سروشت

6 ساڵ لەمەوپێش



مارف عومەر گوڵ

 

دەمێکە دەرنەکەوتوی،

ئێستا لەکوێوە هاتوی؟

هێشتاکە دارچرۆیە

لە پێشوازیتا پشکوت!

*

بە باوەشێ خەندەوە،

هاتیتە کۆشی خەمم

ڕۆژانی ڕابردومە

گەڵایەکە و با دەیبا !

*

ئێوارە و بەیانیانی،

ئێستاکە و داهاتومی

دڵی چۆلەکە ئاسام،

دەچێتە سەر لکی دار!

 

 

 

*

شەرابی نیوە شەوان،

لە دارمێوی ژینمە

ڕۆژ هەڵدێ لەو کەلەوە

چاوەڕێی باران دەکەم !

*

وا وەرزی بەروبومە،

ئەمڕۆ تەرزە داباری

پێچەوانەی داخوازم

بەرهەمی دڵ هەڵوەری!

*

نە داری ئازادیە و،

نە داری سروشت وایە

سەرتاپایان خوێناوە و

وشک و لق و پۆپ شکاو!

*

کوێستان بەفر گرتوێتی،

گەرمێن نەرم و سەوزەڵان

بە هاواری ناوەختە

ڕوو لە زریان کۆچم کرد!

 

*

گرمەی بومەلەرزەیە و،

شڵپ و هوڕی لافاوە

یەخەی ئازادی دەگرێ

دوای پەلاماری دوژمن!

*

هەورم داوە بە کۆڵما،

سەرم ئەسپەردەی باران

هەتا ئەژنۆ لە بەفرا

دڵ بەردەبازی یاران!

*

حەرەمسەرای باڵندە،

تەنها بۆ من حەڵاڵە

لە خەڵوەتابم لەوێ

لێرە ژیانم ناوێ!

*

بە ئاوازی سروە با،

کانیی دڵ شلوێ نابێ

گەڵاڕێزانی درەخت

خورپەی مان و نەمانە!

*

دڵی بە تاڵان بردم

لە باوەشی شاخێکدا

بە گەواڵەی سپاردم

لەسێبەری باخێکدا!

 

 

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار