کورته چیرۆک . هەموو دارێک تەورێک لە قەدی پەروەردە دەکات
6 ساڵ لەمەوپێش
وەفاء ئەلحەربی
له عهرهبیهوه: شێرزاد هەینی
دایکم هاوار دەکات، پێنججار لەسەر یەک بەگریانەوە دەڵێت "نا". بەڵام براکەم مردنی باوکم بەدەرفەت دەزانێت و قبووڵ ناکات گوێ لە "نا"کەی دایکم بگریت، لاسارانە داوا لە داربڕەکان دەکات دارەکە ببڕنەوە.
داپیرە پەککەوتووەکەم گوێی لە قیژەی من و گریانی خوشکم و نوزەی منداڵەکەی سەری لە دەرگاکە دەرهێنابوو، دەبێت. دەزانێت شتێکی ناڕەوا لەو ماڵە روودەدات. براکەم، پێنج دەست و تەوری بۆ بڕینەوەی دارەکە هێنابوو. من خۆم بە قەدی دارەکەوە کردبوو، تا نەیبڕنەوە. ئەو بەتوندی یەخەی گرتم و دووری خستمەوە و دەرگای لەسەر داخستم. دایکم دەقیژێنێت، وادەزانێت تەورەکە بەر سینگی ئەو دەکەوێت. داپیرم، بە نووکی گۆپاڵەکەی لە شووشەی پەنجەرەکەی دەدا. لەودەمانەش خواردنەکە، لەسەر ئاگر بڵقەبڵقی بوو. منیش بۆ هانا و یارمەتییەکە خۆم دەرباز دەکەم و دەردەچم.
لەبەر تەوژمی گەرمای نیوەڕۆەکە، تیشکی گەرمی هەتاوەکە، وەک گۆشتی برژاو گەیشتمە بەر دەرگای ماڵی مەلای مزگەوتەکە. ماندوو و تەنگاو دوو وشەم پێ نەگوترا و بورامەوە. لەگەڵ بانگی ئێوارە بەئاگاهاتمەوە، هەڵسامەوە، دڵتەنگ و نائومێد بەخشەخش چوومەوە ماڵەوە و دڵنیابووم دارەکەیان بڕیوەتەوە. لەدوورەوە بینیم، لەبەر چڕە دووکەڵێکی زۆر ماڵەکەمان دیار نییە! گوتم رەنگە دارەکەیان سووتاندبێت، دووکەڵەکە ئەوەیە. ئیتر من بەراکردن، گەیشتمە بەردەرگاکە ماڵەوەمان، لەناو دووکەڵەکە هیچم لێوە دیار نەبوو، چاو چاوی نەدەبینی. پێش سێ سەعات، من بۆ بەهاناهاتن و یارمەتییەک چووبوومە دەرەوە، کە گەڕامەوە بینم دار و ماڵەکەمان سووتاون و بوون بە خۆڵەمێش.
سووتانەکە بەو شێوەیە بووە، سەرەتا دایکم بەدیار خەم و گریان و نوزانەوە، ئاگای لە خۆی نەبووە، خواردنی سەر ئاگرەکە سووتابوو. خوشکم لەداخی نەمانی جۆلانەکەی دەنوزێتەوە و دەسووتێت. داپیرم لە داخی نەمانی سێبەر و خۆڵی ژێردارەکە، باخی گوندەکەی بەبیردەهێنایەوە دەگرێیت و دەسووتێت.
بەڵام من، دەزانم دایکم کە دەزانێت بە کوڕێک دووگیانە، ئەو دارە لەناو حەوشەکە دەڕوێنێت و ناوی دەنێت "داری خێزان"، ئیتر ئێمە دەربەدەر دەبین، لقمان دەبڕێتەوە و دەبینە خۆڵەمێش.
کە دایکم دارەکە دەڕوێنێت، نازانیت هەموو دارێک تەورێک لەناو قەدی پەروەردە دەکات. ئیتر لە داری خێزانەکە، ئێستا تەنیا لقە شکاوەکەی بەر بای لێ ماوەتەوە، کە بووە بە کۆتەرە و پاردە بۆ دیوارە لارەکەی مزگەوت، تا نۆژەن دەکرێتەوە. پاش مردنی باوکم، وامدەزانی لقە شکاوەکە ئەو بوو، بەڵام دەرچوو، ئەو نەبوو، من بووم.
_ ئەو ژنە چیرۆکنووسە سەعودیە، بەناوی غولبهار مهشید دوو کتێبی "حبە بندق تنمو فی راسی و احتراق الرغیف" ئەلکترونی هەیە، لە تویتەر و فیسبوک ناسراوە، نووسینە کورتەکانی باڵکێشن! چیرۆکەکە لە رۆژنامەی ئەلحیاتی لەندەنی ٢٥ی ئابی ٢٠١٤ بڵاوکراوەتەوە.