ژيل دۆلۆز فه‌لسه‌فه‌ و په‌يوه‌ندى به‌ هونه‌ره‌كانى ديكه‌وه‌

6 ساڵ لەمەوپێش



وەرگێرانی: شاهۆ عوسمان

 

هيچ هۆكارێك بۆ بوونى فه‌لسه‌فه‌ نييه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌ركى فه‌لسه‌فه‌ ته‌نها بيركردنه‌وه‌ بێت له‌ شتێك و به‌س. به‌ڵكو فه‌لسه‌فه‌ بۆخۆى ناوه‌ڕۆكى تايبه‌ت به‌خۆى هه‌يه‌.

به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێره‌دا ئه‌وه‌مان پرسى، ئه‌ى ناوه‌ڕۆكى فه‌لسه‌فه‌ چييه‌؟ وه‌ڵامى ئه‌مه‌ زۆر ئاسانه‌.

فه‌لسه‌فه‌ زانستێكى داهێنه‌رانه‌ى مه‌زنه‌ وه‌ك هه‌ر زانستێكى ديكه‌ كه‌ هه‌يه‌.

فه‌لسه‌فه‌ گرنگى به‌ داهێنان و دياريكردنى چه‌مكه‌كان ده‌دات.

چه‌مكه‌كانيش هه‌روا له‌ خۆڕا نين و مرۆ ناتوانێت چاوه‌ڕێى بكات و يه‌كێك له‌ فه‌يله‌سوفه‌كان له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆى بچنێته‌وه‌.

هه‌ربۆيه‌ لێره‌دا پێويسته‌ چه‌مكه‌كان به‌رهه‌مبهێنرێنه‌وه‌. به‌ڵام سروشتييه‌ كه‌ چه‌مكه‌كان هه‌روا به‌ ئاسانى به‌رهه‌مناهێنرێنه‌وه‌. ناشكرێت بڵێين من به‌م كاره‌ هه‌ڵده‌ستم و ئه‌م چه‌مكه‌ به‌رهه‌مده‌هێنم. وه‌ك چۆن بۆ وێنه‌كێشك شياو نييه‌ له‌ يه‌كێك له‌ ڕۆژه‌ ئاساييه‌كاندا بێت و بڵێت: وه‌رن با وێنه‌يه‌ك بكێشين. هه‌ربۆيه‌ ده‌بێت زه‌رووره‌تێك (پێويستييه‌كى حه‌تميى) هه‌بێت بۆ ئه‌و كاره‌.

فه‌لسه‌فه‌ش هه‌مان ڕێوشوێن و بارودۆخى هه‌يه‌.

ئه‌مه‌ هه‌ر هه‌مان شته‌ به‌ گوێره‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى كه‌ فيلمێك دروست ده‌كات، خۆ ناكرێت بێت و بڵێت: ئه‌وه‌ من فيلمێك دروست ده‌كه‌م.

به‌ڵكو ده‌بێت لێره‌دا (پێويستييه‌ك) هه‌بێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وا هيچ شتێك له‌ ئارادا نييه‌.

ئه‌وه‌ى ماوه‌ بيزانين ئه‌وه‌يه‌‌ ئه‌گه‌ر پێويستى هه‌بوو، ئه‌وا ئه‌ويش شتێكى كۆمپلێتسير و گرێوگۆڵداره‌.

ئه‌مه‌ش ئه‌و شته‌يه‌ كه‌ وام لێده‌كات بگه‌مه‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ى فه‌لسه‌فه‌ واتاى چييه‌، ئه‌و شته‌يه‌ كه‌ هيچ گرنگى به‌ بيركردنه‌وه‌ له‌ سينه‌ما نادات.

به‌ڵكو ئه‌و بريتييه‌ له‌وه‌ى كه‌ ته‌نها چه‌مكه‌كان بخولقێنێت و به‌رهه‌ميانبهێنێته‌وه‌.

كاتێك من خۆم به‌ فه‌لسه‌فه‌كارييه‌وه‌ خه‌ريك ده‌كه‌م، ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌يه‌ كه‌ من خۆم به‌ خه‌لقكردنى چه‌مك و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌يانه‌وه‌ خه‌ريك ده‌كه‌م. واته‌ من خۆم به‌ بيركردنه‌وه‌ له‌ هيچ شتێكى ديكه‌وه‌ خه‌ريك ناكه‌م.

كه‌واته‌ ئێوه‌، ئه‌ى ئه‌وانه‌ى خۆتان به‌ سينه‌ماكارييه‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌ له‌ منتان پرسى، چى ده‌كه‌ن ئيوه‌؟

ڕێگه‌مبه‌ن پێناسه‌يه‌كى ته‌واو ئاسان به‌كاربهێنم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێناسه‌گه‌لى زۆريشى هه‌بن و هه‌بێت له‌ هه‌موو پێناسه‌كانيش مه‌زنتر بێت.

ته‌نها ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌ڵێم ئه‌وه‌ ئيشى ئێوه‌ نييه‌ چه‌مكه‌كان به‌رهه‌مبهێننه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى ئێوه‌ ده‌يكه‌ن ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ده‌توانين پێى بڵێين به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى: (كۆمه‌ڵێك ئه‌كشن و جوڵه‌يه‌، له‌ كاتێكى دياريكراودا.

ئه‌گه‌ر ئێمه‌ (له‌ كاتێكى دياريكراودا، كۆمه‌ڵه‌ جوڵه‌يه‌ك ئه‌نجامبده‌ين)، ئه‌مه‌ به‌ومانايه‌ دێت كه‌ ئێمه‌ سينه‌مامان ئه‌نجامداوه‌.

تێبينى ئه‌وه‌ بكه‌ن پرسه‌كه‌ ته‌نها په‌يوه‌ست نييه‌ به‌ ئاماده‌كردنى چيرۆك يان لابردنى چيرۆك. يان هه‌رشتێك كه‌ بتوانێت چيرۆكه‌كان بگێڕێته‌وه‌.

فه‌لسه‌فه‌ گێڕانه‌وه‌ى جۆرێكى ديكه‌يه‌ له‌ چيرۆك. گێڕانه‌وه‌ى چيرۆكه‌ له‌ ڕێگه‌ى چه‌مكه‌كانه‌وه‌.

هه‌ربۆيه‌ له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ سينه‌ما له‌ ڕێگه‌ى (كۆمه‌ڵه‌ جوڵه‌يه‌كه‌وه‌، له‌ كاتێكى دياريكراودا) چيرۆكه‌كانمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه‌.

بۆ نموونه‌ وێنه‌كێشانيش به‌ هه‌مان شێوه‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌يه‌ له‌ ڕێگه‌ى كۆمه‌ڵه‌يه‌كه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ كۆمه‌ڵێك چه‌مك نييه‌، يان كۆمه‌ڵێك جوڵه‌ له‌ كاتێكى دياريكراودا نييه‌، به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك هێڵى ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌.

هه‌روه‌ها موزيك به‌ هه‌مان شێوه‌ جۆرێكى ديكه‌يه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵه‌يه‌ك به‌خۆى.

لێره‌دا ده‌توانم ئه‌وه‌ بڵێم كه‌ زانسته‌كان داهێنانيان له‌ چاو شته‌كانى ديكه‌دا نييه‌، هه‌روه‌ها هيچ جياوازييه‌ك له‌ نێوان زانست و ته‌واوى هونه‌ره‌كانى ديكه‌دا نابينم.

بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر پرسيارت له‌ زانايه‌ك كرد، كه‌ چى ده‌كه‌يت يان چى به‌رهه‌مده‌هێنيت؟ زاناكه‌ش هه‌ر داهێنان ده‌كات، به‌ڵام كارى زانا دۆزينه‌وه‌ نييه‌، چونكه‌ حه‌قيقه‌ت پێش زاناكه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌ په‌رده‌ى له‌سه‌ر هه‌ڵماڵدراوه‌. به‌ڵكو كارى ئه‌و ئه‌وه‌يه‌ له‌ ڕێگه‌ى ئه‌م دۆزينه‌وه‌يه‌وه‌ داهێنانێك بكات و داهێنانه‌كه‌ى ئه‌م ببێته‌ به‌شێك له‌ دۆزينه‌وه‌كه‌.

هه‌ربۆيه‌ زانا به‌ هه‌مان ئه‌ندازه‌ى هونه‌رمه‌نده‌كه‌ داهێنان ده‌كات، هه‌ربۆيه‌ هه‌ركه‌سێك له‌ هه‌رشوێنێك هه‌يه‌ ده‌توانێت به‌شدارى بكات له‌م داهێنانه‌دا. بۆ نموونه‌ سينه‌ماييه‌ك له‌گه‌ڵ زانايه‌كدا بدوێت، يان زانايه‌ك له‌گه‌ڵ فه‌يله‌سوفێكدا بدوێت يان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. ئه‌مانه‌ هه‌مووه‌ به‌ گوێره‌ى جۆرى داهێنانى هه‌ر يه‌كه‌ له‌وانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

ئه‌مه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ نييه‌ كه‌ هه‌ر يه‌كه‌يان له‌باره‌ى داهێنانه‌كه‌ى خۆيه‌وه‌ قسه‌ بكات، به‌ڵكو له‌به‌رشه‌وه‌يه‌ كه‌ داهێنان كارێكى تاكه‌كه‌سييه‌.

هه‌ربۆيه‌ به‌ناوى داهێنانه‌وه‌ من ده‌توانم له‌گه‌ڵ ئه‌وانى ديكه‌دا به‌شدارى بكه‌م.

كه‌واته‌ لێره‌دا هه‌موو ئه‌وانه‌مان هه‌ژماركرد كه‌ ده‌توانن له‌ كاره‌ داهێنه‌رانه‌كه‌دا به‌شدارييه‌كيان هه‌بێت. لێره‌وه‌ ده‌توانم هێڵێكى جياكه‌ره‌وه‌ له‌ نێوان ته‌واوى به‌شدارييه‌كاندا دياريبكه‌م.

هێڵى هاوبه‌شى نێوان ئه‌م زنجيره‌ له‌ داهێنان، له‌وانه‌ ئه‌رك و داهێنانى وه‌ك (جوڵه‌ و كات) و به‌رهه‌مهێنانى چه‌مكه‌كان و ئه‌وانى ديكه‌شدا، ئه‌و شته‌يه‌ كه‌ ده‌كرێت پێى بڵێين: (كات و شوێن).

ئه‌گه‌ر هه‌موو جۆره‌كانى مه‌عريفه‌ هاوبه‌شييه‌ك له‌ نێوانياندا هه‌بێت، ئه‌مه‌ ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌يه‌ كه‌ شتێكى هاوبه‌ش هه‌يه‌ له‌ نێوانياندا كه‌ ئه‌ويش بنه‌ماى: (كات و شوێنه‌).

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار