تهنک، وهک باڵى پهپووله، ئهم خهیاڵاته
6 ساڵ لەمەوپێش
بەرزان هەستیار
هەر دێڕە لە ئاوازێک دەخوێنم ،...
بۆئەوەی هەرگیز لە نائارامیی دنیا غافڵ نەبم؛
لۆژ .. لۆژ، دەڕۆم و
پەیتا.. پەیتا، کەفی جنێو بە دەمما دێتە خوارێ،
بە قەولی هەولێریانیش،....
سەبر.. سەبر، دەدەمە قوڵپی گریانێ،
بە ئاستەم سەرێ بەرزدەکەمەوە ،.....
خۆر ، ئاوی لێ دەچۆڕێت و
تەڕ ..تەڕ، بە لێزمە دەبارێت،
بارانیش پشکۆ..پشکۆ لە دەم کەل هەڵدێت،
منیش پاشەوپاش، تا بەردەمی تۆ ناوەستم
چاوەڕێش ناکەم بزانم دەمبینیت یان نا،......
وەکو هەڵم نیشتوومەتە سەر ڕووخسارت،...
یاخود وەک قوڕولیتە بە ئەرزەکەوە نووساوم،
نا ، گرنگ ئەوەیە بزانم لەوێم،….
لەوێ، لە تەنیشت سێبەری داڵغەی ئێوارانێکتەوە
---
دەزانم تاقەتێکی دەوێت تاکو هەیت هەناسە بەیت و
تا دەخەویت چاو بترووکێنیت و
تا دەمریت دڵت لێ بدات
وەلێ خەیاڵ هەیە، بەشی سەد ژیانی تەڕوپاراو ...
گوڵەمرواریی هەناسە لە سنگدا شین دەکات؛
وەک هێڵێکی فەرامۆشکراویی شەمەندەفەر.....
ژەنگیش لێی دابیت،...
پێچی ژیان دێنێتەوە سەرت و دنیات لەگەڵ خۆی دەگێڕێت
---
هەست دەکەم لەوە بوومەتەوە....
حساب بۆ گەمژەییەکانی ژیان بکەم و
لووت بنێم بە زێرابی گاڵتەجاڕییەکانییەوە؛.
باڵێکم هەبێت ئەیکەم بە دوان،...
دوانم هەبێت ئەیکەم بە دە و
وەک باڵندەیەکی تەنیا لە شوێنێک دەنیشمەوە...
لە دوورەوە لەو دڵۆپە ئاوە ڕادەمێنم..
بە تاڵی پەرچەمێکەوە قەتیش ماوە و ......
دووڵیی داغانی کردووە،
بتکێتە دەربەندی شێداری سنگەوە و
تا ئەبەد لەوێدا ڕاکشێ،
یان هەر بەوێوە، تا ڕۆژی حەشر....
لە یاقووت جوانتر بدرەوشێتەوە !؟
---
ئەوەندەم بەسە، سبەینان ....
تامی بەرچایی و سەوزیی زەردەخەنەکانی دایکم......
وەک چلچرا لە ڕووناکییم هەڵکێشن،
جەژنان، پتر لەبەر پرژەی گوڵاوی بەخشندەییەکانی باوکمدا
وەکو نانی تیریی تەڕ بم،
دوور لە غرووری چەکووش و ناڵەی بزمار،....
"عەلی نەجاڕ "، بە هێمنیی و پڕ بەرچنەیەک ترێ سپیکەی ویقارەوە...
پووشوپەڵاشی سەرم ماچ کات و
منیش ئاوریشمی زبری دەستەکانی؛
ئەوانە زۆرن بۆ من، زۆر.. زۆر،
لەم غەڵبە غەڵبی جەنگ و ئاشووبی خوێن و
سەراسیمەیی تەنیایی و واقوڕمانی جێهێشتنەدا ...
کەنارییەک، هەموو دنیا دێنێت...
بە نێتی هاوخەمیی دەنووک لە پەنجەرەی تەڵخی ژوورەکەم بات
تەنانەت زیکزیکەیەک زۆرە بە قەستی دڵنەواییم دەنگی لێوە بێت
مێرووولەیەک بە نیازی ختووکەدان بە قاچما هەڵگەڕێ و
بمخاتە جووڵە.. جووڵ
---
لە هەڵلەرزینی شپرزەیی و
پەرشبوونی دەنکە هەناری حەوسەڵەمدا،...
شەڕ بە مامزی خەیاڵەکانم دەفرۆشم و
توێکڵەمۆز فڕێ دەدەمە بەر پێیان،
توانج لە پاساریی بێئۆقرەیی خۆم دەگرم و
لە ژێر چۆڕاوگەی بارانی سەرزەنشتدا دەیخوسێنمەوە؛
چەند بۆنخۆشە ئەم گوڵەباخی شێتبوونە
هەمیشە لە شوێنێک چەکەرە دەکات...
خۆشبەختیی، تەواو مەرەخەسی کردبێت و
ئومێدی گەڕانەوەشی، وەک دەرچوونی تیر بێت لە کەوان
چەند دڵفڕێنە ئەم بێموبالاتییە،....
لە ڕەزێکدا چاوی لەسەر یەک دەنکە ترێ بێت و
لە کوپەیەک شەرابدا، قومێک و
ڕێژنە بارانێک، یەک دڵۆپ !
مەستبوونێکی چەند جوانە، هەر دێڕە لە ئاوازێک بخوێنیت و
هەر پەلێکی خەیاڵیشت بەدەست ڕەشەبایەکەوە بێت،
نە، زەمین بتگرێتە خۆی و
نە، متمانەش بە ئاسمان کەیت،
هەر دێڕە لە ئاوازێک،..
هەر شەوە، وەک کوندەپەپوو لە کەلاوەیەک و
ڕۆژێک لێرە و
ڕۆژێک، لەودیو تەلبەندە چاوکزەکانی بینینەوە سەردەربێنیتەوە
ئۆکتۆبەر و نۆڤیمبەری 2018