مەریوان وریا قانع لە دەدارێکدا باس لە پەیواندی شیعر بە ژیانەوە دەکات

6 ساڵ لەمەوپێش



مەریوان وریا قانع:  ئەدەبیات، مرۆڤ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناکات بە مرۆڤێکی بەرپرسیار. مرۆڤ بۆئەوەی نەبێت بە دڕندە زۆر زیاتر لە ئەدەبیاتی پێویستە.

سازدانى: شاخهوان سدیق

بەشی یەکەم

یهکێک له دهنگه جدییهکانى ئێستاى ناو دونیاى ئهدهبى و فکرى ئێمه، که ههموومان به وتارو لێکۆڵینهوهو سهرنجهکانى ئاشناین پێى، دکتۆر(مهریوان وریا قانح) ئهو ئهگهرچى له ئێستادا کەمتر سهرقاڵى ئهدهبیاته، بهڵام ههمیشه لهو بوارهدا دانهبڕاوه وجێدهستى دیاره، وهک بڵاوکراوهى (پهڕاو) بهباشمان زانى دهربارهى شیعر و گرنگى ئهم ژانره بۆ ژیان ئهم دیدارهى لهگهڵدا سازبدهین.

 

*زۆرێک لهنوسهرانى ئێمهسهرهتا بهشیعرنوسین دهست پێدهکهن و دواتر ڕوو لهبوارهکانى دیکهى ئهدهب و فکرو لێکۆڵینهوهدهکهن، مهبهستمهبپرسم شیعر ئهو تواناو قودرهتهى لهکوێوههێناوه، کهههمووان لهخۆیدا کۆدهکاتهوهو دواتر بهرهو دونیا فراوانهکهى نوسین ئاراستهمان دهکات، بهجۆرێک ئهگهر واز لهنوسینیشى بۆ ماوهیهکى زۆر بێنین ڕۆژێک ههر دێینهوهسهرى؟

 

مەریوان وریا قانع: من ناتوانم لەباتی کەسانیتر وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، نازانم بۆ کەسانێک کە بە شیعرنووسین ژیانی ئەدەبیی و ڕۆشنبیریان دەستپێدەکەن و دواتر بۆ بوار و کایە و ژانری تر دەڕۆن. بەڵام دەتوانم قسە لەسەر ئەزموونی خۆم لەم بوارەدا بکەم. بەر لە ھەموو شتێک شیعر ھەمیشە بەشێک بووە لە ژیانی ڕۆژانەی ئەو خێزانەی من تیایدا لەدایکبووم و گەورەبووم. لە سەردەمی مناڵیی من لە ساڵانی شەستدا ماڵی ئێمە دوو شتی بە شێوەیەکی بەرفراوان تێدابوو: شیعر و ھەژاریی. ھەم شیعری زۆر و ھەم ھەژاریەکی گەورە. ھەردووکیشیان لەقانعەوە بۆ ئێمە مابووەوە. لە ماڵی ئێمەدا ھەژاریی و شیعر پەیوەندییەکی پتەویان بەیەکتریەوە ھەبوو. شیعری قانع خۆی ھەم، بەرھەمی ھەژاریی ئەو و ھەم لە جەنگێکی گەورەدایە لەگەڵ ھەژاریدا، لە ھەژاریی مادییەوە بیگرە بۆ ھەژاریی کولتوریی و ڕەمزیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا. بەڵام چونکە قانع نووسەرێکی خاوەن کەرامەت و خاوەن ئیراەیەکی گەورەی تەسلیمنەبوون و سازشنەکردن بوو، بۆیە ژیانی وەکچۆن پڕبوو لە شیعر، ئاواش پڕبوو لە ھەژاریی، زۆرجار ھەژارییەکی ترسناکیش

باوکم عادەتێکی سەیری ھەبوو، ئەو بەیانیان کە خەبەری دەبووەوە و ڕاستەوخۆ دەستی بە شیعرخوێندەوە دەکرد. منداڵیی من پڕە لەو بەیانیانەی باوکم ھەموومانی بە شیعرخوێندنەوە لەخەو بێدار دەکردەوە. باوکم حەزێکی گەورەی لە شیعرە و  شیعرێکی زۆریشی لەبەرە، بە تایبەتی شیعری کوردیی و فارسیی. تا ئێستاش باوکم ئەو عادەتەی ھەر ماوە و سبەینیان کە لەخەو ڕادەبێت لەبەرخۆیەوە شیعر دەخوێنێتەوە. ماڵی ئێمە گەرچی ھەژاربووین، بەڵام بەھۆی ناوی قانع ەوە ناسراوبووین. بۆیە میوانی زۆرمان ھەبوو، کەم شەو ھەبوو ماڵی ئێمە بێمیوان بێت، تا ماڵیشمان لە سەیدسادق و سلێمانی بوو دۆخی ئێمە بەوشێوەیە بوو. لەبەرئەوەی نەمانئەتوانیی میوە بۆ میوانەکان بکڕین، بۆیە دەبوا شەوانە من چەندان جار شیعر بۆ میوانەکان بخوێنمەوە. باوکم  بە منداڵی بڕێکی زۆری دیوانەکەی قانع و چەندان شیعری شاعیرانی تری بە من لەبەرکردبوو، لەوانەش بۆ نموونە شیعری حاجی قادری کۆیی و  ئەحمەد موختار و ئەحمەدی خانیی. بێگومان من لەو تەمەنەدا لە مانای ئەو شیعرانە نەدەگەشتم، بەڵام دەمبینی شیعرەکان کاریگەرییەکی تایبەت لەسەر میوانەکان دروستدەکەن. کە چومە قوتابخانەی سەرەتاییش، تا خوێندنی سەرەتاییم تەواوکرد، ھەموو ڕۆژێک دەبوایە من لە ڕیزدا بێمە دەرەوە و لەناو گۆڕەپانی قوتابخانەکەدا شیعرێک بخوێنمەوە. ھەم لە قوتبخانەی سەیدسادقی کوڕان و ھەم لە قوتابخانەی شێخ سەلام لە سلێمانی من ئەم تەقسە ڕۆژانەییەم ئەنجام داوەکە  ساڵی ١٩٧٥ ماڵمان بۆ ھەولێر گواستەوە،  ئەو دۆخە گۆڕا، نە میوانی زۆرمان ما، نە لە قوتابخانەش شیعرخوێندەوە ما، بەڵام بەخەبەرھێنانەوەی بەیانیان بە شیعر لەلایەن باوکمەوە ھەر درێژەی ھەبوو.

قۆناغی بەریەککەوتنی زمان و چێژ و ھۆشیاریی من بە شیعر لەو کاتە زووەوە دەستپێدەکات، بەڵام دواتر لەگەڵ ناسینی ئەزموونە شیعریەکانی تری ناو ئەدەبیاتی کوریدا و لەگەڵ ئاشنابوون بە شیعری میلەتانی ناوچەکە و بە بڕێکیش لە شیعری جیھانیی، ئیتر ڕوانین و تێگەیشتن و وێناکردنەکان بۆ شیعر قووڵتربوونەوە و گۆڕانیان بەسەرداھات. بەدرێژایی ساڵانی ھەفتا و ھەشتا خوێندنەوەی شیعر بەشێک بووە لە کاری ڕۆژانەی من. بێگومان لەگەڵ ئاشنابوون بە کایەکانی تری فیکردا ئیتر تێگەیشتن بۆ شیعر قووڵتر دەبێتەوە و گۆڕانی تری بەسەردادێت. لە ئێستاشدا شیعر بۆ من ماڵە، ماڵێکە لەناو زماندا، ماڵێکی میتافۆرییە کە ھاوکات پەناگایەکی وجودیی گرنگە، لە ھەموو کاتێکیش زیاتر شەخسیترەمرۆڤ  دوای ئەوەی ئەو ماڵەی لەناو دونیادا ھەیەتی تێکئەچێت، دوای ئەوەی ئەو ئولفەتە لەدەستئەدات کە دەشێت لەماڵەوە بەدەستیبھێنێت، ڕەنگە بتوانێت پەناگایەک لە شیعردا بدۆزێتەوە جار نەجار بچێتە ناویەوە. ڕەنگە ئەمە بۆ ھەموو کەسێک وانەبێت، بەڵام لە ژیانی مندا  ئەمە ڕاستییەکە من زۆرجار ئەزموونمکردوە و ئەزموونی دەکەم. من لە خوێندنەوەی فیکر و تیورە ئەدەبیاکانەوە بەم ڕاستییە نەگەیشتوم، لە تیوریزەکردنێکی تایبەتی شیعرەوە ئەم تێگەیشتنەم لا دروستنەبووە، بەڵکو لە ئەزموونی بێماڵیی خۆمەوە پێیگەیشتوم. شیعر لە دۆخی مندا وەڵامدانەوەی مرۆڤە بە ھەستکردنێکی کۆسمۆپۆلیتیانە بە بێماڵیی. لەدیدی مندا شیعر کەمتر پەیوەندیی بە تێگەیشتن لە دونیاوە ھەیە، بەڵکو سەفەرێکە بەرەوە ناوەوەی ئینسان بەمەبەستی دروستکردنی ماڵێک لە زماندا. ماڵێک کە بتوانێت جۆرێک لە وەڵامدانەوە بێت بە دۆخی بێماڵیی

لە دوای ڕاپەڕینەوە من لەو ڕاستییە گەیشتم  کە ئەدەبیات بەتەنھا دەرەقەتی کێشە و تەحەدا گەورە و زۆرەکانی کوردبوون نایەت. لەوە گەیشتم ئێمە لە دونیایەکدا دەژین بۆ تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی، بۆ وەڵامدانەوەی تەحەداکانی زۆر زیاتر لە ئەدەبیاتمان پێویستە. باوەڕیشم وایە ئەدەبیات بە تەنھا دەرەقەتی تەحەداکانی کوردبوون نایەت. بۆ ئەوەی ڕێ لەوە بگرین ئەدەبیات ببێت بە ئامرازیی ھەڵاتن لە جیھان، یان ببێت بە ئەلتەرناتیڤی کردە ئینسانییە گەورەکانی تر، لەپێش ھەمووانیشەوە کردەی دروستکردنی جیھانێکی ھاوبەش کە مرۆڤەکان بتوانن بە جیاوازییەکانیانەوە لەناویدا بژین، یان کردەی پەرەدان بە ھاریکاریی و بەدەمەوەچوونی ئینسانیی و وێناکردنی ژیان وەک کردەیەکی بەرپرسانە، پێویستە لەو ڕاستییە بگەین کە ئەوە بەس نییە تەنھا شیعر و ئەدەبیات بنووسین. کوردبوون لەناو جیھانێکدا نیشتەجێیە کە ئاکارێکی جەنگەڵییانەی ھەیە، کورد خۆشی چالاکانە بەشدارە لە دروستکردنی ئەم جەنگەلەدا. بۆ ئەوەی بتوانین ئەم جەنگەڵە بگۆڕین بە کۆمەڵگا، بۆئەوەی نەھێڵین بەھێز لاواز و دەسەڵاتدار بێدەسەڵات و کەسانی ھەبوو کەسانی نەبوو لەناوببەن، پێویستە بە بەردەوامی ئەم جەنگەڵە دەسکاریبکەین. ئەدەبیات یەکێکە لە ئامرازەکانی دەسکاریکردنی ئەم جەنگەڵە. من لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا بوومە ھەڵگریی ئەم دیدە بۆ کۆمەڵگا و کوردبوون و نووسین. بۆیە گواستنەوە بۆ شێوازی تری نووسین و بۆ ژانری تر، گرنگیدان بە چەندەھا دیاردەی دیکە لە دەرەوەی ئەدەبیاتدا، بەشەخسیکردنی زیاتر و زیاتری شیعر، پەیوەندیی بەم گۆڕانکارییەشەوە ھەیە.

ئینسان پێویستی بەوەیە ژیانێکی ماناداربژیی، کەی بوونی تاکەکەسیی و دەستەجەمعیی مرۆڤەکان بەتاڵکرایەوە لە مانا و مژدە و بڕێک لە گەشبینی، مرۆڤ کەماڵێکی ڕاستەقینەی لەناو دونیا نەما، شیعر دەتوانێت ببێت بەو ماڵە، بەڵام شتی تریش دەتوانن ھەمان ماڵ دروستبکەن. کەسانێکی زۆر ھەن ناتوانن لەناو شیعردا بژین و ناتوانن شیعر بکەن بە ماڵی خۆیان لە جیھاندا. کەسانێک ھەن ئەدەبیات ئەو کیشورە رەمزییە نییە بتوانێت شوناسێکیان پێببخەشێت، یان بەھانای قەیرانە شەخسیی و گشتییەکانیانەوە بێت، یان ھاریکاریان بێت لە ناسینی خۆیان و ناسینی دونیادا، لەمەشدا ھەموو مافێکیان ھەیە. ئەوەی لەشیعردا دەژیی کەسێک نییە لەوانیتر، کە ڕێیان ناکەوێتە ناو شیعرەوە، باشتر یان پاکتر یان مافدارتر بێت. ئەدەبیات، چ نووسینیی و چ خوێندنەوەی، مرۆڤ بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ناکات بە مرۆڤێکی ئەخلاقیی و ئینسانیی و بەرپرسیار. مرۆڤ بۆئەوەی نەبێت بە دڕندە زۆر زیاتر لە ئەدەبیاتی پێویستە.

لەبیرمان نەچێت مرۆڤ بوونەوەرێکی ئیشکەر و دروستکەریشە، یەکێک لە ئیشە سەرەکییەکانی بریتییە لە دروستکردنی کۆمەڵگا، بۆ ئەم دروستکردنەش پێویستی بە دەیەھا و سەدەھا شت ھەیە، کە ئەدەبیات یەکێکیانە. ئەم تێگەیشتنەش بۆ دونیا و کۆمەڵگا و بەرپرسیارێتی مرۆڤ، دیسانەوە لە پشتی ئەوەوەیە من لە دونیای دوای ڕاپەڕیندا چەند ھەنگاوێک لە نووسینی شیعر و ئەدەبیات دوورکەوتمەوە، بەبێ ئەوەی بەجێیبھێڵم. کەسێک بە نووسینی من ئاشنابێت دەزانێت ڕووبەرێکی زۆر گرنگیی نووسینی من لەدوای ڕاپەڕینەوە تەرخانە بۆ قسەکردن لەسەر ئەدەبیات. بەڵام ئەوە تاقە ڕووبەێک نییە من کارم تێداکردبێت.

لە شیعردا مرۆڤ بەر لەھەر شتێک خۆی بۆ خۆی شەرح و ڕاڤەدەکات، دەیەوێت بزانێت چ جۆرە مرۆڤێکە، لە چ مەعدەنێک دروستبووە، چ شتێک لەناویدا لە ڕوخان و وێرانبووندایە، بەدوای شتێکدا دەگەڕێت کە زۆرجار نازانێت چییە و نایناسێت. شیعر یەکەمجار ئەو شەرحە ناوەکییە دەکات، ئینجا دواتر ئەو دونیایە شەرح و ڕاڤەدەکات کە دەکەوێتە ناوییەوە، ئەو ژینگەیە دروستدەکات و دەڕوخێنێت کە لە دەرەوەی خۆیدا ئامادەیە. بە بۆچوونی من ھەر مرۆڤێک کێشەی ژمارە یەکی لەگەڵ خودی خۆیدا نەبێت و پاڵنەرێکی ناوەکیی بەھێز لەئارادا نەبێت بۆ نووسین، ناتوانێت ببێت بە نووسەرێکی ڕستەقینە، بە نووسەرێکی ڕاستگۆ. 

 

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار