گێڕانەوەی جیهانێکی حاشالێکراو هه‌وڵێك بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌موو رێگاكان ده‌چنه‌وه قڕهجاڕ؟
6 ساڵ لەمەوپێش
دکتۆر. هاشم ئەخمەد زادە
گرنگ نییە مەبەستی نووسەر لە نووسین چییە و بۆچی دەنووسێت. سەردەمانێکە ئێمە لە ڕۆلان بارت فێر بووینە کە دەستنیشانکردنی ئامانج و مەبەستی نووسەر کارێکی ئەستەمە و تەنانەت ئەگەر کەسێک وەسوەسە و هەوەسی ئەم کارەشی هەبێت هیچ دەردیک دەرمان ناکات و دواجار ئەوە خوێنەرە کە لەگەڵ دەق دەچێتە ژوان و لە ئاکامی پێوەندیی ئەم دوو لایەنە و یارمەتیی خواوەند هێرمێسدا جیهانی بەرفراوان و هەردەم نوێی ڕاڤەکان لەدایک دەبێ و ماناکان دەخوڵقێن و تامەکان دەچێژرێن. گێڕانەوە، تەنانەت ئەگەر باسی داهاتووش بکات، بەرگی ڕووداو دەپۆشێت و وا خۆی دەردەخات کە گوێگر و خوێنەر، بیسەر و چاوەنواڕی ڕوودانی بن. ڕەنگە ئەو حەزە مێژووییەی مرۆڤ لە مێژوو و گێڕانەوەی هەبووە و هەیەتی و دەیبێ کاراترین هێز و ئامرازی ناسین و ناسینەوەی خۆی بووبێت. ڕەنگە هەستێکی شاراوە بە مرۆڤی گوتبێت کە تێگەیشتن لە خۆی و لە ئێستای تەنیا و تەنیا بە تێگەیشتن لە ڕابردووی خۆی و ئەوانی تری مسۆگەر دەبێت. هەر لەو سەردەمانەوە کە دیمۆکریتس و دواتر فیلسوفەکانی تر هەوڵی تێگەیشتن لە بوون و هەبوونیان دەدا شتێکیان نەدەکرد جگە لە گێڕانەوەی دونیای زەینی چالاک و سەفەرە بەردەوامەکانی خۆیان لەنێوان ئێستا و ڕابردوویاندا. ئەوەش بەهەڵکەوت نییە کە هاوتەریب لەگەڵ هەوڵی سوقرات و هاوپیشەکانی پێش و پاش ئەو، زنێفۆن و هێرۆدێت گێڕانەوەی بەسەرهاتی شوێن و مرۆڤ دەکەنە دیاریی خۆیان بۆ دامرکاندنی هەستی فێرخوازانەی مرۆڤ. لە هەموو سەردەمەکاندا و لە مێژووی نووسراودا گێڕانەوە ئەو خۆراکە بووە کە دەرگای هەوڵی مرۆڤی بۆ زانین و ناسین کردووەتەوە. دۆزینەوەی نوسخە گڵییەکانی داستانی گەلگەمیش و گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە ئەفسانەییە و چێژێک کە ئێستاش پاش چوار هەزار ساڵ بە ئێمەی دەبەخشێت ڕەگئاژۆیی نیازی مرۆڤ بە گێڕانەوە بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی دەردەخات. ڕەنگدانەوەی بەسەرهاتەکان لە کەشتییکەی نوحەوە بگرە هەتا چارەنووسە تاڵەکەی قەومی لوت لە کتێبە ئاسمانییەکاندا هەمدیسان ناوەندییەتی و گرنگایەتیی گێڕانەوە دەردەخەن. بەدەر لەوەی کە ئێمە چۆن سەیری مێژووی ژیانی مرۆڤ لەسەرەتاوە هەتا ئێستا دەکەین و کامە پاساوی هزری و ئایدۆلۆژی و ئایینیمان بۆی هەیە، ئەوە گێڕانەوەیە کە لە فۆڕمگەلی ئوستورە، ئەفسانە، حەماسە و ڕۆماندا دەکەوێتە خزمەتی شێوازی تێگەیشتنمان لە ئێستا و ڕابردووی خۆمان. بۆچوونێکی لە چەشنی ڤیکۆ و دابەشکردنی مێژوو بەسەر سەردەمی خوایان، پاڵەوانان و مرۆڤدا یارمەتیدەرە بۆ واڵاکردنی پەنجەرەکانی ژیان بەرەو ڕووناکیی مێژوو لە سۆنگە و گۆشەنیگای گێڕانەوەکانەدا. ئەوەی کە هێگل ڕۆمان وەک حەماسەی بورژوازی ناوزەد دەکات شتێک نییە جگە لە قایل‌بوون بە پێوەندیی جۆری گێڕانەوە و گوتاری سەردەمێکی دیاریکراوی مێژوویی. پێکهاتنی جیهان لە کۆمەڵگە جۆراجۆرەکانی جۆغرافیایی و مرۆڤی کە سەرەڕای وێکچووییەکانیان لە هەموو سەردەمەکاندا هەڵگری جیاوازیی زۆریشن، فۆڕم و ناوەرۆکی جیاواز بە گێڕانەوەکان دەبەخشێت. هێندێک کۆمەڵگە گوڵمیخی گێڕانەوەی هونەری و مێژوویی خۆیان زووتر و قایمتر دادەکوتن و هێندێک کۆمەڵگەش هاوتەریب لەگەڵ بەسەرهاتی کۆمەڵایەتی و هەستیناسانەی خۆیان و ئەوانی تریان هێدیهێدی دەست بە شێوازەکانی گێڕانەوەی سەردەمییانە و گوتارییانەی خۆیان دەکەن. لایەنی جێندەریی گێڕانەوەکانیش بۆخۆی بەسەرهاتێکی هەیە و دونیای گێڕانەوەی پیاوانە و ژنانەش مێژوویەکی تایبەت بەخۆی تۆمار دەکات. گێڕانەوەی هونەرییانەی بەسەرهاتی شوێنکاتەکانی مرۆڤیش مێژوویەکی هەیە و وەک دەبینین دواجار دەست بۆ هەر شتێک دەبەی گێڕانەوە وازت لێ ناهێنێت و لە داڵانەکانی خۆیدا گەمارۆت دەدات و فەزای زەینت داگیر دەکات. لە دونیای پڕ ڕووداو و کارەساتی سەردەمی نوێ‌دا گێڕانەوە دەکەوێتە بەر بەرپرسیارییەکی قورس و ئاڵۆزەوە. لە سەردەمانێکدا کە ژمارەیەکی زۆر بەرچاوی مرۆڤەکان دەستیان بە کەرەسە و ئامرازەکانی گێڕانەوە ڕادەگات و بۆ نموونە ڕۆژانە سەدان و بگرە هەزاران ڕۆمان چاپ و بڵاو دەکرێنەوە، گێڕانەوەی تۆ دەبێ خاوەنی کامە تایبەتمەندیی بێت کە بتوانێت سرنجی بەردەنگەکان بۆ لای خۆی ڕاکێشێت؟
لەسەر ئەم پێشەکییە گشتییە کاتێک دەست دەدەیە ڕۆمانێک و سەری دەخەیە سەر کە بکەویتە ناو دونیای گێڕانەوەکەی، هوروژمی پرسیارە کەڵەکەبووەکان شەپۆلئاسا لەخۆت وەردەپێچێ. لەو ناوەدا هەموو ئەو هێمایانەی گێڕه‌وە بۆ خەمڵاندنی دونیای گێڕانەوەکەی دەیانخاتە سەر یەک، لەلایەن خوێنەری وشیارەوە کە نازناوی ڕەخنەگری پێبەخشراوە هەلدەتەکێندرێن و شیکاری دەکرێن تا توانایی هونەری و هزرییان لە مەحەک بدرێت و دونیای هێرمەنەوتیکی ژیان لە ڕەونەق نەکەوێت. بەم پێشینەی خوێندنەوەوە دەست بۆ ڕۆمانەکەی پەری کەریمی نیا دەبەم و هێدی و ئارام لاپەڕەکانی هەڵدەدەمەوە و هەوڵی خوێندنەوە و لێتێگەیشتنی دەدەم. چەند مانگ دوای تێپەڕبوونی بڵابوونەوەی ڕۆمانی "هەموو رێگاکان دەچنەوە قڕەجاڕ؟" لە ٢٠١٥دا لەلایەن ناوەندی غەزەلنووس لە سلێمانی، کتێبەکە دەکڕم و لە ئاپریلدا دەست بە خوێندنەوەی دەکەم. نووسەری کتێبەکە دەناسم و دۆستایەتیمان بە یەکەوە هەیە. دەبێ هەوڵ بدەم دۆستایەتیمان هیچ کار نەکاتە سەر خوێندنەوەکەم. ئەمەش ئاسان نییە. هەر کە نووسەرت ناسی دەبی بە خاوەنی کۆمەڵێک پێشداوەری، جا چ چاک چ خراپ. بەڵام هێندێک ڕێنومایی بۆ هەوڵدان بۆ ئۆبجێکتیڤبوون واتا بێلایەنبوون لە خوێندنەوەی دەقدا هەن و منیش وەبیر خۆمیان دەێنمەوە.[1] کۆمەڵێک یادداشت هەڵدەگرم و لە دەرفەتێک دەگەڕێم بیانخەمە سەر یەک و لە تێکهەڵکێشانیاندا خوێندنەوەکەم بنووسمه‌وه و بڵاوی کەمەوە. چۆن لە ڕۆماندا تێکنیکی هەڵواسین و وەدواخستن هەیە، لە نووسینیشدا ئەو تێکنیکە هەیە و هێندێ جار زەینت یاریدەت نادا وەڵامی ویستی نووسین بدەیەوە. دەرفەتەکان قەتیس دەبن و مانگ و ساڵێک و دوو ساڵ دەگوزەرێن و شوێنی خوێندنەوە و سەردەم دەگۆڕدرێت و بەم پێیەش وەرگرتن و بەدەنگەوهچوونی دەقیش لای تۆ دەگۆڕدرێت. ئاسۆی چاوەڕوانییەکان لەنێوان ڵێڵی و ڕۆشنیدا سەروژوور دەبەن و دیسانەوە دوای سێ ساڵ و نیو دەست بۆ کتێبەکە دەبەمەوە. چاو لە یادداشتەکانم دەکەمەوە. بەدەم پێداچوونەوەی ئەوانەوە دیسانەوە کتێبەکە دەخوێنمەوە. شەو درەنگە و ئێستا دیسانەوە وەڵامی یەکەم پرسیارم دەدەمەوە: ناوی ڕۆمانەکە چەندە سەرنجی خوێنەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت؟ له خۆم ده‌پرسم ئه‌گه‌ر، بۆ نموونە، هەر ناوی قڕەجار بوایە چی دەبوو؟ ئایا ڕستەیەکی پرسیارییانە وەک ناوی ڕۆمان گونجاوە؟ ئایا خوێنەران دەتوانن ناوەکەیان بە سانایی لەبیر بمێنێت و باسی بکەن؟ ئەوە چۆنە کە تەنانەت لە وتاری ڕەخنەگرێکی ڕۆمانەکەشدا نیشانەی پرسیارەکە لەبیر دەچێتەوە و ئاماژەی پێ ناکرێت؟[2] ناوی ڕۆمانەکان لە سەردەمی جیاواز و زمانی جیاوازدا هەڵگری باری مانایی و فەرهەنگی و گوتاریی جیاواز بووە. لە بەراییەکانی سەرهەڵدانی ڕۆمان لە ئینگلیس‌دا کە هاوکاتە لەگەڵ سەرهەڵدانی تاکبڕوایی (individualism) زۆربەی ڕۆمانەکان هەڵگری ناوی تاکەکانن و نموونەی وەک پامێلا، مول فلاندرز، ڕۆبینسۆن کروزۆ و تام جۆنز دیاردەیەکی بەربڵاو و باو بوون. ئەم دیاردەیە تا ڕادەیەکی زۆر و لە زەمەنێکی دوور و درێژدا سنووری ئینگلیس دەرباز دەکات و دەپەڕێتەوە ئامریکا و تەنانەت سەدەی نۆزدەی ڕووسیاش. ڕۆمانە بەراییەکانی کوردی ئه‌م یاسایه ڕه‌چاو ناكه‌ن و كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندیی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی تر ده‌بنه هۆكاری جۆرێكی تر له ناونانی ڕۆمانه‌كان. بۆ نموونە ناوگه‌لی وه‌ك مەسەلەی ویژدان، ژانی گەل، پێشمەرگە، شار، گوڵی شۆڕان، مۆری سەردەمی خۆیان پێوە دیارە و هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زه‌مه‌نی و سیاسی و كولتووریی دیاریكراون. هه‌ڵبژاردنی ناوێكی ڕستهییانه و ئه‌ویش له چه‌شنی پرسیار جۆرێكه له ڕچه‌شكێنی، لانی كه‌م له به‌ستێنی كوردیدا.
دووهه‌م پرسیار كه دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه له زه‌ینمدا قوت دهبێتهوهئەم ئه‌وه‌یه كه ئه‌م ڕۆمانە باسی چی دەکات؟ نەریتێکی بڵاوکردنەوەی ڕۆمان لە ڕۆژاوادا چەند سەدەیە کە باس لە چەمکی پوختەی ڕۆمان یاخود كورته‌ی ته‌ون (plot summary) دەکات. منیش هەوڵی دەستەبەرکردنی ئەم پوختەیە دەدەم. هەن کەسانێک کە دەڵێن ئەمە کارێکی شیاو نییە تۆ پوختەی ڕۆمانەکە بدەیە دەستی خوێنەرەوانەوە. ئاخر ئەوان ئیتر تاقەت و مەیلی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەیان نامێنێت. لەم بۆچوونەدا ڕاستییەک هەیە. بەڵام بۆ ڕەخنەگران بەگوێرەی ئەم بۆچوونە ناکەن و بەردەوام باسی پوختەی ڕۆمانەکان دەکەن؟ بۆ نموونه سه‌ردانی لاپه‌ڕه‌ی ئه‌ده‌بیی ڕۆژنامه ناسراوه‌كانی دونیای ڕۆژاوا، وه‌ك گاردیه‌ن و نیۆیۆرك تایمز، بكه‌ین و سرنجی به‌شی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كان بده‌ین. ده‌بینین هه‌ر پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بریتییه له گێڕانه‌وه‌ی كورته‌ی ته‌ونی ڕۆمانه‌كان. كه‌واته وەڵامەکە سانایە. له‌ڕاستیدا ئەوە چلۆنایەتیی و چۆنایەتیی گێڕانەوەیە کە گرنگیی سەرەکی لە هەڵسەنگاندنی ئەدەبیدا هەیە. ڕەخنەگر دەتوانێت تەونی ڕۆمانێک بگێڕێتەوە، بەڵام خۆ ناتوانێت وردەکارییە ئەدەبی و هونەرییەکان بگێڕێتەوە. ڕەنگە لە ڕوانگەیەکی گێڕانەوەناسییانەی پرۆپی و تەنانەت کۆدییانەی بارتییەوە دواجار هەموو گێڕانەوەکان لە چەند پێکهاتە (structure) و كۆد به‌ده‌ر نەبن. کەواتە ئەوەی گرنگە لایەنی هونەریی و تێکنیکیی گێڕانەوەکانە و بێگومان ناوەرۆک دواجار بە پێوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ شیوازدا خۆی دەردەخات و دەبێتە جیهانێکی تر لە جیهانەکانی خەیاڵاتی نووسەر و خوێنەر. بەم پێیە فەرموون لەگەڵ پوختەی ڕۆمانەکە:
ماسی و شاباز یەکتریان خۆش دەوێت و دانیشووی وڵاتی قڕەجاڕن کە حکومەت سەردەمانێک سووتاندوویەتی و پاشان ناوەکەی لە هەموو شوێنێک سڕیوەتەوە، بەجۆرێک کە کەس ئاگاداری هەبوونی شارێک یاخود وڵاتێک بەم ناوەوە نییە. پێشتر لەم شارەدا جوولەکەش ژیاون و دواتر بەجێیان هێشتووە. بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ شۆڕشی جەماوەری لەم شارەدا و لەناوبردنی شارەکە بەتەواوەتی، حکومەت پشیلە دە شارەکە بەردەات. ئەم پشیلانە نەخۆشی کوشەندە لە شاردا بڵاو دەکەنەوە و هەڕەشە لە مانەوەی شارەکە دەکەن. کۆمەڵێک لە دانیشتوانی شار هەوڵی ڕزگاری شار دەدەن. ماسی و شاباز لەو سەردەمەدا شار بەجێ دێڵن و پەیوەستی ڕێکخراوێکی سەر بە قڕەجاڕ دەبن کە بۆ ڕزگاریی شار تێدەکۆشێت. بەهۆی ڕازینەبوون لە خەباتی ڕێکخراوەکە و سووڕانەوەی بە دەوری خۆیدا، ماسی و شاباز هەر یەک بە جودا ڕێگای هەندەران دەگرنە بەر و لە بریتانیا دەگیرسێنەوە. هەوڵی سەلماندنی هەبوونی شارێکی لەم چەشنە و وەدەستهێنانی مافی پەنابەری دەبێتە کردەوە و ژیانی ڕۆژانەی شاباز و ماسی. ئەوان هەوڵ دەدەن بە یارمەتیی کچە ڕۆژنامەنووسێکی جوو کە سەردەمانێکی باب و باپیرانی لە قڕەجاڕ ژیاون، لەم کارەدا سەرکەوتوو بن و هەربۆیە بە سەمپاتییەکی زۆرەوە بۆ خەباتی جووەکان بڕیاری خەبات بۆ ڕزگاری قڕەجاڕ دەدەنەوە و بەڵێن دەدەن تا ڕزگاریی وڵاتەکەیان زەماوەند نەکەن.
هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ر ڕۆمانێك و نووسین له‌سه‌ر شێواز و ناوه‌رۆكه‌كه‌ی پێویستی به ئاگاداربوونی ڕه‌خنه‌گر و لێكۆله‌ره‌وه له نووسینگه‌لی تری پێش خۆی له‌م په‌یوه‌ندییه‌دا هه‌یه. هەوڵ دەدەم بزانم گەلۆ کەسی تر لەسەر ئەم ڕۆمانە شتێکی نووسیوە. گەڕانێکی خێرا بە تۆڕی ئینترنێتدا دەمباتە سەر ماڵپەڕی ئاوەدانی ئەنجوومەنی ئەدەبیی بۆکان و وتارکەی کاک عەزیز محەممەدپوور. دەێخۆێنمەوە و زۆرێک لە بۆچوونەکانیم بە دڵە. هەوڵێکی جوان و خوێندنەوەیەکی ژیرانە. من چ لەو خوێندنەوەیە زیاد دەکەم؟ هەوڵی من لەڕاستیدا ڕاهێنانی هەنگاوبەهەنگاو و پێداگۆژییانەی خوێندنەوەی ڕۆمانه‌كه و گرنگیدانە بە پرسی کۆنکرێتی کردەی خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی دەقی گێڕانه‌وه‌كه. ئێستا کە دەزانین ڕۆمانەکە باسی چی دەکات، زۆر گرنگە بزانین چۆن ئەم کارە دەکات. نووسەر دەبێ بۆ گەیاندنی گێڕانەوەکەی بە بەردەنگ، گێڕەوەیەک یاخود چەند گێڕەوەی هەبێت. گێڕەوەی ڕۆمانەکە کێێە؟
لە لاپەڕەی ٥ تا ٣٧، یەکەم بەشی ڕۆمانەکە، "کچە ڕۆژنامەنووسە جووەکە"، دەخوێنمەوە. کەسێک وەک یەکەم کەس دێتە گۆ و دەبێ ئەو کەسە بێت کە سەردێڕی بەشەکە، واتا "کچە ڕۆژنامەنووسە جووەکە"یە. لە کاتی خوێندنەوەدا ئەوەی چەندە دەنگەکان دەبیسم و چەندە نایانبیسم بۆم دەبنە پرسیار. ئایا بە هاسانی دەچمە ناو دونیای ڕۆمانەکەوە؟ ئایا دێڕەکانی سەرەتای ڕۆمانەکە سرنجم وا ڕادەکێشن کە لە خوێندنەوە بەردەوام بم. دەزانم دەستپێکردنی گێڕانەوەیەک کارێکی ساكار نییه. هەروەها دەشزانم کاری خوێندنەوەش کارێکی ساکار نییە و دەبێ لەگەل نووسەر یان گێڕەوە کەمێک بە سەبر بی و به شوێن بیانوویه‌كدا نه‌بی بۆ وەلانانی کتێبەکە. دەزانم چۆنگوتن سێحرێکی نەناسراوی هەیە و تەنیا تێکنیک نییە کە دەستەبەری سەرکەوتنی گێڕانەوە دەکات. ئەوە سێحری هونەرە کە پێناسەهەڵگر نییە و بە سانایی دەستنیشان ناکرێت. شازده بچكۆله‌كه‌ی ئێگزۆپێری به هۆی ده‌قێكی سه‌میمی و پڕسۆز و له سه‌ردڵان دوای چه‌ندین ده‌یه و له هه‌موو فه‌رهه‌نگه‌كاندا جێگه‌ی به‌رزی خۆی پاراستووه. ئه‌وه درووست ئه‌و ئهدهبییهتهیه كه فۆرمالیسته‌كان هه‌وڵیان دا وه‌ك شتێكی به‌رهه‌ست ده‌ستنیشانی بكه‌ن و به پێوه‌ری زانستی هه‌ڵیسه‌نگێنن. به‌ڵام دواجار هه‌موو گێڕانه‌وه‌كان ملكه‌چی كۆمه‌ڵێك شێوازی گێڕانه‌وه‌ن و لێكۆله‌ره‌وانی ئه‌ده‌بی هه‌موو ئه‌م ڕێباز و شێوازانه‌یان كه هه‌تا ئێستا ده‌كار هاتوون ده‌ستنیشان كردووه. پرس ئه‌وه‌یه له‌م ڕۆمانه‌دا چ ڕێكارێكی گێڕانه‌وه‌یی ڕه‌چاو كراوه؟ کچە جووە ڕۆژنامەفرۆشەکە باسی کڕینی سێ پەیکەری پشیلە لە دوکانێک دەکات و ژنە دوکاندارەکە دەفتەرێکی سووریشی لەگەڵ پەیکەرەکان دەداتێ و پێی دەڵێت کە ئەم دەفتەرهش لەگەل ئەم پشیلانەدا هاتووه، كچە دەچێتەوە ماڵ و دەست دەکات بە خوێندنەوەی دەفتەرەکە و دانانی پەیکەرەکان لە شوێنێکی گونجاوی ماڵەکەی. کچە بەردەوامە لە قسەکردن و دواتر باسی دەنگێک دەکات کە لە جیاتی ئەو ئەرکی گێڕانەوە وەئەستۆ دەگریت. ئەم دەنگە چییە؟ ئایا ئەمه ڕێگەخۆشکردنە بۆ کەڵکوەرگرتن لە تێکنیكی شەپۆلی زەین؟ ڕه‌وتی گه‌شه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه ئه‌م هه‌سته‌م تێدا به‌هێزتر ده‌كات. به‌ڵام كه هه‌موو ڕۆمانه‌كه‌ت خوێنده‌وه و چه‌ند جاریش گه‌ڕایه‌وه دوایه، هه‌ست ده‌كه‌ی جۆرێك له ئاڵۆزیی گێڕانه‌وه‌یی پێش به چوونه پێشی ڕه‌وان و بێگرێوگۆڵی ڕۆمانه‌كه ده‌گرێت. هەر چۆن شەپۆلی دەریاکانیش لەوپەڕی بێنەزمیدا جۆرێک لە باڵانسیان هەیە و بەگوێرەی کەش و هەواوە دەگۆڕێن، دەبێ شەپۆلی زەینی گێڕەرەوەش تەنانەت لە بێنەزمیشدا جۆرێک خۆی دەربخات کە خوێنەر بتوانیت سەری لێ دەرچێت و تێی بگات. بەشی یەکەمی ڕۆمانەکە کە تا لاپەڕەی ٣٧ لەخۆ دەگرێت لەم ئەرکەدا تەواو سەرکەوتوو نییە. کاتێک گێڕەوە دەڵێت "(دەنگەکە نووسینی وەستاند)"،[3] وەک ئەوە دێتە بەرچاو کە مۆسیقاژەنێک لە کاتی ژەنینی ئامێرەکەیدا ڕاوەستێت و بە بیسەرەکانی بڵێت لێرەوە نۆتەکە دەگۆڕێت. مۆسیقاژەنێکی باش بێئەوەی ئەم کارە بکات، بە کردەوە و ژەنینی وەستایانە بەردەنگەکانی دەخاتە بەردەم ئاهەنگێکی ترەوە. گێڕەوەی چیرۆکیش هەر بەم شێوە دەتوانێت گۆڕینی دەنگ و گێڕەوەکان نیشان بدات. فاکنێری ئه‌مریکی و گوڵشیریی ئێرانی و نەهایی کورد نموونەی سەرکەوتوویان لەمجۆرە گێڕانەوەیەدا پێشکەش کردووە. گێڕەوەی گێڕانەوەیەکی چەندتوێیی دەبێ زۆر بە وریایی هەڵسوکەوت بکات و لە دەکارهێنانی تێکنیکەکەی زۆر دڵنیا بێت، ئەگینا مەترسیی قورسکردنی لە ڕادەبەدەری گێڕانەوەکەی، خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی دەکات.
هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك ده‌بێ به‌پێی پێكهاته‌كانی خودی گێڕانه‌وه‌كه ئامانجی گه‌یاندنی په‌یامه‌كه‌ی به به‌رده‌نگ بدات. لەبیرمان بێت ئەوەی گێڕەوە دەیزانێت منی خوێنەر نایزانم و دەبێ تەنیا و تەنیا بە حوکمی ئەو شتەی لە دەقەکەدا هاتووە ئاگادار بکرێمەوە و زانیاری وەدەست بێنم. بۆ نموونە ئایا من ئێستا دەزانم پەیکەری پشیلەکان چەندە گەورە یان بچووکن و چ ڕەنگن؟ بالانسی پێناسە و وەسفی ڕۆمان یەک لە لایەنە تێکنیکی و لە هەمان کاتدا هونەرییەکانی گێڕانەوەیە. زیادی و کەمییەکەی بە یەک شێوە دەتوانن زەینی خوێنەر ماندوو یان تەمبەڵ کەن. وەسفەکانی یاشار کەمال و هێمینگوای وەبیر خۆمان بێنینەوە و دیسانیش چیای ئاگری لە زەینماندا زیندوو کەینەوە و ئەو ژنەی کە لە کەمپی سوورپێستانی هێمینگوایدا خەریکە مناڵی دەبێت، بێنینەوە بەرچاوی خۆمان. خوێنه‌ری خۆشفكر و جوانخهیاڵ پێویست ناكات چیای ئاگری و كه‌مپه‌كه‌ی سوورپێستانی بینیبێت تا چێژ له‌و دوو گێڕانه‌وه‌یه وه‌ر بگرێت و ئاسۆی خه‌یاڵی پێ به‌رفراوانتر بكات. خودی ده‌قه‌كان و ته‌نیا له ڕێی ده‌كارهێنانی وه‌ستایانه‌ی نیشانه‌كان و كه‌ره‌سه‌ی زمان ئه‌م ئه‌ركه‌یان به‌جێهێناوه. لەم بەشەدا پرسی پەیکەری پشیلەکان و دەفتەرە سوورەکە وەک مەتەڵێک (anigma) دەتوانن هۆکاری بەردەوامیی خوێنەر بن لە گەڕان بەدوای ڕووداوەکان و هاندەر بن بۆ داگیرساندنی فتیلەی کونجکۆڵی کردەی خوێندنەوە. ئه‌مه لایه‌نی ئه‌رێنی ده‌قه و خوێنه‌ر به‌دوای خۆیدا ده‌كێشێت.
لە گێڕانەوەی ڕۆمانەکەدا زۆر جار جێگۆڕکێ لەنێوان ماسی، کچە جووەکە، شاباز و برای شابازدا دەکرێت. ئەمە تێکنیکێکی شیاوە و لەڕاستیدا ئامانجی چەندەنگکردنی گێڕانەوەکەیە. بەڵام پرس ئەوەیە ئەم چەند دەنگییە بەم تێکنیکەوە دەستەبەر کراوە؟ ئایا تەنیا بە گۆڕینی گێڕەوە دەتوانین چەنددەنگیی ڕۆمانێک دەستەبەر کەین؟ لە ڕۆمانی کەوتنی ئالبێر کامۆدا ئەوە یەک کەسە کە بەسەرهاتەکە دەگێڕێتەوە. بەڵام ئەو یەک گێڕەوەیە بە گۆڕێنی ئاهەنگ و شێواز و هەمبانهی وشەكانی گێڕانەوەکە دەبێتە ئافرێنەری چەنددەنگییەکی تەواو لە ڕۆمانەکەدا.
ڕۆمانی بێ کاراکتێر/کەسایەتی/پاڵەوان نەبووە و نییە. تەنانەت ئەگەر ئەتۆ هەموو گێڕانەوەکەت بخەیە سەر شان و دەمی کاراکتێرێکیشەوە، ئەوە وەستایی نووسەرە کە لەو تاکبێژی و تاکڕەهەندییەدا سەمای جووڵەدار و ژاوەژاوی دەنگەکان تێکهەڵکێشی یەکتر دەکات و تەدارەکی سەمفۆنیای پڕدەنگ و پۆلیفۆنییانەی گێڕانەوەکە دەدات و ئاهەنگی سۆزداری چیرۆک دەژەنێت. کە باسی گێڕانەوەیەکت کرد ئیتر پێی کەس یان کەسانێک دێتە گۆڕێ. ئەم کەسانە لەم ڕۆمانەدا کێن؟ وێده‌چێت كاراكتێره‌كانی ئه‌م ڕۆمانه هه‌ر ئه‌و ناوانه بن كه له سه‌ره‌تای هه‌ر به‌شێكی ڕۆمانه‌كه‌دا ناویان هاتووه و له ڕواڵه‌تدا ئه‌ركی گێڕانه‌وه‌كه ڕاده‌په‌ڕێنن. هه‌ڵبه‌ت له زمانی ئه‌وانه‌وه جار هه‌یه باسی كه‌سانێك ده‌كرێت كه له ئێستادا ئاماده نین و ده‌كرێ ئه‌وانیش وه‌ك كاراكتێری نائاماده‌ی ڕۆمانه‌كه داندرێن. هه‌ڵۆی مه‌یدانی هه‌ڵۆ یه‌ك له‌وانه كه كاتی خۆی هاوڕێی لانی كه‌م دوو له گێڕه‌وه‌كان بووه و دواتر له مه‌یدانی شار له سێداره دراوه. کاراکتێرەکانی ڕۆمان دەبێ لە کات و شوێنێکی دیاریکراودا هەناسە بدەن و بجووڵێنەوە. کات و شوێنی ڕووداوەکانی ئه‌م ڕۆمانه وه‌ك خودی شوێنگه سه‌ره‌كییه‌كه كه قڕهجاڕ بێت زۆر ته‌ماوییه. ئه‌و نامانه‌ی كاتی خۆی بۆ كچه جووه‌كه به‌ڕێ كراون هیچ ڕێكهوتێكیان له‌سه‌ر نییه. ناوی یۆنان و كان و پاریس و له‌نده‌ن له ڕۆمانه‌كه‌دا یارمه‌تییده‌رن بۆ جێگۆڕكێی كاراكتێرهكان. شوێنگه‌لی وه‌ك مه‌یدانی هه‌ڵۆ و په‌پوو سلێمانی ده‌توانن یارمه‌تیده‌ر بن بۆ زانینی ئاماژه به شوێنگه‌لی ڕاسته‌قینه‌ی ڕووداوه‌كان. بواری ناوهرۆكییانهی گێڕانه‌وه‌كه و به‌سه‌رهاتی گرووپه شه‌ش كه‌سییه‌كه و چالاكیی ماسی له ڕادیۆیه‌ك یارمه‌تیده‌رن بۆ هه‌ڵدانی كاتی ڕووداوه‌كان كه ده‌توانێ ساڵانی دوای شۆڕشی ئێران بێت له كۆتایی حه‌فتاكاندا.
هه‌ر گێڕانه‌وه‌یه‌ك خاڵێكی ناوه‌ندیی هه‌یه كه جه‌مسه‌ری هه‌موو ڕووداوه‌كان دواجار ده‌گه‌نه‌وه ئه‌وێ. ئه‌ركی گێڕه‌وه یاخود گێڕه‌وه‌كان ڕاگرتن و به‌یه‌ك گه‌یاندنه‌وه‌ی جه‌مسه‌ره جیاوازه‌كانه بۆ پاراستنی تۆكمه‌یی گێڕانه‌وه‌كه. له خۆم ده‌پرسم کێش و ناوەندییەتی (gravitation) ئەم گێڕانەوەیە چییە؟ دەنگەکان لەکوێ بە یەک دەگەن و سەرەداوی گڵۆڵەی گێڕانەوەکە کوێیە و چۆن دەکرێت بە کێشانی ئەم سەرەداوە، گڵۆڵەی ئاڵۆزی گێڕانەوەکە هەڵوشێنییەوە و خوێنەرانی بەسەرهاتەکە جۆرێک تەیار کەی کە دواتر بتوانن بە سانایی بە کەسێکی تر بڵێن ئەو ڕۆمانە بخوێنەوە و چێژێکی سەداسەد بۆخۆت دەستەبەر کە و تێگەیشتنی خۆت لە ژیان و بوون و هەستونەستتت دەمزەرد کەوە؟ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌م به سانایی بۆ نادرێته‌وه. گێڕانه‌وه مۆدێرنیستییهكانی ڕۆژاوایی، بۆ نموونه هه‌را و تووڕه‌یی، دێنمه‌وه بیری خۆم و ده‌بینم ئه‌گه‌رچی ئاستی ئاڵۆزییه‌كانیان زۆر به‌ربڵاوه، به‌ڵام دواجار لێكۆله‌ره‌وان ده‌توانن پێكهاته و تۆوه‌كانی گێڕانه‌وه‌كان ده‌ستنیشان بكه‌ن. من خوێنه‌رێكی ته‌مبه‌ڵم یاخود قڕهجاڕ ڕێگام لێ ون ده‌كات؟
له درێژه‌ی هوروژمی پرسیاره‌كاندا، گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامه‌كاندا چڕتر ده‌بێته‌وه. ئه‌گه‌ر یه‌ك له ئاكامه‌كانی خوێندنه‌وه هاندانی بیركردنه‌وه‌ی خوێنه‌ر بێت، ئه‌وه قڕهجاڕ ده‌بێته هۆكاری تێڕامانێكی قووڵ لای خوێنه‌ر و ده‌یان پرسیاری لا دروست ده‌كات. له پرسی زمانی گێڕانهوهكهڕا بگره هه‌تا تێم و لایه‌نی خوازه‌یی و ئالیگۆرییانهی ڕۆمانه‌كه، هه‌ر پرسیاره و شه‌پۆلان ده‌دات. ڕه‌نگه خوێنه‌ری ئه‌و ده‌قه‌ی من بپرسێت كه بۆ ئه‌و هه‌موو پرسیاره‌م ڕیز كردوون و بۆ وه‌ڵامیان ناده‌مه‌وه. وه‌ڵامی من ئه‌وه‌یه كه خودی ئاراسته‌كردنی پرسیار به‌شێكه له وه‌ڵام. گرنگ ئه‌وه‌یه کە ڕۆمانەکەت خوێندەوە و ویستت بە خۆت بڵێی چی بوو و چی ڕووی دا، چەندە لە دۆزینەوەی وەلامی ئەم پرسیارە سەرەکییانەداسەرکەوتوو ده‌بی.
ئەگەر تۆ یەکم گێڕەوە نەبی، کە نی، و ئەگەر ئەم ڕۆمانەش یەکەم گێڕانەوە نەبیت کە بێگومان نییە، باشە پێوەندیی دەقی تۆ و دەقەکانی تر چییە و من چۆن بزانم تۆ سەدان و بگرە هەزاران دەقی ترت خوێندووەتەوە و دەقێکت ئافراندووە پڕ لە ئاماژە (allusion) و نێواندەقیێتی (intertextuality)؟ زمانی خوازە و وێکچواندن و ڕەمز چەندە و چۆن دەکار هاتوون و ئه‌م كاره چه‌نده پێویست بووه؟ ئایا وێكچووییهك له‌نێوان گێڕانه‌وه‌ی قڕهجاڕ و كاتێك ماسییه‌كان تونی دهبندا هه‌یه؟ ئیا وێكچوویی ناوی كاراكتێره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌م دوو ڕۆمانه، واتا ماسی، به هه‌ڵكه‌وته یاخود تێبینی و ئامانجێكی ئه‌ده‌بییانه‌ی له‌دوایه؟ ئایا پشیله‌كانی قڕهجاڕ و كللۆكانی بێهروزی دێهقانی ئه‌ركێكی هاشێوهیان نه‌بووه؟ ئایا به‌سه‌رهاتی قڕهجاڕ هیچمان له شاره تاعونلێدراوهكهی كامو وه‌بیر ناهێنێته‌وه؟ تۆ بڵێی ماسی و شاباز یان هه‌ر نه‌بێت كچه ڕۆنامهنووسه جووه‌كه به‌سه‌رهاتی شاری نابینایی ساراماگۆیان نه‌بیست بێت؟ ڕەنگە ڕووم تێکەی و بڵێی بۆ جەین ئاستین چەند دەقی خوێندبووەوە کە به ته‌مه‌نێكی كورت شه‌ش ڕۆمانی گرنگی مێژووی ئه‌ده‌بی جیهانی به‌رهه‌م هێنا و تۆوەکانی ناسنامەی بریتانییایی چاند؟ ئەمەش پرسیارێکی ڕەوایە و وەلامەکەی تا سنووری چەند کەسایەتیی تری ئەدەبی و هونەریی وەک ییتس، ڕامبو، کامو، بێتهۆڤێن و مۆتزارتمان دەبات کە لە تەمەنێکی کەمدا ئافرێنەری بەرهەمی گەورە بوونە. بەڵام من لێرەدا قسە لە ڕەوت و جۆرێک لە یاسامەندیی گشتیی کۆمەڵایەتی و ئافرێنەری دەکەم و ڕیزپەڕەەکان دەکەمە هەوێنی باسێکی تر.
زمانی نووسین لە هەموو ڕۆمانێکدا گرنگە. بەڵام لە هەلومەرجی زمانی کوردی‌دا و قایمنەبوونی ئەستووندەکانی زمانێکی ستاندارد هەم لە پەیڤ و هەم لە ڕینووسدا زۆر گرنگە نۆڕمە ناسراوەکان ڕەچاو بکەی و ئەگەر نۆڕمیش دەشکێنی، کە پیرۆزە و دەبێ وەک داهێنەر ئامانجی ئەم مەترسیکردنەت هەردەم هەبێ، دەبێ بە ئاگاییەوە ئەم کارە بکەی و مۆری خۆت بەباشی لەسەر هەر بنەما و بیچمگۆڕینێک بدەی. زمانی قڕەجاڕ لە باری هەمبانەی وشە و ڕێزمان و ڕینووسەوە چەندە دەوڵەمەند و پاراو و گونجاوە؟ ئایا کاراکتێرەکان هەڵگری زمانی تایبەتی خۆیانن یان لە مەزرای ستریۆتایپەکاندا قەتیس دەمێننەوە؟ بۆ نموونه له ئه‌م چه‌ند دێڕه‌ی خواره‌وه‌دا له‌گه‌ڵ چ نۆڕمێكی زمانی‌دا ڕووبه‌ڕوو ده‌بینه‌وه؟
"چاوەکانم هاکوو یەکسەر دابخرێت ."
"کامپیوترەکەم دایسان."
"خانەکانی مێشکم ئەو پرسیارەی لێم دەکرد [...]"
"ئەوەندە بەسەرهاتی قڕەجاڕ دەگێڕدرێتەوە و دەگێڕدرێتەوە و دەگێڕدرێتەوە کە بەرگیری لە کوژانەوەی ناوی و بوونی و بکردرێت."[4]
پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كیی هه‌موو گێڕانه‌وه‌یه‌ك تێمه و له‌م ڕۆمانه‌شدا ئێمه ڕووبه‌ڕووی شارێك ده‌بینه‌وه كه ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت خاپووری بكات و ئه‌مه‌ش له‌ڕاستیدا تێمی سه‌ره‌كیی گێڕانه‌وه‌كه‌یه. پرسیار ئه‌وه‌یه گێڕانەوەکە چەندە لەسەر قاچی خۆی ڕاوەستاوە و بەبێ پێویستیی بە جیهانی دەرەوەی خۆی چه‌نده دەتوانێ ماناساز بێت و خوێنەر تووشی سەرلێشێواوی نەکات؟ بۆ خوێنه‌ری كوردی شاره‌زا له‌گه‌ڵ وڵاتی خۆی زۆر ئه‌سته‌م نییه ئاماژه‌كان بناسێته‌وه و به جێگۆڕكێیه‌كی سانای ناوی قڕهجاڕ و كوردستان ناسنامه‌ی خوازه‌یی و ئالیگۆرییانهی ڕۆمانه‌كه بدۆزێته‌وه. ئه‌و نیشانانه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی قڕهجاڕدا خوێنه‌ر ده‌خه‌نه‌وه بیری كوردستان زۆرن. کاتێک لە دادگادا ماسی باسی ئەوە دەکات کە بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ لەناوچوونی قڕەجاڕ و دانیشتوانەکانیدا ئەوان بڕیاری کوشتنی پشیلەکان دەدەن، نوێنەری وەزارتی ناوخۆ کە لە دادگاکەدا بەشدارە، تاوانی دژەئاژەڵی دەداتە پاڵ و دەڵێت: "ئێوە ئاگرتان بەردایە ئەو بەستەزمانانە؟ ئەوە دوورە لە هەستی مرۆڤ بوون. ئەمە تاوانێکی یەکجار گەورەیە."[5] ئەوە لە کاتێکدایە کە ماسی وەبیر دادگا دێنێتەوە کە ئەم پشیلانە تەنانەت ڕیشەی هەموو داربەڕووەکانیشیان وشک کردبوو. ژمارەیان لە ژومارەی دانیشتوانی قڕەجاڕ زیاتر ببوو و تەنانەت ئەو دکتۆرانەی دەیانویست بەربەرەکانی لەگەڵ پشیلەکان و زاووزێیان بکەن بە ئەمری حکومەت نەزۆک دەکرێن.[6]
ئه‌م ئاماژانه بۆ خوێنه‌ری كورد زۆر ئاشنان و زوو ده‌یانناسێته‌وه، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا گێڕانه‌وه‌كه ده‌توانێت هه‌مان ده‌رفه‌ت بۆ خوێنه‌ری غه‌یره كوردیش بڕه‌خسێنێت كه ئه‌م ئاماژانه بناسێته‌وه و مه‌ودای جیهانی خوازه و جیهانی واقیغ سه‌ری لێ نه‌شێوێنێت؟ ده‌كه‌ومه‌وه بیری كێڵگه‌ی ئاژه‌ڵانی جۆرج ئۆروێل و ئه‌وه‌ی كه چۆن هێنده له ئه‌نجامی ئه‌ركه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بووه كه هه‌موو خوێنه‌رێك ئه‌ودیو دونیای ئاماژه و سیمۆلهكان ده‌ناسێته‌وه.
لایه‌نێكی به‌رچاوی ڕۆمانه‌كه ده‌توانێ بواری جێنده‌ریی گێڕانه‌وه‌كه بێت كه هه‌مدیسان خۆی له شێوه‌ی كۆمه‌ڵێك سیمبۆلدا ده‌رده‌خات و شایسته‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی ئه‌ده‌بی و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه. كاتێك ده‌بینین كه بڕیار دەدرێت بۆ شەڕ لەگەڵ پشیلەکان قژیان دەرخوارد بدرێت و بەمجۆرە هەموو ژنان و کچانی قڕەجاڕ بە نەخۆش و ساخەوە لە مەیدانی هەڵۆ قژیان ده‌بڕن، ئێمه له‌گه‌ڵ بواری هه‌ستیاری ڕۆڵی ژنان له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریی قڕهجاڕ\كوردستاندا ڕووبه‌ڕووین. ئه‌مه‌ش بێ هیچ گومانێك ده‌توانێ كه‌ره‌سه‌ی لێكۆڵینه‌وه و لێدوانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی جێنده‌ری بێت. هه‌ر به‌مجۆره‌ش كاتێك له شوێنی دیداری كچه جووه‌كه و ماسی ورد ده‌بینینه‌وه هه‌ست ده‌كه‌ین كه زمانێكی سیمبۆلییانه ده‌كار هاتووه كه شیاوی سرنجی زۆره و په‌یوه‌ندیی ڕاسته‌وخۆی بە زمەن و لەبیرنهچوونەوەوه هەیە: "لەندەن، بەرامبەر بە کاتژمیرەکەی "بیگ بێن". ئەمەش هەر هەوڵێکە بۆ ڕاگرتنی قڕەجار لە کۆیادی لەبیرنەچوونەوە. وەک کچە جووەکە دەڵێت "لە بەردەم کات ژمێری "بیگ بێن"دا ئەوان قڕەجارم بۆ دەگێڕنەوە.".[7]
په‌ری كه‌ریمی نیا وه‌ك یه‌ك له پێشه‌نگه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی شهپۆلییانه، ڤیرجینیا وۆلف، هه‌وڵی تێكهه‌ڵكێشكردنی زه‌مه‌ن و شێواندنی سنووره‌كانی ئێستا و ڕابردووی داوه. ئه‌و خولانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتێكی چهندپاتبووهوهی به ده‌وری بازنه‌یه‌كی بۆشدا وێنا كردووه و به‌م كاره‌ی، قڕهجاڕی له هه‌ڕه‌شه‌ی پڕمه‌ترسیی فه‌رامۆشی ڕزگار كردووه. "قڕەجاڕ لە سەر ئەوەی داوای شوناسی خۆی کرد یەکسەر حەساریان کێشا و ناویان لە سەر نەخشەدا کووژانەوە. کردیانە زبڵخانە و پشیلەیان تێبەردا."[8] قڕهجاڕ ڕاستییه‌كی حاشالێكراوه و هه‌وڵدان بۆ سه‌لماندنی بوون و مێژووه‌كه‌ی، وریایی و تێبینیی زۆری ده‌وێت. "قڕەجاڕ تاوانەکەی بەس ئەوە بوو کە دژ بە حکوومەت وەستایەوە و داوای کرد کە دەبێت دان بە بوونیدا بهێنرێت."[9] په‌ری بۆ خۆی هه‌ڵقوڵاوی فه‌رهه‌نگێكه كه ژماره‌ی نووسه‌رانی ژنی ڕۆماننووسی به په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێردرێن. كه نه‌ریتێكی جێگرتووی نووسین نه‌بێت و بواری نووسینه‌كه‌ش ژیاندنه‌وه‌ی وڵاتێكی له‌بیركراوه بێت، بوێرییه‌كی زۆر پێویسته بۆ چوونه ناو مه‌یدانی گێڕانه‌وه. گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی قڕهجاڕ هه‌نگاوێكی گرنگی قه‌ڵه‌مێكی گرنگه كه چاوه‌ڕوانیی ئافراندنی گێڕانه‌وه‌گه‌لی تری لێ ده‌كرێت. كه‌م هه‌ڵده‌كه‌وێت كه گێڕه‌وه و گێڕدراوه‌ی گێڕانه‌وه‌یه‌ك به‌جووت حاشایان لێكرابێت. په‌ری، خۆی و گێڕانه‌وه‌كه‌ی له مه‌ترسی حاشالێكراوی ڕزگار كردووه.
[1] بۆ نموونهبڕوانه ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ی خواره‌وه كه به وردی باس له چلۆنایه‌تی خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان ده‌كه‌ن و هه‌روه‌ها شێوازی بیركردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كانیش تاوتوێ ده‌كه‌ن:
Nancy Armstrong, How Novels Think: The Limits of Individualism from 1719-1900, Columbia: Columbia University Press, 2006.
John Mullan, How Novels Work, Oxford: Oxford University Press, 2006.
Jeremy Hawthorn, Studying the Novel, Sixth edition, London: Bloomsbury Academic, 2010.
بڕوانه ماڵپه‌ری ئه‌نجومه‌نی ئه‌ده‌بیی بۆكان و وتاری عه‌یز محه‌ممه‌د پوور له‌سه‌ر ڕۆمانه‌كه. [2]
كه‌ریمی نیا، په‌ری، هه‌موو ڕێگاكان ده‌چنه‌وه قڕهجاڕ؟، سلێمانی: غه‌زه‌لنووس، ٢٠١٥. ل. ٣٢. [3]
. س.پ. ل. ٢٨ و ل. ٢٢٩. [4]
س.پ. ل. ٢١٠. [5]
س.پ. ل. ٢١١. [6]
.٢٣ س.پ. ل. [7]
.٢٠٣ س.پ. ل. [8]
.١٩٨ س.پ. ل. [9]