خوێندنه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌ییانه‌ی ڕۆمانی (کوێره‌ی چاوساغ)

6 ساڵ لەمەوپێش



 

مسته‌فا ڕابه‌ر

چیرۆک نووسی مافناس سابیر ره‌شید ڕۆمانێکی خۆی پێشکه‌ش کردم به‌ناوی (کوێره‌ی چاوساغ)،قه‌واره‌ی کتێبه‌که‌ مامناوه‌ندی یه‌و بریتییه‌ له‌(102)لاپه‌ڕه‌و له‌ تاران به‌ چاپ و دیزاینێکی جوان چاپ کراوه‌. دوای خوێندنه‌وه‌ پێم گوت ده‌مه‌وێ بابه‌تێکی ڕه‌خنه‌یی له‌ باره‌ی ڕۆمانه‌که‌وه‌ بنووسم،ئه‌ویش گوتی: خه‌مت نه‌بێت له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌و په‌لارو توانجی خه‌ڵک و نووسه‌ران راهاتووم،باکم به‌وه‌ نییه‌ ئه‌گه‌ر که‌سێک نووسینه‌کانم بداته‌ به‌ر نه‌شته‌ری ره‌خنه‌و لێکۆلینه‌وه‌،منیش که‌زانیم دڵی فراوانه‌و دڵگیر نابێت ئه‌م کورته‌ ره‌خنه‌یه‌م له‌ باره‌ی ڕۆمانه‌که‌یه‌وه‌ نووسی.

سه‌ره‌تا به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێک ئه‌گه‌ر به‌نیازی ڕه‌خنه‌ لیگرتن بیخوێنیته‌وه‌ پێویسته‌ تێبینی خاڵه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بکه‌یت و له‌ کاتی خوێندنه‌وه‌یدا پوخته‌یه‌ک بۆ هه‌ر به‌شێک بنووسیته‌وه‌ و ده‌ستنیشانی په‌ره‌گرافی نووسه‌ره‌که‌ش بکه‌یت.

پێناسه‌ی ڕۆمان

ڕۆمان په‌خشانێکی دوورو درێژه‌ گوزارشت له‌ کێشه‌کانی ژیان دا ده‌کات له‌ کۆمه‌ڵگه‌داو باسی له‌ که‌سایه‌تی خه‌یاڵی،یان واقیعی ده‌کات. ڕۆماننووس به‌ وه‌سف کردن و دیالۆگ و ململانێی نێوان که‌سایه‌تییه‌کان درێژه‌ به‌ رووداوه‌کان ده‌دات و له‌ کۆتاییدا گرێ کوێره‌که‌ ده‌کاته‌وه‌و ئه‌نجام به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌دات. ڕۆمانیش به‌پێی بیرۆکه‌و ناوه‌رۆک به‌سه‌ر ئه‌م به‌شانه‌دا دابه‌ش ده‌کرێت:ڕۆمانی کۆمه‌ڵایه‌تی، ڕۆمانی مێژوویی،ڕۆمانی پۆلیسی،ڕۆمانی فانتازیا یان خه‌یاڵی،ڕۆمانی فه‌لسه‌فی،ڕۆمانی ڕۆمانسی،ڕۆمانی سیاسی،ڕۆمانی ڕامانی،ڕۆمانی سه‌ربرده‌و به‌سه‌رهات. ڕۆمانی ڕامانی(تأملی)باس له‌ کێشه‌کانی ژیان و گه‌ردوون و دیارده‌کانی سروشت ده‌کات،

بنه‌ماکانی ڕۆمان

یه‌که‌م: پلان و هێلکاری،یان گرێچن،یان تان و پۆ،به‌ عه‌ره‌بی پێی ده‌ڵێن(الحبکه‌)و به‌ ئینگلیزی( plot )ی پێده‌ڵێن،واته‌ گرێ کوێره‌ به‌مانای هونه‌ری گێرانه‌وه‌ی رووداوه‌کان و گه‌شه‌ پێدانیان، به‌ واتایه‌کی تر زنجیره‌ی هه‌ڵکشانی رووداوه‌کان و ململانێی که‌سایه‌تییه‌کان له‌ ناو چیرۆکدا و کردنه‌وه‌ی له‌ قۆناغی کۆتایی چیرۆکدا.

سابیر ره‌شید ویستویه‌تی خۆی له‌ به‌ندو داوی بنه‌ما کۆنه‌کانی چیرۆک رزگار بکات و خۆی به‌ سێیانه‌ی کلاسیکی جاران (سه‌ره‌تاو گرێ و ئه‌نجامی رووداوه‌کان یان کۆتایی) نه‌به‌ستۆته‌وه‌و به‌ که‌یفی خۆی و خۆی به‌ بنه‌ماکان پابه‌ند نه‌کردووه‌ و زمانی گێڕانه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که‌ش ساده‌یه‌و خوێنه‌ر گیروگرفتی له‌ تێگه‌یشتنی ده‌قه‌که‌دا نییه‌.

دووه‌م: شوێن و کات له‌ ڕۆمانی (کوێره‌ی چاوساغ) دا به‌ جوانی و ئاسانی خوێنه‌ر هه‌ستی پێده‌کات و ده‌یدۆزێته‌وه‌.که‌ شوێنه‌کان شاری مه‌هابادو هه‌ولێرو شاخ و داخی کوردستان و زیندانه‌کانی به‌عسه‌.

کاتیش: له‌ سه‌رده‌می کۆماری کوردستانه‌وه‌ له‌ مه‌هاباده‌وه‌ ده‌ست پێده‌کات تا راپه‌رین و دروست بوونی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان.

سێیه‌م: ئۆتمۆسفیری ڕۆمانه‌که‌ خه‌م و په‌ژاره‌و به‌رچاو تاریکی و ترس و دڵه‌ڕاوکێ و مه‌رگ و برسێتی یه‌،وێڕای شله‌ژانی باری ده‌رونی که‌سایه‌تییه‌کان.

 چواره‌م: باری کۆمه‌ڵایه‌تی ژیانی رۆژانه‌ی که‌سایه‌تییه‌کان جه‌رگبڕه‌و هه‌ژارن و له‌ کاتی دیالۆگ و گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان دیاره‌ به‌ حه‌سره‌ت و ده‌ست کورتن. نووسه‌ر زۆر باسی  فڕکردنی چای دیشله‌مه‌ ده‌کات که‌ خه‌ڵکی ئێران خوی پێوه‌ گرتووه‌. ڕۆمانی کوێره‌ی چاوساغ ناوه‌که‌ی پارادۆکسه‌ واته‌ ناکۆکه‌،دیاره‌ ڕۆماننووس بۆیه‌ش ئه‌و ناوه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تی سه‌ره‌کی ڕۆمانه‌که‌ که‌ ناوی سیامه‌نده‌ هه‌م به‌ فیعلی نابینایه‌و هه‌میش به‌ هۆی زیره‌کی و نه‌ڕژانی بیبیله‌ و ره‌شێنه‌ی چاوی،چاوساغ دیاره‌.

پۆلین کردن

ئه‌گه‌ر ڕۆمانه‌که‌ پۆلین بکه‌ین ده‌بێ بڵێین:ڕۆمانێکی سیاسیی و مێژوویی و کۆمه‌ڵایه‌تی و به‌سه‌رهاته‌.رووداوه‌کا نی به‌سه‌ر شه‌ش کورته‌ چاپته‌ر دابه‌ش بووه‌.کاره‌کته‌ره‌ سه‌ره‌کیه‌کانیشی بریتییه‌ له‌:یه‌که‌م: ڕۆماننووسه‌که‌ یان حیکایه‌تخوان (سابیر ره‌شید).دووه‌م:بایز(که‌ له‌ هه‌ولێر به‌ حه‌مه‌ ڕه‌زا ناسرابوو،گوایه‌ وه‌ختی خۆی ئه‌فسه‌رێکی خوێن گه‌رمی کۆماری کوردستان بووه‌،له‌ داخی ڕووخانی کۆمارو له‌ سێداره‌دانی سه‌رۆک کۆمار(قازی محه‌مه‌د)شێت ده‌بێت، بۆیه‌ش هه‌میشه‌ وێنه‌یه‌کی شه‌هید قازی محه‌مه‌دی له‌ یه‌خه‌ی خۆی ده‌دات و شانازیشی پێوه‌ ده‌کات). ڤێجا بایز، یان حه‌مه‌ڕه‌زا دووای رووخانی کۆمار ئاواره‌ی باشووری کوردستان ده‌بێت و ماوه‌یه‌ک له‌ هه‌ولێر ده‌ژی و خه‌ڵک به‌زه‌یی پێدا ده‌هاته‌وه‌و رێزیان لێی ده‌گرت،به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ شه‌وێکی هه‌ورو تۆزو خۆڵ قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆ(منع تجول)ده‌بێت له‌ نزیک باخچه‌ی کوردو عه‌ره‌ب له‌ ته‌یراوه‌ مه‌فره‌زه‌یه‌کی ئه‌من تێی ڕاده‌خوڕن به‌ عه‌ره‌بی(قف)ی لێده‌که‌ن،ئه‌ویش گوێی لێنابێت و ڕاناوه‌ستێت بۆیه‌ مه‌فره‌زه‌که‌ ده‌ستڕێژی لێده‌که‌ن و شه‌هیدی ده‌که‌ن،به‌ڵام سابیر ره‌شید هۆی مردنه‌که‌ی گۆڕیوه‌ و کردوویه‌ به‌ شه‌هیدی ده‌ستی مه‌فره‌زه‌ تایبه‌تییه‌کانی سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس و که‌لله‌‌سه‌ره‌که‌یان به‌ناوی سه‌ری پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌ دائیره‌ی ئه‌من فرۆشتووه‌ که‌ ئه‌و کاته‌ له‌ ساڵانی هه‌شتاکاندا زۆر شتی وه‌ها رووی ده‌دا.

سێیه‌م: سیامه‌ند(کوێره‌ی چاوساغ)که‌ برای بایز،یان حه‌مه‌ڕه‌زایه‌ به‌ر له‌وه‌ی ببێته‌ پێشمه‌رگه‌ پیشه‌ی سعاتچی بووه‌،به‌ڵام له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول له‌ شه‌ڕێکدا له‌ چیای سه‌فین هه‌ردوو چاوی له‌ ده‌ست ده‌دات و ده‌بێته‌ که‌م ئه‌ندام .له‌وکاته‌ش که‌ ئه‌و له‌شاخ چه‌کداربوو ژن و منداڵه‌کانی له‌ لایه‌ن ئه‌منی رژێمی به‌عسه‌وه‌ ده‌سگیر ده‌کرێن و ژنه‌که‌شی له‌ زیندانی به‌عسدا منداڵێکی له‌به‌ر ده‌چێت و خۆیشی له‌ ژێر ئه‌شکه‌نجه‌دا گیان له‌ ده‌ست ده‌دات.

سیامه‌ند، یان کوێره‌ی چاوساغ که‌ رۆژانه‌ به‌ناو بازاڕ دا گوزه‌ری ده‌کرد ،هه‌ندێ هه‌تیوو توێڕی و گه‌نجی سه‌ره‌ڕۆ توڕه‌یان ده‌کرد و به‌ قه‌شمه‌ری سروودی(ئه‌ی ره‌قیب)یان بۆ ده‌گوت و ناوی شۆڕش و حکومه‌تی هه‌رێمیان ده‌هێنا بۆئه‌وه‌ی  توڕه‌ی بکه‌ن و ئه‌ویش جنێو بدات،به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵده‌چوو و هار ده‌بوو چونکه‌ له‌ به‌رووبوومی شۆڕش فه‌رامۆش کرابوو وهه‌ستی ده‌کرد خه‌ڵکێکی زۆری مشه‌خۆر بێ ئاره‌قه‌کردن و ماندوو بوون و قوربانیدان هاتبوونه‌ سه‌ر سفره‌و نازو نیعمه‌تی حازری،که‌چی ئه‌و خۆی هه‌موو ژیانی خۆی قوربانیدان بوو بۆ شۆڕش و ته‌نانه‌ت خێزانه‌که‌شی له‌سه‌ر شۆڕش دانابوو.

چواره‌م: مه‌هاباد کچێکی تری سیامه‌نده‌ به‌ هۆی ده‌ستدرێژی پیاوه‌کانی ڕژێم له‌ زیندان دا سکی پڕده‌بێت ودوای ئازاد بوونی له‌ زیندان ڕۆژێک له‌ناو ماڵه‌که‌ی خۆیاندا به‌ په‌ت کۆتایی به‌ژیانی خۆی دێنێت.

پێنجه‌م: شاناز کچێکی تری سیامه‌نده‌ که‌ ئه‌ویش کوڕێکی هاوپۆڵی فریوی ده‌دات و ده‌ست درێژی ده‌کاته‌ سه‌رو پاشان وازی لێ دێنێت،ئیتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی کرابووه‌ ژن نه‌یتوانیوه‌ شووبکات،بۆیه‌ به‌رده‌وام خزمه‌تی سیامه‌ندی باوکی ده‌کات.ئه‌م حاڵه‌تانه‌ش له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی دواکه‌وتووی خێله‌کیدا باوه‌.

شه‌ش و حه‌وت: ئاسۆو ئاوات دوو کوڕه‌که‌ی سیامه‌ندن هه‌ر یه‌که‌یان له‌به‌ر هه‌ژاری ده‌بنه‌ چه‌کداری دوو حیزبی دژی یه‌کتر و له‌شه‌ڕی براکوژیدا به‌شدار ده‌بن.ئاوات له‌ زیندانی حیزبێکیان گیان له‌ ده‌ست ده‌دات و ئاسۆش دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌که‌ی خیانه‌تی لێ ده‌کات سه‌ری خۆی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌ڵده‌گرێ و سه‌ره‌نجام له‌ ڕێی هه‌نده‌ران گیانی له‌ ده‌ست ده‌دات. چاره‌نووس و ژیان و به‌سه‌رهاتی ئه‌و دوو کوڕه‌ی سیامه‌ند ره‌نگدانه‌وه‌ی ته‌لخی سه‌ر لێشێواوی دوای ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕی ناوخۆیه‌. له‌ کۆتاییدا ده‌مه‌وێ بڵێم که‌ ڕۆماننووس به‌سه‌رهاتی شه‌ش حه‌وت ئه‌ندامی خێزانێکی ئاواره‌ی له‌ کورته‌ ڕۆمانێکدا چڕ کردۆته‌وه‌ که‌ له‌ کۆمه‌ڵگاێکی په‌راوێز خراودا له‌ هه‌ولێر به‌ کوڵه‌ مه‌رگی و مه‌مره‌و مه‌ژی ژیان ده‌یانکوژێت! به‌بیرو بۆچوونی خۆم بابه‌ته‌کان به‌سه‌ر یه‌که‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری خه‌ڵکی ناڕازی تێک ده‌کاته‌وه‌و زیاتریش له‌ چیرۆکه‌ هه‌واڵی ڕۆژنامه‌کان ده‌کات، راسته‌ هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی له‌ ڕۆمانه‌که‌ باس کراون به‌زیاده‌وه‌ش له‌ سه‌رده‌می ڕژێم دا له‌ کوردستان روویانداوه‌،هه‌ندێکیشیان زاده‌ی رووداوه‌کانی سه‌رده‌می شۆڕش و دوای ڕاپه‌ڕینه‌. ئه‌وه‌ی باشه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی گشتی ده‌توانم بڵێم ده‌ربڕینه‌کان دوورن له‌ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌و رووداوه‌کان ساده‌و ساکارن و خوێنه‌ر ماندووناکه‌ن و ئازاری ناده‌ن،به‌ڵام ده‌بوایه‌ کێشه‌کان به‌سه‌ر چه‌ند خێزانێکی گه‌ڕه‌کێکی شاردا،یان گوندێکی کوردستانی دا دابه‌ش بکرایه‌،نه‌ک له‌سه‌ر یه‌ک خێزانداو ڕووداوه‌کانیشی به‌ ڕایه‌له‌ێکی کوردایه‌تی،یان نیشتمان په‌روه‌ری پێکه‌وه‌ گرێ بدرابوان. (ڕۆماننووس ده‌ڵێ) بنه‌ماڵه‌ی سیامه‌ند(کوێره‌ی چاوساغ) هه‌موویان بوونه‌ته‌ قوربانی کوردایه‌تی و کورد بوونه‌وه‌))،پاشانیش ده‌سه‌ڵاتی کوردی فه‌رامۆشی کردوون،بۆیه‌ دژی سروودی(ئه‌یره‌قیب)و شۆڕش و حکومه‌ت کاردانه‌وه‌ی هه‌یه‌، واته‌ به‌هۆی ئه‌و هه‌موو کاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ری دا هاتووه‌ شێت بووه‌ و شه‌لم کوێرم نه‌یپاراستووه‌، بێگومان له‌سه‌ر هه‌قیش بووه‌.

له‌ کۆتاییدا ده‌ستخۆشی له‌ سابیر ره‌شید ی ڕۆماننووس ده‌که‌م هه‌رچه‌نده‌ تۆپه‌ڵه‌ کێشه‌یه‌کی گه‌وره‌ی به‌زۆر له‌ کورته‌ ڕۆمانێکدا ئاخنیوه‌ که‌ لانی که‌م بایی شانزه‌ ڕۆمانی وه‌کو(کوێره‌ی چاوساغ)ده‌کات.هیوام سه‌رکه‌وتنی زیاتری و به‌رده‌وامییه‌تی له‌ بواری ڕۆمان نووسیدا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار