به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی مرۆڤ لای مه‌سعود محه‌مه‌د
6 ساڵ لەمەوپێش
هیوا عه‌ساف
به‌گشتی زاراوه‌ی (به‌رژه‌وه‌ندیخواز) واتایه‌كی نه‌رێنی (نێگه‌تیڤ)ی هه‌یه له كۆمه‌ڵگادا. چه‌مكێكی فراوانی هه‌یه و زۆر چه‌مكی تری وه‌ك چاوچنۆكی و خۆپه‌سندی و پاره‌په‌رستی ... هتد، داده‌پۆشێت. به‌ڵام ئایا دروسته وشه‌كه ئه‌و چه‌مكه‌ی هه‌بێت؟ ئایا هیچ كار و هه‌ڵوێستێكی مرۆڤ هه‌یه نه‌چێته خانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیخوازییه‌وه؟ ئایا به‌رژه‌وه‌ندیخوازی، نائاسایی و ناپه‌سنده؟ ئایا خواپه‌رستی و خۆبه‌ختكردن و قوربانیدان به‌رژه‌وه‌ندییان تێدایه؟ به‌رژه‌وه‌ندی بریتییه له دڵنیایی له به‌ده‌ستهێنانی قازانج و خۆشی و دوورخستنه‌وه‌ی زیان و ناخۆشیی ڕووحی و جه‌سته‌یی بۆ زۆرترین ماوه له ئێستا و داهاتوودا. یان بریتییه له‌و تایبه‌تمه‌ندییه‌ی كه له هه‌ر بابه‌تێكدا هه‌یه و ده‌بێته هۆی خولقاندنی هه‌ر سوودێك یان تایبه‌تمه‌ندییه‌ك یان تام و چێژێك، یان چاكه‌یه‌ك یان به‌خته‌وه‌رییه‌ك. هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌گرێته‌وه كه ڕێگربن بۆ ڕووداوێكی خراپ یان ئێش و ئازارێك یان به‌دبه‌ختییه‌ك. نوسه‌ری ناوداری كورد (مه‌سعود محه‌مه‌د) ده‌ڵێت: ((مرۆڤ له هه‌موو حاڵ و باراندا ... مه‌خلوقێكی زاتییه))1. هه‌ر ئه‌و (خود – زات)هش له مرۆڤدا ((وێنه و شه‌به‌نگ و واتا و نرخ و سوود و زیانی جیهانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی پێدا تێده‌په‌ڕێت و به‌جۆرێك له جۆران هه‌ڵده‌سه‌نگێنرێت و بڕیای بۆ ده‌رده‌چێت))2. بڕیاریش به‌جۆرێكه كه ((مرۆڤ به‌رژه‌وه‌ندیی له چدابێت، ئه‌وه ده‌كات، ئیتر ڕه‌نگه به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه مادی بێت یان مه‌عنه‌وی))3. له‌مه‌شدا مرۆڤ به‌گوێره‌ی بۆچوون و بڕیاری عه‌قڵی خۆی كار و هه‌ڵوێسته‌كانی به سوودمه‌ند بۆ خۆی ده‌زانێت، ئه‌گینا، له‌وانه‌یه ئه‌و كار و هه‌ڵوێسته‌ی ((به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی مه‌وهوم و درۆزن بێت، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌یه مرۆڤ شتێك به به‌رژه‌وه‌ندی بزانێت و بیكات، كه‌چی گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی ژیانی بێت))4. كه‌واته به بڕیاری (خود-زات) و به هۆی غه‌ریزه‌ی (خۆخۆشویستن)ه‌وه مرۆڤ ده‌ست به بهرژهوهندییهكانییهوه ده‌گرێت. مه‌به‌ست له‌و غه‌ریزه‌یه‌ش خۆشویستنی خۆشی و به‌خته‌وه‌رییه‌كانی خود و ڕقلێبوونه‌وه‌ی ئێش و ئازار و كڵۆڵییه بۆ خود. مرۆڤ هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ ئه‌وه‌یه، زۆرترین ماوه له دۆخێكی پڕ له ئارامی و دڵنیایی بێت. واته ((ئه‌و واقعه سروشتییه ڕاسته‌قینه‌یه‌ی، له پشت ژیانی مرۆڤه‌وه خۆی مه‌ڵاسداوه و به ویستی خۆی ئاراسته‌ی ده‌كات، خۆخۆشویستنه))5. مرۆڤه‌كان به ڕێگه‌ی جیاواز و به شتی جیاواز ده‌گه‌ن به‌و دڵنیایی و ئارامییه و، خۆشی و ئارامی له بارودۆخی جیاواز له یه‌كتردا ده‌بینن و له پێناویدا خۆیان ده‌خه‌نه هه‌ڵوێست و بارودۆخی جیاوازه‌وه. ئه‌و بارودرۆخه جیاوازانه‌ش به لای هه‌ر یه‌كێكیانه‌وه بریتییه له باشترین هه‌ڵوێست و ڕێگا بۆ گه‌یشتن به‌و به‌خته‌وه‌رییه. واته هه‌ر مرۆڤێك به‌رژه‌وه‌ندی خۆی له شتێك‌دا ده‌بینێت. ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێستی كه‌سێك به لای خه‌ڵكه‌وه به‌رژه‌وه‌ندیی تاكه‌كه‌ی تێدا نه‌بێت، به‌ڵام به‌لای خاوه‌نی ههڵوێستهكهوه، دۆخه‌كه‌ی باشترین كاره، كه ده‌یكات و به‌هۆشییه‌وه هه‌ست به ئارامی ده‌كات (ئێستا)، یان به ئارامیی ده‌گه‌یه‌نێت (داهاتوو).
به‌گشتی، ده‌توانرێت ڕه‌فتاری مرۆڤ له ژێر ڕۆشنایی غه‌ریزه‌ی خۆپهسندییهوه شیبكرێته‌وه، به‌وه‌ی، كه مرۆڤ ئاره‌زووی چێژوه‌رگرتن ده‌كات له لایه‌نی جه‌سته‌یی (وه‌ك: خواردن، سێكس، یاری ...) و ڕووحییه‌وه (وه‌ك: چێژوه‌رگرتن له ڕه‌وشتی جوان، سۆزداری، خواپه‌رستی ...). بۆیه ده‌كرێت دوو جۆری به‌رژه‌وه‌ندی لێك جیابكه‌ینه‌وه، كه (به‌رژه‌وه‌ندی مادی) و (به‌ژه‌وه‌ندی ڕووحی)یه. جۆری یه‌كه‌میان له ماڵ و سه‌روه‌ت و چێژ و خۆشییی جه‌سته‌ییدایه. هه‌رچی به‌رژه‌وه‌ندیی ڕووحییه له دڵنیایی و ئارامی ده‌رووندایه. ئه‌و جۆره كارانه‌ی له پێناوی ئه‌م جۆره به‌رژه‌وه‌ندییه‌دا ده‌كرێن، زۆر جار به ڕواڵه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی مادییان تێدانییه، به‌ڵام خاوه‌ن كار و هه‌ڵوێست، ئه‌و جۆره دڵنیاییه‌ی پێ په‌سندتره له به‌رژه‌وه‌ندیی مادی و به‌و كاره‌ی، ئه‌گه‌رچی جه‌سته‌ی ماندووبێت و دواتر قازانجی مادی ده‌ستنه‌كه‌وێت، یان خه‌رجیی بوێت و بۆی نه‌گه‌ڕێته‌وه، دڵنیایی و ئارامی به‌ده‌ستده‌هێنێت له ڕێگای ئارامبوونی ویژدانی یان نرخپێدانی كۆمه‌ڵگا یان ڕه‌زامه‌ندیی گه‌وره‌كه‌ی یان پهرستراوهكهی. پاڵنه‌ری ئه‌مانه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی، یان خۆخۆشوستنه، بۆ نموونه له ئاینداریدا ئه‌و كاره‌ی ((كه ده‌بێته هۆی ڕه‌زامه‌ندیی خوای گه‌وره ... ده‌چێته ڕیزی به‌رژه‌وه‌ندیی كه‌سایه‌تیی مرۆڤه‌وه، مادام ... باشترین پاداشتی پێ ده‌درێته‌وه))6. واته به‌رژه‌وه‌ندیخوازیی مرۆڤ ته‌نیا له‌و كردارانه‌دا نابینرێت كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی سوودی مادین، به‌ڵكو له‌و كردارانهشدا ڕه‌نگده‌داته‌وه، كه ((ده‌چنه خانه‌ی ڕه‌وشته‌وه و له خزمه‌تی بههاكاندان، چونكه سه‌ره‌نجام بۆ گه‌یشتنه به فه‌زیله‌ت))7.
