داهێنانی ئەدەبی و مەفتوونانی وەتەن

6 ساڵ لەمەوپێش



سەنگەر زراری

ئێستاش لای ھەندێ نووسەر و ئەدیب و شیعرنووس، باو باوی نەتەوەپەرستی و قەومچێتییە، ئەوان بێ ئەوەی ھەستی پێبکەن نەتەوەچێتی ناکەن، بەڵکو تەنھا دژایەتی عەرەب دەکەن، بۆ نموونە وشەی عەرەبی بەکارناھێنن، بەڵام وشەکانیشیان نەکردۆتە وشەی کوردی پاراو، بەڵکو کردویانەتە ئینگلیزی یان زمانێکی دیکەی ئەوروپی کە خۆشیان تێی ناگەن (چونکە خۆیان نەیانھێناوە، بەڵکو لە خەڵکی دیکەیان وەرگرتووە و بە ھەڵە بەکاری دێنن)، زۆرێکیش لەوانە نانیان لە قاپی عەرەبان خواردووە و لە ڕێگەی عەرەبەوە فێری ئەو بڕە سەقافەتە بوونە، کەچی بە ناوی کوردایەتییەوە دژایەتی عەرەب دەکەن، ئەم بابەتە بەرگریی نییە لە عەرەب، بەڵكو گوتنی واقیعێكە كە ئەوەندەی پەیوەندیی بە خۆمانەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندیی نە بە عەرەب و نە بە هیچ نەتەوەیەكی دیكەوە نییە.

بێکەس گوتبووی: "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە". باشی گوتبوو.

کاتێ بەختیار عەلی لە بەرامبەر ئەوەدا گوتی: "ئەی وەتەن مەفتوونی تۆم، بەڵام نامەوێ شێوەتم بیرکەوێتەوە". ھەندێک دەیانگوت چۆن ئەدیبێکی وا بەناوبانگ کە کتێبەکانی ھەر کورد دەیخوێننەوە و یەکێکە لەو ئەدیبانەی زۆرترین کتێبی لەناو کوردان دەفرۆشرێن، دەبێ دژی وەتەنی خۆی قسە بکات و نەیەوێ شێوەی وەتەنی بیرکەوێتەوە، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە وەتەنی سەردەمی بێکەس، وەتەنێکی داگیرکراو بوو، لەکاتێکدا وەتەنی سەردەمی بەختیار بە جۆرێک بوو کە خەڵک شەرمی دەکرد بڵێ: خەڵکی ئەم وڵاتەم، وەتەنێک بوو بەشەر بەشەری دەخوارد و کەس نەیدەوێرا سەر لە ماڵ دەربێنێ.

شاعیری عێراقی ئەحمەد مەتەڕ زۆر ڕەخنە لە نەتەوەکەی خۆی دەگرێ و تەنانەت گاڵتەشیان پێ دەکات:

"کوڕیژگەکە بە گوێدرێژەکەی گوت: ھەی گەمژە

گوێدرێژەکە بە کوڕیژگەکەی گوت: ھەی عەرەب".

واتا گەمژەیی چەندە عەیبە، عەرەبێتی عەیبتر، چونکە کاتێ یەکێک جوێنێک دەدا، ھەمیشە ئەگەر بەرامبەرەکەی بە جوێن وەڵامی بداتەوە، جوێنێکی خراپتری پێ دەدات، ئەحمەد مەتەڕیش (ھەی عەرەبی) لە کاردانەوەی (ھەی گەمژە) نووسیوە.

مەتەڕ لە کورتە شیعرێکی دیکەدا دەنووسێ:

"سەر لە بەیانی ئەمڕۆ

ئاگادارکەرەوەی کاتژمێرەکە بە ئاگای ھێنامەوە و

پێی گوتم: ئەی ڕۆڵەی عەرب

ئێستا کاتی نووستنە".

مەتەڕ پێی وایە کە عەرەب ئەوەندە دواکەوتوون، خەو لە خەو گرێ دەدەنەوە، کەچی ڕۆشنبیرانی عەرەب نەک بە خۆفرۆشی دانانێن، بەڵکو بەردەوام دەیخوێننەوە و بە یەکێک لە شاعیرە پێشەنگەکانی خۆیانی دادەنێن. داھێنانی نووسەرانی گەورە بە نەتەوەچێتی نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە، بەوەیە شیعرێك، چیرۆكێك، ڕۆمانێك، یان هەر هونەرێكی دیكە بەرهەم بێنی، كە سنووری نەتەوەكان ببڕێ، وەكو چۆن نووسەرە گەورەكانی دنیا وایان كردووە و بۆیەشە كامە نووسەر جیهانییتر دەنووسێ، ئەو براوەترە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار