گرووپی لوڕ بەشداری لە فیستیڤاڵی هونەری بابل دەکات
6 ساڵ لەمەوپێش
لۆڤا محەمەد
گرووپی میوزیکی لوڕ کە کار لەسەر پێشخستنی هونەری کوردی دەکەن بەشداری لە فیستیڤاڵی بابلدا دەکەن و یەکەمین گرووپی میوزیکی کوردین کە لەو فیستیڤاڵە جیهانیەدا بەشداری دەکەن.
گرووپی میوزیکی لوڕ لە ساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ کۆمەڵێک میوسیکسیان دامەزراوە، گرووپەکە کار لەسەر کلتوری ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و ناوچەی لوڕستان دەکەن تاوەکو ڕزگاربکرێت لە هەڕەشەی لەناوچوون.
ئەندامانی گرووپەکە پێکھاتوون لە میوزیکژەنان و گۆرانیبێژان، گروپەکە خاوەنی ١٢ ئەلبومی تۆمارکراوی خۆیەتی، ھەورەھا خاوەنی ٤٥ ڤیدۆ کلیپی تایبەت بە خۆیەتی و نزیکەی ٢٠٠ بەرھەمی تۆمارکردوە و لەگەڵ زۆربەی کەناڵە کوردییەکاندا پرۆگرامی ھەبووە، بەشداری لە دەیان کۆنسێرت و فیستیڤاڵدا کردوە لە دەرەوە و لە ناوخۆی کوردستاندا، ھەروەھا ستۆدیۆیەکی تایبەتی ھەیە.
نزار زیوێی، بەڕێوەبەری گرووپی میوزیکی لوڕ، بە هاولاتی ڕاگەیاند: توانیمان کە پەیوەندیەکی باش لەگەڵ لوڕەکاندا دروست بکەین و بانگھێشتی سلێمانیان بکەین، هەروەها خەونمانە کە گۆرانی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان ئەرشیف بکەین و بیناسێنین بە هەموو جیهان، هەربۆیە لە تازەترین کاریشدا وەکو یەکەمین گرووپی میوزیکی کوردی بەشداری لە فیستیڤاڵی جیهانی بابل دەکەین و وە یەکەمین جاریشە کە کورد بەشداری لەو فیستیڤاڵەدا بکات.