پاکۆ دە لوسییا". من دەمویست بە واتایەکى تر موزیک لە کەلەپچەکانی ڕزگار بکەم!
6 ساڵ لەمەوپێش
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: سامان کەریم
پاکۆ دە لوسییا، یەکێکە لە بەناوبانگترین گیتار ژەنەکانی دنیا، بە تایبەتی لە ستایلی فلامێنکۆدا. ناوی ڕاستەقینەی(فرانسیسکۆ سانچێس گۆمێز)ە، لە بەرواری ٢١ی کانونی یەکەمی ١٩٤٧دا " لە باشوری ئەندەلوس، لە شارۆچکەی "ئەلگیسیریاس"ی نزیک شاری "کادیز" لە دایک بووە. ههرزوو لە بواری هونەری موزیکدا وەک ئەستێرەیەکی دنیا ناسرا. وەک خۆشەویستییەک بۆ دایکی، پاشناوی خۆی گۆڕی بە "لوسییا" کە ناوی دایکی بوو. خاوەنی ٢٦ ئەلبوومە و لە دنیای هونەری موزیکدا وەک ئەفسانەیەک ناسراوە و خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە. لە ١٤ی شوباتی ساڵی ٢٠١٤دا و لە تەمەنی 66 ساڵیدا، کاتێک لەگەڵ منداڵەکانیدا لە کەنار دەریا یاری دەکرد، بە جەڵدەی دڵ کۆچی دوایی کرد. ئهم دیدارهى بۆ یهکێک له گۆڤارهکان ئهنجامداوهو له بهرگرنگى دیدارهکه بهباشمانزانى لیرهدا بڵاویبکهینهوه.
*هەستێکى چۆنە، کە لە دنیادا وەک ئەفسانەیەکى زیندوو قبوڵ کراون؟
- زۆر سوپاستان دەکەم، کە بەم شێوەیە لە من دەڕوانن، ئەمڕۆ کاتێک تەماشا دەکەم هەموو هەڵ و کارەکانم بە سەرکەوتوویى ئامانجى خویان پێکاوە، ئەمە شتێکی تایبەتە و مایەی دڵخۆشییە بۆ من، ئەوەی ویستوومە بیکەم ئەوەیە، کە بتوانم فلامینکۆی میللى بگوێزمەوە بو دنیاى مۆدێرن. ئێستا دەبینم فلامێنکو لە ناو موزیکى مۆدێرندا شوێنێکى بۆ خۆى کردۆتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێت. ئیتر فلامێنکۆ لەو قاڵبە دەرچوو، کە نماییشێک بێت بۆ گەشتیار، یان موزیکێک بێت لە ناو مۆزەخانەکاندا مابێتەوە و بیرچووبێتەوە. ئێستا فلامێنکۆ سەرلەنوێ لە ژیاندایە.
*ئێوە چۆن موزیکەکەی خۆتان دەناسێنن؟
- من ژەنیارێکی گیتاری فلامێنکۆم، بەو شێوەیەش دەمێنمەوە. هەرچەندە لەگەڵ موزیسیانی بەتوانای ستایلەکانی (جاز و پۆپ و ستایلى تر......)کارم کردووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش خۆم وەک ژەنیارێکی گیتاری فلامێنکۆ دەبینم. ڕاستە زۆر سوودم لە ستایلەکانی تر وەر گرتووە بۆ (ئیرتیجالییەت)و زۆر شت فێر بووم، بەڵام هەرگیز ناڵێم من گیتارژەنی ستایلی (جاز)م .
*لە تەمەنی منداڵییەوە دەستان کردووە بە ژەنینی ئامێری گیتار، ئەمە مەرجە بۆ ئەوەی کەسێک بییەوێت ببێت بە ژەنیارێکی باش و سەرکەوتوو؟
- نازانم مەرجە یاخود مەرج نییە، بەڵام گیتارژەنی باش و سەرکەوتوو دەناسم کە زۆر لە من درەنگتر دەستیان کردووە بە ژەنین، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا، کە پێویستە زۆر هەوڵ بدەیت بۆ ئەوەی ببیت بە ژەنیارێکی سەرکەوتوو، چەندە لە تەمەنێکی کەمیشدا دەست بکەیت بە ژەنین، ئەو کات هێندە سەرکەوتووتر دەبیت.
* ئێوە کەسێکی گرنگن چونکە فلامێنکۆتان هێناوەتە ئاستى موزیکى جاز و کلاسیک!! دەتوانین بڵێین ئێوە فلامێنکۆی خۆتان دەژەنن؟
- کاتێک لەگەڵ چەند گروپێکی فلامێنکۆدا چەند ئامێرێکی نوێم بەکارهێنا، هەندێک پروپاگەندەیان بۆ دەکردم و بە خائین ناویان دەبردم، سەرەڕای ئەوەی، کە من دەمویست بە واتایەکى تر موزیک لە کەلەپچەکانی ڕزگار بکەم. ناڵێم فلامینکۆی من و ئەمە ڕاستیش نییە، "دڵ و ئاوێتەبوون و هەست" لەناو موزیکی مندا وەک یەکن، تەنها بۆ ئەوەی دەرببڕم ڕێگای تر بەکار دەهێنم.
*ڕۆژانە گوێ لە چ موزیسیانێک دەگرن و ئارەزووتان لە کێیە؟ ژەنیارێک هەیە، کە بە تایبەتی ئارەزوو بکەیت گوێی لێ بگریت؟
- لەبەر ئەوەی ژەنیاری گەنج لە ناو گروپەکەمدایە گوێم لە موزیکی نوێ دەبێت و هەموویان بە گوێرەی خۆیان پرۆژەی جیاوازیان هەیە و زۆر گوێیان لێ دەگرم.
* لەگەڵ موزسیانی بە ناوبانگی وەک(Chick Chorea,John Mclaughlin,Larry Coryell) کارتان کردووە و زۆر بە جوانی باس لەم کارانەتان دەکرێت، ئەگەر بتانویستایە لەگەڵ ئەستێرەیەکی ستایلی پۆپدا کار بکەن، کێتان هەڵدەبژارد؟
- پێدەچێت(sting) لە ڕاستیدا وەڵامی ئەم پرسیارە نازانم چونکە کەمێک پەیوەندی بە پرۆژەکەوە هەیە، سەرەتا دەبێت پرۆژەکەم بە دڵ بێت.
*ڕۆژانە جگە لە موزیک ئارەزووی لەچی دەکەن؟
- ئەگەر پێویست بکات بەڕاستی وەڵامت بدەمەوە دەتوانم بڵێم، کە ئیستا چێژێکی زۆر لە ژیان دەبینم. ئیتر تەمەنم چووتە ناو شەست ساڵییەوە، ئەو کاتە دڵخۆش دەبم، کە بتوانم لەگەڵ خێزانەکەمدا کات بەسەر بەرم. تاکو ئێستاش زۆر گەشت دەکەم و تا بتوانم خێزانەکەم لەگەڵ خۆمدا دەبەم. لە وەرزی هاویناندا زۆربەی کاتەکانم لە مەکسیک بەسەر دەبەم. کاتێک گەشت دەکەم بۆ وڵاتان زیاتر کات جیادەکەمەوە بۆ ناسین و تێگەیشتنی ئەو وڵاتەی کە بۆی دەچم و هەروەها لە نێوان کۆنسێرتەکانمدا کات جیادەکەمەوە بۆ بینینی مۆزەخانەکان و شوێنی جیاواز.
* یەکەم ئەلبومتان، کە لە ساڵی ١٩٧٣دا بە ناوی(Fuente y Caudal) بڵاوکرایەوە، پارچە موزیکی( Entre dos Aguas)ناوبانگێکی زۆری بەدەست هێنا، لەم دواییانەشدا ئەو پارچە موزیکە لە فیلمى(Vicky Barcelona Cristina )دا سەرلە نوێ ناوی دەرکردەوە، دەتوانن بڵێن ئەم پارچە موزیکە لە ژیانی(پاکۆ) دا گەورەترین پارچە موزیکە؟
- لەڕاستیدا بەڵێ... تا ئێستاش لەگەڵ گروپەکەمدا ئەو پارچە موزیکە دەژەنم و زۆر ئارەزووی لێ دەکەم، هەروەها ئارەزوو لەوە دەکەم، کە هەموو پارچەکانی ترم بەشێوەیەکی نوێ بژەنم، ئەگەر هەموو پارچە موزیکەکانم وەک خۆیان نۆتەبەنۆتە دووبارە بژەنیایەتەوە، ئەوکات کەمێک بێ چێژ دەبوو.