هه‌ر به‌هۆی غه‌ریزه‌ی (خۆخۆشویستن)ه‌وه‌یه، مرۆڤ ئه‌و جۆره كارانه ئه‌نجامده‌دات، كه به (له‌خۆبوردن) ناوده‌برێت، كه خاوه‌ن هه‌ڵوێست به ڕواڵه‌ت به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی تر ده‌خاته پێش به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیه‌وه، یان له پێناوی هه‌ندێك به‌ها و بیروباوه‌ڕدا خۆی بهختدهكات، چونكه ((هیچ كه‌س ئه‌و كاره ناكات، ئه‌گه‌ر هه‌ست به چێژ و خۆشییه‌كی تایبه‌تی نه‌كات، یان وا هه‌ست نه‌كات، كه قازانجی زیاتره له‌و زیانه‌ی لێی ده‌كه‌وێت))8، وه‌ك: كاری خۆفیداكردن بۆ مرۆڤ یان نیشتیمان یان له پێناوی بیروباوه‌ڕدا، یارمه‌تیدانی خه‌ڵك، عیبادهت و خۆگرتنه‌وه له دونیا ...هتد. له‌مباره‌یه‌وه فه‌یله‌سوفی سوودگه‌رایی (جۆن ستیوارت میل)ی ئینگلیز ده‌ڵێت: "خۆشبه‌ختیی خۆمان ته‌نیا له ڕێگای هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی خۆشبه‌ختی خه‌ڵكی تره‌وه به‌ده‌ستده‌هێنین"
مرۆڤ دوای له‌دایكبوونی ده‌بێته ئه‌ندامی خێزانێك(عائیله)، ئه‌وه‌ش هه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خیزانهكهیه، چونكه ((خۆشبه‌ختیی زیاتر به‌هۆی بوونی هاوبهشییهوهیه))9. هه‌م بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی منداڵه‌كه‌یه، چونكه خێزان چاودێریی پێویست بۆ منداڵه‌كانی فه‌راهه‌م ده‌كات و مافه‌كانیان ده‌پارێزێت. پاشان ئه‌و تاكه ده‌بێته ئه‌ندامێكی كۆمه‌ڵگا و نه‌ته‌وه‌یه‌ك و په‌یوه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌به‌ستێت له ناو كۆمه‌ڵدا، ئه‌مه‌ش بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولا، چونكه تاكه‌كه‌س و گرووپه‌كان بۆ فه‌راهه‌مكردن و تێركردنی پێویستییه سایكۆلۆژییه‌كان، په‌ره به په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌ده‌ن و خه‌سڵه‌تی به‌رده‌وامییان پێ ده‌به‌خشن. فاكته‌ری گرنگی كۆكردنه‌وه‌ی تاك، ئاره‌زووی تاكه‌كه‌سی و به‌رژه‌وه‌ندی و ئامانجی هاوبه‌شه، په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیش له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه‌یه10. دواتر مرۆڤ به له‌به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له كۆمه‌ڵگادا ده‌بێته خاوه‌نی هه‌ڵوێست و ڕه‌فتار و كار و هه‌وڵی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆی ده‌دات. كه‌واته مرۆڤ بوونهورێكی به‌رژه‌وه‌ندیخوازه و له هه‌موو قۆناغه‌كانی ژیانیدا و هه‌موو هه‌ڵوێسته‌كانی له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندییدایه. ئه‌مه‌ش چاوچنۆكی و غه‌ریزه‌یه‌كی ئاژه‌ڵی نییه له مرۆڤدا، به‌ڵكو به بڕیاری (خود- زات)ی مرۆڤه و مرۆڤبوون ده‌سه‌لمێنێت، هه‌روه‌ك (مه‌سعود محه‌مه‌د) خۆی ده‌ڵێت: مرۆڤ ((مه‌خلوقێكی زاتییه، هه‌ر ئه‌و خه‌سڵه‌ته‌ش، كه زاده‌ی هۆشیه‌تی، ... جودای ده‌كاته‌وه له گیانله‌به‌رانی دیكه))11. هه‌روه‌ها ((ئه‌م مامڵهتهی كه به‌رژه‌وه‌ند به مرۆڤی ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا، به‌ڵگه‌ی (عه‌بدایه‌تی)12 مرۆڤه‌كه نییه، به‌پێچه‌وانه‌وه، هی ژیری و زانین و ههستكردنیهتی))13.
---------------------------------------
په‌راوێزه‌كان:
- مه‌سعود محه‌مه‌د، مرۆڤ و ده‌روبه‌ر، به‌شی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، هه‌ولێر، 2010، لا55.
- هه‌مان سه‌رچاوه، لا63.
- هه‌مان سه‌رچاوه، لا32.
- هه‌مان سه‌رچاوه، 62.
- سید محمد باقر الصدر،مرۆڤی ئێستا و كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌زگای نشر توحید، چاپخانه‌ی (رخ)، چاپی سێیه‌م، 1992، لا93.
- هه‌مان سه‌رچاوه، لا110-111.
- عه‌لی شه‌ریعه‌تی، مرۆڤ، و: موسعه‌ب ئه‌دهه‌م، چاپی یه‌كه‌م، ناوه‌ندی چاپ و بڵاوكراوه‌ی سایه، سلێمانی، 2011، لا201.
- سید محمد باقر الصدر..، لا94.
- وێڵ دۆرانت، به‌سه‌رهاتی فه‌لسه‌فه (سوقرات، ئه‌فلاتوون، ئه‌رستۆ)، و: عوسمان ئه‌حمه‌د، چاپخانه‌ی چوارچرا، سلێمانی، ؟، لا164.
- مليحة عوني القصير و صبيح عبدالمنعم احمد, سۆسۆلۆژیای خێزان، و: صابر بكر بۆكانی، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی داناز، 2002، لا13-15.
- مه‌سعود محه‌مه‌د، مرۆڤ و ده‌روبه‌ر، لا55.
- مه‌به‌ست به‌ندایه‌تییه بۆ ماده و ملكه‌چبوونی و په‌رستنیه‌تی.
- مه‌سعود محه‌مه‌د، مرۆڤ و ده‌روبه‌ر، لا84.