دەرهێنەرێکی دیکەی کورد ماڵئاوایی لە هونەری کوردی کرد
6 ساڵ لەمەوپێش
لۆڤە محەمەد
تەڵعەت سامان، دەرهێنەری ناوداری شانۆ و درامای کوردی لە تەمەنی ٧٤ ساڵیدا و ئێوارەی ڕۆژی دوو شەممە ١٤-١ بە ڕووداوی هاتوچۆ لەسەر ڕێگای مەسیف کۆچی دوایی کرد.
تەڵعەت سامان لە ساڵی ١٩٤٦ لە شاری هەولێر لە دایکبووە، ساڵی ١٩٦٩- ١٩٧٠ بەکالۆریۆسی لە بەشی شانۆیی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی بەغداد بەدەستهێناوە، یەکەمین کاری هونەری بریتیی بووە لە بەشداریکردنی لە زنجیرەی "نەفرەت لێکراو" کە لە بەغدا نمایشکرا، وەک دەرهێنەر بەشداری تێدا کردووە لە بەرهەمی (چەڵەبی عاشە)، هەروەها بەشداربووە لە بەرهەمی (حەمە دۆک- یەشار کەمال) لە دەرهێنانی هیوا سوعاد.
دەستپێکی کارەکانیشی بەنووسینی چەند درامایەک بووە لەساڵی 1962، دامەزرێنەری تیپی قوتابیانی هونەری بەغداد بووە لەساڵی 1969، وەکو دەرهێنەریش لەچەندین دراماو زنجیرەی تەلەفزیونی و شانۆیی کاری کردووە، وەکو وەرگێڕیش چەندین دەقی شانۆیی لە عەرەبیەوە وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی.
لەساڵی 1970 تیپی لاوانی دیموکراتی کوردستانی دامەزراندوە، لەساڵی 1972 لقی هەولێری کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی دامەزراندووە، لەساڵی 1974 تیپی هونەری نوێی دامەزراندووە، لەساڵی 1992 تیپی شانۆیی سامانی دامەزراندووە، لەساڵی 1996 سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتی هونەرمەندانی کوردستان بووە، پاشان بووەتە سەرۆکی مەڵبەندی گشتی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردییە لەشاری هەولێر.
هەروەها لە ساڵی ١٩٧٠ بەشداری کردووە لە شانۆیی (جەنگاوەری شێت) وەک نوسەر و سەرپەرشتیار، لە ساڵی ١٩٧١ کاری نوسین و دەرهێنانی بۆ شانۆیی (ترس) کردووە. دوا بە دوای ئەوانەش لە چەندین شانۆگەری جیاوازدا بەشداری کردووە و کاری دەرهێنانی بۆ چەندین شانۆگەری کردووە لەوانە: خاڵۆی ڕێبوار، مەم و زین، قەڵای دم دم، خانزادێکی تر، پیلان، نەفرەت لێکراو. سەرۆکی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردی مەڵبەندی گشتی بوو لە هەولێر.