شانۆیی کورسییه‌کان و بینه‌ران

6 ساڵ لەمەوپێش




داستان به‌رزان
له‌ گریکى کۆنه‌وه‌ بینه‌ران ڕه‌گه‌زێکى گرنکى نێو کاری شانۆیین، هه‌ر له‌و زه‌مه‌نه‌شه‌وه‌ هیچ شانۆکارێک نییه‌ به‌هاى بینه‌ری به‌ که‌م ته‌ماشاکردبێت(مه‌گه‌ر له‌ دونیا ده‌ستکورته‌که‌ى شانۆی کوردیدا) ئه‌ویترى شانۆکاران و خاوه‌ن تیۆران و گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌رانى جیهان هه‌موو به‌وپه‌ری به‌هاوه‌ وه‌ک ڕه‌گه‌زێکى ئاکتیڤى شانۆ وه‌سفکردووه‌، پێیان وابووه‌ هێنده‌ى نمایش گرنگه‌.
به‌ڵام به‌و پێیه‌ى هونه‌ری شانۆ له‌ ناو کوردا ڕه‌گوڕیشه‌یه‌کى کولتوریی و مێژوویی نییه‌، زۆرجاران شانۆکارانى کورد بۆچوونى هه‌ڵه‌ و نابه‌رپرسیارانه‌ ده‌ده‌ن و له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌نگه‌رێک هه‌ڵده‌چنن و ئه‌وه‌ى جۆرێکى دیکه‌ بڕوانێت ده‌یکه‌نه‌ نێچیری تانه‌وته‌شه‌ره‌کانیان، له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌م هه‌ستى به‌ که‌م سه‌یرکردنه‌ى بینه‌ر له‌لای شانۆکاری کورد بۆته‌ هۆیه‌ک بۆ ئه‌وه‌ى بینه‌ر زیاتر دیواری نێوان خۆی و شانۆ هه‌ڵبچنێت. 
له‌ ئه‌مڕۆدا به‌جۆرێکى دیکه‌ له‌ شانۆدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێت که‌ ئه‌مه‌ش دیسان گرفتێکه‌ مایه‌ى له‌سه‌ر وه‌ستانه‌، ده‌بینین شانۆش به‌هان شێوه‌ى گۆرانییه‌ ئاستزمه‌کانى که‌ هه‌ر ڕۆژه‌ له‌ وڵاتێکه‌وه‌ ده‌که‌نه‌ سه‌ر بێژه‌ره‌کانیان بۆی ئاوازه‌ دزراوه‌کانیان بۆ بگێڕدرێنه‌وه‌، کۆپی ده‌کرێته‌ سه‌ر  ته‌کنیک و ستایلی شانۆی وڵاتانى ده‌وروبه‌ر، جا ئه‌م کاره‌ له‌ چه‌ند ساڵی داهاتوودا ده‌ره‌نجامه‌ خراپه‌کانى ده‌رده‌که‌وێت و تێده‌گه‌ین که‌ ئه‌م نابه‌رپرسیارێتییه‌ له‌ کۆپیکردن، بۆ ساڵانێکى زۆر گاریگه‌رییه‌ نێگه‌تیڤه‌کانى له‌ شانۆکه‌ماندا ده‌مێنێته‌وه‌، له‌وه‌ش مایه‌ى قسه‌سه‌رکردن ئه‌وه‌یه‌ که‌ ڕێژه‌ى بینه‌ران ده‌کرێته‌ پێوه‌ر بۆ باشی و خراپی کاره‌ شانۆییه‌کان، به‌بێ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى که‌ ئه‌و جۆره‌ى له‌ بینه‌ر که‌ تیۆریسان و گه‌وره‌ ده‌رهێنه‌ران ئاماژه‌ى بۆ ده‌که‌ن، جۆره‌ ئاکتیڤه‌که‌ى بینه‌ره‌، که‌ تواناى یه‌کانگیربوونى هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ جیهانه‌ تایبه‌ته‌که‌ى شانۆدا (چونکه‌ مه‌رج نییه‌ هه‌مووان بتوانن له‌گه‌ڵ شانۆدا یه‌کانگیربن)، ئه‌و جۆره‌ى بینه‌ره‌ که‌ ده‌توانێت شرۆڤه‌ى نمایشی شانۆیی بکات و له‌گه‌ڵ هه‌ر ساته‌وه‌خێکیدا ئه‌م ورتر ده‌چێته‌ نێو مه‌ودا جیاوازه‌کانى نمایشه‌وه‌، ئه‌و بینه‌ره‌یه‌ له‌ به‌هاى شانۆنامه‌ گرنگه‌کان تێده‌گات و جیهانبینى ده‌رهێنه‌رانى گه‌وره‌ى دونیا شاره‌زایه‌ و ده‌زانێت ئه‌و کاره‌ى بۆی ده‌چێت سه‌ر به‌ کامه‌ سه‌بک و ستایله‌ و ده‌رهێنه‌ره‌که‌ى ده‌یه‌وێت له‌ کام گۆشه‌نیگاوه‌ سه‌یری دونیا و ئاکته‌ره‌کانى به‌ کامه‌ میتۆد نواندن ده‌که‌ن، ئه‌و بینه‌ره‌یه‌ که‌ چاوه‌ڕوانى پێش وه‌خته‌ى نییه‌ بۆ نمایشی شانۆ، به‌ڵکو مه‌به‌ستێتى ته‌ماس له‌گه‌ڵ وێناکردنى ده‌رهێنه‌ر و  سه‌لیقه‌ى نواتدنى ئاکته‌ردا بکات.
کێشه‌ى بینه‌ری ئێمه‌ له‌ زۆر جێگه‌دا ئه‌وه‌یه‌ خۆی ماندوو ناکات و شانۆکاریش له‌به‌رامبه‌ردا ده‌ستبه‌رداری به‌هاى به‌رزى هونه‌ره‌که‌ى خۆی ده‌بێت و ده‌ست ده‌داته‌ نمایشی ساده‌ و ئاستنزمى وه‌ها که‌ هه‌ر ئه‌وه‌ى بینه‌ره‌که‌ تۆزێک له‌ جیهانى ڕاسته‌قینه‌ى شانۆ نزیک بۆوه‌ و به‌ر چه‌ند نمایشێکى دیکه‌ى شانۆیی که‌وت، ئیتر تێده‌گات که‌ ئه‌وه‌ى بینیویه‌تى نه‌ک شانۆ نه‌بووه‌، به‌ڵکو یارییه‌ک بووه‌ بۆ به‌فیڕۆدانى کات.
له‌ دونیادا نمایشه‌ جیاوازه‌ هونه‌رییه‌کان هه‌ریه‌که‌یان ڕێژه‌ى بینه‌ری خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ هونه‌رمه‌نده‌کان نیگه‌رانبن و خه‌مباربن له‌وه‌ى ڕێژه‌یه‌کى زۆر له‌ بینه‌ر نه‌هاتوون بۆ بینینیان، هه‌ر بۆیه‌ ئێمه‌ش کاتێک ده‌ستمان دایه‌ کارکردن له‌ شانۆنامه‌ى (کورسییه‌کان)ى (یۆژین یۆنیسکۆ) ئه‌وه‌مان ده‌زانى که‌ ئێمه‌ خه‌ریکین له‌ کام شانۆنامه‌ و به‌ کام ستایل کار ده‌که‌ین و ئه‌گه‌ری ئه‌وشمان دانابوو که‌ ڕه‌نگه‌ ڕێژه‌یه‌کى که‌مى بینه‌ر ئاماده‌ى نمایشه‌که‌مان بن، به‌ڵام ئه‌وه‌ش واینه‌کرد ده‌ستبه‌رداری  یه‌ک چرکه‌ى کاره‌که‌مان بین و به‌ ئه‌نقه‌ست ساتێک له‌ کاره‌که‌مان بگۆڕین بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ى بینه‌ران والێبکات که‌ فریوى نمایشه‌که‌مان بخۆن و له‌ ئه‌نجامدا له‌ به‌هاى هونه‌ری کاره‌که‌مان که‌م بکاته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى بۆ ئێمه‌ گرنگ بوو، ئه‌وه‌بوو بینه‌رانمان له‌ نێو ئه‌م که‌شه‌ پڕله‌ هه‌راوهۆریایه‌ى شانۆدا که‌ شه‌ڕی ڕێژه‌ى بینه‌ر و لایک و کۆمێنت و ڤیوى زۆر بۆته‌ خه‌مى شانۆکار، وه‌ک ئه‌وه‌ى گۆرانیبێژه‌ فه‌یکه‌کان ده‌یکه‌ن، ئێمه‌ بێین جۆرێکى دیکه‌ له‌ شانۆ و ستایلێکى دیکه‌ له‌ شانۆ نیشانى بینه‌ران بده‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى شانۆیی  کورسییه‌کان نزیکترین شانۆنامه‌ و ستایل بووه‌ له‌ خۆمان و پێشمان وابووه‌ له‌ ژیانى زۆرینه‌ى مرۆڤى وڵاته‌که‌شمانه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامیشدا ئاماده‌بوونى ئه‌و ڕێژه‌به‌رچاوه‌ى بینه‌ر و ئه‌و کاردانه‌وه‌یه‌ى ئه‌وان بووه‌ جێگه‌ى خۆشحاڵیمانى و بووه‌ هۆی پێدانى وزه‌ى زیاتر بۆ کارکردن. 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار