ئەمجەد ناسر دەنگێکی داهێنەری شیعری عەرەبی
6 ساڵ لەمەوپێش
عەبدوڵڵا تاهیر بەرزنجی
یەكێكە لە شاعیرەكانی شەپۆلی سێیەمی نوێگەریی عەرەبی و ئەمڕۆ بووە بە دەنگێكی دیار و گفتوگۆی زۆر لەسەر شیعركانی دەكرێت، لێكۆڵینەوەی زۆری لەسەر دەنووسرێت، بە تایبەتی لەسەر ئەو هەنگاوە ڕاستەقینانەی كە لە شیعری پەخشانی عەرەبیدا ناونی و لەم بوارەدا تایبەتمەندیی دیاری بۆ خۆی تۆمار كردووە. شیعرەكانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕاون، ناوی ڕاستەقینەی خۆی (یحیی النمیری النعیمات) كە بە ئەمجەد ناسر ناوبانگی دەركردووە.
ساڵی 1955 لە باكووری ئوردوون لەدایك بووە و لە نێو خێزانێكی دەشتەكیدا پەروەردە بووە.
لە وڵاتی خۆی لە تەلەفزیۆن و ڕۆژنامەدا كاری كردووە. پاشان چووەتە بەیرووت، لەوێ لە گۆڤاری (الهدف) كاری كردووە، كە چیرۆكنووسی فەلەستینی (غەسان كهنهفانی) دای مەزراندبوو.
لە سەردەمی عەبدولفەتاح ئیسماعیلدا، لە كۆماری یەمەنی دیموكراسیی شەعبیی جاران زانستی سیاسیی تەواو كردووه.
سەعدی یوسف پێشەكیی بۆ یەكەم كتێبی نووسیبوو كە ساڵی 1979 چاپ كرا و دەنگدانەوەیەكی زۆری لە بواری ڕەخنە و شیعری عەرەبیدا هەبوو. هەرچەندە ئەو لە نێوەندێكی سیاسیدا كاری دەكرد، بەڵام شیعرەكانی لە كاریگەریی سیاسەت دوور خستەوە. لەم بوارەدا بایەخی بە وردەكاری و شتی ڕۆژانە دەدا و لەو ناوچانەدا كاری شیعریی خۆی دەكرد.
ئەمجەد پاش نووسینی چەندین شیعری تەفعیلەی سەربەست، دەستی دایە نووسینی شیعری پەخشان. لە كۆمەڵەشیعری دووەمیدا، كە ساڵی 1981 چاپ كراوە، شاعیری عێراقیی بەناوبانگ، سەعدی یوسف بە "عرار"ی نوێی ئوردوونی وەسف كرد، ئەو عەرارەی كە شیعری ئوردوونیی بەرەو جیهانی نوێگەری برد. لە كۆمەڵەشیعری "ئەوەی بتبینێت دڵخۆش ئەبێت"دا ئەزموونی نوێی لە بواری خۆشەویستیدا پێشكەش كرد و هەندێك لە ڕەخنەگران بە چەشنێكی نوێی شیعری خۆشەویستیی عەرەبییان دانا . ڕەخنەگری عێراقی "حاتهم ئەلسەگەر" ئەم كۆمەڵەشیعرەی بە نوێكردنەوەی دیوانی غەزەلی عەرەبی دانا. ئەمجەد لە هەوڵی تریدا وزەی خۆی وەگەڕ خستووە تاكو نەفەسێكی پانۆرامیی لیریكی داستانئامێز لە قۆناغێكی شیعریی نوێیدا بدۆزێتەوە.
ئەوەی سەرنجی زیاتری ڕەخنەگرانی بە لای شیعری ئەمجەد ناسردا ڕاكێشاوە، بەكارهێنانی هێزی نێو جیهانی پەخشانە بۆ نێو دەقی شیعری، كە دەق دەگەیەنێتە ئەوپەڕی سنووری پەخشان و تەكنیكی گێڕانەوە، لەگەڵ ئەمەیشدا هەوڵی داوە گرژیی (مەبەستم لە لایەنە چاكەكەی گرژییە) زمان بپارێزێت. لەبارەی ئەم ئەزموونە نوێیەی ئەمجەد ناسرەوە، ڕەخنەگران ڕای جیاوازیان هەیە؛ هەندێكیان وا دەبینن كە شیعری پەخشانی عەرەبی لە هەنگاوەكانی پێشوویدا نەگەیشتبووە ئەم ڕادە پەخشانئامێزە. هەندێكی تریشیان وا دەزانن كە پانتایی پەخشان شیعرییەتی تێدا پارێزراوە، ئەزموونی ئەمجەد ئەزموونێكی نوێیە و گوڕوتینێك بە شیعری پەخشانی عەرەبی دەدات.
تا ئێستا شیعرەكانیان بۆ چەندین زمان وەرگێڕاوە، لەوانە: فەڕەنسی، ئیتالی، ئیسپانی، ئەڵمانی، هۆڵەندی، ئینگلیزی و ڕووسی.
لەبارەی ئەمجەد ناسرەوە وتوویانە:
٭ شیعری ئەمجەد ناسر، بە خۆشی و پەرۆشیی خوێنەرێك دەخوێنمەوە كە بەدوای نووسینی شیعریدا دەگەڕێت. لەم شیعرانەدا ڕێگەیەكی تاك بۆ ڕزگاركردنی وشە لە یادگەی خۆی دەبینم، تاكو سەرلەنوێ، لە بزاوتێكی پرشنگداردا بەرەو فەزایەكی تر بەرەڵای بكات.
ئەدۆنیس
پێشەكی بۆ هەڵبژاردنی شیعرەكانی ئەمجەد ناسر بە فەڕەنسی
٭ ئەمجەد ناسر شیعری پەخشانی عەرەبی بۆ ناوچەیەكی سەخت و دەگمەن دەگوێزێتەوە.
ڕەخنەگر
سوبحی حەدیدی
٭ جیهانی شیعریی ئەمجەد ناسر لەسەر چین و شێوازی هەمەچەشن دروست بووە كە لە كۆتاییدا دەڕژێنە ناو یەك ئەزموونەوە.
شاعیر :عهبدە وازن
٭ خوێندنەوەی ئەزموونی ئەمجەد ناسر، لەسەر ئاستی هونەر زۆرمان پێ دەبەخشێت.
ڕەخنەگری عێراقی
حاتهم ئهلسەگەر
هەجوو
وەك هەڵۆیەكی دڵشكاو
وەك زریانێكی بێددان
شان دەدەمە لێواری شارەوە
بە پشتیشم ڕێ لە پرش و پارچەی هاوڕێیان ئەگرم
سەبیلە درێژەكەی نەنكم دێنمەوە یاد
فتوحاتی سەرەتای عەرەب بە خەیاڵ ناهێنمەوە
پاشان باوەڕ ناهێنم بەوەی پاریس تەویلەی ئەسپەكانمان بێت
بە سەر شاخی (ئەلبرانس)هوە ناگریم
كە وەك قاڵبێك بەفر لە نێو دەستماندا ئەتوێتەوە
لەبەر (غافیقی) سەر دەستی كراسەكەم بەرز ناكەمەوە
بۆ ئەو شوێنەی خودای لێیە
كاتێكیش كەژاوەی مەلیكەكانی بەنی ئەحمەڕ
بە بەردەمما تێپەڕ ئەبێت
زۆر لە برۆ ناكەم سڵاو بنێرێت.
هەر باسی شمشێر و كەوڵ
و ئاڵتوون و زیو دەكەم،
باسی برسێتی و سێبەر
باسی سالووك و ئاسك
كە دێن و لە لەپی كونتێبوومدا
ئاو دەخۆنەوە.
منیش شانم داوە بە لێواری شارەوە
دڵڕووخاو وەك هەڵۆ
ڕەگهەڵكەنراو وەك زریان.
ئەو پیاوە لە كوێوە دێت؟
ئەو پیاوەی كە بە پشتەملیدا دەدەم
لە شەقامە تاكەكاندا
دژی وردەواڵەفرۆشە گەڕۆكەكان هانم ئەدات
تاڵەدەماری خوێناوییش لە لەپم دەرئەهێنێت
بە شادییەوە دەیجوێت و ون دەبێت.
ئەو پیاوەی كە بە پشتەملیدا دەدەم
لە بازاڕە جەنجاڵەكانماندا كە پڕن لە تووتكەی پیس
و سەوزەی لادێ
دژی دزە تازەپێگەیشتووەكان هانم ئەدات
و بەقەد پەڕۆی فتیلەیەك گۆشت لە شانم دەرئەهێنێت
بە خۆشییەوە دەیجوێت و ون دەبێت.
كێیە ئەو پیاوەی كە بە پشتەملیدا دەدەم
و دژ بە
كچگەكان هانم ئەدات و ون دەبێت؟
چڵی شۆڕبووەوە
ئەمەوێت
ڕۆحم
لە نیشانەی تاعەت و هێشووی مەغفیرەت
پاك بكەمەوە
ئەمەوێت ڕوخسارم
لە سیمای نەژاد
و چڵی درەختی خانەوادە پاك بكەمەوە.
ئەمەوێت لاپەڕە لە وڕێنەی شیعر و
بێهودەیی بیرپژان پاك بكەمەوە
ئیتر ئارەزووی سەردەمی خۆڵەمێشی
و بەركەوتنی تیشكی گونجانی خەیاڵی ناكەم.
ئەمەوێت
تەنها لەرزینی گەردوون ببیستم
كە لە دیواری دڵم دەدات،
تیشك ببینم
لە ئاوی كانیی وەستاودا
بتوێتەوە
ئەمەوێت
سەرم لە پاشماوەی ئامۆژگاری
و پارچەی شكاوی یەكەم خۆشەویستی و شووشەی ڕەنگاوڕەنگ
پاك بكەمەوە
ئەمەوێت چاوم
لە تۆڕی دڕاوی مانگ
و پەردەی پەنجەرە داخراوەكان
پاك بكەمەوە
ئەمەوێت دەنگم
لە ئۆكسیدی ستران
بانگی بەستراو بە شریتی زیوین
پاك بكەمەوە
ئەمەوێت
شانم لە لانەی چۆلەكە
و باڵندەی لاڵی بەیان
پاك بكەمەوە.
ئەمەوێت
جەستەم
لە جلوبەرگی جەنگ و ئاشتی
و تۆز و گەردی دژە فتوحاتەكان
پاك بكەمەوە
ئەمەوێت
هەر خۆم بە تەنیا ڕێ بكەم
لە دوایشمەوە
دەرگای مۆڵگەكە خڕ داخەم.
- ئەم نووسینە بەشێکە لە کتێبێکم لە بارەی شیعرەکانی ئەمجەد ناسرەوە لە دەزگای سەردەمەوە دەرئەچێت .