بیرکردنه‌وه‌یه‌کی شین

6 ساڵ لەمەوپێش



 

ئه‌ڵوه‌ن حسینی

ئێواره‌یه‌کی شین

به‌ قاپووتێک و جانتایه‌کی شین و

دڵێکی شینه‌وه‌

له‌سه‌ر کورسیه‌کی شینی

نێو پاسێکی شین دانیشتووم و

له‌ بیرکردنه‌وه‌ى شینی خۆمدا

 

جار جار هه‌سته‌که‌م

ئه‌و پیاوه‌ به‌ساڵاچووه‌م

که‌ له‌ ژێر دره‌ختێکی خۆربردووى

په‌نا کانییه‌کی نێو به‌رده‌ڵاندا له‌ ڕادیۆیه‌کی ده‌ستی دووه‌وه‌

به‌ ده‌نگی بێژه‌رێکی کپ گوێی بۆ خوێندنه‌وه‌ى په‌ندی پێشینان گرتووه‌

 

جار جار هه‌سته‌که‌م

ئه‌و مامۆستا داڕماوه‌م

که‌ به‌ چاکه‌ت و پانتۆڵێکی هه‌مان ساڵانی پێشووی زانکۆیه‌وه‌

شه‌قامه‌کان دووباره‌ ده‌کاته‌وه‌

شه‌قامه‌کان کاڵ ده‌کاته‌وه‌

 

دانیشتووم و هه‌سته‌که‌م

ئه‌و کیژۆڵه‌م که‌ ناوى

له‌ حه‌یرانێکی کۆنی نێو کۆڕی ڕه‌شماڵییه‌کاندا

هاتووه‌ و به‌ڵام ناشزانم

چیرۆکه‌که‌ى چییه‌؟

 

جار جار هه‌سته‌که‌م

ڕه‌نگی پرچم بۆ ڕه‌نگی پرچی ئه‌و کچه‌ ده‌گۆڕێت

که‌ له‌ ژێر چه‌تری بارانی

ساڵى لافاوه‌ گه‌وره‌که‌ی شاردا ڕاوه‌ستاوه‌

 

ئێواره‌یه‌کی سوور

به‌ جووتێک ده‌سکێش و پێڵاوێکی سوور و

دڵێکی سووره‌وه‌

له‌سه‌ر کورسیه‌کی سووری

نێو پاسێکی سووردا دانیشتووم و

له‌ بییرکردنه‌وه‌ى سووری خۆمدا

 

جار جار هه‌سته‌که‌م

ئه‌و شاعیره‌م که‌ له‌ ژێر ڕووناکی مۆمێکا

له‌ خانوویه‌کی قوڕی دا

تێکست بۆ کچێکی سه‌رده‌می ته‌کنه‌لۆژیا و

مۆده‌رنێته‌ ده‌نووسێت

 

هه‌سته‌که‌م

ئه‌و کیژۆڵه‌م ساڵانێکی پێش پێش

به‌ جووتێک گواره‌ى سه‌رده‌می عوسمانییه‌کانه‌وه‌

له‌به‌رده‌م باخێکدا بۆ گرتنى فۆتۆیه‌ک

به‌ ده‌ستى وێنه‌گرێکی گه‌ڕۆک ڕاوه‌ستاوه‌ و

به‌ڵام هیچ کات نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌رگرتنى و بۆ ئه‌به‌د ونبووه‌

 

جار جار هه‌سته‌که‌م

ده‌نگی گریانم به‌هێزه‌ وه‌ک گریانى

ئه‌و پیاوه‌ به‌ساڵاچووه‌ى

ڕۆژانێک (پۆسته‌چی) بووه‌ و

ئێستا هیچ له‌ ئادره‌سى کۆڵانه‌کانى

شاری وه‌بیر نایه‌ته‌وه‌.

 

دانیشتووم و جار جار هه‌سته‌که‌م

ئه‌و ژنه‌م

پاش ئه‌وه‌ى به‌ پاسێک دا

ڕاناگات و جێ ده‌مێنێت

له‌ ژێر هه‌تاوێکی مانگی ته‌مموزدا

بیر له‌ جوانى سێبه‌رى ساڵه‌کانى شه‌ست ده‌کاته‌وه‌

 

به‌ دڵێکی شین و

به‌ دڵێکی سووره‌وه‌ داده‌به‌زم 

به‌ڵام

له‌پڕ هه‌سته‌که‌م

ژنێکی کفن درووى جه‌نگی چاڵدێرانم.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار