فه‌لسه‌فه‌ و ژيان و ماڵ گفتوگۆ لەگەڵ گاستۆن باشلار

6 ساڵ لەمەوپێش



لە ئینگلیزیەوە: شاهۆ عوسمان

(گاستۆن باشلار) كه‌ يه‌كێكه‌ له‌ فه‌يله‌سوفه‌ ديار و پڕبه‌رهه‌مه‌كانى سه‌رده‌مى نوێى فه‌لسه‌فه‌ى فه‌ره‌نسى. له‌ چاوپێكه‌وتنێكى ته‌له‌فزيۆنى ده‌گمه‌ندا وه‌ڵامى هه‌ندێك پرسيار له‌باره‌ى فه‌لسه‌فه‌ و ئه‌رك و مه‌رافى فه‌لسه‌فه‌ و تێزى (جوانى شوێن) ده‌داته‌وه‌. باشلار له‌ دواى هۆسره‌ڵه‌وه‌ به‌ ديارترين فينۆمينۆلۆژيسته‌كان داده‌نرێت. ئه‌وه‌ى گرنگ بێت له‌ فه‌لسه‌فه‌ى باشلاردا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ مرۆڤ ده‌بێت به‌رده‌وام به‌ چاوێكى كراوه‌ ته‌ماشاى دونيا بكات و مرۆڤ لاى باشلار داهێنه‌ر و جوانى خولقێنه‌ له‌ هه‌ردوو جيهانى زانست و هونه‌ردا. لە بەر گرنگی ئەم دیدارە بە باشمان زانی لێرەدا دوبارە بڵاویبکەینەوە.

*ئايا پێتخۆشه‌ به‌ (گه‌وره‌م) بانگت بكه‌م؟

- هه‌رگيز، هه‌رگيز.… به‌س گاستۆن باشلار يان ته‌نها باشلار و به‌س

هه‌ر به‌بێ گاڵته‌…ته‌نانه‌ت به‌ پرۆفيسۆريش بانگم مه‌كه‌ن. من پياوێكى ته‌واو ئازادم…هه‌مووان به‌ باشلار بانگم ده‌كه‌ن…

*كاتێك ئێمه‌ گه‌يشتينه‌ ئێره‌ تۆ گوێت له‌ ڕاديۆ ده‌گرت، چه‌نده‌ گرنگى به‌ هه‌واڵه‌كان ده‌ده‌يت؟

- هه‌وڵه‌كانم لا گرنگه. كچه‌كه‌م ئه‌م ڕاديۆيه‌ى بۆ كڕيوم، له‌و كاته‌وه‌ منيش هه‌موو رۆژێك له‌ به‌يانييه‌وه‌ تا ئێواره‌ هه‌موو سه‌رى كاتژمێرێك گوێ له‌ كورته‌ى هه‌وڵه‌كان ده‌گرم.

*بۆچى؟

- چونكه‌ من له‌ماوه‌ى سێ ده‌قيقه‌دا وا هه‌سته‌كه‌م هه‌موو دونيا به‌ ده‌ورى مندا ده‌سوڕێته‌وه‌. ئه‌گه‌ر دونيا به‌شێوه‌ى هه‌واڵ لاى تۆ ئاماده‌گى په‌يدا بكات، ئه‌مه‌ شتێكى باشه‌. هه‌ربۆيه‌ ناتوانم به‌بێ هه‌واڵه‌كان بژيم.

*به‌ڵام خۆ به‌رده‌وام رووداوى گرنگ نييه‌؟

- باشه‌، ئه‌وانه‌ رووداوگه‌لێكن و به‌ڕاستى روويانداوه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ى كۆمێنتى زياترى له‌سه‌ر بده‌ين. هه‌ندێكجار گوێ له‌ پێشكه‌شكاره‌كان ده‌گرم، به‌ڵام زۆربه‌يجار تووشى بێئومێديم ده‌كه‌ن. هه‌ربۆيه‌ ته‌نها هه‌واڵه‌كه‌ به‌س بيبيستى، من بۆ ئه‌م هه‌واڵانه‌ به‌ شێوازى خۆم كۆمێنت ده‌نووسمه‌وه‌.

*ئايا ئه‌كرێت پێناسه‌ى فه‌يله‌سوف بكه‌ين؟

-  ئه‌و كاته‌ى وانه‌مده‌وته‌وه‌ پێناسه‌يه‌كم بۆ فه‌يله‌سوف هه‌بوو، به‌ڵام دواتر ئه‌و پێناسه‌يه‌م خسته‌لاوه‌، به‌ڵام تۆ پێناسه‌ى فه‌يله‌سوفت بۆچييه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ى بڵێى ئه‌وه‌ مامۆستاى داناييه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى يه‌كێك له‌وان وا ده‌ڵێت؟

*له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌پرسم، چونكه‌ ئه‌و بيرۆكه‌ ميللييه‌ى خه‌ڵكى له‌باره‌ى فه‌يله‌سوفه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵيانگرتووه‌، ئه‌وه‌يه‌ كه‌ باوه‌ڕيان وايه‌ فه‌يله‌سوفه‌كان بێسوودن؟

-  به‌ڵێ. به‌ڵام به‌ بۆچوونى من فه‌لسه‌فه‌ كه‌ره‌سته‌ى بيركردنه‌وه‌يه‌. هه‌ربۆيه‌ كاتێك ويستت به‌بێ بيرۆكه‌ى داهێنه‌رانه‌ بيربكه‌يته‌وه‌، ئه‌وا ده‌توانى به‌بێ فه‌لسه‌فه‌ بيربكه‌يته‌وه‌.

*ئايا فه‌يله‌سوفه‌كان ده‌كه‌ونه‌ سه‌روو ره‌گه‌زى مرۆييه‌وه‌؟

- نا نه‌خێر، ئه‌وان خودا نين، من بڕوام به‌ مرۆڤى باڵا نييه‌، بڕوام به‌ هيرارشى(ريزبه‌نديى) نييه‌. خه‌ڵكى ئه‌وانه‌ن كه‌ ده‌توانن ببن به‌وه‌ى ده‌يانه‌وێت. خۆش نييه‌ هه‌ميشه‌ خۆت بيت، بۆيه‌ من له‌وه‌ تێناگه‌م چۆن يه‌كێك ده‌توانێت خۆى به‌ يه‌كێكى ديكه‌ به‌راورد بكات.

*ئێمه‌ له‌ژێر كاريگه‌رى ئه‌و بيرۆكه‌يه‌داين كه‌ پێى وايه‌: فه‌يله‌سوف ده‌زانێت چۆن له‌ خه‌ڵكى ديكه‌ باشتر بژى.

-  باشتر بژى…ئه‌مه‌ چۆن؟

*به‌ ماناى ئه‌وه‌ى خۆپارێزه‌ له‌…سۆزدارى بۆ نموونه‌.

-  نا،نا…ئه‌مه‌ هه‌ميشه‌ وا نييه‌، ئه‌گينا ئه‌و شته‌ ده‌بوو كه‌ دواتر لێى په‌شيمان ده‌بوويه‌وه‌.

*ئه‌مه‌ وه‌ڵامێكى زيره‌كانه‌ بوو، به‌ڵام به‌ ته‌واوى وه‌ڵامى منت نه‌دايه‌وه‌.

- نا…ژيان و بيركردنه‌وه‌ به‌ شێوه‌يه‌كى ڕه‌ها پێكه‌وه‌ نه‌به‌ستراونه‌ته‌وه‌. بۆ نموونه‌ كاتێك من كتێبى فه‌يله‌سوفێك ده‌خوێنمه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تى رۆئه‌چمه‌ ناوييه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ واملێناكات وه‌ك ئه‌وانى ديكه‌ له‌ ژيان دووربكه‌ومه‌وه‌. وه‌ك هه‌ر هاوڵاتييه‌ك، سه‌رۆك خێزانێك، فه‌رمانبه‌رێك له‌سه‌ر كاره‌كه‌ى. تۆ ده‌ته‌وێت من له‌ وێنه‌ى فه‌يله‌سوفێكدا گيربكه‌يت كه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ونه‌كانيدا ده‌ژى و دووره‌ له‌ ته‌نگى و چه‌ڵه‌مه‌كانى ژيان.

*من ئه‌وه‌م ناوێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ بيرۆكه‌ گشتييه‌كه‌يه‌ له‌سه‌ر فه‌يله‌سوف.

- جا باوابێت، ده‌بێت ئێمه‌ ئێستا ئه‌مه‌ ڕاستكه‌ينه‌وه‌. من ده‌زانم چۆن مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ شته‌كاندا ده‌كه‌م، پێويستم به‌ كه‌ست نييه‌… ده‌زانم خواردن دروست بكه‌ن، من پشتبه‌خۆم ده‌به‌ستم و سه‌ربه‌خۆم. وه‌ك هه‌ر گه‌نجێك، ده‌چم بۆ لاى قه‌ساب و ئه‌وه‌ى ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ ده‌كڕم. من تاكه‌ يه‌ك رۆژيش له‌ ژيانى ماددى(رۆژانه‌مدا) هه‌ستم به‌ نه‌نگى نه‌كردووه‌. له‌وكارگه‌ بچووكه‌ به‌رده‌وام ده‌مخوێنده‌وه‌، فه‌رهه‌نگێكم پێبوو له‌ به‌رامبه‌ريشمدا باشتيرن جۆره‌كانى په‌نير هه‌بوون، ته‌نها به‌ يه‌ك چاوتروكان ده‌مزانى كامه‌ پارچه‌ى گۆشته‌كه‌ باشترينه‌. ئه‌ى چى له‌باره‌ى تۆوه‌؟ ئايا هيچ گرنگييه‌ك به‌ ژيانى رۆژانه‌ت ده‌ده‌يت؟

*زياتر له‌ تۆ نا.

- كه‌چى پرسيارى ئه‌وه‌ له‌م ده‌كه‌ى.

*له‌ كۆتاييدا ئه‌م هۆكارى ژيانن به‌ڕێز باشلار.

- به‌ڵێ، ئه‌مه‌ جوانه‌: هۆكارى ژيان. تۆ پێويسته‌ هۆكارێكى ژيان بدۆزيته‌وه‌، ئه‌گه‌ر وانه‌كه‌ى، كه‌واته‌ تۆ ده‌به‌نگێكى ده‌سه‌پاچه‌ى. له‌م سه‌رده‌مه‌ى ئێستادا ده‌بێت خاوه‌ن راوبۆچوونى دامه‌زراوى خۆت بيت.

*تۆ له‌ پاريس له‌ شوقه‌يه‌كى بچوكدا ده‌ژيت؟

- دروسته‌، زۆر بچوكه‌.

*له‌و باوه‌ڕه‌دام بيرۆكه‌ى شوقه‌ له‌گه‌ڵ بيرۆكه‌كه‌ى تۆ سه‌باره‌ت به‌ ماڵى حه‌قيقى يه‌كناگرێته‌وه‌؟

- بێگومان… لاى من ماڵ ده‌بێت به‌ هه‌ندێك ڤێرتيكاڵى_ستوونى(واته‌ به‌ ئاسماندا بچێت) جيابكرێته‌وه‌. ماڵ به‌بلايه‌نى كه‌مه‌وه‌ پێوستى به‌ كۆڵه‌كه‌ يان ستونێك هه‌يه‌ و هه‌موو ئه‌وانى ديى له‌سه‌ر ئه‌م دابمه‌زرێن و بوونيادبنرێن.

*له‌و باوه‌ڕه‌دام تۆ ده‌ته‌وێت بڵێيت: ده‌بێت ئێمه‌ به‌رده‌وام بچنه‌ ناو ئه‌شكه‌وته‌وه‌؟

- وايه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌مه‌وه‌ بتوانين بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌رزبينه‌وه‌، ئه‌وه‌ت خوێندۆته‌وه‌؟ باشه‌ هيچ هه‌ستت به‌و راستييه‌ نه‌كردووه‌؟ كاتێك ده‌چيته‌ ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌وه‌، كه‌ ئه‌شكه‌وتێكى حه‌قيقييه‌ نه‌ك شارستانى و ئه‌وه‌ى كه‌ره‌سته‌ى كاره‌بايى تێدايه‌. من ده‌مه‌وێت بچمه‌ ناو ئه‌و ئه‌شكه‌وته‌ و جامێك شه‌راب له‌ به‌رميله‌كه‌ بهێنم و به‌ ده‌سته‌كه‌ى ديكه‌شم چرايه‌كم پێبێت. وه‌ك ده‌بينيت، تۆ كارێكى گرنگت هه‌يه‌، ئه‌ويش دابه‌زينه‌ (چوونه‌) ناو ئه‌شكه‌وته‌. وابزانم له‌و كتێبه‌مدا (زه‌وى و زينده‌خه‌و) وتوومه‌: زه‌وى وا هه‌يه‌ مرۆڤ تێيدا ناچێته‌ بۆ ناو ئه‌شكه‌وته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مه‌ هيچ گرنگييه‌كى بۆ ئه‌و نييه‌. مرۆڤ ترسنۆكه‌ ده‌بێت كه‌سێكى ئازابيت و دابه‌زيته‌ ناو شوێنه‌ قوڵه‌كانه‌وه‌زئه‌مه‌ش ته‌واو جياوازه‌ له‌ چوون بۆ به‌رزاييه‌كان. تۆ له‌كوێ له‌دايك بوويت؟

*له‌ مۆنبيلييه‌.

- له‌ خانوودا ده‌ژيت؟

*به‌داخه‌وه‌ له‌ شوقه‌دا ده‌ژيم.

- باشه‌ كه‌واته‌ له‌ بيرۆكه‌كه‌ تێناگه‌يت.

*ئه‌گه‌ر له‌ توانادا هه‌بێت بگه‌ڕێيته‌وه‌ بۆ ژيانى لادێ، ئه‌وه‌ت ده‌كرد؟

- له‌ ئێستادا ئه‌وه‌نده‌ى بتوانم ده‌چم. خانووه‌كه‌م له‌وێ باخچه‌يه‌كى گه‌وره‌ى هه‌يه‌ و له‌ شاره‌وه‌ دووره‌، له‌وێ هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌م كه‌ له‌ لادێم. به‌ بيرخۆت بهێنه‌وه‌ يه‌كه‌مجار له‌ به‌هاردا كاتێك دره‌خته‌كانم گوڵده‌گرن، نه‌مده‌توانى باوه‌ڕ بكه‌م، به‌ڵام سه‌رمايه‌دارى واى كردووه‌ ئێتا ده‌توانى دره‌خته‌كه‌ به‌ گوڵه‌وه‌ بكڕيت. له‌وێ من زۆر حه‌زم به‌ ژيانى ناو باخچه‌ ده‌كرد. كاتێك بير له‌وه‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ بۆ ماوه‌ى يه‌ك مانگ له‌و ماڵه‌دا بمێنمه‌وه‌، ئه‌و كات ده‌زانم ژيان چه‌نده‌ ده‌گۆڕێت. پێشتر به‌ به‌رده‌وامى له‌ گه‌ڕاندابووم، به‌ڵام ده‌بێت بگۆڕدرێيت، چونكه‌ تۆ ناته‌وێت ئه‌و شته‌ ئه‌نجامبده‌يت كه‌ ناتوانيت.

*ئايا دڵگرانيت به‌وه‌ى كه‌ پير بوويت به‌ڕێز باشلار؟

- به‌ڵێ، به‌ڵێ بێگومان… پيرى دڵگرانييه‌، چونكه‌ تۆ ده‌ته‌وێت هێزى له‌ ده‌ستچووى جارانت بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌ڵێ بێگومان دڵگرانييه‌، به‌س ئه‌مه‌ تۆمار مه‌كه‌.

*به‌ڵام تۆ زۆر چالاك و بزێو ده‌رده‌كه‌ويت؟

- دروسته‌، با ئه‌مه‌ ئاوا بمێنێته‌وه‌.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار