لادانى زمانى شیعرى
6 ساڵ لەمەوپێش
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
ژان کۆهین (Jean Cohen) له ساڵى 1919 له دایکبووه و له ساڵى 1994 کۆچى دوایى کردووه، فه‌یله‌سوف و مامۆستا له زانکۆى سۆربۆن فڕه‌نسى، له کتێبى "بونیادى زمانى شیعرى" ناوبانگى زۆرى به ده‌ست هێنا.
(1)
ژان کۆهین بڕواى وایه شیعر لادانێکى پێوانه‌ییه له زمانى ئاسایى! تیۆرى لادان ده‌لاله‌ت له ته‌جاوزکردنى رێساکانى زمان ده‌کات، به‌ڵام ناشێ ئه‌و لادانه پشێوى بنێته‌وه، به‌ڵکو ده‌بێ رێسایه‌ک به‌ڕێوه‌ى به‌رێت، که جیاواز بێ له زمانى ئاسایى، به‌و مانایه‌ش به‌شێکى شیعرییه‌ت به‌ره‌و تهمومژیمان ده‌کاته‌وه، ئه‌و تهمومژییهش بۆ لادان له زمانى ئاسایى ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام به‌شێکى دیکه‌ى بۆ جیاوازى نێوان شیعر و په‌خشان ده‌گه‌ڕێته‌وه..
به‌و مانایه دیارده‌ى لادانى زمانى شیعرى (deviation) له رووداوێکى زمانه‌وانییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ و ئاماده‌یى ئه‌و رووداوه‌ش به ئاستى پرۆسیسه‌کردن و به کارهێنانى ئازادانه‌ى زمانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه، به ته‌جاوزکردن و تێکشکانى سیستمى باوى زمانه‌وه به‌نده، به ئازادى به کارهێنه‌ر و به‌رزکردنه‌وه‌ى ئاستى زمان بۆ ئاستى شیعره‌وه په‌یوه‌سته...
که‌واته قسه‌کردن له سه‌ر لادانى زمانى شیعرى له گه‌ڵاڵه‌کردنى چه‌مکێکى تیۆرییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ، که شیعرییه‌تى تایبه‌تى (ژان کۆهین)ى له‌سه‌ر بونیاد نراوه، ئه‌و پرۆژه‌یه‌ى کۆهین له‌و هه‌نگاوه‌وه ده‌ستپێده‌کات که ره‌وانبێژى کۆنى له سه‌ر وه‌ستاوه، ره‌وانبێژى کۆن پۆڵینکردنى تایبه‌ت به خۆى هه‌یه، ره‌وانبێژى کۆن خاوه‌نى پێوانه‌یى زانستییه و پشت به سیستمى پۆلینکردنى ئاماده ده‌به‌ستێ! له‌وێوه کۆهین ده‌ست به گه‌ڕان به دواى ئه‌و کۆڵه‌که هاوبه‌شانه ده‌کات، که ده‌که‌ونه نێوان هه‌موو لادانه زمانییه‌کان...
ره‌وانبێژى کۆن پیێوایه پۆلینکردنى لادانى زمان، بۆ کاریگه‌رى تایبه‌ت به خۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵام کۆهین به پێچه‌وانه‌وه، پێیوایه هه‌موو لادانه زمانییه‌کان سروشتێکى هاوبه‌ش و مشتومڕئامێز به یه‌کیان ده‌گه‌یه‌نێت، بۆ نموونه (سه‌روا) وه‌کو کاریگه‌رى (ده‌نگ) ده‌که‌وێته به‌رانبه‌ر (خوازه) که هه‌ڵگرى کاریگه‌رییه‌کى ده‌لالییه، هه‌ردووکیان له دووتوێى ئاستێکى تایبه‌تدا ده‌که‌ونه به‌رانبه‌ر (کێش) وه‌ک کاریگه‌رییه‌کى جیاکار، له هه‌مان کاتتدا (کێش) کاریگه‌رییه‌که‌ى هاوشێوه‌ش ده‌نوێنێ، به‌ڵام له ئاستى ده‌لالى پشت به کاریگه‌رى خوازه ده‌به‌ستێ و ده‌که‌وێته به‌رانبه‌ر وه‌سف که کاریگه‌رییه‌که‌ى سنورداره... به‌مجۆره کۆهین ئه‌و سه‌ربه‌خۆییه ته‌جاوز ده‌کات که ره‌وانبێژى کۆن پشتى به‌ستاوه.
(2)
هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ى له باره‌ى لادان (انزیاح - deviation) و مه‌یل (انحراف-departure)ه‌وه هه‌یه، ده‌که‌ونه ژێر یه‌ک ناونیشان ئه‌ویش جیاوازى نێوان زمانى شیعرى و زمانى په‌خشانه! زمانى شیعرى دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له زمانى په‌خشان له رێگاى ته‌جاوزکردنى سیستمى زمانه‌وانیدا. یان وه‌ک کۆهین ده‌ڵێت ده‌بێ شیعر به ره‌هایى لادان بێ له زمانى په‌خشان.
ئه‌گه‌رچى تیۆرى ئینزیاح (لادان) و فیکره‌ى ئینحراف (مه‌یل) به‌یه‌که‌وه دێن، ((وشه‌ى " مه‌یل" له زمانى کوردی‌دا به‌مجۆره به کار ده‌هێنرێت، دڵ عاشقه و مه‌یلى لێته، مه‌یلم لێیه...))) به‌ڵام له لاى کۆهین وشه‌ى لادان و وشه‌ى مه‌یل لێکدوورن، چونکه فیکره‌ى ئینحراف- مه‌یل تێگه‌یشتنێکى ته‌سکى شێواز نیشان ده‌دات و زێتر دیارده‌یه‌کى تاکه که‌سى و سنورداره، به‌ڵام فیکره‌ى ئینزیاح- لادان وه‌ک روونمان کرده‌وه، نه تایبه‌ته و نه تاکه که‌سییه، به‌ڵکو په‌یوه‌ندى به ده‌ستکاریکردنى ره‌وانبێژى کۆن و هێنانه‌دى شێوازێکى نوێوه هه‌یه.
(3)
ژان کۆهین له (وه‌ک یه‌ک ته‌ماشاکردن و بهیهککردنى شیعر و په‌خشان) دوو وه‌زیفه له وه‌زیفه‌کانى زمان لێک‌جیا ده‌کاته‌وه: یه‌که‌م وه‌زیفه‌ى عه‌قڵى یان نواندنخوازانه. دووه‌م وه‌زیفه‌ى سۆزدارى یان هه‌ڵچوونئامێز. به یه‌که‌م ده‌ڵى ده‌لاله‌تى هاوجووت- وه‌ک یه‌ک (مگابق- Denotation)، به‌ڵام زاراوه‌ى ده‌لاله‌تى ئیحایى یان ئاماژه‌یى (Connotation) بۆ دووه‌م داده‌نێ... واته پێیوایه وه‌زیفه‌ى شیعر ئاماژه‌یه و وه‌زیفه‌ى په‌خشان یه‌کبوونه... به‌ڵام له ده‌لاله‌تى ئاماژه‌دا جیاوازى له نێوان دوو شێوه له وه‌ڵامدانه‌وه‌دا ده‌کات، یه‌که‌میان وه‌ڵامدانه‌وه‌ى سۆزئامێز، دووه‌میان وه‌ڵامدانه‌وه‌ى هه‌ڵچوونئامێز... پێیوایه جیاوازییه‌که‌شیان سروشتێکى دیاردهگهرییانهى هه‌یه، بۆ نموونه خه‌مى واقیعى- خود تێیدا ده‌ژى، پێچه‌وانه‌ى خه‌مى شیعرییه که هه‌ر ته‌نها وه‌ک سیفه‌تێکى ده‌ره‌کى ده‌رک ده‌کرێ، یه‌که‌میان خودییه و ده‌که‌وێته ناوه‌وه‌ى مرۆڤ، به‌ڵام دووه‌میان بابه‌تییه و ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ى مرۆڤ!
(4)
کۆهین تیۆرى لادانى زمانى شیعرى له ته‌جاوزکردنى رێسا و یاساکانى زماندا ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام ئایا زمانى شیعرى هه‌ر ته‌نها لادانه؟ بێگومان زمانى شیعرى هه‌ر ته‌نها لادان نییه، به‌ڵکو پێویستى به ئاستێکى به‌رزى تواناى دووباره بونیادنانه‌وه هه‌یه، ئه‌گینا ته‌نها لادانى زمان له توانایدا نییه، دووباره زمان بونیاد بنێته‌وه! جگه له‌وه‌ش ئه‌و کۆسپه‌ى ده‌که‌وێته نێوان (مه‌عقول) و (نامه‌عقول) یه‌کێکه له‌و هه‌ڵه زمانیانه‌ى راست ناکرێنه‌وه، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پێچه‌وانه‌ى ئه‌و زمانه شیعرییه‌یه که به رێسا و یاساوه به‌نده، ئه‌و زمانه شیعرییه‌ى به یاسا و رێساوه به‌نده، ده‌شێ راڤه‌کردنى دیکه‌ى جیاوازى بۆ به ئه‌نجام بگه‌یه‌نرێ؟!
لادانى زمانى شیعرى لایه‌نه (نێگه‌تیف)ه‌که‌ى زمان ده‌گه‌یه‌نێت، لادانى زمانى شیعرى به هیچ ده‌رئه‌نجامێکه‌وه په‌یوه‌ست نییه، به‌و مانایه‌ش زمانى شیعرى زمانێکى ته‌واو نێگه‌تیفه، شیعر ئهفازیایه (حبسه کلامیه) شیعر نه‌خۆشییه‌که له نه‌خۆشییه‌کانى زمان.
(5)
کوهین پێیوایه شیعر به ره‌هایى له زمانى په‌خشان ده‌بێ لابدات، لێره‌دا –په‌خشان- هه‌موو ئه‌و به‌کارهێنانانه ده‌گرێته‌وه، که ده‌که‌وێته ده‌ره‌وه‌ى زمانى شیعرییه‌وه، به‌ڵام به‌ر له (ریڤاتێر) شێوازگهراکان، په‌خشانى ئه‌ده‌بییان وه‌ک شێوازێک، دیارى کرد، که له شیعر لایداوه، شیعر و په‌خشان هه‌ردووکیان ده‌لاله‌تى راشکاو و ئاماژه‌یى تێدا به کار ده‌هێنرێت، به‌ڵام ده‌لاله‌تى راشکاوانه به په‌خشانه‌وه به‌ستراوه‌ته‌وه و ده‌لاله‌تى ئاماژه‌یى به شیعره‌وه به‌نده.
بێگومان ریڤاتێر وه‌ک تیۆرسازێکى جیاوازى شێوازگه‌رى ده‌قى ئه‌ده‌بى هه‌ر له لادانى زمانى کۆهین کورت ناکاته‌وه، هه‌ر چه‌مکى ئهبستراکبوونى شیعرى به هه‌ند هه‌ڵناگرێت، به‌ڵکو هه‌موو ئه‌وانه له به‌رجه‌سته‌کردنى شێوازدا ده‌بینێته‌وه، به شێوه‌یه‌کى سه‌ربه‌خۆ و تایبه‌تیش فیکره‌ى ئینحراف "مه‌یل" له شێوازگه‌ریدا بونیاد ده‌نێت.
جیاوازى نێوان فیکره‌ى ئینزیاح "لادان"ى کۆهین و فیکره‌ى ئینحراف "مه‌یل"ى ریڤاتێر له‌وه‌دایه که ئینزیاح "لادان"ى کۆهین، زمانه‌وان ده‌یخاته به‌ر چاوان، به‌ڵام ئینحراف "مه‌یل"ى ریڤاتێر، خوێنه‌ران دیارى ده‌که‌ن، هه‌ر له‌به‌ر هه‌ندێ شێوازگه‌رى ریڤاتێر به وه‌ڵامدانه‌وه‌ى خوێنه‌ره‌وه به‌ند ده‌بێت.