شکستی گێڕانەوە و ئامڕازەکانی لە (دەریاس و لاشەکان) د ا
6 ساڵ لەمەوپێش
کارزان عەلی
یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی هەر گێڕانەوەیەک، توانای قەناعەت پێ هێنانە کە دەبێت نوسەر بەپەڕی وریاییەوە کاری لەسەر بکات. فارگاس یۆسا لە گرنگی ئەم بنەمایەدا دەڵێت: "بە شێوەیەک بگێڕیتەوە کە سوود لە پێکەوە ژیانی نهێنئامێزی نێوان چیرۆکەکە و کەسێتییەکانی وەربگریت" یان دەڵێت :"قەناعەت پێ هێنان واتە ژیان لە ناو چیرۆکدا بێ فەرامۆش کردنی هیچ لایەنێکی چیرۆکەکە".
وەک ئەوەی نوسەرێکی وەک کافکا قەناعەتمان پێ دەکات کە گریگۆری سامسا بەیانییەک لەخەو هەڵدەستێت و دەبێتە قالۆنچە، یان مارکیز قەناعەتمان پێ دەکات فریشتەیەک بە دووباڵی زۆر گەورەوە دەکەوێتە حەوشەی ماڵەکەیان، یان هەر خودی بەختیار عەلی قەناعەتمان پێ دەکات پیاوێک لە زینداندا هێندە لاواز دەبێت تاوەکو دەفڕێت.
قەناعەت پێ هێنان واتە دۆزینەوەی فێڵێک کە خوێنەر هەست نەکات فێڵی لێ کراوە، چونکە سەرلەبەری گێڕانەوە بە قسەی (ئەلیس لابلانت) "درۆیەکی گەورەیە بۆ ئەوەی ڕاستی بڵێین"، یان ئەگەر ئەگەر سەیری ئەم دایەلۆگەی ناو ڕۆمانی "پاودەلینۆ"ی (ئیمبیرتۆ ئیکۆ) بکەین، لەوانەیە باشتر کۆمەکمان بکات:"...ئەگەر ڕۆژێک ویستت بنوسیت، پێویستە درۆ بکەیت، لە خۆتەوە چیرۆک دروست بکەیت، وەگەر نا مێژوویەکی بێزارکەرت دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا پێویستە بە ڕێکی و یەکسانی درۆ بکەیت....". بە کورتی مەبەست ئەوەیە کە نوسەر دەبێت ئامڕازی درۆکردنەکەی بەشیوەیەک بێت، یان بەشێوەیەک فێڵەکان دابڕیژێت، کە توانای باوەڕ کردنی لای خوێنەر پەیدا بکات. واتە وەک خوێنەر ئامادە بیت کاتی خۆت بە گێڕانەوەی نوسەرێک ببەخشیت کە دواجار هەست نەکەی دەتخەڵەتێنێت.
هەموو نوسەرە مەزنەکان کە دەگێڕنەوە، هیچ نین جگە لە جادوگەر، جادوگەرێک هەست بکەیت لەژێر کڵاوێکەوە کۆتر یان کەروێشکت بۆ دەهێنێتە دەر. بچوکترین هەڵەیەک بەسە بۆ ئەوەی خوێنەر هەست بکات خۆڵی لەچاو دەکرێت، هەست بکات چیتر ئەم نوسەرە توانای ئەوەی نەماوە قەناعەتمان بۆ دروست بکات، بەڵکو فێڵەکانی هەرزوو ئاشکرا دەبن. لەگەڵ ئەمەدا وەک (ئیکۆ) دەڵێت: خوێندنەوەی هەر کارێکی ئەدەبی، هەر لە سەرەتاوە پەیمانێکی نهێنییە کە خوێنەر لەگەڵ نوسەردا دەیبەستێت، پەیمانێک کە هێڵێکی تەنکی متمانە جیای دەکاتەوە، بەوەی دەستی خوێنەر دەگرێت و دەیباتە ناو جەنگەڵێکەوە..."
