دوو شیعری کەژاڵ ئەحمەد
6 ساڵ لەمەوپێش
( کامێرا)
ئای کە جوانن،
کراسی پایز و دوو چاوی تامەزرۆ
کە تۆ دەست و کامێرایت و منیش خش و ھوڕی گەڵاو وشەی
( مەڕۆ (. زۆر جوانن،
کراسی زستان و دوو چاوی خەواڵوو کە تۆ دەست و کامێرایت و
منیش باڵندەی سەر تەلی کارەبای ئەم شارە و وشەی ( تەزوو(.
کامێرای دڵی من ببینە چەند ناشیرینە
ھەژاریی بەڕووتی وتەزیوویی!
ئەو تەزین و لەرزینە ھەر لەدرەختی شەقامی مەولەوی دێن.
ئەو نەوسنی و بێ خەویی و پۆزە ھەر لەجادەی سالم جوانن.
ئەو خێرایی و جەنجاڵیی و بێ مروەتێییە ھەر شایانی شەقامی شەستییەکەن.
رۆحی کامێرا پێت چۆنە وێنەیەکی ھەژاریی و مەولەوی
پۆزلێدان و سەھۆڵەکە گۆڕستان و شەستییەکە بەیەکەوە بگرین؟!
پێت چۆنە ئازیزم کامێرا لە مۆزەخانە دابنێین؟!
بەرانبەر ھەر دیمەنێک دەستبخەینە سەر دڵمان و بڵێین ( چرک)
سلێمانی-٢٠١٨
(شەیتانی ژیانم)
ھەموو کەسێک ھەموو شتێک شەیتانێکی خۆی ھەیە.
تۆ ...
شەیتانی ژیانمیت شایستە نیت و چەند سەیر خۆشم دەوێیت!
ئەھلی باوەڕم نیت کەچی دەرگاو پەنجەرەم ھەر بۆ تۆ لەسەر پشتن.
بۆ ناو رۆحم فەرموو ...
فەرمووت لێدەکەم!
تۆ شەیتانی ژیانم بوویت پێکەنینی گەرمی لێومت لە شوێنێکدا بزر کرد
بەھەزار دۆزە دۆزەی جارانیش نایدۆزمەوە!
وا بە توندی قۆڵت گرتووم بەھەزار بیسمیللاش ناڕۆیت
بە گەورەترین جادویش ناتوانم دەستم لە دەستت بێتەوە!
تۆ...
شەیتانی ژیانمیت دەڕۆیت، بەڵام تا مردن لێم نابیتەوە
! عەممان-٢٠١٧