مەریوان وریا قانع: ئینسان شیعر نانوسێت بۆئەوەی لە دونیا بگات، بەڵکو بۆئەوەی دەنووسێت لە خۆی بگات
6 ساڵ لەمەوپێش
سازدانى: شاخهوان سدیق
بەشی دووەم
یهکێک له دهنگه جدییهکانى ئێستاى ناو دونیاى ئهدهبى و فکرى ئێمه، که ههموومان به کتێب و نوسین و شیکردنەوە و سهرنجهکانى ئاشناین، دکتۆر(مهریوان وریا قانح)ە، ئهو ئهگهرچى له ئێستادا کەمتر سهرقاڵى ئهدهبیاته، بهڵام ههمیشه لهو بوارهدا دانهبڕاوه وجێدهستى دیاره، وهک بڵاوکراوهى (پهڕاو) به باشمان زانى دهربارهى شیعر و گرنگى ئهم ژانره بۆ ژیان، ئهم دیدارهى لهگهڵدا سازبدهین.
*زۆر کهمن ئهوانهى کهدهزانن تۆ ڕۆژێک یان ئێستا شیعرت نووسیوە و شیعر دهنوسیت،پاش ساڵانێکى زۆریش لهنوسینى شیعر، دواجار ساڵى (2005) بڕیارتدا ”کتێبى دڵشکان“، کهئهزموونى تۆیهلهبوارى شیعر نووسیندا، بڵاوبکهیتهوه. خۆشت لهپێشهکى کتێبهکەدادهڵێیت: نوسینم زۆره، بهڵام ترسم لهبڵاوکردنهوهههیه. تا چهند پێتان وایهشیعر حاڵهتێکى زاتیه و کهمتر شاعیرى ڕاستهقینهدان بهخۆیدا دهنێت ئهو ههستهتایبهتانهى بڵاو بکاتهوه؟
مەریوان وریا قانع: لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا باسم لەوە کرد کە من شیعر وەک ئامرازیی ڕاڤەکردنی مرۆڤ بۆ خودی خۆی و بۆ ئەو پەیوەندییەی بە دونیا و بە زمانەوە دروستیدەکات، دەبینم. شیعر وەک شیکردنەوەیەکی وردیی ژیان، ژیانی تاکە کەسێک کە لەناو زماندا فۆرم و مانا و ناوەرۆکێکی دیکە وەردەگرێت. من زۆر پێ لەسەر مەسەلەی زاتیبوونی شیعر دادەگرم، شیعر و ئەزموون و شیعر و مامەڵەکردنی جیھان بەیەکەوە گرێئەدەم. ھەمووشیان لە دیدی تاکە کەسێکەوە کە لە پەیوەندییەکی ئاڵۆز و سەختدایە لەگەڵ ھەر یەکێک لەو شتانەدا. با کەمەکێک وردتر ئەم خاڵە ڕوونبکەمەوە و بۆ ئەمەش بۆ ھەندێک بۆچوونی ھایدگەر دەربارەی شیعر دەگەڕێمەوە، بەڵام بەبێئەوەی سەرجەمی دیدە ھایدگەرییەکە قبووڵبکەم.
لە دیدی ھایدگەردا شیعر بریتییە لە زمان لە دۆخی پاکیەتییەکی ڕەھادا، زمانە بە پاکژیی و پاکیزەیی، pure language. لە شیعردا ”وجودی زمان“ بەرجەستەدەبێت، جودێک کە لە بنەڕەتدا جەوھەرێکی نەناسراو و نادیارە. لای ھایدگەر شاعیر کە دەنووسێت ”گوێ بۆ زمان دەگرێت“، وا دەکات ”زمان قسەبکات“ و لەڕێگای ئەم قسەکردنەوە ”زمان جەوھەری خۆی دەربخات“. بەڵام ھایدگەر تەنھا بەوەوە ناوەستێت کە شیعر وەک زمانێکی پاکیزە، زمانێکی پاکژ، ببینێت، بەڵکو ھەنگاوێکی ڕادیکاڵانەی تر دەنێت و پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە شیعر تەعبیر نییە لە جیھانیبینی شاعیرەکە یان لە ئەزموونەکانی، بەڵکو تەنھا تەعبیرە لە خودی زمان خۆی. ئەوەی لە شیعردا دەدوێت زاتیەتی شاعیرەکە نییە، بەڵکو زمانە کە لەناو شیعردا قسەدەکات، ”تاریکییەکی جەوھەریی“ قسەدەکات کە تاریکیەکانی ناو زمانە. واتە ھایدگەر زاتیەتی شاعیرەکە دەکاتە دەرەوەی زمان و دەرەوەی کردەی شیعرییەوە. ئەمەش خاڵێکە من نەک تەنھا باوەڕم پێینییە، بەڵکو ڕێک پێچەوانەکەی بە ڕاست دەزانم.
ئەوەی بەلای منەوە لەم دیدە ھایدگەریەدا گرنگە و پێموایە دەکرێت شتێکی جەوھەریمان لەسەر شیعر پێ بڵێ ئەو ڕوانینەیە کە شیعر وەک ”زمان لە دۆخی پاکێتیەکی ڕەھا“دا، لە دۆخی ”پاکژیی و پاکیزەیی“دا وێنادەکات. واتە زمان لە دۆخی بەر لە بەکارھێنانیدا بۆ گەیاندنی دیدێک یان مەبەستێکی پێشتر ئامادەکراو لە دەرەوەی کردەی شیعری خۆیدا. ئەگەر شیعر زمانێکی پاکژبێت، زمان بێت وەک کەرەستەیەکی خاوی دەست بۆنەبراو، ئەودەم ئینسان دەتوانێت بەم کەرەستەخاو و پاکژە، چەندەھا شت دروستبکات کە پێشتر بوونیان نەبووبێت و جیاوازبن لەوەی کە ھەیە و لەئارادایە، دەتوانێت شتێک بە زمان بگوترێت کە پێشتر نەگوترا بێت، ئەزموونێک بەرجەستەبکات کە بەرجەستەبوونی لە مەحاڵەوە نزیکبێت، ماڵێکی لێدروستبکرێت کە تەنھا لەناو شیعردا بکرێت دروستبکرێت، ”بوون“ یان ”خود“ ێک بە جۆرێک دابڕێژێتەوە تەواو جیاواز لەوەی کە بەر لە کردە شیعریەکە لەئارادابووە، یاخود ھاوسەنگییەک دروستبکات کە پێشتر بوونی نەبووبێت، یان دید و ڕوانینێک بەرجەستە بکات کە بەر لە لەدایکبوونی ئەو شیعرانە بوونیان نەبووبێت. بەبۆچوونی من ئەم کردەی دروستکردنانە وادەکەن شیعر زۆر دیاردەیەکی زاتیی و شەخسیی بێت، ئەو کەرستەخاوە و پاکژییە دەستبۆنەبراوە لەڕێگای کەس و ئەزموونێکەوە دەستی بۆدەبرێت و دەکرێت بە شتێک بە جۆرێکی تایبەت لەناو زمان و لەناو جیھاندا ئامادەیە. ھەر کەسە دەتوانێت شتێک بەو ”زمانە پاکژ“ە دروستبکات، یەکێک تەنھا مانای پێ دروستدەکات، یەکێک بوونی خۆی پێ دەگۆڕێت، یەکێک ماڵێکی میتافۆریی پێدروستدەکات، ھتد..
لە دۆخی مندا شیعر ئامرازی دروستکردنی ئەو ماڵە میتافۆریەیە کە لە دۆخی بێماڵییەکی ڕەھاوە لەناو دونیادا دروستدەبێت. ھاوکات کارکردنە لەگەڵ ئەزموونێکی تایبەتی مرۆڤبووندا کە تەواو شەخسیی و تاکەکەسییە. لەم ڕوانینەدا شیعر ھەوڵدانی تاکە کەسێکە بۆ دروستکردنی زمانێکی تر کە بتوانێت ڕوانینێکی تر بۆ مرۆڤ و بۆ دونیا دروستبکات و پەیوەندییەکی نوێش لەنێوان خود خۆیدا وەک تاکەکەسێک و ئەو دونیایەدا پێشنیاربکات کە تیایدا ئامادەیە، لە ھەموو ئەو دۆخانەدا شیعر دەتوانێت شتێک لەسەر خۆی و لەسەر زمان و لەسەر جھیان بڵێت کە بەر لە نووسینی، نەزانراوبێت.
بە کورتییەکەی شیعر جۆرێکی تایبەتی ژیانە لەناو زماندا، یان وەک من دەڵێم دروستکردنی ماڵێکە لەناو زماندا، کە ھەم زمان مانا تەقلیدییەکانی لە دەستئەدات و ھەم ماڵ و ھەم ژیانیش، ھەر یەکێکیش لەمانە یەکێکە لە شەخسیترین ئەو شتانەی تاکەکەسێک بتوانێت ھەیبێت. بەبۆچوونی من شاعیری ڕاستەقینە لەناو شیعردا دەبێت بە خۆی، دەبێت بەو ”من“ەی کە دەشێت لە شوێنی تردا و لەناو پەیوەندیی تردا بزری بکات. بۆ نموونە لە ناو کولتور و دین و سونەت و ڕای گشتیی و شتی تری لەو بابەتەدا. بەم مانایە شیعر دروستکردنی ماڵێکە بە ڕستە و ریتم و وێنە و بۆشایی کە تیایدا مرۆڤ کەسایەتی خۆی سەرلەنوێ دوستدەکاتەوە.
لەم ڕوانینەدا شیعر ھیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، بەڵام دەتوانێت بەرچاوڕوونییەک بە مرۆڤ ببەخشێت لە پەیوەندیدا بە خودیی خۆی و بە زمان و بە دونیاوە، وەکچۆن ئامرازێکی زۆر گرنگ و سەرەکیی دروستکردنی ئەم خودە خۆشیەتی. ئەگەر بکرێت دەستەواژەیەک لە میشێل فوکۆ وە وەربگرم، دەکرێت بڵێم شیعر جۆرێکی تایبەت و گرنگی ”تەکنۆلۆژیای خود“ە، تەکنیکی دروستکردن و داھێنانی خودە لەناو پرۆسەیەکی ئازاد و داھێنەرانەدا. لەشیعردا مرۆڤ دەیەوێت خۆی وەک تاکەسێکی تایبەت و دەگمەن دروستبکات و دابھێنێت، تاکەکەسێک خوەنی زمان و ڕوانین و ئەخلاقی تایبەت. دونیایەکیش دوستدەکات کە دونیای تایبەتی ئەوە نەک ھی بوونەوەرێکی تر.
پێموایە بەشێکی گرنگیی مێژووی شیعر لەم ئاستە تایبەتەدا کاریکردوە، ئەرکی ژمارە یەکەی ئەوەبووە بوونەوەرێکی ئەخلاقیی و بەرپرسار دروستبکات یەکەمجار لەبەردەم خود خۆیدا، دواتر لە بەردەم دونیا و ئەوانیتردا. بێگومان ئەمە تەنھا دەرکەوێکی شیعر نییە لەناو مێژووی ئەدەبیاتدا. بۆ نموونە شیعر لە ئەدەبیاتی ئێمەدا، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەھەم و لەگەڵ ئەزموونی حاجی قادری کۆیی دا، تا سەر شێرکۆبێکەس، یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی بریتیبووە لە ”دروستکردنی نەتەوە لە تێکست“دا. ئەم دروستکردنەش لە زیاد لە ڕێگایەکەوە، لە ڕێگای بەکارھێنانێکی تایبەتی زمانەوە، لەڕێگای دروستکردنی یاداوەرییەکی دەستەجەمعیی تایبەتەوە، لە ڕێگای تۆمارکردنی بڕێکی گەورە لە پەژارە و کۆستە گشتییەکانەوە، لەڕێگای کارکردن لەسەر ئەو فۆرمە لە حەماسەت و ئەو شێوازە لە سایکۆلۆژیا پۆزەتیڤەوە کە ئەم پرۆژەی دروستکردنی نەتەوەیە پێویستیی پێیەتی. بە مانایەکی دیکە شیعر لێرەدا خەریکی دروستکردنی ماڵێکی دەستەجەمعییە. بەم مانایە بەشێکی گەورەی شیعری کوردیی لە حاجی قادری کۆیەوە ”تەکنۆلۆژیای دروستکردنی خودێکی دەستەجەمعییە“ لەناو مێژوویەکی خوێناویدا کە شوێنێک بەو خودە دەستەجەمعیەی نابەخشێت، شاعیرەکانیش لە پەیوەندیاندا بەو پرۆژە دەستەجەمعییەوە کەسایەتی خۆیان دادەھێنن و دروستدەکەن. من باوەڕم بە دروستکردنی ھیچ ماڵێکی دەستەجەمعیی لەناو شیعردا نەماوە، نە ماڵی نەتەوە، نە ماڵی حیزب، نە ماڵی ئەم یان ئەو ئایدیۆلۆژیای دەستەجەمعیی، نە ماڵی دین، نە ماڵی ھیچ دونیابینییەکی عیرفانیی، نە ماڵی ھیچ چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیی. ئەوەی لە شیعردا دروستدەکرێت ئەو ماڵ و زمان و ئاکارە تاکەکەسیانەیە کە مرۆڤێک دەکەنە بوونەوەرێکی تایبەت و کە شیعریش دەکەنە ڕووبەرێکی تایبەتی نووسین.
بەلای منەوە ئەو بوونەوەرەی کە خۆی لەناو شیعردا دروستدەکات، بوونەوەرێکی بەرپرسیار و ئەخلاقییە، کەسێکە لەسەرێکەوە دەچێتە دەرەوەی عادەتەکانی زمان و گرامەریی ژیانی ڕۆژانە و فشاری گوتارەکانەوە، بەڵام لەلاوە وەک بوونەوەرێک دێتەدەرەوە کە ھەم مشور لە خۆی و ھەم مشور لە دونیا دەخوات. ھەم بوونەوەرێکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە خۆی، ھەم بەرامبەر بە جیھان. لەناو شیعردا مرۆڤ ھەم دەبێت بە ھاوڕێی خۆی، لەڕێگای کردەی خۆدروستکردنێکی بەردەوامەوە، ھەم ئەبێت بە ھاوڕێی زمان لەڕێگای بەکارھێنانێکی زۆر تایبەتییەوە، ھەم بە خەمخۆری ئەو دونیایەی کە وەک تاکەکەسێک تیایدا دەژیی. لێرەدا کە باس لە ئەخلاق دەکەم مەبەستم ئەخلاق بە مانا تەقلیدییەکەی نییە، بە مانای پیاوماقوڵبوون و موحتەرەمبوون و ئەو شتانە نا، بەڵکو بەمانای بونیادنانی پەیوەندییەکی دوو جەمسەرەی ئازاد ھەم لەگەڵ لەگەڵ خود خۆیدا لە ساتەوەختی دروستکردن و چاودێریکردنیدا، ھەم لەگەڵ دونیای دەرەوە و مرۆڤەکانی تردا. ئەخلاق لێرەدا بەرزکردنەوەی ئازادییە بۆ ئاستی ھێزێک کە بەھا و یاسا و نۆرم دروستبکات، بەڵام بەھا و یاسا و نۆرمێک کە خود خۆی خاوەن و دروستکەریانە. ھەموو ئەمانەش مانای دروستکردن و داھێنانی خود وەک بوونەوەرێکی بەرپرسیار، وەک کەسێک کە پەیوەندیی خۆی بە خۆیەوە و پەیوەندیی خۆی بە جیھانەوە وەک پەیوەندییەکی ھونەریی ببینێت و مامەڵە بکات.
ئەم دۆخە وادەکات شیعر تایبەتیترین و خودیترین شێوازی نووسین بێت، ئینسان شیعر نانوسێت بۆئەوەی لە دونیا بگات، بەڵکو بۆئەوەی دەنووسێت لە خۆی بگات، دونیا لەڕێگای شیعرەوە دروستناکرێت، بەڵام خود لەم ڕێگایەوە دروستدەکرێت..