ڕۆمانی "دەریاس و لاشەکان" بۆ من ئەو ڕۆمانە بوو کە نەیتوانی قەناعەتم لا دروست بکات، نەیتوانی ڕازیم بکات بەوەی بەسەریدا بڕۆم و بەردەوام بم لە خوێندنەوەی، چونکە هەر سەرەتای ڕۆمانەکەوە بەر دەرکەوتنی فێڵەکان کەوتم، بەر ئەو تەکنیکی گێڕانەوەیەی قەناعەتم لا دروست ناکەن.
لێرەوە هەوڵ ئەدەم ئەم چەند نمونەیەی سەرەتا وەربگرم کە بەرپرسیاری سەرەکی بوون لەوەی قەناعەتی من وەکو خوێنەرێک کاڵ بکەنەوە.
1- لە یەکەمین لاپەڕەی ڕۆمانەکەدا بەر گێڕانەوەیەکی سەیر دەکەوین، سەیر وەک جۆرێک لە دوفاقییەکی گەورە کە توانای ئەوەم نەبوو بە سەریدا باز بدەم، بەڵکو چەند جارێک خوێندمەوە و نەمتوانی باوەڕ بەو فێڵەی نوسەر بکەم کە دەیەوێ لێم بکات.
لەم لاپەڕەیەدا باس لە هێنانەوەی تەرمی کەسێک دەکرێت، نوسەر دەنوسێت:
"... ڕەنگی ئەو باڵندە گۆشت خۆر و مردووخۆرانەش کە نزم بەسەر سەری هەمووماندا دەفڕین بۆ هەمیشە لە یادماندا مایەوە، ئەو باڵندە دڕ و بێباکانەی هێندەی سەیری ئێمەیان دەکرد و تەماحیان لە گۆشتی ئێمە بوو، مەیلێکیان بۆ ئێسک و پروسکی کۆنی ئەو مردووە نەبوو، کە لە مێژ بوو ئاسوودە بە بۆنی ڕزین و بۆگەنکردنی جەستەی خۆی ڕاهاتبوو... (دەریاس و لاشەکان لا ٥)
لێرەدا نوسەر قسە لە جەستەی مردووی کەسێک دەکات کە تەنها ئێسک و پروسکی کۆنی ماوەتەوە، هەروەها قسە لە ڕزین و بۆگەنبوونی جەستەی هەمان مردوو دەکاتەوە، کە ماوەی "شانزەساڵ" لەژێر خاکدا بووە. بەڵام چەند دێڕێک دوای ئەم پەرەگرافە دەنوسێت "... هەستمانکرد شانزەساڵ لە گۆڕدا کارێکی ئەوتۆی تێ نەکردووە و هێشتا لە زیندوویەک دەچێت بۆ خەوێکی کورت چاوی لێک نابێت، بۆنی مردووی لێ نەدەهات، بەڵکو هێشتا بۆنی توتنی دوا جگەرەی لێ دەهات کە کێشابووی.... دەریاس و لاشەکان لا 5".
ئا لێرەدا لەم دوو پەرەگرافەی ناو یەک لاپەڕە وورد ببنەوە:
(ئەگەر مردوویەک وەک ئەوەی بۆ خەوێک چاوی لەیەک نابێت و بۆنی توتنی دوایین جگەرەی لێ بێت کە کێشاویەتی... چۆن ئێسک و پروسکی کۆن بووە، یان جەستەی ڕزیوە و بۆگەنی لێوە دێت؟) لەم دوو پەرەگرافەی ناو یەک لاپەڕەدا، بەر دوفاقییەکی سەیری گێڕانەوە دەکەوین، بەر فێڵێک کە توانای ئەوەی نییە قەناعەتمان پێ بکات کام دیوی ئەم گێڕانەوە جیددی و ڕاستە؟ لێرەوە من وەک خوێنەر ناتوانم قەناعەت بەوە بهێنم دەکرێ کام دیوی ئەم دوو گێڕانەوەیە ڕاست بێت، ئایا مردووەکە هەر بەڕاستی ڕزیوە و بۆگەنی کردووە و تەنها ئێسک و پروسکی کۆنی لێ ماوەتەوە، یان ئەم مردووە وەک ئەوەی خەوی لێ کەوتبێت چاوی لەیەک ناوە، لەکاتێکدا بە جوانترین شوبهاندن تەعبیری لێ کردووە کە مردووەکە هێشتا بۆنی توتنی دوایین جگەرەی لێ دێت؟
2- لەگەڵ گرنگی زەمەن لە گێڕانەوەدا، خاڵێکی گرنگتر هەیە و دەبێ لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش هاوکاتییە (التزامن) لە پرۆسەی گێڕانەوەدا، هاوکاتیی بەو مانایەی کاتێک دەگێڕینەوە و وەسف دەکەین دەبێت سات و زەمەن وەک خۆی وەسف بکەین. بەو مانایەی چی لەو زەمەنەدا دەگوزەرێت، یان چ شتێک لەو زەمەنەدا بوونی هەیە. واتە ناکرێت لە گێڕانەوەدا باسی سەردەمی کۆن بکرێت و ئاماژە بە بەکارهێنانی مۆبایل یان هەر دراوێکی نوێ بکرێت کە لەو زەمەنەدا بوونی نەبووە. تەنانەت ئەو جۆرەی ڕۆمانیش کە بە خەیاڵی زانستی یان جەنگی هەسارەکان دادەنرێت، هێشتا گرنگی ئەم بنەمایە لەبەرچاو دەگرن. ئەمەش بەهەمان شێوە دەچێتە خانەی ڕوخاندنی ئەو قەناعەتەی نوسەر دروستی دەکات لە کاتی گێڕانەوەدا.
بە هەمان شێوە لەم ڕۆمانەدا بەر جۆرێکی تری ئەو ناهاوسەنگی گێڕانەوەیە دەکەوین. سەرنج بدەن:
"... لە سەردانێکدا بۆ دەرباری یەکێک لە پادشا بەناوبانگەکانی ناوچەکە بە نازناوی ئەمیرەوە گەڕایەوە، لەو کاتەوە هەموو بە (میر تەلارانی) یان (میرجەنابیان) ناومان دەهێنا....لاپەڕە 9 "
لێرەدا نوسەر نیگامان بۆ پێدانی نازناوی میر بە کەسێک دەگوازێتەوە، واتە کەسێک هەیە و لە سەردان کردنی یان لە مەشروعیەت وەرگرتنی بۆ نازناوێک، دەڕواتە دەرباری (پادشا)یەکی بەناوبانگی ناوچەکە. ئەمەش ئاماژە بۆ سەردەمێک دەکات هێشتا پاشا و دەربار و میر، سیمای سەرەکی ئەو سەردەمەن. وەک دەزانین ئەم دیاردەیە پێش داهاتنی سیستەمی دەوڵەت و دامودەزگای سیاسییە، واتە ئێمە هێشتا لە زەمەنێکداین لە سەردەمی میر و ئاغا و عەشرەتدا، و شتێک لەم زەمەنەدا بە ناوی دامودەزگای مۆدێرنەوە نییە، وەک ئەوەی نوسەر لەم چەند دێڕەی دوای ئەوەدا باسی دەکات کاتێک دەنوسێت:
"...سەردەمێک بوو جۆرێک لە بەرەڵایی و پاشاگەردانی بڵاوبوبووەوە، خەڵکی بێ ڕێزیان بەرامبەر بە ئاغا و سەرۆک عەشرەت و میرزادە و ئەندام سەرکردایەتی و ڕابەران و بەڕێوەبەرانی گەورە دەکرد... لا9"
لەم پەرەگرافەی دووەمدا کە تەنها یەک دێڕ دەکەوێتە نێوان هەردووکیانەوە، نوسەر بێ گوێدانە پلەبەندییە پاشاییەکان و پلەبەندییە سیاسییە مۆدێرنەکان، زاراوە و دراوێکی مۆدێرنەی وەکو (ئەندام سەرکردایەتی) کە وەکو زەمەن دەکەوێتە ناو چەمکەکانی سیستەمی سیاسی نوێوە، دەخاتە تەنیشت دراوێکی پێش مۆدێرنەوە کە سەرۆک عەشرەت و ئاغایە.
بۆ منی خوێنەر ئەم فێڵێکی زۆر منداڵانەیە کە نازانم ئایا نوسەر دەیەوێ چ سەردەم و زەمەنێک لەم گێڕانەوەدا بەکار بهێنێت، ئایا لەو سەردەمەی کە هێشتا ئاغا و میرزادەکان دەسەڵاتی ڕەهایان هەبووە، شتێک هەبووە بە ناوی حیزب و ئەندام سەرکردایەتی و ....هتد. یان ئەمە تێکەڵ کردن و تێ ئاخنینێکی زیادە یان هەڵەیە کە نوسەر لێرەدا بەسەریدا تێپەڕیووە؟
3-یەکێکی تر لە ئامڕازەکانی گێڕانەوە، ئامادەبوونی وەسفە، بەڵام ئەم ئامڕازی وەسفە جگە لەوەی جۆرێک لە (پیاسەی پەیکوڵییانە – الجولات الاستدلالیە) بە قسەی (ئیکۆ) دەدات بە خوێنەر، لە هەمان کاتدا جۆرێک لە خاوبوونەوە و هێمن بوونەوە دەخولقێنێت کە بواری ئەوە دەدات خوێنەر چاوێک بە دارستانەکەشدا بگێڕێت (ئەمە لە کاتێکدا ئیکۆ خوێندنەوەی ڕۆمان بە جۆرێک کە چوونە نێو دارستان دەشوبهێنێت)، چونکە تۆ ناتوانیت هەموو شتێک لە ڕۆمانەکەدا ببینیت ئەگەر جەختێکی ورد نەکەیتەوە سەر وەسفەکان، کە لەوێدا بە قسەی (ستانفۆرد ویڵ) "وەسفەکان وێنە گەورەکە دروست دەکەن". لەگەڵ هەموو ئەو گرنگیەی ئەم ئامڕازە هەیەتی لە کاتی گێڕانەوەیەدا، بەڵام لەوەش گرنگتر ئاگاداربوونە لە بەکارهێنانی وەسفێک کە دواتر ڕەددی ئەو وەسفە نەکرێتەوە. واتە وردیی لە وەسف کردنی دیاردە و ڕووداوەکانی ناو گێڕانەوەدا.
بەو مانایەی ناکرێت ئێمە لە شوێنێکدا وەسفی حاڵەتێک بکەین و دواتر ئاگادار نەبین لەوەی هاودژێکی ئەم وەسفە بەکار بهێنین. بۆ زیاتر ڕوون بوونەوەی مەبەستەکەم باشرە بچینە ناو ڕۆمانەکەوە.
نوسەر لە وەسفی کەسێتی (میر تەلارانیدا) دەنوسێت:
(جەنابیان) وشەیەک بوو کە نیشانەی ڕێزێکی قووڵی ئێمە بوو بۆ ئەو پیاوەی گەرچی وەزنی ڕێگەی پێ نەدەدا بەرقاچی خۆی ببینێت.... لا9"
لێرەدا نوسەر دەیەوێ بڵێت میر تەلارانی پیاوێکی قەڵەو بووە، واتە وەزن و کێشی ئەم پیاوە هێندە قورس بووە و ورگی هێندە بەرز و قەڵەو بووە کە بەرقاچی خۆی نەبینیووە، واتە ئەم پیاوە پیاوێکی قەڵەوی زۆرخۆر بووە، وەک ئەوەی منی خوێنەر لێی تێدەگەم.
بەڵام لە کاتی مردنی ئەم پیاوەدا، نوسەر وەسفێکی تری هاودژی ئەم پیاوە قەڵەوە دەنوسێت و دەڵێت:
"....سەرۆک لە زەمانی شۆڕشەوە حەزی لە خواردنی گیای کێوی بوو، جۆرە سەوزەیەکی ژەهراوی خواردبوو. ئەندامەکانی لەکار کەوتبوون و دوای نیو سەعات ئیفلیجی، گیانی دابوو بە دەستەوە...لا10"
جارێ واز لەوە بێنن کە کەسێک هەر لە زەمان و سەردەمی شۆڕشەوە، حەزی لە گیای کێوی بێت، نازانم چۆنە کە هەموو گیا ژەهراوی و نا ژەهراویەکان ناناسێتەوە؟
بەڵام من دەپرسم، کەسێک کە حەزی لە خواردنی گیای کێوی بێت، یان بە وتەی نوسەر (هەر لە زەمانی شۆڕشەوە) واتە هەر لەو زەمانەوە تا ئێستاش هەر حەزی لە خواردنە گیاییەکان هەیە. بەڵام لەوەدا زۆر سەیرە کەسێک کە حەزی کە خواردنی گیای کێوی بێت، چۆن ئەوەندە قورس و قەڵەو دەبێت کە نەتوانێت بەرچاوی خۆی ببینێت، یان وەک خودی نوسەر دەڵێت وەزنی ئەوەندە زۆر ببێت کە بەرقاچی خۆی نەبینێت؟
4- هەندێکجار کێشەی وەسفی زۆر لە گێڕانەوەدا، دووچاری قەیرانی ناهاوسەنگی و دژیەکی گەورەمان دەکات. تەنانەت بۆ ئەم مەبەستە زاراوەیەکی تایبەت دانراوە کە پێی دەوترێت (Hypotypose) ئەم زاراوەیە واتە :" درێژدادڕی لە وەسفدا" .
وەک ئاشکرایە ئامڕازی چواندن یان شوبهاندن یەکێکە لە گرنگترین ئامڕازەکان کە هەرچەندە گێڕانەوە بەهێز دەکات، بەڵام زیندوێتی و گەرمییەک دەدات بە خوێنەر.
لە کتێبی (الحقیقه و الکتابه) دا لە نوسینی (بپینه العیسى) کە سەرلەبەری کتێبەکە تەرخانە بۆ ئەرکەکانی وەسف لە گێڕانەوەدا، لە بەشێکیدا باس لە چواندن و ئەرکەکانی دەکات لە گێڕانەوەدا. بۆ ئەمە نمونەیەکی ڕۆماننوسی ناودار (ستیڤن سڤایج) دەهێنێتەوە کە قسە لە چواندن دەکات. سڤایج دەڵێت:
"کاتێک چواندن سەرکەوتوو نابێت، ئەوا ئەنجامێکی پێکەنین ئامێز و هەندێجار شەرمهێنمان دەداتێ، وەک ئەم نمونەیە: بە ڕوخسارێکی مۆنەوە لە تەنیشت مردوەکەوە دانیشتبوو، بە ئارامی کەسێکەوە کە چاوەڕوانی خواردنی قەلێک بێت، چاوەڕوانی پشکنینە پزیشکییەکانی دەکرد. کێشەی ئەم لێک چواندنە نەبوونی پەیوەندی و هاوبەستییە لە نێوان هەردولادا (المشبه و المشبه به)، پردی نێوان ئەم لێکچواندنە هێندە بەهێز نییە کە ماناکە هەڵبگرێت، لەبەر ئەوە پێویستە جیاوازی بکەین لە ڕووی کاریگەرێتی و زیندوێتیی ئامڕازەکانی بەکارهێنانی وەسفدا".
لە لاپەڕەیەکی ئەم ڕۆمانەدا بەر ئەو جۆرە چواندنە دەکەوین، کە نەک هەر لاوازە، بەڵکو بە پێی قسەکەی زڤایج شەرمهێنە.
لەو ساڵانەدا شتەکان هەموو ڕوو لە گۆڕان بوون، شەقامەکان، گەڕەکەکان، ماڵەکان، هەموویان دەڕوخان و دروست دەکرانەوە..."، "... شوێنی تریش دەکران بە کۆشک و تەلار و باڵەخانەی بەرز..."، "....بەوەدا تەواوی شارەکە لە شوێنکارێکی گەورە دەچوو، بەردەوام لم و چەو و چیمەنتۆ و بلۆک و شیش لەسەر شەقامەکان ڕێگەی هاتوچۆیان دەگرت... دەریاس و لاشەکان لا18"
لێرەدا وەسفی دیمەنی شارێک دەخوێنینەوە کە لەسەر دوڕیانێکی گەورەی گۆڕانکاری دایە، گۆڕانکاری لە شارێکی وێرانەوە بەرەو شارێکی مۆدێرنە و شارستانی. وشەکانی وەک (دەڕوخان و دروست دەکرانەوە، کۆشک و تەلار و باڵەخانەی بەرز) نیشانەی ئەوەن کە شارەکە دەیەوێت زیندوو ببێتەوە، دیمەنی تازە و ئاپارتمانی گەورە لە خۆی بگرێت، واتە جۆرێک لە دڵنیایی و دڵ کرانەوە هەیە بەوەی داهاتوو ڕۆژگارێکی باش دەبێت، هەمووان دەیانەوێت شار دروست و تازە بکەنەوە و داهاتوو جوانتر دەربکەوێت.
بەڵام هەر لە دێڕی دوای ئەم پەرەگرافەدا بەر لێک چواندێکی سەیر دەبینەوە، کە کۆی ئەو تازەگەرێتی شار و داهاتووە گەشاوە ئاوەژوو دەکاتەوە. لە سەر زمانی (ئەلیاس) ی کارەکتەوە دەڵێت: "... هەموو چاوەڕوانی شتێکیان دەکرد، وەک چاوەڕوانی بورکانێک شارەکە بسوتێنێت، یان لافاوێک نوقمی بکات، یاخود بومەلەرزەیەک تەختی بکات... دەریاس و لاشەکان لا18".
کێشەی ئەم جۆرە سەرنەکەوتنەی لێکچواندن لەوەدا نییە کە نوسەر پاش چەند لاپەڕەیەک یان چەند بەشێکی تر بگەڕێتەوە سەر دیمەنەکە، بەڵکو هەر ڕاستەوخۆ لە هەمان پەرەگرافدا، لێکچواندێکی زۆر دژ و ناهاوسەنگ دەهێنێتەوە. ئەگەر شارێک بڕوخێنرێت و سەرلەنوێ دروست بکرێتەوە، یان شارێک بکرێت بە کۆشک و تەلار و باڵەخانەی بەرز، چۆن چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکرێت بسوتێت، نوقم ببێت یان بومەلەرزەیەک تەختی بکات؟ دواجار هێشتا بەدگومانە لەو هەستەی خۆی، تەنانەت لە دێڕی دواتردا دەنوسێت:".. نەیدەزانی، بەڵام هەستێکی هەبوو کە شارەکە بەردەوام چاوەڕوانی شتێک دەکات کە نازانێت چییە؟ دەریاس و لاشەکان لا18".
بۆ ئەم نوسینە سوود لەم سەرچاوانە وەرگیراوە:
- دەریاس و لاشەکان. بەختیار عەلی
- اعترافات روائی الناشی. امبرتو ایکو
- الروایه کأکژوبه، امبرتو ایکو
- ست نزهات فی غابه السرد. امبرتو ایکو
- الحقیقه و الکتابه. بپینه العیسى
- 12 نامە بۆ ڕۆماننوسێکی لاو. فارگاس یۆسا