مهریوان ههڵهبجهیى وەرگێرانی فارسی ڕۆمانی (دەریاس و لاشەکان) لە چاوەڕوانی مۆڵەتی چاپ دایە و هیوادارم تا نەورۆز چاپ و بڵاو ببێتەوە.
6 ساڵ لەمەوپێش
(مهریوان ههڵهبجهییى) یهکێکه لهوهرگێڕه بهتواناو پڕکارهکان، که لهزمانى فارسیهوه بۆ کوردى و به پیَچهوانهشهوه ساڵانێکه کارى وهرگیڕان ئهنجام دهدات، له ئێستادا دواین ڕۆمانى (بهختیار عهلى) بەناوى (دەریاس و لاشەکان)ى بۆ زمانى فارسى وهرگێڕاوهو بڕیاره بهمنزیکانه چاپ و بڵاوببێتهوه. دهربارهى قۆناغهکانى وهرگێڕانى ئهمکاره، لهم دیدارهدا ههڵبجهییى ئاوا وردهکاریهکانى وهرگێڕانى کارهکهى خستهڕوو.
سازدانى: شاخهوان سدیق
*کەی بوو بە دەستنوس ڕۆمانی دەریاس و لاشەکانت خوێندەوە؟ و چی وایلێکردی بڕیاری وەرگێڕانی بدەی؟
- کاک بەختیارعەلی کۆتایی هاوینی ئەم ساڵ وێرژنی یەکەم و سەرەتایی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکانی بۆناردم بیخوێنمەوە، کە خوێندمەوەو بەدڵم بوو بڕیارم دا وازلەهەمووکارەکانم بهێنم و دەستبکەم بە کاری وەرگێڕانی ئەوڕۆمانە . کاتێک کاک بەختیارم ئاگادار کردوە لەوەی دەمەوێت دەستبکەم بە وەرگێڕانی ، پێی وتم سەبربکەم ، چونکە زۆر دەستکاری کردوەو وێرژنێکی نوێ ترم بۆ دەنێرێت، لە پاییزادا جارێکی تربۆی ناردمەوەودەستم کرد بە کاری وەرگێڕانەکەی و لە شەوڕۆژێکدا شانزە کاتژمێرکارم لەسەر وەرگێڕانەکەی دەکرد تا تەواوم کرد. لە پاش تەواوبوونی وەرگێڕانەکەش جارێکی ترنوسخەیەکی نوێی تری بۆناردمەوەو دیسان کەمێک دەستکاری کرابوو، گۆڕانکارییەکی تاڕادەیەک کەم، بە بەراورد بە نوسەخەکانی پێشوو. جارێکی تر بەراوردی کوردی وفارسییەکەم کردوەو لە کۆتایی پاییزادا وەرگێڕانی کۆتایی ڕۆمانەکەم دا بە ناشرەکەم( نەشری پالپ) لە تاران. نەشری پالپ پێشترکاری چاپ و بڵاکردنەوەی ڕۆمانەکانی (دواهەمین هەناری دونیا) و( شاری مۆسیقارەسپییەکان) و (هەورەکانی دانیاڵ) و (ئیشکردن لە دارستانەکانی فردەوس) دا ی پێسپێردرابوو بڕیاریشە لە ئایندە دا زۆر بەرهەمی تری بەختیارعەلی بڵاوبکاتەوە. ئەم ناشرە لە باشترین وبەناوبانگترین ناشرەکانی ئێرانە. لەگەڵ کاک بە ختیارزۆرهیواداربوین وەر گێڕانی فارسی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان لە زستانی ئەم ساڵدا ولە پێش بڵاو بوونەوەی نوسخەی کوردییەکەی بڵاوبێتەوە ، بەڵام بەداخەوە ماوەی چەند مانگە بە هۆی سانسۆری زۆرەوە لە ئێراندا هێشتا مەوڵەتی بڵاوبونەوەی وەر نەگرتووە. هیوادارم تا نەورۆز یان تا مانگی پێنج مەوڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوە وەربگرێت. ئەوەی وایلێکردم ئەم ڕۆمانە وەربگێرم بۆفارسی لایەنی هونەری بەرزو باڵای ڕۆمانەکەبوو. ئەوپێکهاتەی ئووستوورە شکێنییەی لە ڕۆمانەکەدا هەیە، کارەکتەرسازی جوان و قوڵ و کاریگەری، دیالۆگ نووسینی بەرزو بەهێزو ئەودونیا بینییە کاریگەرو دیدە ڕەخنەگرانەیەی هەیەتی و ڕوانینی توند وبەهێزو ڕەخنەگرانەی بۆ کۆمەڵگەی موقەدەس پەروەر، لەو هۆکارانە بوون وایکرد واز لەهەموو کارەکانم بهێنم و شەو ڕۆژ بە دەمە دەم یەک و بەردەوام خەریکی وەرگێڕانی ئەم ڕۆمانە شاکارەبم.
*ئێوە پێشتریش ڕۆمانی تری ئەم نوسەرەتان وەرگێڕاوە، ئایا پێشوازی چۆن لێکراوە؟ پێتان وایە ئەم ڕۆمانەش بەشێوەیەکی باش پێشوازی لێبکرێت؟
- ساڵی ١٩٩٩ دووەم ڕۆمانی بەختیارعەلی ( ئێوارەی پەروانە)م، وەرگێڕایە سەرزمانی فارسی و بەداخەوە بەهۆی سانسۆری ئێرانەوە پاش حەڤدە ساڵ، سێ ساڵ لەمەوپێش چاپ بوو. ساڵی ٢٠٠٢ پێش چاپ بوونی ڕۆمانی دواهەمین هەناری دونیا، لە لایەن چاپخانەی ڕەنجەوە، ڕۆمانەکەی بۆناردم و خوێندمەوەو سەرەڕای ئەوەی لەو کاتەدا سێ ساڵ بوو وەرگێڕانی ئێوارەی پەروانە ڕەفزی بۆهاتبوویەوەو مافی چاپی نەبوو، دەستمکرد بە وەرگێڕانی دواهەمین هەناری دونیا. لە پاش تەواو بونی بەداخەوە ئەویش توشی هەمان کێشەی ئێوارەی پەروانە بوویەوەو ماوەی نۆساڵ مەوڵەتی چاپی نە درایەوەو لەپاش نۆساڵ و بە سانسۆرەوە چاپ و بڵاوکرایەوە. لە دواهەمین هەناری دونیا وە (جگە لە کەشتی فریشتەکان) هەمیشە نووسەر ڕۆمانەکانی پێش چاپ بۆناردوم بۆ خوێندەنەوە و بەردەوام یەکێک بووم لەیەکەم خوێنەری بەرهەمەکانی . دواهەمین هەناری دونیا سەرەڕای ئەوەی پاش نۆساڵ و پاشان بە سانسۆرەوە چاپ بوو، تا ئێستا دوانزەجار چاپ کراوەتەوەو زیاتر لە سی و دوو کۆڕی ڕەخنەو لێکۆڵینەوەی لە تاران و شارەکانی تردا بۆ بەڕێوە چوەو لە ئێستادا و لە لایەن دوو ڕەخنەگری گەورەی ئێرانەوە دوو کتێب دەربارەی ئەم شاکارە جیهانییە نووسراوەو لەم ساڵەدا سەرەتا بەفارسی بڵاو دەبنەوەو دواتردەیانکەم بە کوردی و بڵاویان دەکەمەوە. ئەمە جگە لە دەیان وتاری وردو قوڵی ڕاڤەیی دەربارەی جەمشیدخانی مامم کە با لەگەڵ خۆی دەیبرد و ئێوارەی پەروانە، لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئێراندا چاپ و بڵاوکراونەتەوە. هەموو وتارو لێکۆڵینەوەکان ستایشی ئاستی بەرزی ڕۆمانەکان و وەرگێرانەکانیان کردوە. هیچ گومانم نییە وەرگێڕانی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکانیش وەک ڕۆمانەکی تری پێشوازییەکی زۆرباشی لێدەکرێت لە ئێراندا.
*هەموو ڕۆمانێک چیرۆک و بەسەرهاتەکانی بۆ ئەو گەل و شوێنەی کە نوسەرەکەی بۆی نوسیوە تام و چێژی تایبەتی هةیە، پێتان وایە خوێنەوەی ئەم ڕۆمانە بۆ خوێنەرانی فارس تام و چێژی دەبێت ، بەو پێیەی چیرۆکی ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەی ڕوداوەکانی چەندساڵی کوردو ناوچەی سلیمانین؟
- ڕاستە هەر ڕۆمانێک دەربارەی هەرژینگەیەک بێت یان نووسەر لەو زێدو سەرزەمینەی خۆی بدوێ، خوێنەرەکانی زمانی دایکی نووسەرو زێد و سەرزەمینەکەی چێژی زۆر زیاتری لێوەردەگرن بە بەراورد بە خوێنەرانی جوگرافیای ترو سەرزەمینی تر، بەڵام ئەمە ناکاتە ئەوەی خوێنەری نەتەوەکانی ترو وڵات و کشوەرەکانی تر نەتوانن چێژێکی زۆری لێوەرگرن. ئەزموونی زیاتر لە چل و نۆ کۆڕی ڕەخنەی لە تاران و شارەکانی تری ئێران بۆ ڕۆمانەکانی بەختیارعەلی ئەو ڕاستییەی بۆسەلماندم خوێنەری فارس و ئەفغانستانی و بەلوچ و تورکەمەن و نەتەوەکانی تری ئێران زۆر لە ئێمە باشتر لە ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی تێدەگەن و لە ئێمە زیاتر چێژی لێوەردەگرن و خوێندنەوەی قوڵتریان هەیە بۆی. دیارە ئەوەش پەیوەندی بە مەعریفەو توانا و وردبینی خوێنەری ئەوانەوە هەیە وئەو ئاستەی کە خوێنەری ئێمە نییەتی. خراپترین خوێندنەوە ئەو خوێندنەوەیە ڕۆمانێک بهێنیت و ڕوداوەکان و کەسیتییەکانی دەقاودەق لە گەڵ کەسێتییە حەقیقی یەکانی ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگەکەتدا بەراورد بکەیت و ڕوداوو پرسە سیاسییەکان بە شێوەی ڕووکەش لێکبدەیتەوەو قسە لەسەر کۆی دونیا بینی ڕۆمانەکە بکەیت. ئەمەکاری خوێنەری کوشندەیە. ئەوکەسانە پەنای بۆ دەبەن توانای خوێندنەوەو ڕاڤەی قوڵیان بۆ ڕۆمان نییە و هەرلە سەرەتای خوێندنەوەی ڕۆمانەوە لەبری ئەوەی بۆنهێنی و نیشانە و کۆد و دەلالەتە شارەوەکانی دەق و باگراوەندی دەق و خوێندنەوەی نوێ و داهێنەرانە بگەڕێن ، دەگەڕێن بۆ ئەوەی بزانن کام کەسێتی لەکام کەسی ژیانی ڕاستە قینەی کۆمەڵگەکەی دەچێت و بە پێی ویستی خۆیان کراسیان بە بەربدوورن . کاتێک ژمارەیەک لەو دەقانەی خوێنەرانی لاوی ئێرانی دەربارەی ڕۆمانەکان دەینوسن بڵاو بکەمەوە باش دەزانی ئەوە جیاوازییە چەند زۆرو ترسناکە!
*پێتان وایە ئەم ڕۆمانەی نوسەر بە بەراورد بە ڕۆمانەکانی پێشتری کە وەرتان گێڕاوە جیاوازیان چیە؟ بەتایبەت لە ڕوی چێژی خوێندنەوە بۆ خوێنەرانی فارس؟
- بی گومان ڕۆمانی دەریاس و لاشەکان جیاوازترە لەسەرجەم ڕۆمانەکانی بەختیارعەلی. شێوازێکی نوێ ترو تایبەت ترە. هەم زمانەکەی جیاوازە هەم پێکهاتە و دیالۆگ و کارەکتەر سازیشی . لەم ڕۆمانەدا ئەو زمانە زۆر شیعرییەی ڕۆمانەکانی پێشووی بوونی نییە. ئەو زۆر بێژی و گفتوگۆ دوورو درێژەی پاڵەوانی ڕۆمانەکانی تری هەیان بوو، لەم ڕۆمانەدا بوونی نیە و لێرە کەم ترین دیالۆگ یان مۆنۆلۆگی پاڵەوان دەبیستین. تەنانەت ژمارەی کارەکتەرو گفتوگۆو ڕوبەڕو بوونەوەکانیان کەمترو کاریگەرترە. خوێنەری وردو زیرەک دەتوانێت زۆر زیاتر پەی بەجیاوازییەکان و قوڵی ئەم ڕۆمانە و توانای داهێنەرانەو نوێبونەوەی بەردەوامی نووسەرەکەی بەرێت. دڵنیام خوێنەری زیرەکی ئێران ئەم جارەش پانتایی ئەم داهێنانە مەزنە زیاتر لە خوێنەری لای خۆمان دەدۆزێتەوە. وەک ئاماژەم پێکرد کۆتا نوسخەی وەرگێرانی فارسی دەریاس و لاشەکان لە پاییزادا تەواو بوو، پاشان ناردم بۆ ناشرەکەم و ئەوە چەند مانگە لە چاوەڕوانی مەوڵەتی چاپ دایەوە و هیوادارم تا نەورۆز لە دەزگای سانسۆر دەربچێت و بتوانێت بێ هیچ سانسۆرێک چاپ و بڵاو ببێتەوە.