کەشتی مەست

6 ساڵ لەمەوپێش



رامبۆ

ئەحمەدی مەلا

ئایا شیعر تەرجەمە دەکرێ؟ رەنگە، بەڵام "کەشتی مەست" دەقێکی گیرە. رامبۆ بە شێوەیەکی مەجازی باسی ئازادی دەکات. لە دەسپێکی بەهاری ساڵی ١٨٧١ رامبۆ باس لە چەمکی "بینگەرا" دەکات، واتە بینینی پشتەوە شتەکان، یا بینینی نەبینراو. ئەم دەقە شیعرییە دەگمەنە لە تەمەنی ١٦ ساڵان دەنووسی، پێش رامبۆ، هیگۆ " ئەفسانەی سەدە" دەنووسێ، بۆدلێر "سەفەر" دەنووسێ، ژویل ڤێرن " بیست بوار لە ژێر دەریا" دەنووسێ، رامبۆ بە شێوازی خۆی، ئەم ئەزموونە شیعرییە دەنووسێتەوە و سانتێزێکی رەمزییە، هەم لە بواری ئازادیدا، هەم لە بواری شیعریی و کەلتووریی دا.

رامبۆ خۆی دەبێ بە کەشتی و باسی ئەو سەفەرە ئاوییەمان بۆ دەکات. سەرەتا رووبارەکانن و دواتریش زەریا و ئۆقیانووس ئەم رەوتە لە خۆ دەگرێ، بە وێنەی دەگمەن، سنووری رەوانبێژیی شیعری پێشخۆی تێدەپەڕێنێ. ماڵئاوییەکی یەکجارەکی لە رۆمانسییەت و شیعرە ناسکەکانی پێشخۆی دەکا. ئەم سەفەرە زەریاییە هاوتەریب لەگەڵ شیعری رەها دەوەستێت و ئامادەگییەکی تەواوە بۆ ئەوەی دواتر " وەرزێک لە دۆزەخ" و "درەوشانەوە" بنووسێتەوە. شاعیر دەبێ بینگەرا بێ، دەبێ خاوەن ئازادییەکی رەها بێ.

 

 

کەشتی مەست

رامبۆ

ئەحمەدی مەلا

 

بە ڕووبارە ئارامەکاندا لێژدەبوومەوە،

هەستم بەوانە نەدەکرد کە گوریسەکانیان رادەکێشام:

بوون بە نیشانەی پێستسوورە دەم بەهاوارەکان و

بە قەد ستوونە رەنگاوڕەنگاندا هەڵیانواسین.

 

باکم نەبوو چیم هەڵگرتووە

 گەنمی فلامان یا پەمووی ئینگلیزی،

کاتێک گۆبەندەکانی راکێشەرانی گوریسەکان  کۆتاییان هات،

ئیدی بۆ کوێ دەمویست بچم، رووبارەکان بەربەست نەبوون.

 

لە نێو قەڵبەزە سەرشێتەکانی کشان و داکشانی شەپۆلەکاندا،

زستانی پار لە مێشکی منداڵان کەڕتر بووم

رامکرد! هەرگیز نیمچە دورگە بەڕەڵاکان

تووشی  پاشاگەردانی سەرفرازی وا نەبووبوون.

 

رەشەبا پیرۆزبایی لە راچەنینی دەریایی لێ کردم.

 لە تەبەدوورێ سووکتر بووم، سەمام بەسەر شەپۆلەکاندا دەکرد،

وەک قوربانییەک تا ئەبەد  بخوولێتەوە

بۆ ماوەی دە شەو، بە بێ ئەوەی لە چاوی گەلحۆی چرا پەشیمان بم.

 

شیرینتر لە پێستی ئەو منداڵانەی هەر دەڵێی سێوی گەییوە،

ئاوی سەوز دەچوونە لەشە سنۆبەرییەکەم،

پەڵەی شەرابی سەوز و رشانەوە شۆڕدمیانەوە،

سوکان و لەنگەرەکانی پەرت کردم.

 

ئیدی، رۆچوومە نێو شیعری زەریاوە،

ئاوێتەی ئەستێرە شیرییەکان بووم،

ڕازی و ڕەنگپەڕیو، لاژوەردی سەوزم قووت دەدا

سەرئاودەکەوتم، خنکاوێک بووم، راماو و رۆچوو،

 

لە پڕێکدا شینیم رەنگ کرد،

وڕێنە و ریتمی سست  لەبەر تیشکی رۆژ،

بەتینتر لە مەی، بەرینتر لە چەنگ،

سوورایی تاڵیی ئەڤینی دەهەژاند!

 

دەمزانی ئاسمانەکان  بە برووسکە شەق دەبن،

هەژان و پێکدادانی شەپۆل و رێڕوەکان:

 دەمزانی کازێوەی بە نەشئە دەتگوت رەوە کۆترە،

هەندێجار ئەوەشم دەبینی کە مرۆڤ حەز بە بینینی دەکرد!

 

خۆرم بینی نەوی، رازی سامناکی بەسەرەوە بوو،

بۆ ماوەیەکی زۆر وەنەوەشییەکانی دادەگیرساند،

دەتگوت ئەکتەری درامای زۆر دێرینن،

لە دوورەوە ئاوەکان هەڵدەلەرزین، لوولیان دەخوارد!

 

خەونم بە شەوی سەوزی بەفرینەوە بینی چاوی سپی دەکرد،

ماچیش بە هێوری بەرەو چاوی زەریاکان بەرزدەبووەوە،

شیلەی بێوێنە دەگەڕا،

راچەنینی شین و زەردی فسفۆرە دەم بە گۆرانییەکان،

 

بۆ ماوەی چەند مانگێک، لاسایی شەپۆلە زل و

هار و هاجەکانم دەکردەوە چۆن بەرەو شۆستەکان بەرزدەبوونەوە،

بە بێ ئەوەی مەزەنەی پێیە رۆشنەکانی ماریاکان بکەم

پاڵیان بە لمۆزی ئۆقیانووسە تەنگەنەفەسەکانەوە دەنا!

 

خۆم بە فلۆریدای سەیر و سەمەرەدا کێشا،

ئاوێتەی گوڵە چاو پڵنگەکان بووم کە پێستی مرۆڤانەیان هەبوو!

 پەلکەزێڕینەکان بە ژێ ئاسۆی زەریاکاندا ڕاکێشرابوون

هی مێگەلە سەوزباوەکان.

 

گوێم لە هاژەی زۆنگاوە مەزنەکان بوو،

حەزیای زەریای ناو دەوەنەکان بۆگەن دەبوو لە ناو تۆڕەکان؛ /لە ناو تۆڕەکان بۆگەنی دەبوو

ئاو لە ناوەندی هێمنیی دا دادڕما،

 لە دوورەوەش دەتگوت تاڤگەیە دەکەوتە نێو گێژەنەکانەوە!

 

سەهۆڵبەندان و خۆری زیوین، ئاوی هەڵاڵە و ئاسمانی پەنگرین!

کەشتی بڵحی نغرۆی قووڵایی کەنداوە تاریکەکان دەکرد

کێچ مارە زەبەلاحەکانیان قووت دەدا،

دەرختە چەماوەکان و گوڵاوە رەشەکان دەکەوتنە خوارەوە

 

حەزم دەکرد ماسی دۆرادی ئاوی شین

ماسی زێڕین و ماسی گۆرانیبێژ نیشانی منداڵان بدەم

- کەفاوی گوڵ وێڵبوونی رادەژەنیم

لە پڕێکیشدا بایەکی بێوێنە باڵی لێ رسکاندم.

 

ناوبەناویش قوربانیی ماندووی دەستی پۆل و ناوچەکان بووم،

هەنسکی زەریا هەڵبەزودابەزە شیرینەکانی پێ بەخشیم،

گوڵی سێبەرە هەڵتۆقیینە زەردەکانی بۆ بەرز کردمەوە،

مامەوە هەر وەک ژنێک کەوتبێتە سەر ئەژنۆکانی...

 

 نیمچە دورگە، شەڕەدەنووک و ریقنەی

چۆلەکە دەم بەجریوە چاو زەردەکانی لە رۆخم دووردەخستەوە.

سەوڵم لێدەدا، کاتێک گوریسە باریکەکانم رادەکێشا،

خنکاوەکان، بە پاشەکشە بۆ نووستن دادەبەزین!

 

 کەچی من، لە ژێر پرچی قەوزەکاندا کەشتییەکی گومڕا بووم،

زریان فڕێی دامە باوەشی هەوای بێگەرد و بێ باڵندە

منێک کە دەریاوان و چارۆگەکان

نەیانتوانی لاشە مەستەکەم لە ئاو رزگار بکەن.

 

سەربەستانە، دوکەڵم لێ بەرزدەبووەوە، سەر تەمە مۆرەکان دەکەوتم،

منێک کونم لە ئاسمانە سوورەکە دەکرد، وەک دەرگەیەک،

کە موڕەبای ئێکجار بەتامی بۆ شاعیران هەڵگرتبێ

مشەخۆرانی خۆر، بەڵغی لازەورد

 

رامدەکرد، پەڵەی مانگی کارەباخەش بە لەشمەوە،

تەختەداری شێت، ئەسپی دەریایی رەش پاسەوانیان دەکردم،

کاتێک تەممووز بە زەبری تێڵا

ئاسمانە داغبووەکانی سەروی وەنەوشەییەکانی دەخستە خوارەوە.

 

منێک هەڵدەلەرزیم، لە دووری پەنجا میلەوە هەستم بە هاواری

دەڵەبەبای دڕندە شەیتانییەکان و رێڕەوی ئەستووری زەریایی دەکرد،

رێسەرە ئەبەدییە چەقبەستووە شینەکان،

حەسرەتم بۆ ئەوروپای بەربەست کۆنەکان هەڵدەڕشت.

 

کۆدورگە ئاسمانییەکانم بینی! چەندین دورگەش

ئاسمانە وڕێنەکانیان بۆ بەلەمەوانان دەکردەوە.

ئایا لە قووڵایی ئەم شەوە بێ بنانە دەنویت و خۆت ئاوارە دەکەیت،

ملیۆنان پاساری زێڕین! ئەی هێزی ئایندە!

 

راستە، زۆر گریام، بەرەبەیان دڵ لەتوپەت دەکات،

هەموو مانگێک دزێوە و هەموو خۆرێکیش تاڵە

ئەڤینی تفتوتاڵ بە گەمژەییەکی مەست ئاوساندمی،

با بڕبڕەی پشتم شەق بەرێت !با نغرۆی زەریا بم!

 

ئەگەر ئارەزووی ئاوی ئەوروپاش بکەم،

لە چاڵە ئاوێکی رەش و سارد زیاتر نییە، کازێوەیەکی بۆندار

منداڵێکی هەڵتووتاو لێواولێوی غەمبارییە،

بەلەمێکی لەرزۆک وەک پەپوولەی مانگی نیسان بەڕەڵا دەکا.

 

منی مەلەکەری نێو پەژمووردەیی ئێوە، ئیدی ناتوانم

ئەی شەپۆلان، رێڕەوە ئاوییەکانیان لەبەردەم هەڵگرانی پەموو لادەم،

نە بە ناو غرووری ئاڵا و ئاگردا تێپەڕبم،

نە بەژێر پردە دەستکردە سامناکەکانیشدا مەلە بکەم.

 

تێبینی : لێرە دەبی سوپاسی برایان کەریم پەڕەنگ، بەکری مەلا و جەمال حەمەڕەش بکەم کە ئەم دەقەیان بە سەرنجەکانیان دەوڵەمەند کرد.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار