ئاڤێستا

6 ساڵ لەمەوپێش



 حسەین لەتیف

بەفر دەبارێت
قارداش،
ئاغا، یابە،
هەڕەشە لە
ناوچەکە دەکەن،
مستەریش گۆڵف دەکات!
ـ
۲ـ
بەفر دەبارێت
قارداش،
ئاغا، يابە،
دەیانەوێت زەوی وەک کێک لەنێوان خۆیان دابەش کەن
ژنەکەی مستەر پەنیرێک بۆ سەگەکەی ڕادەگرێت!
ـ
۳ـ
بەفر دەبارێت
قارداش،
ئاغا، يابە
لەپەرێزی نێچیرێکدان
کچەکەی مستەر
بە ستیانێکی نوێوە
دەبێت بەهەواڵی رۆژنامەکان!
ـ٤ـ
بەفر دەبارێت
لەناو باخی زەیتوونەکان دا
دوو ئاگر لەچاوەکانی ئاڤێستا دا دەگڕێن
ئاگرەکەی زەردەشت و
ئاگرەکەی  پرۆمیسۆس!
ـ۵ـ
بەفر دەبارێت
ژیان لە پلەی بەستن نزیک دەبێتەوە
هەتاو دادەبەزێت بۆناو باخی زەیتوونەکان
بڕێک گەرما بۆ ئەستێرەکانی چواردەوری
لەچاوەکانی ئاڤێستا قەرز دەکات!
ـ٦ـ
بەردەوام بەفر دەبارێت
بەردەوام چاوەکانی ئاڤێستاش دەگڕێن!
  17/2/2018
 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار