(دانا ڕەئووف) کتێبێکى شانۆیى نوێ بڵاودەکاتەوە
6 ساڵ لەمەوپێش
ئامادەکردنى: تاڤگە محەمەد
گروپی شانۆی گۆدۆ لە درێژەى زنجیرە بڵاوکراوەکانیدا یەکەمین کتێبى شانۆییى بڵاودەکاتەوە، کتیبَبەکە پێکهاتووە لە سێ شانۆنامەى نوسەر (دانا ڕەئووف) کە لە شێوەى سێینەدا نوسیونى، واتە کۆی کەش و بابەتى هەرسێکیان پێکەوە هاوبەشن و هاوکات هەریەکێکیشیان دەکرێت بە تەنیا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. بڕیارە ئەم کتێبە لە مانکى سێی ئەمساڵدا بڵاودەبێتەوە. دەربارەى ئەم کتێبە نوسەرو شانۆکار(دانا ڕەئووف) تایبەت بە هاوڵاتى وتى: سەرەتا، کە (من و تۆ لەگەڵ با دا)م نووسی، بە بەشی دووەمی ئەو دەقە (دەتدەمە دەست با) دەستی پێکرد و هیچ پلانێکم نەبوو، بۆ دوو بەشەکەی تری. ڕەوشی ژیان و بارودۆخێکی تایبەتی خۆم و گفتوگۆی نێوان من و هەندێک لە برادەرەکانم، بیرۆکەی نووسینی دوو بەشەکەی تری لا دروست کردم. کە تەواویشم کرد، هەستم دەکرد، هێشتا تەواو نەبووە و لەم بیرکردنەوەیەدا، بە تایبەتی لە ژیانی ئەو دوو کارەکتەرە (ژن و پیاو)ەکە، ئافرەتەکەم بە تەنها لە ژوورەکەدا و لەبەر پەنجەرەکەدا بینی. بەم شێوەیە بەشی کۆتایی ئەو دەقە (بە تەنیا لەگەڵ با-دا)، کە تەنها لاپەرەیەکی بچووکە، لە دایک بوو.
دوای چەندان مانگ، دوو دەقی ترم نووسی (ئەو خۆشەویستییە هەر ڕۆژەی پارچەیەکم دەبات) و (ژنی سەر جۆلانەکە)، کە بە شێوەیەک لە شێوەکان بە شێکی تری ژیانی ئەو دوو کارەکتەرەیە، بەڵام لە دەرەوەی زەمەنی ئەو چل ساڵەی لە (من و تۆ لەگەڵ با دا)یە. بەم شێوەیە (من و تۆ لەگەڵ با دا) بوو بە سێینەیەک و ئێستا لە ژێر ناوی (بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین، تاریک داهات!) کۆ بوونەتەوە. ئەم دەقانە، لە ڕووی زمان و تەکنیک و دراماتۆرگی و ڕۆنانی درامییەوە، بە شانۆی کوردی نامۆن و دەتوانم بڵێم بۆ ئەزموونی نووسینی دەقی شانۆنامەی کوردی تازەن.