عێراق دەبێتە قوربانی ئابڵوقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران
6 ساڵ لەمەوپێش
فۆرین پۆلیسی – ھاوڵاتی
دوای چەندین ساڵ لە جەنگ و ئابڵۆقە، لە ئێستادا عێراق وردەوردە بەرەو قۆناغی دوای جەنگ ھەنگاو دەنێت، بەڵام ھیچ دڵنیاییەک لە ئارادا نیە کە ئاشتی و سەقامگیری و گەشەی ئابوری بەردەوامبێت. ھەر فشارێکی زیادە دروستببێت دەکرێت ببێتە ھۆی تێکچونی سەقامگیریە لەقەکەی عێراق و گێڕاندنەوەی بۆ دۆخی جەنگ، لە کاتێکی زۆر ھەستیاردا کە ھێشتا عێراق پێویستی بە ھاوکاری نێودەوڵەتی ھەیە.
کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا و دووبارە سەپاندەوەی ئابڵۆقەکان بەسەر ئەو وڵاتەدا ڕەنگە ئەو فشارەبێت کە سەقامگیری عێراق تێکبدات.
ئابڵۆقەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران تەنھا کاریگەری لەسەر بازرگانی نێوان ئەمریکا و ئێران دروستنەکردوە بەڵکوو درێژەی کێشاوە بۆ پەیوەندیە بازرگانیەکانی ھەموو ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران.
عێراق یەکێکە لەو ھاوپەیمانانەی ئەمریکا کە لە نێوان جەنگی ئابوری ئێران و ئەمریکادا گیری خواردووە. ئەمریکا ماوەی ٤٥ ڕۆژ مۆڵەتی داوەتە عێراق تا جموجۆڵە بازرگانیەکانی لەگەڵ ئێراندا ڕابگرێت، ئەم ماوەیەش زۆر کەمە زۆر زەحمەتە عێراق بتوانێت لە ماوەیەکی ھێندە کورتدا پەیوەندیەکی لە مێژساڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێراندا ڕابگرێت.
عێراق ھەرچەندە وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە نەوت، ھێشتا پشت بە ئێران دەبەستێت بۆ دابینکردنی گاز بۆ بەرھەمھێنانی وزە لە عێراق، ئێستا و پێش بڕینی ئەو ھاوردەی گازەش لە ئێرانەوە ھێشتا عێراق کێشەی دابینکردنی کارەبای ھەیە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ھەموو گەندەڵی و ڕۆتینەی لە حکومەتی عێراقدا بوونی ھەیە، جێگرتنەوەی ئەو گازە سروشتیەی ئێران ھەناردەی عێراقی دەکات بۆ وەبەرھێنانی کارەبا لەو ماوە کورتەدا کە ئەمریکا دایناوە زۆر ئەستەمە، بە تایبەتیش لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستان و زیادبوونی خواست لەسەر کارەبا. ھەرچەندە ئەمریکا فشاری خستوەتە سەر سعودیە کە لە جێی ئێران گازی سروشتی ھەناردەی عێراق بکات، بەڵام ڕێکەوتنێکی لەو جۆرە چەند مانگێکی دەوێت تا جێبەجێ دەکرێت. لە کاتێکدا کە عێراق لە توانایدا نیە کارەبا بۆ گەلەکەی دابینبکات بێ ھاوردەی ئێران و وەرزی سەرما بەڕێوەیە، وەستاندنی بازرگانی ئێران و عێراق و دابیننەکردنی جێگرەوەیەکی وەبەرھێنانی وزە بۆ عێراق دەبێتە ھۆی چەرمەسەری بۆ گەلی عێراق لە مانگە ساردەکانی زستاندا، کەمتربوونەوەی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکانیش فشارێکی زیاتر دەخاتە سەر سەقامگیریە لەقەکەی عێراق و گەلەکەی توڕەتر دەکات کە بەم نزیکانە لە بەسڕەوە ڕژانە سەر شەقام لەبەر کەمی خزمەتگوزاری.
ساڵانە بازرگانی بە بەھای ١٢ ملیار دۆلار لە نێوان ئێران و عێراقدا بەڕێوەدەچێت و بەرپرسە عێراقیەکان سورن لەسەر ھەوڵەکانیان بۆ بەردەوامی ئەم بازرگانیە. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق چەندبارە ڕایگەیاندوە کە "ھەبوونی پەیوەندی سەقامگیر لەگەڵ ئێراندا گرنگیەکی ئەوتۆی ھەیە".
لەبەر ھەژمووی بەھێزی ئێران بەسەر حیزبەکانی عێراقەوە و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی ھێزەکانی حەشدی شەعبی، گەر پەیوەندیە ئابوریەکان نێوان ھەر دوو وڵات تێکبچێت مەترسی ئەوە ھەیە کە ئێران ھەوڵی تێکدانی سەقامگیری عێراق بدات.
سەرەڕای فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی مامەڵەی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراقدا، ھەردوو وڵات سورن لەسەر بەردەوامیی پەیوەندیەکانیان. ئەمەش بە زەقی بینرا کاتێک حەسەن ڕۆحانیی سەرۆکی ئێران لە ڕێگای شاندی وڵاتەکەی لە پێشانگای نێودەوڵەتی بەغدادا مانگی پێشوو ویستی وڵاتەکەی ڕاگەیاند بۆ زیادکردنی مامەڵەی بازرگانی لە ١٢ ملیار دۆلارەوە بۆ ٢٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا لەگەڵ عێراقدا.
ئێران بازاڕەکانی عێراقی پڕکردوە بە بەرھەمی ھەرزانبەھا و بەردەست، بۆ نمونە زۆرینەی تەکسیەکانی عێراق ئێستا (سایپا)ی ئێرانین. لە بارودۆخێکی ئەوھادا، واقیعی نیە کە عێراقیەکان ئامادەبن بازرگانیەکی لەم چەشنە لەگەڵ ئێراندا ڕابگرن.
ئەم پەیوەندیە بەھێزەی ئێران و عێراق و ھەبوونی سنورێکی کراوە لە نێوان ھەردوو وڵاتدا وا دەکات کە گەر بڕیاری فەرمیش بدرێت بۆ ڕاگرتنی جموجۆڵی بازرگانی، بازاڕی ڕەش و قاچاخ بەردەوام دەبێت بە تایبەتیش مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکیەوە.
ھاوکات، ھەردوو وڵات ھەوڵیان داوە کە ڕێگای جێگرەوە بدۆزنەوە جگە لە مامەڵەکردن بە دۆلارەوە کە ئابڵۆقەی لەسەرە، لە ئێستادا بیرۆکەی گۆڕینەوەی گازی سروشتی بە خواردن و شت و مەک لە ئارادایە کە بە ھۆی ئابڵۆقەکانەوە کورتی ھێناوە لە ئێراندا.
لە ڕێگەی سەرکەوتنەکانی حەشدی شەعبی و چەندین میدیای عێراقەوە کە لە لایەن ئێرانیەکانەوە سپۆنسەر دەکرێن، ئێران توانیوەتی شەعبیەتی خۆی لە عێراق بھێڵێتەوە. (قاسم سولەیمانی) فەرماندەی ھێزەکانی قودس بە بەردەوام دەبینرا لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی داعشدا و وەک پلانداڕێژەری گرتنەوەی کەرکوک لە لایەن ھێزە عێراقیەکانەوە و گەڕاندنەوەی بۆ ژێر کۆنترۆڵی بەغداد دادەندرێت. گەر فشار لە بەرپرسە عێراقیەکان بکرێت لە نێوان تاران و واشنتۆندا ھەڵبژێرن، زۆرێک بە سۆزداریەوە ئێران ھەڵدەبژێرن بەسەر ئەمریکادا.
ئەم دووڕیانە سیاسیە لە کاتێکی ھەستیاری وەک ئێستادا سەقامگیری عێراق لەکەدار دەکات، لە کاتێکدا کە دوابەدوای جەنگی دژ بە داعش زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە ھەوڵ دەدەن لە عێراقی نوێدا وەبەرھێنان بکەن.
سعودیە و ئێران ھەردوو ئەوپەڕی ھەوڵ دەدەن تا لە ڕووی ئابووریەوە لە عێراق بێنە پێشەوە و بازرگانی و دۆستایەتی و ھەلی وەبەرھێنانیان لە عێراق زیاد بکات. لە کاتێکدا زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە چوونەتە پاڵ ئێران یاخود سعودیە و ڕێگایان خۆشکردوە بۆ زیادبوونی ناکۆکی و کێشە جیۆپۆلیتیکەکان، پێگەی عێراق گرنگیەکی ئەوتۆی ھەیە وەک ھێزێکی نێوەندگیر کە بەرژەوەندی سیاسیی لەگەڵ ھەردوو لادا ھەیە.
بەرھەم ساڵح دوای سەردانێکی ئەم دواییانەی بۆ لای حەسەن ڕۆحانی، ھاوتا ئێرانیەکەی، بۆ تاوتوێ کردنی سنورێکی ئازاد لە نێوان ھەردوو وڵاتدا، لەوێوە ڕاستەوخۆ چووە لای شا سەلمانی شانشینی سعودیە. ئەمە کارێکە کە کەم لە سەرۆکەکان دەتوانن ئەنجامی بدەن، پەیوەندیەکی ھێند کراوە لە گەڵ ھەردوو سعودیە و ئێران دەتوانێت ببێت بە پردێکی پەیوەندی بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی سیاسی نێوان دوو ھێزە ڕکابەرەکەی ناوچەکە.
ھێشتا زامەکانی ئابڵۆقەکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دوابەدوای جەنگی کەنداوی ساڵی ١٩٩١ تەواو تیمار نەبوون و لە ئێستادا لێدان لە ئابووری عێراق بە ھۆی ئابڵۆقەکانی سەر ئێرانەوە زەبر دەگەیەنێت بە ئابووری وڵاتێک کە خۆی پێویستی ھاوکاری و بنیاتنانەوەی دوای جەنگە. لێدان لە گەشەکردنی عێراق ڕەنگە ئاشتیە ناسەقامگیرەکەی ئەو وڵاتە تێکبدات.
واشنتۆن دەبێت بیر لەوە بکاتەوە کە چاوپۆشی لە بازرگانی نێوان ئێران و عێراق بکات و گەر نا ڕەنگە بەرھەمی ١٥ ساڵ وەبەرھێنان و کارکردنی لە عێراق بدۆڕێنێت بە ئێران.