شێواندنی کەسایەتی لەپشت کۆمپیوتەرەوە
6 ساڵ لەمەوپێش
.شاناز حسن
ژمارەیەک پەیج و ئەکاوتنی فەیسبوکی ساختە کە ماوەی چەند ساڵێکە دروستبوون و بەناوی کەسانی ترەوە پۆست دەکەن، ناو و ناوبانگی کەسە دیارەکان بەکاردێنن بۆ ئەوەی هەزاران هەوادار لەدەوری خۆیان کۆبکەنەوە، زۆرێک لە پۆستەکانیشیان نوسینی تەنز ئامێزن بەڵام هەندێکیان دەڵێن مەبەستیانە لە رێگەی ئەو تەنزانەوە پەیامێک بگەیەنن.
ئەوانەی کە ناوەکانیان بەکاردەهێنرێن کەسانی سیاسی و هونەری و کەسایەتی تا رادەیەک دیاری و گشتین و لەسەر شاشەی تەلەڤزیۆنەکان دەردەکەون، ئەمەش وای کردوە زوو پەیجە ساختەکان بڵاوببنەوە و هەوادار لە خۆیان کۆبکەنەوە.
یەکێک لەوانەی کە چەند پەیجێکی بەناوەوە دروست کراوە، ئاواز دانەر هەڵکەوت زاهیرە، کە دەیان ئاوازی بۆ چەندین گۆرانیبێژی کچ داناوە، ئەمەش وای کردوە کە پەیجەکانی سەرنجراکیش بن.
هەوڵکەوت زاهیر هەوڵی داوە خۆی قسە لەگەڵ هەندێکیاندا بکات و پەیجەکانیان پێدابخات، تا رادەیەکیش لەمە سەرکەوتوو بوە بەلام نەیتوانیوە تەواوی ئەو پەیجانە دابخات کە بەناویەوە دروست کراون .
هەڵکەوت زاهیر بە هاوڵاتى وت «زۆر پەیج کراونەتەوە بەناوی منەوەو هەفتانەش هەوڵم داوە دوو بۆ سێ پەیج داخەم.بەشیوازی قسەکردن لەگەڵیان و ناساندنی خۆم بە پەیجەڕاستەقینەکەم».
هۆکاری ئەوەشی بۆ ئەوە گیڕایەوە کە کەسێکی «چالاکە» و ئیشی زۆری هەیە، وتی»کردنەوەی ئەو جۆرە پەیجانە کارێکی ناشرینە و دیاردەیەکی ناشرینە بۆ کۆمەڵگە».
هەڵکەوت زاهیر وتی «هەموو کەسێک بە ماندوو بون و هەوڵی خۆی گەیشتووە بەو ئاستە، بۆیە ناکرێ ناشرین بکرێت و لە ئاستی کەم بکرێتەوە».
هەڵکەوت زاهیر لەساڵی 2009وە پەیجی هەیە و سێ سەدهەزار لایکی هەیە. بەڵام ئەو پەیجانەی لەم چەند سالەی دواییدا کراونەتەوە وێنەکانی پەیجەکەی دەبەن و بڵاوی دەکەنەوە نوسینی تەنز ئامیزی دەخەنە سەر، ئەوەش لەکاتیکدا هەڵکەوت زاهیر زۆرینەی وێنەکانی لەگەڵ خانمە گۆرانیبێژە کورد و عەرەبەکاندایە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی نوسینی تەنز ئامیز لەسەر وینەکانی بنووسن و هەندێکیش کۆمێنتی تەنز ئامیزی بۆ بنووسن.
یەکێک لەو پەیجە ساختانەی کە بەناوی هەڵکەوت زاهیرەوە دانراوە کوڕێکی تەمەن 30 ساڵانەو ماوەی دووساڵە ئەم پەیجەی کردۆتەوە، وتی «جیاوازی ئەم پەیجە ئەوەیە هەموو کەس دەزانێت ئەمە پەیجی مامۆستا خۆی نیە، تەنیا بە ئامانجی تەنزی ڕەخنەی و وشیار کردنەوەی کۆمەڵکە کردومەتەوە».
هاوڵاتى هەر لە ڕێی پەیجەکەیەوە پەیوەندی بەو کورەوە کرد، ئەو وتی «من خراپ نیم، تەنیا وەک ئەوانی تر درۆ نازانم».
وتیشی «ڕاستە من پۆستی بێتام یان هەندێک جار پۆستی وڕوژێنەر لەسەر مامۆستا دەکەم، ئەوە سیاسەتە، لەپاڵ ئەوەوە ناوە ناوە پۆستێکی جدی دەکەم، ڕەخنەی توند لە دەسەڵات یان دیارەیەکی سەقەتی کۆمەڵگە دەگرم».
ئەوەی گێڕایەوە کە جارێک پۆستێکی کردووە، کەسێک پێی وتووە ئەو پۆستە بسڕەوە توشی کێشە دەبێت بۆیە سڕیوەتیەوە، ئەوەش وەکو ئاماژەیەک کە نایەویت کەس بەهۆی ئەوەوە توشی کێشە بێت.
بەختیار سەعید نوسەر و چاودێری سیاسی کە یەکێکە لەوانەی ناوەکەی بەکار هێنراوە و پۆستەرێکی بە ناوەوە کراوەتەوە، کەم رۆژ هەیە لە پەیجە ساختەکەیەوە پۆستی کۆمیدی و تەنز ئامیز نەکرێت، بەڵام ئەو پێیوایە «دەستی سیاسی» لە پشتی ئەو کارەوەیە.
ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو بوونی هەیە و ڕۆڵ و کاریگەری هەیە کاتێک لە پەیجەکەی خۆی یان لە کەناڵەکان لەسەر دۆخی سیاسی قسە دەکات.
بەختیار سەعید بە هاوڵاتىوت «ئەو لایەنانەی کە لەپشت ئەو پەیجەوەن، دەیانەوێت توشی کێشەم بکەن دەیانەوێت لە پەیامە سەرەکیەکەم دورم خەنەوە».
وتیشی «کاتێک ڕەسمێک یان نوسینێک دادەنرێت و شتێکی منداڵانەی لەسەر نوسرابێت، ئەوەی من دەناسێت دەزانێت کێم و نرخم چەندە، ئەو شتانە ڕاستن یان نا».
هەروەها وتی «ئەوکەسانەی ڕۆژانە بە لانی کەمەوە دوو بۆ سێ کاتژمێری خۆیان تەرخان دەکەن بو ئەو کارانە بە دڵنیاییەوە لەڕووی دەرونییەوە تێکچون و کەسانی ئاسایی نین، ئەگینا لە پێناو هیچ شتێکدا مرۆڤ کەسایەتی کەس بەدرۆ ناشرین ناکات».
بەختیار سەعید سکالای تۆمار نەکردوە لەسەر دروستکردنی پەیجیک بەناویەوە ، وتی « دڵی کەسم نەئێشاندووە یان کێشەی شەخسیم لەگەڵ کەس نیە، تا سکاڵای لەسەر تۆمار کەم، سکاڵاش لەسەر سێبەر تۆمار ناکرێت».
بە وتەی خۆی تاکو ئێستا زیاتر لە هەشت پەیج و ئەکاونتی داخستووە، کە بەناویەوە کراونەتەوە.
ئەو گومانی هەیە ئەو پەیجەی بەناوەوە دانراوە ئیشی تاکە کەس نیە، راستەوخۆ پارتی دیموکراتی کوردستانی تۆمەتبار کرد بەو کارە و وتی «وەکو کەسەکان نازانم کێن، بەڵام پارتی لە پشتە».
بەڵام سەلام عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی پارتی ئەو قسانەی بەختیار سەعید رەتدەکاتەوە، وتی «ئەوە بابەتی جەریمە و تاوانە، پارتی ڕەئی لەسەر ئەو شتانە نیە».
سەلام عەبدوڵا کە هاوکات سەرنووسەری رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتیە، سەبارەت بە تۆمەتبارکردنیان لەلایەن بەختیار سەعیدەوە، بە هاوڵاتى وت «کەسێک بابەتێکی ئاوای هەیە، پێویستە شکات بکات و بەڵگەی بە دەستەوە بێت، چونکە لە دادگادا گومان ناخوات، کە بەڵگەت نەبێت، تەنیا دەبێتە تۆمەتێک و هیچی تر».
وتیشی «کەسانێک کە بەڵگەیان هەبێت، بێگومان دەچنە دادگا، نەک بە ڕەئی خۆی بڕیار بدات».
ئەگەرچی زۆرێک لەوانە نیگەرانن لەو پەیجانە بەناویەوە کراونەتەوە، بەلام بۆ کەسیکی وەکو کاروان خەباتی کە هونەرمەندیکی میلیە ئەوە جێگەی خۆشحاڵییە بۆی.
کاروان خەباتی بە هاوڵاتى وت «کەم تا زۆر ئەوەندەی من ئاگادارم، بۆ خۆشەویستی من دایان ناوە، بۆیە تا ئێستا هیچ شتێکی نادروستم نەدیوە، من خۆم تەنیا ئەنستاگرام و سناپ چاتم هەیە، بۆیە زۆر سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەم کە پەیج و ئەکاونتیان لە خۆشەویستی منەوە داناوە».
دیاردەی پەیج و ئەکاونت دروستکردن بەتایبەت بەناوی کەسانی دیاری کۆمەڵگەوە، تەنها یەخەی پیاوانی نەگرتۆتەوە، بەڵکو کچانیشی گرتۆتەوە و بەناویانەوە پەیج دروستدەکرێت، هەندێک وەکو هەوادار پەیجیان بۆ دروستدەکەن و هەندێکیش لە دژیان بەکاریان دێنن.
هەودا ئەحمەد، بێژەرو پیشکەشکار لە کەناڵی ئێن ئاڕتی ٢ یەکێکە لەو کچانەی کە لە تەمەنێکی منداڵیەوە لەناو تیڤیەکاندا کاری کردووە و جەند پەیجیک بەناویەوە کراوەتەوە، بەڵام نەیکردوە بە مەراقی خۆی.
هەودا بە هاوڵاتى وت «ڕاستە پەیج زۆر بەناوی منەوە کراونەوە، لەناو ئەم هەموو پەیجەدا هەندێک بۆ خوشەویستی من کراونەوە و دەشێت هەندێکیشیان ڕقیان لێم بێت، ئەم کێشەیە ئەوەندە گەورە نیە، چونکە کۆمەڵگەی من بای ئەوە هۆشیارییان هەیە کە دەزانن هەودا کێیەو چۆنە».
ئاڤان عەبدولکەریم یش یەکێکە لەو کچە ڕۆژنامەنوسانەی کە پەیج بەناویەوە کراوەتەوە و لەویوە هەرەشەی لێکراوە کە وێنەکانی بڵاودەکەنەوە، وتی»من کچێکی مناڵ نیم، کاتێک کە هەڕەشەیەکم لێدەکرێت بترسم و لەو کەسە بپاڕێمەوە... ئەو جۆرە کەسانە زۆربەی جار لەحەسودیی بۆشکاندنی کەسەکان ئەوە دەکەن و هیچیان لە دەست نایەت».
بەپێی یاسا ناوزڕاندن سزای هەیە، بەڵام ئەمە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کەمێک قورسە چونکە ئاسان نیە دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لە پشتی کۆمپیوتەرەکانیانەوە شت دەنووسن.
بڕیار ئیبراهیم، پارێزەر، وتی «بێگومان ناوزڕاندن لەڕێگەی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییەوە لەدوای ئیسپات بونی یاسای تایبەتی هەیە کەخۆی لە ٦مانگ تا 3ساڵ زیندانی و یەک ملیۆن بۆ پێنج ملیۆن دینار دەبینێتەوە».
وتیشی»کاتێک کەیسێکی ئاوا دێتەدادگا بەتایبەت پەیوەندی بە سۆشیاڵ میدیاوە هەبێت خەبیری ئای تی داخڵ دەکرێت، بەڵام لەبەرئەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بەکارهێنانی زۆر فراوانن ناو و ناسنامەی کەسەکە بە ئەستەم دیاری دەکرێت».
ئەوەش لەکاتیکدایە هیچ یاسایەک نیە سەبارەت بە تۆرە کۆمەلایەتیەکان بەلام ئەو یاسایانەی کە تا ئێستا دراون بەسەر کەسی سزادراودا بەپێی یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنە کە پەرلەمانی کوردستان تایبەت بە مۆبایل دەریکرد، ئەوەش دوای ئەوەی خەڵکانێک مۆبایلیان بەکاردەهێنا بۆ هەراسانکردنی کەسانی تر.
کامیل عومەر مامۆستای ئیتیک و یاسا لە زانکۆی سلێمانی وتی «ئەوانەی کە دەست دەبەن بۆ ئەم کارانە لەکاتێکدا کەسەکە خۆی ئاگای لێی نیە، دورن لە ڕەفتاری ئینسانییەوە».
وتیشی «ئەو کارانە دورن لە کاری میدیایی و لە ئیتیکی هیچ میدیا و ڕۆژنامەنوسێکدا نییە».
ئاماژەی بەوەشدا کە کەسانێک پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەرێوەدەبەن نازانرێت کێن و سەرچاوە داراییەکانیان کێن.
ئەگەرچی بەلای کەسیکی وەکو هەودا ئەحمەدەوە دروستکردنی ئەو پەیجانە بایەخی نیە، بەلام کامیل عومەر دەلێت «دروستکردنی پەیج بەناوی خەڵکی ترەوە کاریگەری لەسەر ناوبانگی کەسەکە دادەنێت و هەندێک کەس ناتوانێت بەرگەی بگرێت، باری دەرونی تێک دەچێت و پەنا بۆ زۆر شت دەبات».