میتۆدەکەی شیمازاکی
6 ساڵ لەمەوپێش
ژۆزێ لاپوانت
لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی
هەندێک کەس پێیان وایە پیاوە، هی واش هەن وا دەزانن لە فەڕەنسا یان لە ژاپۆن دەژی: ئەوەی ڕاستی بێ، ئاکی شیمازاکی کە کتێبەکانی بە دە زمانێک وەرگێڕدراون، هێندەی رێژان دووشارم
[ی نووسەر] نهێنیپارێزە.
ئەم نووسەرە بە ڕەچەڵەک ژاپۆنییە کە نزیکەی بیستوپێنج ساڵە لە مۆنترال دەژی، بەردەوام چاوپێکەوتن ڕەت دەکاتەوە، هەروا بە خۆشی نا، بەڵکوو لەبەر ئەوەی پێی وایە خودی کتێبەکان باسی خۆیان دەکەن. "من پێم خۆش نییە ئەوە شیی بکەمەوە کە چۆناوچۆن چیرۆکەکانم بخوێنرێنەوە. حەز دەکەم خوێنەران خۆیان بڕیار بدەن."
ئاکی شیمازاکی، شانزە ساڵ لەمەوبەر، لە دەسپێکی پیشەکەیدا، بە پیر میدیاکانەوە هات. بەڵام وازی لەم لایەنەی پیشەکەی هێنا، کەمێک بێتاقەت بوو لەوەی بەردەوام پرسیاری هاوشێوەی لێ بکرێ. ئەم ژنە کورتەباڵا بەکەفوکوڵ و ڕازدارە دەڵێ پێش هەموو شتێ لەبەر ستایشی بۆ چییەتی خوێندنەوەمان پەسندی کردووە چاوی بە ئێمە بکەوێ - هەڵبەت چوار ساڵ پاش داواکاریی یەکەممان! لێ پاش خەفەت دەربڕین بە هۆی ئەوەی قسەکانی بە گشتی لەلایەن ڕۆژنامەنووسەکانەوە دەشوێنرێ، ڕەتی دەکاتەوە وتوێژەکە تۆمار بکەین. بەر لەوەی ئێمە ناڕەزایی دەرببڕین، دەڵێ: "ئاسایی نییە. نامەوێ دەنگی من هەڵبگرن."
کەواتە، دواجار ئەمە "کەسایەتی"یەکە کە پاشنیوەڕۆیەکی خۆشی پاییز لە چایخانەیەکی "گەڕەکی لاتین"، دێتە لامان، بەڵام بە سینگفراوانی و بۆ ماوەی سەعاتێک پەسندی دەکا لە خۆی بدوێ، لە شێوازی خەبات و مەیل و هەوڵدانی بێوچانی بۆ نووسین و هەروەها ئەو شتەی هانی دەدا بە دوور لە خۆدەرخستن بژی.
"دەمەوێ ئاسوودە بم، ئاکی شیمازاکی وا دەڵێ. ئەگەر چاوپێکەوتنەکان قەبوڵ بکەم، چیتر کاتم بۆ نووسین نامێنێتەوە. ئەمە جاڕز و تووشی بنبەستم دەکا." ئەم نووسەرە ٦١ ساڵە ماوەی چوار ساڵە خێراییەکەی بردووەتە سەر. ئێستا هەموو ساڵێ ڕۆمانێک چاپ دەکا، ڕۆمانە هەرە تازەکەی "هۆزوومی"یە کە ئەم پاییزە کەوتە بەر دیدی خوێنەرانەوە. بەدەم پێکەنینەوە دەڵێ لە ئێستاوە "دووگیان"ە بۆ ڕۆمانی داهاتوو.
"هەموو کەسێک دەبێ چارەسەرێک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی شتێک لە ژیانی بکا. بۆ من نووسینە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر پێویستیم پێیەتی. ناتوانم دەست هەڵگرم، ئەگینا هاوسەنگیی خۆم لەدەست دەدەم."
ئاکی شیمازاکی لە هەرێمی کێبێک بەم هاوسەنگییە دەگا، لەوێ بۆی دەرکەوتووە دەبێ بنووسێ. لەکاتێکدا ٢٦ ساڵ لە ژاپۆن و ١١ ساڵ لە بەشی ئینگلیزی زمانی کەنەدا ژیابوو، لە کێبێک ئازادی خۆی و ورەی دەستپێکردنی دۆزییەوە. لە تسووباکییەوە (١٩٩٩) بۆ هۆزووکی، ئێستە خاوەنی دوانزە ڕۆمانە (دە ڕۆمانی یەکەم دوو پێنجێنە پێک دێنن) کە هەموویانی ڕاستەوخۆ بە زمانی فەڕەنسی نووسیوە. ئایا بە ژاپۆنی جیاواز دەنووسی؟ "بەدڵنیاییەوە. لە ژاپۆنیدا ڕستەکانم دوور و درێژترن. لە زمانی فەڕەنسیدا، زۆر کورتن."
ستایلی شیمازاکی ئاوایە: نووسینێکی لەڕادەبەدەر سادە، ڕستەی کورت و ڕاستەوخۆ، بێ قۆرت و پێچ و دەربڕینی شاعیرانە. هەر کام لە کتێبە کورتەکانی هێڵێکی جیاوازی نێو چوارچێوەی پڕ لە کۆدی کۆمەڵگەی ژاپۆنی دەگرێتە بەر، بەگشتی لە دەوری نهێنییەکی ڕابردوو دەسووڕێنەوە، زۆربەی کاتەکان سەبارەت بە بنەماڵەیە، بەتایبەتیش لایەنە جیاوازەکانی ژیانی ژن و مێردایەتی.
"لە بارەی ژیان و خۆشەویستییەوە دەنووسم"، نووسەر وا دەڵێ کە خۆی بە کۆمیدیکارێک بەراورد دەکا و هەموو جارێ دەچێتە نێو پێستی کەسایەتییەکەیەوە بۆ ئەوەی بتوانێ مۆنۆلۆگە دوور و درێژەکانی بخوڵقێنێ. "ئەوە من نیم قسە دەکا، بەڵکوو من خۆم دەخەمە شوێنی ئەوان. ئەگەر من ئەوان بوایەم چیم دەکرد؟"
بەم جۆرە لەسەر پانتایی ئارامیی ڕۆمانەکانی ئاکی شیمازاکی ئاوهەڵدێری هەستەکان و مەیل و تاسە زەق دەبێتەوە. ئەو پێی وایە ڕۆڵی وی نووسینەوەی هەستەکان نییە، بەڵکوو لێ دەگەڕێ خۆیان دەربخەن. "نامەوێ کورت و پوختیان بکەمەوە، بەس ئەو شتە دێنمە خەیاڵ کە کەسایەتییەکان هەستی پێ دەکەن."
واتای نووسین
ئاکی شیمازاکی، بەر لە هەڵبژاردنی کەسایەتییەک، ناونیشانێک هەڵدەبژێرێ - تەنیا وشەیەک، ئەویش بە ژاپۆنی، کە بە گشتی ناوی شتێک، گیایەک یان گوڵێکە. "سەرنج دەدەم بزانم لە گوێمدا چۆن دەزرینگێتەوە. بۆ نموونە هۆزووکی [بزگیلە] و میتسووکۆی قارەمانی نێو ڕۆمانەکە. ئەوسا بیر لەوە دەکەمەوە لە تەک هەردووکیان چیم بۆ دەکرێ."
لە ڕۆمانی هۆزووکیدا، ئیلهامی لە چیرۆکێک وەرگرتووە کە چل ساڵ لەمەوپێش بیستوویەتی، چیرۆکی دۆزینەوەی کۆرپەیەک بە مردوویی. "نەمدەزانی چۆناوچۆن ئاڕاستەی بکەم، بە پێی پێویست بەهێز نەبووم. جاری وایە، هەندێک تۆو هەن بۆ ماوەیەکی زۆر بە چێندراوی دەمێننەوە، زەمەن تێدەپەڕێ و دواجار ڕۆژێک کۆیان دەکەیتەوە."
هۆزوومی چیرۆکی میتسووکۆ دەگێڕێتەوە، ژنە خاوەنی کتێبفرۆشییەکی دەستی دووی تایبەت بە کتێبی فەلسەفی، دایکێکی تەنیا لەگەڵ کوڕیژگەیەکی دووڕەگە و کەڕ. بەڵام ژنە گەنجەکە نهێنییەکی بەنرخی هەیە کە بۆی هەیە لە لایەن کڕیارێکی نوێوە لەقاو بدرێ.
ئەم ڕۆمانە خەفەتهێنە کە لە کۆتاییدا ڕەنگە فرمێسک بە چاوی زۆربەی هەرە زۆری خوێنەرانیدا بێنێ، بۆ نووسەرەکەی دەرفەتێک بووە بۆ بیرکردنەوە لە هێزی پەیوەندیی دایکانە، جا بایۆلۆژی بێ یان بە پێچەوانەوە. بەڵام بابەتی کتێبەکە، وەک هەمیشە، لە کۆتایی بەسەرهاتەکەدا خۆ دەنوێنێ.
"واتای نووسین چییە؟ من خۆم لە کاتی نووسیندا بۆم دەردەکەوێ، چونکە نازانم کۆتایی چۆنە. پێم وایە ئەگەر هەر لە سەرەتاوە بابەتەکە دیاری بکەم، ناوەڕۆکەکەی هێندە قووڵ نابێ، تەنانەت هەندێک جاڕزکەر دەبێ."
بەم جۆرە، لە ڕۆمانی هۆزووکیدا، بابەتی خۆشەویستی دایکانە هێدی هێدی خۆی نیشان دەدا. لەبەر ئەم هۆکارەیە دەبێ ئەو دواتر، پێش ئەوەی دەستنووسەکانی بدا بە وەشانخانەکەی، دەقەکانی چەندین جاری تر بنووسێتەوە - سێ تا پێنج جار! "کاتێک تێدەگەم کە دەمەوێ چ بڵێم، لە سەرەتاوە دەست پێ دەکەمەوە تا کۆتایی. بە ڕاستی جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان نوسخەی یەکەم و کۆتاییدا! خۆم دەروونشیکاریی خۆم دەکەم."
ئاکی شیمازاکی بە ئەسپایی بەرەو ئەو شتە دەڕواتەوە کە لە دونیادا بۆ وی ئازیزترینە، نامۆبوون و ئارامی. ماڵئاواییمان لێ دەکا، ئێمە هیوا دەخوازین هێشتا زۆر چیرۆکی تر بنووسێ کە لە ناخەوە بمانهەژێنێ. "گەلێک نووسەر هەن خەون بەوەوە دەبینن بەناوبانگ بن. من، بەپێچەوانەوە. لە سۆنگەی منەوە، نووسەرێک، کەسێکە کە دەنووسێ."