسه‌یه‌که‌ به‌بڕیارى په‌روه‌رده‌یه‌، بۆیه‌ خۆم و مامۆستاکانیش له‌ئێستا‌وه‌ هه‌وڵ ده‌دەین، که‌باشتری بکه‌ین بۆ ساڵێکى ترو ئه‌و کێشه‌و گیروگرفته‌ى که‌ئێستا توشمان ده‌بێت بۆ ساڵێکى تر نه‌بێت و پرۆسه‌که‌ سه‌رکه‌وتووتر بێت، کار له‌سه‌ر چاره‌سه‌رکردنى کێشه‌کان ده‌که‌ین».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار