بۆ لە مەنفا درەخت دەڕوێنین؟
6 ساڵ لەمەوپێش
فازیل ئەلعەزاوی
وەرگێڕانی: شێرزاد هەینی
هەگبەم پڕدەکەم لە لم بەو لمە، لە تاراوگە وڵاتێک دروست دەکەم". لە چامەی "بیابان" ساڵی ١٩٧٢ سەرەتا مەنفا، زوو وەک سزایەکی خودایی لەگەڵ ئەفسانەی بوونەوەردا دەستپێدەکات. کە ئبلیس سوجدە بۆ ئادەم نابات. خودا لە بەهەشتی خۆی فڕێی دەداتە دۆزەخ و گەڕانەوەی لێ حەرام دەکات. ئیتر ئەو چیرۆک لەگەڵ ئادەم و حەواش دووبارە دەبێتەوە. خودا ئەوان "لە زێدی خۆی نیشتەجێیان دەکات"، لەوێ یەک شتیان لێ حەرام و قەدەغە دەکات. ئەوان لەوێ بەرهەم و میوەی قەدەغەکراو "داری زانیاری" نەخۆن. کە زۆرجار وەک داری سێو مەزندەی دەکەین. بەڵام پەرۆشیان بۆ زانیاری وادەکات سەرپێچی فەرمانەکەی خودا بکەن، سێوە حەرامکراوەکە دەخۆن. خودا، بۆ ئەوەی لە هەوارەکە تاقییان بکاتەوە، لە بەهەشت رەوانەی سەرزەوییان دەکات. ئەگەر لەوێ، لەناو گێژاوەکانی ژیان و تەنگژەی رۆژانەیان رەووشتیان باش بێت، ئەوان دووبارە لە ژیانێکی تر دەگەڕێنەوە بەهەشت. لەکۆنەوە چەمکی مەنفا و مەلەکوتی ئاینی، چەندان ئاراستەی هەبووە. بەپێی ئەفسانەکان گوایە ئادەمیش قابیلی کوڕی لەسەر کوشتنی هابیلی برای دوورخستووتەوە. ئەوەش وەک سزا بووە. ئەو سزایەش هاوشێوەی سزای مردن بووە. لە شارستانیەتی گریگەکانیش حوکمی نەفیکردن هاوشێوەی حکومی کوشتن بووە. ناودارترین کەسی نەفیکراو، شاعیری لاتینی ئوڤید بووە، ئەوەی جوانترین چامەی شیعری ئەڤینی نووسیوە. لە قۆناخەکانی سەرەتایی مێژووی مرۆڤایەتی، خەڵک دەستە دەستەی بچووک لە ئەشکەوت و دەوەنا دەژین. دەرکردنی هەرکەسێک لەناو ئەو کۆمەڵانە، مانای بڕیاری مردن و کوشتن بووە، چونکە مرۆڤ دیارە نەیدەتوانی بەتەنیا بەرگری دژواری سرووشت و تەنگژەکان بکات، چونکە زووتر بە هەرەوەرز خۆیان گونجاندووە. ئەوەش بۆ بونەوەرەکانی تریش ئاسایی بووە، ئاژەڵ و زیندەوەریش بەو شێوە ژیانیان بەڕێکردووە. بەر لە ئیسلامیش، لە مێژووی عەرەب گەورەترین سزا بۆ ئەندامێکی ناو عەشیرەتێک، دەرکردن و نەفیکردن بووە. لەوەش هەموو کەسێک حەقی ئەوەی هەبووە خوێنی برێژێت، بێ ئەوەی کەس حەق بە خۆی بدات، بەرگری لێ بکات. ئەوەش وەک نەریتێک لەناو عەشیرەتە عەرەبەکان، تا ئیمڕۆ پەیڕەو دەکرێت . بەڵام لەگەڵ پەیدابوونی بانگەشەی ئیسلامی مەسەلەکە دەگۆڕێت. ژمارەیەک لە موسلمانە سەرەتاییەکان لە دەست و زوڵم و هەڕەشەکانی قوریش، بەرەو حەبەشە کۆچ دەکەن. ئەوەش دەبێتە کاروانی دەرکردنی یەکەمی موسلمانان لە مێژوودا. پاش ئەو کۆچە، موحمەدی پێغمبەر، پاش ئەوەی دەزانێت قوریش بەنیازن بیکوژن، شەوێکیان بە هاوڕێیەتی ئەبوبکری سەدیق لە مەککە بەرەو مەدینە کۆچ دەکەن. لەوێ دەبێتە پەناهەندەیەکی سیاسی، چونکە ژیانی دەکەوێتە مەترسی، ئەوەش مەرجەکانی پەنابەری سیاسی ئیمڕۆی بەسەر جێبەجێ دەبێت. بەڵام لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی، کە هەموو جۆرەکانی ئۆپۆزسیۆن رەتدەکاتەوە. دەرکردن وەک سزایەک هەڵدەوەشێنێتەوە، دەیکاتە کوشتن بەشیر. ئیتر راکردن و دەربازبوون، دەبێتە هەنگاوی دەربازبوون لە مردن بۆ ئەوانەی نەیاری دەسەڵات بوون و ژیانیان لە مەترسی دابووە. ئەوەش لەکۆنەوە هەبووە و ئێستاش پەیڕەو و بەرقرارە. ... ئیمشەو، لە ژوورێکی تاراوگەییم، بەپێوە بەدیار پەنجەرەیەکی داخراوی وەرزی زستانا وەستام، سەیری دەرەوە دەکەم. هەستەکانم لەسەر مێزەکە جێدەهێڵم، مێژووم بە بزمارێک هەڵدەواسم. خەون بەوە دەبینم کۆمارێک دامەزرێنم تایبەت بێت بە یەک پیاو، ئەویش: خۆم. شەوێکیان، لە کافتریایەک بەتەنیابووم، جامخانەیەک لە دەرەوەی جیادەکردمەوە، سەرنج دەدەمە مێژوو. قاوە دەخۆمەوە و چاو دەبڕمە میوانێکی نەناسی ناو سوپاکانی بیابان، کە سەرکردەکانیان لەسەر پشتی ئەسپەکانیان، یان لەناو ئۆتۆمبێلە سەرکراوەکانیان وەستاون، دەستیان بەرەو سەرەوە بەرزکردیتەوە، مەدالیا رەنگین و پۆشاکە جوانەکانیان نمایش دەکەن. سەیری پاشای سەر تەختەکان دەکەم، سەرنج دەدەمە دزە زیرەکەکان و فشقیاتی کلاون "مهرج"ەکان، زەبری جەلاد و شکۆی لەسێدارەدراوەکان، لەبەرخۆمەوە دەڵێم: "هەڵسە پیاوە تەمبەڵەکە، بەشداری ئەو ئاهەنگە بەجۆشە بکە". "ئای کە سەرکردەکان بە ژمارە زۆرن سەربازەکانیش کەم. ئای، کە بوقلێدەرەکان بە ژمارە زۆرن سترانبێژەکانیش کەم". لەو شەوەدا منی سەرباز، هەڵاتووی شەڕەکە دەگەڕێمەوە، ماندوو وەک پاشایەکی دەرکراوی سەر تەخت، نائومێد لە سەربازە هەڵاتووەکانی بگەڕێت و بیاندۆزێتەوە، تا لە سەریان بدات. سەر بە دارتووێک دەکەم و دەخەوم. خەون بەو برادەرانە دەبینم، ئەوانەی لە شەڕەکە نەکوژران و دەگەڕێنەوە ماڵەوە، وەک من، گەورە و پیریش دەبن و بێدەنگیش دەمرن. بەیانییەکەی کوڕێکی سەرگەردان دەبینم، رەنگە ئەوەش "دیوجین" بێت لە شەقام و رێگاکان بسووڕێتەوە. لە ژێر خۆرەتاوەکە، بەرۆژ بەدەستی لەرزۆک فانووسی ئەبەدی هەڵگرتبێت. منیش بڵێم: "شێتە ئەوە چییە؟ بەو رۆژە رووناکە ئەو فانووست بۆ هەڵگرتووە، بەڕاست رووناکی رۆژەکە بەشت ناکات؟". پیاوە داماوەکە، خەمگین سەیری چاوەکانم دەکات، ئینجا پەندەکەم پێ دەڵێت: "هاوڕێیەکم نابینیت ئەو جیهانە چەند تاریکە. .جاران زوو لەناو زیندانەکانا لەسەر چینچکان دادەنیشتین، گوێمان بۆ غەڵبەغەڵبی شەقامەکان و هۆڕنی ئۆتۆمبێلەکان هەڵدەخست. لە دیوی دیوارەکانەوە، گوێمان لە "بوذیە"ی پۆلیسێکی هەژاری خەواڵووی سەر تفەنگەکەی رادەگرت، کە گۆرانی بۆ با دەگوت. لە وڵاتە دوورەکانەوە هاوسۆز لەگەڵ "بیرتولت بریخت" نەماندەگوت: "بۆ لە تاراوگە درەخت دەڕوێنیت، تۆ بەیانی هەر دەگەڕێیتەوە وڵات؟" . لەودەمانە نەماندەتوانی وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە. ئیتر بەو جۆرە، ساڵەکان لەبن دەستمان تێدەپەڕین و جەستەمان دەرزی، وەک شەرواڵێکی شڕ پیردەبین. لەودەمانە واماندەزانی ئەبەدەیەت لەبەردەمان دەکشێت، بەڵام ئێستا، قاوەیەک تەواو ناکەین و دەگەیەنە کۆتایی. ئەزیزم بیرتولت بریخت گوێ بگرە: ئەگەر دارێک لە تاراوگە بچێنین یان نەچێنین، ناگەڕێتەوە شوێنێک ئەگەر گەڕانەوەی تێدا نەبێت. ... هەموو شتێک لە وڵاتەکەم تەنیا قسەیە. قسەکردن پیرۆزە، ئەوەندە پیرۆزە وادەزانین وەک دارە سیحراوییەکە، دەتوانێت خۆڵ بکاتە زێڕی بێگەرد. بەردەوام عەرەب دەڵێن: "با دادپەروەری و ئازادی بەرقرار بێت!"، هیچیش روونادات، ئینجا گەمەکەش بەردەوام دەبێت. پرسیارەکە: ئایا عەرەب بوون بە سیزیف، ئەوەی ناتوانیت بەردەکە بباتە سەر لوتکەی ئیڤریست، یان موسایە، ئەوەی ئاوی دەریا رادەگرێت، بۆ دەربازبوونی خۆی و هاوڕێیەکانی وشکی دەکات؟ لەوەیان بەدڵنیاییەوە هەڵەیەک بوونی هەیە. دەبوایە سیزیف زووتر کرێنێک و چەند بارهەڵگری بەهێزی لەگەڵ خۆی هێنابوایە، بۆ موساش وا باشتربوو کەشتییەکی ئەگەر بەکرێش بوایە هێنابوایە، هاوبیرەکانی دەپەڕاندەوە، ئەوەیان سەلامەتتر بوو، نەک روو لە پەرجووێکی گاڵتەئامێز بکات، کە ئێستا کەس بڕوای پێ ناکات
. بەشێک لە کتێبی "الرائی فی العتمە" ٣٨_٤٢ فاضل العزاوی دار الجمل ٢٠١٦