دوو گەنج پاسێک ده‌که‌ن به‌ کافتریا له‌ سلیمانى

6 ساڵ لەمەوپێش



لۆڤا محەمەد

دوو گەنجی شاری سلێمانی پاسی کۆنیان دیزاین کردوو و کردوویانە بە کافتریا و هەلی کاریشیان بۆ گەنجانی دیکە ڕەخساندووە. (bus cafe) پاس کافێکەی هەڵوێست و کردار لە شاری سلێمانی شەقام بەختیاری تەنیشت تەلاری ھونەر دەوەستێت و لە کاتژمێر ٣:٣٠ی پاش نیوەڕوان بۆ ١ شەو کراوە دەبێت و پێشوازی لە میوانانیان دەکەن.

هەڵوێست عەلی، یەکێکە لەو گەنجانە و تەمەنی ٢٦ ساڵە و خوێندکاری کۆتا قۆناغی بەشی میوزیکە لە زانکۆی سلێمانی لەگەڵ (کردار)ی هاوڕێی کە تەمەنی ٢٥ ساڵە بیرۆکەی ئەوەیان بۆ هات کە هەوڵی ئەنجامدانی پیشەیەک بدەن تاوەکوو ببنە خاوەن ئابووری سەربەخۆی خۆیان، بۆیە بیرۆکەی ئەوەیان بۆ هات کە ئیشێک هەڵبژێرن جیاوازبێت لە هەر ئیشێکی دیکە، ئه‌وه‌بوو پاسێکیان کرد به‌ کافتریا.

 هەڵوێست عەلی ده‌رباره‌ى بیرۆکه‌که‌یان بە هاوڵاتی ڕاگەیاند" دەمانویست کە ئیش بکەین و بژێوی ژیان پەیدا بکەین، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە قاوەخانەیەکی جیاواز دروست بکەین.

ئاماژەی بەوەشدا: ئێمە ٢ لق-مان ھەیە لە سلێمانی و لە ھەولێر کە ٣ ھاوڕێی تر بەڕێوەی دەبەن، پاسەکان لە شاری (ڕانیە) دەستمان کەوت وە پاسەکان ھەر یەکێکیان بە ( ٧٥٠٠$ بۆ ٨٠٠٠ $) کڕیمان و ھەمووی خۆمان دیزاینمان کردوە تەنیا بەشێکی بچوکی ناوەوەی ھاوڕێیەکمان بۆی نەخشاندین.

هەڵوێست و کردار لە ئەنجامدانی ئەم ئیشەدا تەنها خۆیان قازانجیان نەکردووە، بەڵکو توانیویانە کە سودیان بۆ گەنجانی دیکە هەبێت و هەلی کاریان بۆ بڕەخسێنن، وەک خۆشی دەڵێت" لەگەڵ ئەوەی شوێنەکەمان تازەیە، بەڵام توانیومانە ھەلی کار بۆ ٣ کەسی دیکەش بڕەخسێنین، وە بە دڵنیایەوە لە چەند مانگی داھاتودا دەتوانین ھەلی کار بۆ چەندین گەنجی وەکو خۆمان چ کچ یان کوڕ دابین بکەین، خۆشمان زۆر دڵخۆشین بەوەی کە چەندین ھاوڕێی باش و ئەزیز لای ئێمە ئیش دەکەن.

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار