خۆكوشتن وەك چارەسەر - فرجینیا وۆڵف بەنموونە - 

6 ساڵ لەمەوپێش



شوان ئەحمەد

 

فرجینیا وۆڵف (1882-1941)، یەكێكە لەهەرە بەناوبانگترین خانمە ڕۆماننووسەكانی سەدەی بیستەم. لەپاڵ بەرهەم و تێكستە ئەدەبیەكانیدا، ئەوەی زیاتر بۆ خوێنەران جێ‌ سەرنج و مایەی تێڕامانە، ژیان و گوزەرانیەتی.

هەر ئەوەش وایكردووە تاهەنووكە وتار و كتێب و لێكۆڵینەوەی بەردەوام لەسەر ژیانی بنوسرێت و لەبواری هونەری حەوتەمیشدا، سەربووردەی ژیان و خۆكوشتنەكەشی بكرێتە فیلم.

فرجینیا وۆڵف، خانمێكی نیگەران و ڕەش بین و نائارام بووە. لەدەستدانی دایكی لەتەمەنی سیانزە ساڵی و پاشان مردنی دوو خوشكی و دەستدرێژی كردنە سەری لەلایەن زڕ برایەكیەوە، ژیانی وێران دەكەن و گوزەرانی لێ تێك دەدەن. ئەمانە وادەكەن لەتەمەنی 22 ساڵیدا هەوڵێكی خۆكوشتنی شكست خواردوو بدات، بەخۆهەڵدانە خوارەوە لەپەنجەرەی ماڵەكەیانەوە.

ڕاستە ئەو هەوڵەی سەركەوتوونابێت و گیان لەدەست نادات، بەڵام كەڵكەڵەی خۆكوشتن بەرۆكی بەرنادات و لەمێشكی دەرناچێت.

دوای بێ‌ ئومێدبوون لەهەموو شتێك و بینینەوەی خۆی وەك كارەكتەرێكی شكست خواردوو لەشەڕی ژیاندا، خۆكوشتن بەباشترین چارەسەرێك دەبینێت. هەربۆیە لەتەمەنی پەنجا و نۆ ساڵی و لەبەرواری 28-3-1941، دوای ئەوەی پاڵتۆكەی لەبەردەكات و گیرفانەكانی بەبەرد دەئاخنێت، لەنزیك ماڵی خۆیانەوە خۆی فڕێ‌ دەداتە ڕووباری (ئۆس) و كۆتایی بەژیانی دێنێت.

دوای سێ هەفتە گەڕان و سۆراخکردنی ، لە 18-4-1941 تەرمەكەی دەدۆزرێتەوە. ڕووداوی خۆكوشتنەكەی كراوەتە فیلم و فیلمەکەش بەناوی (كاتژمێرەكان -  (thehours ەوەیەو نیكۆڵ كیدمان ڕۆڵی دەگێڕێت.

شایەنی باسە بەر لەوەی خۆی بکوژێت، نامەیەك بۆ لیۆناردۆی هاوسەری دەنێرێت و ماڵئاوایی لێدەكات.

ئەمەش دەقی نامەكەیە:

 

ئازیزەکەم

 

من دڵنیام لەوەی، سەرلەنوێ‌ دەگەڕێمەوە ئامێزی شێتیەتی و پێموانیە بتوانین جارێكی دی، بارودۆخێكی وەها بگوزەرێنین. ئەمجارەیان چاك نابمەوە. گوێ‌ بیستی دەنگگەلێكی زۆر دەبم لەمێشكمداو حەوسەڵەم نەماوە. هەر بۆیە كارێك دەكەم، كەبۆ هەردووكمان بەسوودبێت.

تۆ گەورەترین بەختەوەریت پێ‌ بەخشیم. لەو بڕوایەدانیم، كەس وەك من و تۆ هەستی بەو بەختەوەریە کردبێت، تا ئەوكاتەی توشی ئەم دەردە كوشندەیە بووم. ئیتر توانام نەماوەو بەرگە ناگرم.

دەزانم من ژیانت لێ‌ تێك دەدەم و گەر بێ‌ من بیت، ئەوا ژیانێكی باشترت دەبێت. من لەوە دڵنیام. سەیركە تەنانەت توانای خوێندنەوەشم نەماوەو ناتوانم ئەم نامەیەشت بەباشی بۆ بنووسم. من هەموو شت لەدەست دەدەم.

ئەوەی مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە: (هەموو ئەو خۆشی و بەختەوەریەی لەژیانمدا دەسگیرم بوو، قەرزارباری تۆم. تۆ زۆر پشوو درێژ بوویت لەگەڵمداو بێ‌ حەد، باش و میهرەبان بوویت. دەمەوێت پێتی بڵێم و- هەمووانیش ئەوەدەزانن- گەر كەسێك هەبێت بتوانێت قوتارم بكات، ئەوا ئەو كەسە تۆیت. هەمووشتێكم لەدەست داوە، جگە لەبڕوا بوون بەچاكی تۆ. نامەوێت لێرە بەدوا لەسەر تێكدانی ژیانت بەردەوام بم. ئیتر بەسە.. بڕوا ناكەم دوو كەس هەبێت، وەك من و تۆ بەختەوەر بووبن).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار