لهپاى ماندوبونهکانى پهیکهرێک بۆ دکتۆر جهمال ئەحمەد دروستدهکرێت
پێش کۆچکردنى دکتۆر جەمال وتی: من شایەنی ئەوەنیم پەیکەرم بۆ دروست بکەن.
6 ساڵ لەمەوپێش
لۆڤا محەمەد
پاش ئهوهى دکتۆره خۆشهویستهکهى منداڵان، دکتۆر (جهمال ئهحمهد رهشید) دوای (٥٠)ساڵ خزمەتکردن بە منداڵانی نەخۆش، ساڵی ڕابردوو لە وڵاتى ئەڵمانیا بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایکرد. له ئێستادا و لهپاى ئهو ههموو قوربانى و ماندووبونهى، هونهرمهندێکى پهیکهرساز، پهیکهرێکى وهک ڕێزلێنان بۆ دروستدهکات.
پەیکەرساز (چێنەر نزار)، سەبارەت بە بیرۆکەی کارەکەى ڕایگەیاند: پێش ئەوەی دکتۆر جەمال کۆچی دوایی بکات ئێمە چووین بۆلای و پێمان وت کە دەمانەوێت پەیکەرێکت بۆ دروست بکەین، بەڵام دکتۆر جەمال وتی من شایەنی ئەوە نیم پەیکەرم بۆ دروست بکەن".
وتیشى:" دیارە ئەمەی دکتۆر جەمال وتی تەنها لە گەورەیی خۆی بوو کە مانای ئەوەبوو من هیچم نەکردووە تا شایانی پەیکەرێک بم، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو شایانی زۆر لەوە زیاترە، پاشان وێنەیمان گرت و دەستمان بە دروستکردنی پەیکەرەکە کرد، بەڵام پاش ماوەیەکی کەم پەیوەندیم پێوەکرا کە دکتۆر جەمال کۆچی دوایی کردووە".
ئەو پەیکەرسازە ئاشکراشی دەکات:" پەیکەرەکە هاوشێوەی باڵای مرۆڤێکی ئاساییە و لە قوڕدروستکراوە و دواتر بە هاڕاوەی بەرد دادەپۆشرێت و بڕیارە بە ماددەی بڕۆنز ڕووپۆشی بکەین تاوەکو بەرگەی زۆر شت بگرێت، وە لە هەردوولای پەیکەرەکەدا پەیکەری بارز دادەنێین کە منداڵی لەسەر بێت و پەیامی سوپاس بە دکتۆر جەمال دەگەیەنن".
واش بڕیارە ئهوپەیکەرە لە سلێمانی لەبەردەم نەخۆشخانەی (د، جەمال ئەحمەد ڕەشید) دابنرێت کە لە ڕابردوودا بە نەخۆشخانەی فێرکاری منداڵان ناسرابوو.