دوو شیعری هاینریش هاینە
6 ساڵ لەمەوپێش
لە ئەڵمانییەوە: یاسین بانیخێڵانی
پێش بینی
لەو سەرەوە، لە کوێ ئەستێرەکان ئەدرەوشێنەوە
ئەبێ ئێمە ئەو شادییە بگەشێنینەوە
هی ئەوانەی لە ئامێزی مەرگێکی سارددا
بۆلای ئێمە، بۆ خوارەوە بەردەبنەوە
ئەشێ ژیان گەرم بێتەوە،
کاتێک ڕوناکی جێگای تاریکی شەو بگرێتەوە
*** ***
گەڕانەوە بۆ نیشتیمان
LXII
تۆ ئەڵماس و مرواریت هەیە
هەموو ئەو شتانەت هەیە، کە مرۆڤ ئارەزوویان دەکا
جوانترین چاوی دونیات هەیە
ئازیزەکەم، لەوە زیاتر چیت دەوێ؟
لەسەر چاوە جوانەکانی تۆ
من یەک سوپام لە گۆرانی ئەبەدی
بە شیعر ڕێکخست
ئازیزەکەم، لەوە زیاتر چیت دەوێ؟
تۆ بە چاوە جوانەکانت
ئازاری زۆرت دام و
وێرانت کردم
ئازیزەکەم، لەوە زیاتر چیت دەوێ؟
*** ***
بە چاوە شینەکانت کاتێک،
نازدارانە لێم دەڕوانیت
هەموو هەستەکانم دەگەنە ترۆپکی خەوبینین،
کە چیتر نەتوانم هیچ بڵێم،
لەناو چاوەشینەکانتدا
خەیاڵم بۆ هەموو شوێنێک دەڕوا
دەریایەکی شین لە هزر
دەڕێژێتە ناو دڵمەوە
*** ***
ئەگەر گوڵە وردیلەکان دەیانزانی
برینی دڵم چەند قوڵە
بۆ ساڕێژکردنی ئازارەکانم
لەگەڵمدا دەگریان
ئەگەر بولبولەکان دەیانزانی
چەند غەمبارم و هەست بە بیماری دەکەم
بۆ شیفای دەردەکەم
گۆرانی شادیان دەخوێند
ئەگەر ئەستێرە ئاڵتونییەکان دەیانزانی
لە ئاه و حەسرەتم
لەو ئاسمانە بەرزە، بۆ دڵنەواییم
دەهاتنە خوارەوە
هەموو ئەوانە ناتوانن بزانن،
تەنها یەکێک نەبێ،
ئازارەکەم باش دەناسێ
کە هەر خۆی پارچەپارچەی کردو
شکاندی دڵم