سوپاس بۆ کازانتزاکیس و زۆرباکەی
6 ساڵ لەمەوپێش
لە عەرەبییەوە: رەووف بێگەرد
"زۆربا زۆر بە گران هەناسەی دەدا، لەبەرئەوەی خوێن بە ئاسانی نەدەگەیشتە دەزوولەکانی مێشکی. پیر ببوو، دەڕۆیشت و لارەلارەی بوو، ئیتر چۆن دەتوانێت خۆشەویستی بکات؟ بۆیە وای بە باش زانی وەک منداڵێکی پاکژ لەسەر جێگای کۆنە خۆشەویستەکەی پاڵ بکەوێت و چاوەڕێی مردن بێت". بەڵام کازانتزاکیس لە ڕۆمانی بەناوبانگی (زۆربای یۆنانی)دا وای وێنا دەکات کە زۆربا گەلێک زرنگە لە مامەڵەکردنی ئافرەتدا و بەتایبەتی لە سیحری ناوجێگادا. بوهیمیەکی ئەفسونگەرە و دەتوانێت لە چرکەساتی خۆشی و پێکەنیندا بگری. لەکاتی خەم و پەژارەیشدا بداتە قاقای پێکەنین. لەو ساتەدا کە لە کەناری مەرگدایە سەمایەکی سیرتاکی یۆنانی بکات. پاش گەڕان و کون پشکنیەکی دوور و درێژ بەدوای کەسایەتی ڕاستەقینەی زۆربا و ژیاننامەکەیدا، لێکۆڵەری یۆنانی (فیلیبیوس فیلیبیو) لە کتێبەکەیدا (مەرگی زۆربا) زۆر بە توندوتیژی ڕەخنە لەو وێنە ئەفسانەییە دەگرێت کە کازانتزاکیس بۆ ژیانی زۆربای وێنا کردووە و لە نواندنەکەی هونەرمەند ئەنتونی کوین لە فیلمی زۆربادا دەگاتە لووتکە.
فیلیبوس هەنگاو بە هەنگاو دوای (زۆربا) پاش باس و خواس و گەڕانی زۆر شوێنی لەدایک بوون و وردەکاریەکانی ژیانی تایبەتی ئەوی دۆزیوەتەوە. لەگەڵ نەوەکانی زۆربادا قسەی کردووە. تا گەیشتۆتە ئەو ڕاستیە تاڵ و ناخۆشەی کە (زۆربا)ی ڕاستیی هەرگیز لە ژیانیدا پاڵەوان نەبووە. ئەو زۆربایەی ساڵی ١٩١٠ بەڕێکەوت تووشی کازانتزاکیس بووە، بێجگە لە مرۆڤێکی ئاسایی و پەراوێزخراو بەناوی (یورگاس زۆربا) هیچی تر نەبووە. ئەو لە دوورگەی کریتدا نەژیاوە، ژیانی لەناو دەریادا نەبووە، هەرگیز نە ئەفسوونگەر بووە و نە ژنانی، خەڵکی مەکدۆنیا بووە و ساڵی ١٩٤٣ بە ناچاری یۆنانی بەجێهێشتووە. تا لەکۆتاییدا لە شاری ئسکوبیای مەکدۆنیادا کۆچی دوایی کردووە.
لە کتێبەکەی فیلیبوسدا چەند نامەیەک هەیە لە ئەندریاسی کوڕی زۆرباوە بۆ کازانتاکیسی داهێنەر نێرراوە، لە نامەیەکیاندا بە بێزارییەوە بۆ کازانتاکیس دەنووسێت: "بەڕێز تۆ سووکایەتیت بە خێزانەکەمان کردووە: حەزدەکەم پێت بڵێم کە ئێمە خێزانێکی بەڕێز و بەڕەوشتین، هەرگیز باوکم داوێن پیس نەبووە، هیوادارم هەڵەکانت چاک بکەیتەوە. ئیعتیبار بۆ باوکی خوالێخۆشبووم یورگاس زۆربا بگێڕیتەوە".
لەکۆتایی کتێبەکەی فیلیبیوسدا خوێنەر بۆی دەردەکەوێت ئەوەی کازانتزاکیس نووسیویەتی دەست هەڵبەستە، ئەو ئەفسانەیەکی تازەی لەبارەی پاڵەوانێکەوە دروست کردووە کە هەمان ناوی هەیە بۆ ئەوەی لە دنیای کلتور و داهێناندا بە نەمری بمێنێتەوە.
ئەفسانەی (زۆربای یۆنانی) لە زەینی ڕووناکبیراندا تەنیا لە سنووری ڕۆمانێکی مەزندا خۆی نابینێت، یان لە سەما جوانەکەی ئەنتونی کویندا، بەڵکوو ئەو یادەوەریانەی هاوئاهەنگن لەگەڵ مۆسیقاکەی تیودراکیسدا بۆ سەمای سیرتاکی. ئەو سەمایەی ئەنتۆنی کوین لە فیلمەکەدا ئەنجامی دا.
(زۆربا) وەهمیەکەی کازانتزاکیس زۆر نەمرتر و قووڵتر و ڕەسەنترە لە زۆربا ڕاستەقینەکە.
کێ دەڵێت هەقیقەت لە خەیاڵ جوانترە؟.
سەرچاوە:
سایتی ئیلاف، ڕۆژی ٢٤/٦/٢٠٠٧