ئه‌و ڕووباره‌ی شانۆی ڕاسته‌قینه‌ی تیا خنکێندرا

6 ساڵ لەمەوپێش



ڕێژه‌ن جه‌مال

له‌یه‌کێک له‌دیمه‌نه‌کانی فیلمه‌ نوێیه‌که‌ی برایانی کۆین (جۆیل ‌و ئیسیان کۆین)، به‌ناوی (هۆنراوه‌ فۆلکلۆرییه‌کانی به‌سته‌ر سکره‌گس) که‌ دیمه‌نێکه‌ به‌قوڵیی کار له‌ ده‌روونی بینه‌ران ده‌کات، به‌ڵام په‌یامێکی توندیشی پێیه‌ بۆ چۆڵکردنی شوێنی (شانۆی جدیی) بۆ شانۆی (ساده‌‌وساکار‌ و ئاسانبه‌ده‌ست) دیمه‌نه‌که‌، باس له‌دوو هونه‌رمه‌ند ده‌کات، که‌ به‌ عه‌ره‌بانه‌یه‌کی گه‌ڕۆکه‌وه‌ شاره‌و شار ده‌گه‌ڕێن‌ و نمایشه‌کانیان پیشانی بینه‌ران ده‌ده‌ن، "هاریسۆن" که‌ هه‌ر چوار په‌لی له‌ده‌ستداوه‌، به‌توانایه‌کی ئه‌فسانه‌یی له‌ده‌نگیدا (قه‌سیده‌کانی شیلی، چیرۆکه‌کانی ته‌ورات‌و کاره‌کانی شێکسپیر) نمایشده‌کات، ئه‌و به‌شه‌ی ناو فیلمه‌که‌ ناونراوه‌ "تـکـتی ژه‌مه‌خواردن"، ئه‌وه‌ پیشانده‌دات که‌ ئه‌و شانۆ گه‌ڕۆکه‌ی ئه‌وان هه‌رچه‌نده‌ نمایشه‌کانیشی قوڵن‌و له‌ئاستێکی به‌رزدان، به‌ڵام داهاته‌که‌ی ته‌نیا به‌شی یه‌ک قاپ شۆربا ده‌کات، هه‌ندێک کاتیش بینه‌ران وه‌ڕزده‌کات‌و ته‌نانه‌ت خه‌ویشیان لێده‌که‌وێت.تا دێت داهاتی ئه‌و نمایشانه‌ له‌که‌می ده‌دات که‌ هاریسۆن بۆ بینه‌رانی ده‌کات، ئێواره‌یه‌ک به‌ڕێوه‌به‌ری شانۆ گه‌ڕۆکه‌که‌ که‌ (لیام نیسۆن) ڕۆڵی ده‌بینێت، نمایشێک ئه‌بینێ، که‌ "مریشکێک" له‌چه‌ند چرکه‌یه‌کدا ئه‌وه‌ی بینه‌ران لێی داواده‌که‌ن جێبه‌جێی ده‌کات‌ و نمایشه‌کانی ئه‌و مریشکه‌، بینه‌ر‌ و داهاتێکی زۆر باشیشی هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌و مریشکه‌ له‌خاوه‌نه‌که‌ی ده‌کڕێت، دواتریش له‌سه‌ر ڕووبارێک عه‌ره‌بانه‌که‌ی ده‌وه‌ستێنێت‌ و هاریسۆن فڕێده‌دات ناو ڕووباره‌که‌وه‌.ئه‌و دیمه‌نه‌ی ناو فیلمه‌که‌ی برایانی کۆین، زۆر به‌ڕوونی مه‌رگی شانۆی قوڵ‌و جدیی، هه‌روه‌ها له‌ده‌ستدانی به‌هاکه‌ی له‌به‌رامبه‌ر شانۆی ساده‌ پیشانده‌دات، گه‌رچی ئه‌داو ئاماده‌بوونی "هاریسۆن" له‌ئێواره‌ نمایشه‌کانیدا بێوێنه‌یه‌‌و خودی نمایشه‌کانیشی له‌چه‌ندین تێکستی گرنگی مێژوه‌وه‌ ئیلهامیان وه‌رگرتووه‌، که‌چی بینه‌ران پێیان باشه‌ به‌دیار نمایشی مریشکه‌که‌وه‌ دابنیشن‌، چونکه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێ، مریشکه‌که‌ به‌زیاده‌وه‌ ده‌یکات .ڕه‌خنه‌ تونده‌که‌ی برایانی کۆین ته‌نیا ئاڕاسته‌ی ئه‌و شه‌پۆله‌ له‌شانۆی ساده‌و ساکار نیه‌، که‌ ئێستا وه‌ک شێرپه‌نجه‌ به‌ شانۆکانی دنیادا بڵاوبوه‌ته‌وه‌‌و لێره‌ش له‌ هه‌رێمی کوردستان نوێنه‌ری خۆی هه‌یه‌، به‌ڵکو ڕه‌خنه‌ی ئه‌وان بۆ ته‌واوی کایه‌کانی هونه‌ره‌ که‌ هاوشان به‌سه‌رده‌می (ساده‌یی و شۆ-(Show) به‌دونیادا بڵاوبووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ی هه‌مووان گۆرانیبێژ،شاعیر، ڕۆماننوس، ئه‌کته‌ر‌و فیلمسازن‌ له‌ڕه‌خنه‌کانی نێو دیمه‌نی "تـکـتی ژه‌مه‌خواردن" به‌ده‌رنین. ئه‌وه‌ی برایانی کۆین له‌ فیلمه‌ نوێیه‌که‌یاندا جه‌ختی له‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، شانۆ یاخود فراوانتربڵێن (هونه‌ر) ده‌توانێت بینه‌ره‌کانی ڕازیبکات،به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ی ده‌ستبه‌رداری ستاندارد‌و ئاسته‌ هونه‌رییه‌که‌ی خۆی نه‌بێت. "مایکڵ بلینگتۆن" له‌وتارێکی ڕه‌خنه‌یدا زۆر وردتر له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ی که‌ شانۆ تیایدا به‌ره‌و پۆپۆلیزم هه‌نگاو ده‌نێت قسه‌ ده‌کات‌و پێی وایه‌، شانۆ له‌ڕۆژئاوا خه‌ریکه‌ ده‌که‌وێته‌ کێبڕکێ له‌گه‌ڵ ئۆتۆمبێلی (فۆرد)ه‌وه‌، که‌ دیاره‌ مه‌به‌ستی بلینگتۆن له‌وه‌یه‌، چۆن شانۆ ده‌ستبه‌رداری دیوه‌ قوڵه‌که‌ی خۆی ده‌بێت‌ و کار بۆ ڕازیکردنی بینه‌ره‌کانی ده‌کات.

گه‌ر ته‌ماشا بکه‌ین "هاریسۆن" له‌نێو فیلمه‌که‌ی برایانی کۆین دا نوێنه‌ری ئه‌و ته‌وژمه‌یه‌، که‌ نایه‌وێت هونه‌ره‌که‌ی بۆ ئاستی پرسیاره‌ ساده‌و ساکار‌و چیرۆکه‌ هه‌زارباره‌‌و سواوه‌کان داببه‌زێنێت، له‌به‌رامبه‌ردا "به‌ڕێوه‌به‌ر" نوێنه‌رایه‌تی دنیای قوڵنه‌بوونه‌وه‌‌، پرسیاری "چۆنتان پێ باشه‌؟" ده‌کات. ساته‌وه‌ختی فڕێدانی هاریسۆن بۆ نێو ڕووباره‌که‌، هه‌ر به‌ته‌نها ساته‌وه‌ختی دابڕان نیه‌ له‌ مێژوویه‌ک‌ و ئاماژه‌ش نیه‌ بۆ ده‌ستپێکی سه‌رده‌مێکی نوێ، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ یه‌که‌م شڵپه‌ی ئاوه‌که‌دا، ڕووباره‌که‌ شیلیو شێکسپیر ‌و کۆی ئه‌و ده‌قه‌ گرنگانه‌ی مێژوو له‌گه‌ڵ هاریسۆندا نوقمده‌کات.

به‌ڕێوه‌به‌ر به‌رله‌وه‌ی هاریسۆن فڕێبداته‌ نێو ڕووباره‌که‌وه‌، به‌ردێک که‌ له‌قه‌باره‌دا شتێک له‌ هاریسۆن بچوکتره‌ فڕیده‌داته‌ ئاوه‌که‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی دڵنیابێته‌وه‌ له‌وه‌ی ئه‌و مێژووه‌ی ئه‌و چه‌ند ساتێک دواتر ده‌ستبه‌رداری ده‌بێت، ئاخۆ ئاسان سه‌رده‌رناهێنێته‌وه‌؟ ده‌شێ بۆچوونێکی ستیڤن لێزه‌رلاند- ی ڕه‌خنه‌گر و ده‌رهێنه‌ری شانۆ، که‌ باس له‌ ڕازیکردنی بینه‌ران له‌سه‌ر حسابی دابه‌زینی ئاستی هونه‌ریی نمایشێک، زیاتر کۆمه‌کمان بکات. ئه‌و پێی وایه‌ "کاره‌ساتی ڕاسته‌قینه‌یه‌، بینه‌ران به‌ زه‌رده‌خه‌نه‌‌و پێکه‌نینێکی پڕوپوچ ڕازیبکه‌یت". ئیرک فاسن" سۆسۆلۆگی فه‌ره‌نسی پێی وایه‌ ناکرێ چاو له‌و ڕاستیه‌ بپۆشین که‌ هه‌موو که‌س ناچێت بۆ بینینی شانۆ، ئه‌وه‌شی ده‌چێت شانۆ ببینێ نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو کۆمه‌ڵگه‌ ناکات، ئه‌و پێی وایه‌ تاکه‌ چاره‌سه‌ر بۆ کێشه‌ی چاوه‌ڕوانیی بینه‌ران له‌ شانۆ، ته‌نیا له‌ ڕێگه‌ی "دروستکردنی بینه‌ر" له‌سه‌ر بنه‌مای شانۆکانمان ده‌بێت، چونکه‌ فاسن پێ له‌سه‌ر ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ داده‌گرێت که‌ "بینه‌ران گێل نین"  و ده‌توانن مانا به‌ نمایشه‌کان بده‌ن، هه‌ربۆیه‌ خه‌می ئه‌و له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، که‌ نمایشه‌کان ئه‌و ڕۆڵه‌ له‌بینه‌ران بستێننه‌وه‌.له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایدا ‌و له‌به‌ر ڕۆشنایی گۆڕانکارییه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیو سیاسیه‌کانی جیهاندا، دووباره‌ خوێندنه‌وه‌ بۆ چه‌مکه‌کانی جه‌ماوه‌ر ‌و پۆپۆلیزم به‌پێویستزاندرا، ئه‌وه‌ی له‌ئه‌مریکا جه‌ماوه‌ر بڕوا به‌ لێدوانه‌ ئاگرینه‌کانی دۆناڵد تره‌مپ ده‌هێنێت و متمانه‌ی پێده‌دات، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌ئه‌وروپا جه‌ماوه‌ر پارته‌ توندڕه‌وه‌کان ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، بۆ سۆسۆلۆگه‌کان جێگه‌ی قسه‌له‌سه‌رکردنه‌، چونکه‌ له‌دواجاردا هه‌مان ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ بڕیار له‌سه‌ر هونه‌ر و نمایشه‌کان ده‌دات، چونکه‌ ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ دابڕاو نیه‌ له‌ ململانێ کۆمه‌ڵایه‌تی ‌و سیاسیه‌کان. ئه‌وه‌ی شانۆ له‌دوڕیانێکدایه‌و ده‌بێت له‌نێوان پێکه‌نین‌و چه‌پڵه‌ڕێزان، له‌گه‌ڵ بێده‌نگییو وردبوونه‌وه‌ بڕیار له‌یه‌کێکیان بده‌ین، پیته‌ر برووک له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا زۆر ورد له‌سه‌ر ئه‌و دۆخه‌ ده‌وه‌ستێت ‌و قسه‌ده‌کات، برووک دۆخی ده‌ڵێ:"بڕوام وایە دوو جۆر شانۆ هەن، شانۆیەکیان رووی لە چەپڵەرێزانە، کە چەپڵەرێزان جوانترین دەربڕینە شانۆ بتوانێ بەدەستی بهێنێت. شانۆیەکی تر رووی لە بێدەنگییە، لەم شانۆیەدا راستگۆترین دەربڕین کە شانۆ تێربکات، بێدەنگییە، لێرەدا باشترین شێوە، هێنانەدی هێندێکی گەورەی بێدەنگییە لەگەڵ بینەراندا" ئه‌و بۆچوونه‌ی برووک زۆر به‌ڕوونی ده‌کرێ ئاماژه‌بێت بۆ ئه‌و تراژیدیایه‌ هاریسۆنی نێو فیلمه‌که‌ی بریانی کۆین تیادا ده‌ژی، کاتێک نمایشه‌کانی پێشکه‌شده‌کات‌و که‌مترین پێشوازیی له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ لێده‌کرێت.ڕه‌خنه‌ تونده‌کانی ئه‌و دوو برایه‌ له‌ هونه‌ری ساده‌‌و ئاسانبه‌ده‌ست ڕیشه‌یه‌کی قوڵتری هه‌یه‌، ئه‌وان له‌ساڵی 1991 فیلمی "بارتۆن فینک"یان به‌رهه‌مهێنا، که‌ به‌ڕوونی ئه‌وه‌ی نیشانده‌دا چۆن هه‌ژموونی "هۆلیوود" په‌لاماری نوسه‌رێکی لاوی شانۆ ده‌دات، که‌ له‌یه‌که‌م ئه‌زموونی نوسینی شانۆییه‌که‌یدا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام پاره‌یه‌کی خه‌یاڵیی له‌ ستۆدیۆکانی هۆلیووده‌وه‌ ده‌خرێته‌ به‌رده‌ست، بۆ نوسینی سیناریۆی فیلمێکی "زۆرانبازی". له ‌یه‌کێک له‌ دیمه‌نه‌کاندا کاره‌کته‌ری بارتۆن له‌گه‌ڵ کاره‌کته‌ری چارلی که‌ پیاوێکی بازاڕییه‌، گفتوگۆ له‌سه‌ر خراپیی دۆخی شانۆ ده‌که‌ن، بارتۆن به‌ چارلی ده‌ڵێ، زۆر به‌ساده‌یی با پێت بڵێم، شانۆکه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا سێ دۆلار ده‌کات. له‌دیمه‌نێکی تردا بارتۆن له‌ ته‌والێتێکدا نوسه‌رێک به‌ناوی "ده‌بلیۆ بی مایهۆ" ده‌بینێ، که‌ بارتۆن وه‌ک گه‌وره‌ترین نوسه‌ری سه‌رده‌مه‌که‌ی خۆی ناویده‌بات‌و پێی ئه‌ڵێ، نه‌مده‌زانی تۆش لێره‌، له‌ هۆلیوود کارده‌که‌یت. وه‌ڵامه‌که‌ی مایهیۆ بۆ بارتۆن به‌قوڵیی ئه‌و دۆخه‌ نیشانده‌دات که‌ هۆلیوود تیایدا نوسه‌رانی گه‌وره‌ی قوتداوه‌‌و ده‌ڵێ:"هه‌موومان ده‌که‌وینه‌ ئێره‌وه‌‌و هه‌ر لێره‌ش کۆتایمان پێدێت ". ده‌روونی لوین ده‌یڤس، یه‌کێکی دیکه‌یه‌ له‌ فیلمه‌کانی برایانی کۆین، که‌ ساڵی 2013 به‌رهه‌مهێندراوه‌، چیرۆکی فیلمه‌که‌ باس له‌ گۆرانیبێژێکی فۆلکلۆری ئه‌مریکی ده‌کات، که‌ ئه‌لبومه‌که‌ی ژماره‌یه‌کی که‌می لێفرۆشراوه‌‌، له‌لێشاوی ئه‌و به‌ بازاڕیبوونه‌ی موزیک‌و گۆرانیدا لوین ده‌یڤز ونبووه‌. فیلمه‌که‌ پیشاندانی ئه‌و دونیا حه‌قیقیو ڕاستگۆیه‌ی لوین ده‌یڤزه‌ له‌به‌رامبه‌ر بازاڕی زه‌به‌لاحی موزیک‌و گۆرانی، دونیای هونه‌رمه‌ندێکی ڕاستگۆ ‌و بێهیوا نیشانده‌دات که‌ ئاماده‌نیه‌ سازش له‌ ئاستی هونه‌ریی خۆی بۆ بڕێک پاره‌ بکات.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار