سهگابڕیڵا میستراڵ؛ ئەو ژنە شاعیرەی شیعر تەنها مردنی بۆ بەجێهێشت
6 ساڵ لەمەوپێش
نووسینی: خەولە فەرشیشی
لەعەرەبییەوە: ئەژین باجەڵان
خاک
خاک؛ دایکێکی ڕق هەڵگرتوو دەبێت،"
ئاویش لە ئازارە لە جۆگەی خۆیدا دەلەرێتەوە
گەر ڕۆحی تۆ ڕۆحی من بەجێبهێڵێت،
لەو ڕۆژەوەی منت کردووە بە هی خۆت
جیهان زۆر جوانتربووەتەوە،
بەڵام کاتێک بە بێدەنگی نزیک یەکێک لە درەختە دڕکاوییەکان وەستاین
خۆشەویستی بە بۆنە خۆشەکەی وەکو دڕکێک خۆی دەچەقاندە ئێمەوە''
منداڵێکی پەککەوتە
منداڵێکی پەککەوتە
گوتی: چۆن بتوانم سەمابکەم؟!
گوتمان:
بهێڵە دڵت سەمابکات.
پاشان دەردەراێک گوتی:
چۆن بتوانم گۆرانی بڵێم؟!
گوتمان:
بهێڵە دڵت گۆرانی بڵێت.
دواتر دڕکێکی هەژاری مردوو گوتی:
ئەی من، چۆن بتوانم سەمابکە؟!
گوتمان:
بهێڵە دڵت بەرەو با بفڕێت.
پاشان خودا لە بەرزاییەوە گوتی:
چۆن لە ئاسمانی شین دابەزم؟
گوتمان:
وەرە لێرە لەم ڕووناکییە سەمامان بۆ بکە.
کاتێک دڵت بۆ یەکەمجار ترپەی خۆشەویستی لێدەدات، زۆر بیری لێمەکەرەوە، تۆ بە خۆشەویستیەوە نەکەوتیت، بەڵکو بەرزبوویتەوە، ڕاکە بۆ شیعرەکانی خانمە شاعیری چیلی گابڕیڵا میستراڵ، ئەو شیعرانەی وەکو ئەو دەرگەیانە بکەرەوە کە چەندین ساڵە داخراون، لە شیعرێکەوە بۆ شیعرێکی تر بڕۆ، چاک هەناسە هەڵکێشە، خەندە بخە سەر لێوت، چونکە ساتی خۆشەویستی هەرچەندە درێژبێتەوە هەر کورتە، تابووتەکەت لەسەر شانت هەڵگرە و هەنگاو هەنگاو بە بێترس پێشکەوە، چونکە تۆ عاشقیت.
ئەمڕۆ باسی ژنە شاعیر خۆشەویستی دەکەین؛ گابڕیڵا میستراڵ، کە ئەمشیان ناوێکی خوازراوە، ناوی ڕاستەقینەی خۆی (لوسیلا گۆدوا)یە، ئەم خانمە ژنێکی جیاوازە، لەو کاتەی خۆشەویستی و مردن و تەنیایی ویستیان بیبەزێنن، گابڕیڵا بە شیعر ئەوانی بەزاند، بۆ ئەوەی ببێت بە یەکێک لە بەناوبانگترین شاعیرانی سەدەی بیستەم.
گابڕیڵا لە ٧ی ئەپڕیڵی ١٨٨٩ لەدایکبوو، لەنێو خێزانێکی ڕۆشنبیر و هەژار گەورەبوو، منداڵییەتێکی خۆشی نەبوو، چونکە لە تەمەنی سێ ساڵی باوکی گابڕیڵا ماڵ بەجێدەهێڵێت، بۆیە دایکی چەندین کار دەکات بۆ بژێوی ژیانی منداڵەکانی. گابڕیڵا تەنیا قۆناغی بنەڕەتی خوێندن تەواودەکات، دوای ئەوەی دەبێت بە مامۆستا بۆ ئەوەی یارمەتی خێزانە هەژارەکەی بدات. لە ساڵی ١٩٠٦ کوڕێکی گەنج دەناسێت بە ناوی (رومێلیۆ یۆریتا) کە لە هێڵی شەمەندەفەر کاردەکات، سێ ساڵ پەیوەندی خۆشەویستیان دەبێت، بە خۆکوشتنی خۆشەویستەکەی کۆتایی پێدەێت. مردنی خۆشەویستەکەی برینی قووڵ لە ناخیدا بەجێدەهێڵێت، بۆیە هەر زوو گابڕیڵا پەنادەباتە بەر شیعر بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە ئازار و خەمەکانی بنووسێتەوە، هەروەها لە ڕێگەی شیعرەوە بەرەنگاری مردن بێتەوە. زۆربەی شیعرەکانی لە دیوانی (سروودەکانی مردن) کە لە ساڵی ١٩١٤ بڵاوبوویەوە، باس لە پەیوەندی نێوان خۆی و خۆشەویستەکەی دەکات، ئەم دیوانەش لە پێشبڕکێی (یارییەکانی گوڵ) براوەی خەڵاتی یەکەم دەبێت.
ژنە شاعیرە دبلۆماسییەکە
گابڕیڵا چونکە مامۆستا بوو، هەروەها سەڵتیش بوو، بۆیە نەیتوانی ناسنامەی خۆی ئاشکرابکات. ئەمیش بۆ سروشتی ئەو کۆمەڵگا تەقلیدی و هەستیارە دەگەڕێتەوە، هەر بۆیە شیعرەکانی لە ژێر ناوی خوازراوی (غابڕیڵا میستراڵ) بڵاودەکردەوە، ئەمیش وەکو ڕێزلێنانێک بۆ شاعیری فەڕەنسی (فریدرێک میستراڵ) و شانۆگەر و شاعیری ئیتاڵی (گابڕیڵ دی یەنۆنزیۆ) ئەم ناوەی هەڵبژاردووە، چونکە کارەکانیان کاریگەریان کردبووە سەری. هەرچەندە هەژاربوو، بەڵام گابڕیڵا توانی لە بواری فێرکردندا زۆر قۆناغ بپەڕێنێت و بگاتە جێی بەرز کە وای لێکرد لە ساڵی ١٩٢٣ دەرگاکانی مەکسیکی بۆ بکرێتەوە، هەروەها وەکو سەرپەرەشتیارێک بۆ چاکەسازی فێرکردن لە گوندەکان ئەوێ کاربکات، دوای دوو ساڵ لە کارکردنی لە مەکسیک گابڕیڵا هەستا بە گەشتێک بەرەوە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاشان ڕووی کردە ئۆرپا، دواتر لە ساڵی ١٩٢٥ گەڕایەوە بۆ چیلی، هەروەها چەندین وانەی فێرکاری لە زانکۆکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئەمریکای لاتینی پێشکەشکرد، دواتریش نوێنەری وڵاتەکەی خۆی و ئەمریکای لاتین بوو لە دەستگەی هاریکاری فیکری کە سەر بە ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
گابڕیڵا بە چالاکی ڕۆشنبیری ژنانە و فێرکاری ناسرایەوە، کە وای لێکرد خاوەن ناوبانگێکی باش بێت لە ناوەندە فەرمییەکان، هەروەها شایەنی ڕێزلێنان بێت، هەروەها بتوانێت لە هێڵی دبلۆماسی چەند وڵاتێک کاربکات، لە مەدریدیش جارێکی تر پابڵۆ نیرودا ببینێت کە پێشتر لە کاتی وانەوتنەوە لە گوندەکەی نیرودا خۆی چاوی پێکەوتبوو.
چاکەی گابڕیڵا بە سەر نیروداوە
نیرودا لە یادەوەرییەکانی (ددانی پێدەنێم کە ژیام) باس لەوە دەکات کە گابڕیڵا چاکەی هەیە بە سەریەوە، چونکە بەهۆی ئەوەوە توانی ئاشنای ئەدەبی ڕوسی بێت، هەروەها کاریگەری هەبێت لەسەر خۆی و کارەکانی، لەو کاتەی گابڕیڵا لە هێڵی دبلۆماسی کاریدەکرد، خۆی نیرودا چەندین نامەیان گۆڕیەوە.
گابڕیڵا لە چەندین ڕەوانگەی جیاوازەوە دەربارەی خۆشەویستی و دایکایەتی چەندین شیعری نووسی، هەرچەندە ئەو لە کۆمەڵگایەکی تەقلیدی بوو، بەڵام ئەمەیان ڕێگرنەبوو. لەنێو شیعرەکانی داوای مافی دایکایەتی دەکرد بۆ هەموو ئافرەتێک، چونکە ئەو هەر لە منداڵیەتییەوە بە دەستی کەس لەدەستچوونەوە دەیناڵاند، تاکو گەیشتە ساتی خۆکوشتنی خوشکەزاکەی (میگیڵ) لە ساڵی ١٩٤٣، ئەمیشیان وەکو کوڕی خۆی وابوو. گابڕیڵا بڕوای بە کەیسەکانی وڵاتەکەی خۆی بوو، بۆیە شیعرەکانی بۆ خزمەتی گەلەکەی و هەژارەکان تەرخانکرد، هەروەها بەرگری لە ناسنامەی ڕۆشنبیری وڵاتەکەی خۆی دەکرد بەرامبەر بە زۆرداری ئەمریکای باکوور. چونکە گابڕیڵا زۆر وردبوو و هەستی بە بەرپرسیاریەتی دەکرد بەرامبەر بە نووسینەکانی، لە کۆی ٨٠٠ شیعر تەنیا ٣٧٩ دانەیانی بڵاوکردەوە، ئەو شیعرەکانی تر لەدوای کۆچکردنی ئاشکراکران. گابڕیڵا لە ساڵی ١٩٤٥ بە بردنەوەی خەڵاتی نۆبلی ئەدەبی گەیشتە لوتکە، چونکە یەکەم ئافرەت بوو لە ئەمریکای لاتینی ئەو خەڵاتە بباتەوە، لەو کاتەش تەنیا خاوەنی سێ کتێبی چاپکراوبوو، ئەوانیش؛ سروودەکانی مردن ١٩١٤، تالا ١٩٣٨ و لاگارا ١٩٥٣. لەدوای دوو ساڵ لە بردنەوەی نۆبڵ، زانکۆی میلز لە کالیفۆرنیا، بڕوانامەی دکتۆرای فەخرییان پێشکەشکرد، دواتر لە ساڵی ١٩٥١ بە خەڵاتی نیشتمانی ئەدەبی لە چیلی ڕێزی لێنرا. بەڵام مردن نەیهێشت گابڕیڵا چێژ لە دەستکەوتەکانی وەرگرێت، تووشی نەخۆشی شێرپەنجەی بەنکریاس بوو، کە لە ساڵی ١٩٥٧ لە نیویۆرک بووە هۆی مردنی، لە چیلی نێژا و لەسەر کێڵەکەی نووسرا: (ئەوەی هونەرمەند بۆ نیشتمانەکەی پێشکەشی دەکات، وەکو ئەوە وایە کە ڕۆح بۆ جەستەی پێشکەشدەکات).